خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «دڵەڕاوکێی پلەوپایە» چاپ و بڵاوکرایەوە

کتێبی «دڵەڕاوکێی پلەوپایە» چاپ و بڵاوکرایەوە

کتێبی «دڵەڕاوکێی پلەوپایە» چاپ و بڵاوکرایەوە

خوێندنەوەی سەڵاح حەسەن پاڵەوان

 هەستکردن بە ڕازیبوون بەشێکی گرنگ لە ژیانمان پێکدێنێت. هەمیشە بەوە قەڵس دەبین کاتێ بە چاوێکی سووک تێمان دەڕوانن، سوکایەتی نەک بە مانا مۆراڵییەکەی، بەڵکو بە مانا کۆمەڵایەتییەکەی، هەموومان خەونی ئەوە دەبینین لە کۆمەڵگادا جێگەیەک، پلەیەک، ناوێ، نازناوێ بۆ خۆمان داگیربکەین. ئەمە کورتەی تەواوی ئەو بابەتەیە ئالان دە بۆتن نووسەری کتێبەکانی ( دڵنەواییەکانی فەلسەفە، ئاین بۆ بێئاینەکان، چۆن پرۆست دەتوانێ ژیانت بگۆڕێت) هەوڵ دەدات دووبارە بمانباتە نێو دنیاکانی دڵەڕاوکێ و هەستکردن بە دڵنیایی.. ئەم کتێبە دواجار بە زمانی کوردی لەبەردەستی خوێنەرانی کوردە. لە ئەنجامی سوودوەرگرتن لە ژانرە فەلسەفی و کۆمەڵایەتیی و تا ڕادەیەک مێژووییەکانەوە ناوەڕۆکی بابەتەکانی ئەم کتێبە هاتووەتە بەر. نووسەر کتێبەکەی بەسەر دوو بەشی سەرەکیدا دابەش کردووە: هۆکار و چارەسەرەکان. کتێبەکە لە بازنەی ژمارە پێنجدا دەسوڕێتەوە، ئەم بازنەیە لە کتێبەکانی تریشیدا بەدی دەکرێت، لە سەرەتادا ئاشنامان دەکات بە پێنج هۆکاری سەرەکی وەک ( نەبووبی خۆشەویستی، خۆبەزلزانین، چاوەڕوانی، شایستەیی، یان دەسەڵاتی ئەوانەی کە بەپێی توانایان بەرهەم دەهێنن) کە ئەمانەش بۆ خۆیان پەیوەستن بە پلەوپایە و پێگەی مرۆڤ لە نێو کۆمەڵگا و لە نێو دڵی جەماوەر و لای سیاسەت و ئاینەکاندا، ئەم هۆکارانە بە دڵنیاییەوە هەر بەشێکی بۆ خۆی گرفتی خۆی هەیە، کە نووسەر لە نێو پێج بواری ( فەلسەفە،  هونەر، سیاسەت، ئاین، بوهەیمیدا ) بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت.

سەرەتایی کتێبەکەی بە پێناسەیەک بۆ بنەچەی وشەی (پێگە) دەست پێدەکات لە بنەڕەتدا ئەم وشەیە لە زمانی یۆنانییەوە وەرگیراوە، بە مانای ستاتوم Statum  واتە ڕاوەستاو، کە لەڕووی ماناوە ئاماژە بەوە دەکات کە مرۆڤ لە ڕووی یاسایی و پیشەییەوە لە نێو کۆمەڵگادا، بەڵام بە مانا فراوانەکەی بەواتای ئەوەی کە مرۆڤ بە چ دیدگایەک کۆمەڵگا لێی دەڕوانێت و بەهای چەندە.

کۆمەڵگا هەمەچەشنەکان ڕوانینیان بەپێی کولتوور و بیرکردنەوە و ئاین دەگۆڕێت، بەهایەک دەکرێ لە جێگایەکدا چاک بێت، بەڵام لە جێگایەکی تر دەکرێ سوک و ڕیسوایی بێت، ئادەت و رەوشت و ئاکاریش بەپێی مێژوو و بیرکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگا دەگۆڕێت، بۆیە زەمەن و مێژوو ڕۆڵی سەرەکی لە دەستنیشانکردنی بەها و پێگە کۆمەڵایەتییەکان دەبینن. ئەوەی زیاتر ئەم چەمکەی کردووەتە سەنتەر وشەی ترسە. ئەمەش بۆ خۆی بابەتێکە ئالان زۆر بە بەرفراوانی لە ئاستیدا وەستاوە. مرۆڤ وا بیردەکاتەوە نەبوونی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی هەرەسی کۆمەڵایەتی بەدوادا دێت، ڕەنگە کاریگەری لەسەر بژێوی و ژیان و ئایندەی هەبێت، بۆیە دڵەڕاوکێی شوێنگە و پلەوپایە دەکرێ لە شوێنێکدا فراوانتر لە سنووری تاک بڕواتە دەرەوە بگاتە کاریگەری لەسەر بەها ئابووریی و جوگرافییەکان، جۆرە درامایەکی سەرتاپایی و گشتگیر بەدوای خۆیدا بهێنێت.

لێرەدا دیسان نووسەر پەلکێشمان دەکات بۆ نێو بڕێکی زۆر لە سەرچاوە مێژوویی و ئاینییەکان، لەسەر ئەوەی بۆچی سەردەمێ جوتیار پلەی باڵای هەبووە و سەردەمێک پیاوی ئاینی، سەردەمێک بۆرژوازییەکان خۆرە و داپڵۆسێنەری کۆمەڵگا بوون و سەردەمێک کرێکاران تێکدەری سیستەمی کۆمەڵگا، چەندەها نموونەی سەردەمە جیاکان، وەک قسەکردن لەسەر ئەلفریک ڕەبەنی ئینشەم سال ١٠١٠ زاینی باس لەوە دەکات کە جوتیاران گرنگترین ئەندامەکانی کۆمەڵگان، هەر بۆیەش دەڵێ ( ، ڕەنگە کۆمەڵگا بتوانێ بە بێ خانەدانەکان یان پیاوانی ئاینی بژی و بەردەوام بێت، بەڵام بە بێ بەرهەمی جوتیاران ناتوانێ بەردەوامی بە خۆی بدات). سەردەمانێک وا تەماشای سامانداران دەکران کە گوناهکار و گەندەڵن و ئەو سامانەی هەیانە بە دزی هەژاران بەرهەمیان هێناوە، پاشان سەردەمێکی تردا ئەم بیرۆکەیە دەگۆڕێت و یەکێکی تر جێگای دەگرێتەوە، بەوەی کە دەوڵەمەندان بۆ کۆمەڵگا بە سوودن، کەسانێکی وەک هیوم و ماندفایل بە نموونە دەهێنێتەوە کە چۆن لە نووسینەکانیاندا بەرگریان لە هەژاران کردووە. ئیتر بەوجۆرە لە ئادەم سمیتەوە دەست پێ دەکات تا کارڵ مارکس و هیربرت ئیسپنسەری ئینگلیزی.

لە بەشێکی تردا باس لە پەیوەستبوون دەکات و دەڵێت : لە کۆمەڵگا تەقلیدییەکاندا رەنگە بەدەستهێنانی پلەوپایە سەخت و گران بووبێت، بەڵام لەدەستدانیشی بەهەمان ئەندازە ناخۆش و سەخت بووە، بۆ نموونە بۆ خانەدانێ سەخت و گران بوو پێگە و پلەوپایەی خۆی بگۆڕێت، هەروەک چۆن بۆ جوتیارێ سەخت بوو پێگەی خۆی بگۆڕێ . ئەمەی دووەمیان خەماویتر بوو، ئەوەی لەم کۆمەڵگایەدا گرنگ بوو ناسنامەی تاک بوو لە ساتی لە دایکبوونی، نەک ئەو پلەوپایەی بە درێژایی ژیانی بە هێزو توانای خۆی بە دەستی هێنابوو.

ئامانجی بنەڕەتی کۆمەڵگای مۆدێرن ئاوەژووکردنەوەیەکی تەواوی ئەم هاوکێشەیە بوو، بۆ داماڵینی هەموو ئەو دەستکەوت و نەداری و نەبوونییەی بە میراتی بۆ مرۆڤ دەمایەوە، بەجۆرێک وای لێبکات دەسکەوتەکان پشت بە دەستکەوتی تاک ببەستن – کە لە پلەی یەکەمدا مانای دەستکەوتی داراییی دەگەیەنێت. پلەوپایە چیتر بۆ شوناسنامە ناگەڕێتەوە ئەوەی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوێزرێتەوە و شتێکە نەگۆڕ، ئەم حاڵەتە زۆر بە دەگمەنە و زیاتر پەیوەستە بە کرداری تاک لە بواری ئابووری خێرا و سەرسەختەوە.

لەم بەشەدا نووسەر بە هێنانەوەی خاڵەکانی پشتبەستن بە بەهرە ناجێگیرەکان و وابەستەیی بە شانس و بەخت، بە خاوەن کار و قازانجەکانی، بە ئابووری جهیانی، بە دوورودرێژی باس لەم دیاردەیە دەکات و بە هێنانەوەی چەند نموونەیەک ئەو هۆکارانەش شی دەکاتەوە.

لە بەشی دووەمی کتێبەکە کە تەرخانە بۆ چارەسەرەکانی ئەم دیاردەی دڵەڕاوکێیە، لە فەلسەفەوە دەست پێدەکات، لەکەداربوونی شەرەف بۆ مرۆڤی ئەو سەردەمە بووە هۆی کوشتن و لەناودانی ٥ هەزار ئەوروپایی، ئەم بەڕەنگاربوونەوەیە بەهۆی لەکەداربوونی شەرەف هەندێ جار لەسەر پرسی گرنگ ڕووی دەدا، بەڵام زۆربەی ڕووبەڕووبوونەوەکان لەسەر پرسگەلێ بوون ڕەگیان لە نێو بابەتی بچووکی شەرەف و پرسە پوچەکاندا بوو. بۆ ئەو کەسەی بەڕەنگاربوونەوە دەکات، بەوشێوەی خەڵکی لە بارەی ئەوەوە بیردەکەنەوە تاقە فاکتۆرێک دەبێت بۆ یەکلایکردنەوەی بۆچوونی خۆی دەربارەی خۆی. ئەگەر خەڵکی پێیان وابێت ئەو کەسێکی شەڕانی یان بێڕێزە، ترسنۆکە یان دۆڕاوە، گەمژەیە یان لاوازە، ئیتر وا بیر لە خۆی دەکاتەوە دەبێتە کەسێکی ئەفەرۆز. بۆچوونی خۆی لە مەڕ خۆی ئەوەندە پەیوەستە بە بۆچوونی کەسانی ترەوە، وا پێی باشە  گولەیەک بە خۆیە بنێ، یان شمشێرێ بەخۆیدا بکات، تا مانەوەی ئەو بۆچوونە خراپە لەنێو خەڵکیدا لەبارەی خۆیەوە. ڕەنگە بە چاوێکی سووک بڕوانینە ئەو کەسەی بۆ وەڵامدانەوە لەبەرامبەر پرسەکانی شەرەف خێرا پەنا دەباتە بەر تووندوتیژی، بەڵام زۆر ڕێگای تێدەچێ خۆشمان بەشێک لە گرنگترین جۆری بیرکردنەوەی ئەو کەسانەمان تێدا بێت. فەلسەفە و فەیلەسوفان ئەوەندە گوێیان بە دڵەڕاوکێی پلەوپایە نەدەدا، وەک زۆرێک لە فەیلەسوفە یۆنانییەکان، بەڵام ئینکاری ئەوە ناکەن کە هەندێ شێوەی دڵەڕاوکێی دیاریکراو هەن بە سودن، بۆیە فەیلەسوفەکان ئامۆژگاریان کردووین کە توانا لۆجییەکانمان بەکاربێنین بۆ ڕێنوێنیکردنی هێزەکانمان بەرەو مەسەلە گونجاوەکان، هەروەها لە خۆمان بپرسین ئایا ئەوەی دەیخوازین بەڕاستی ئەو شتەیە و ئەوەشی کە لێی دەترسین بەڕاستی ئەو شتەیە کە لێی دەترسین.

ئەمە بوو ئامانجی فەلسەفی لەمەڕ دڵەڕاوکێ و ترس :

ئامانجە فەلسەفییەکان

­­­___________________________________________________________________

 

ترسنۆکی                                        ئازایەتی                     سەرەڕۆیی                                     

ڕەزیلی                                          سەخی تەبیعەت              دەستبڵاوی

ترسنۆکی                                        میهرەبانی                   توڕەییی

بوغزی                                          خۆشڕوویی                 فشقیات

ڕووگرژی                                       رەفتاری دۆستانە            دەملوسی

 

لە دوو لقی گرنگ تایبەت بە بەشی چارەسەرکردن باس لە هونەر و بۆهەیمییەکان دەکات، دیارە هونەر ڕۆڵێکی گرنگی لە دەستنیشانکردنی زیادەڕۆیی و سنووربەزاندنەکانی مرۆڤدا هەبووە. هونەر پلارتێگرتن و دەستنیشانی ساتەکانی وەک شێوازێ بەکارهێنا و بۆ دەربڕینی نیشاندانی دڵەڕاوکێ و هەژاری و ساتە قوڵەکان. هونەر ژیانی بەکارهێنا تا وەک دیاردەیەک ڕەخنەی لێ بگرێت، واتە ئەو بابەتانەی هێنایە نێو هونەرەوە کە پێشتر هونەرمەندان دوودڵ بوون لەوەی دەریببڕن یان نەخێر.  لە هونەری ڕۆماندا باس لە جەین ئاوستن دەکات، ڕۆمانی پارکی مانسفاید بە نموونە دەهێنێتەوە، یان بلزاک و ڕۆمانی باباگۆریۆ، ویلیام تاکری، چارڵز دیکنز، ئانتۆنی ترۆلۆپ. لە هونەری نیگارکێشیدا باس لە هونەرمەند Jean-Baptiste Chardin جین باپتیست چاردین دەکات کە لەساڵی ١٧٤٦ تابلۆی ‘خواردنی نەخۆش’ ی کێشا. ژنێک بە جلوبەرگێکی سادە لە ژوورێک بە بڕێ شمەکی کەمەوە بە سەبرەوە خەریکی پاککردنی هێلکەیەکە بۆ نەخۆشێک. چرکەیەکی سادە لە ژیانی هەر مرۆڤێکی سادەدا. بۆ دەبێ وێنەیەکی وەک ئەمە بکێشرێ. لە سەرتاپای ژیانی پیشەیی شاردن ئەم پرسیارە ڕووبەڕووی ڕەخنەگران دەبوەوە کە بۆچی دیمەنێکی ئاوەها دەکێشێت؟. ئەو نیگارکێشێکی بە توانا بوو لەبەر هۆیەکی نەزانراو یەکسەر بڕیاریدا ئاڕاستەی گرنگیدانی بگۆڕێت بەرەو نانێک، پێشقابێکی شکاو، چەقۆ و چنگاڵ، سێو و هەرمێ، هەروەها کەسایەتییەکانی نێو چینە نێوەندەکان یان خوارەوەی کۆمەڵگا، ئەوانەی لە نێو چێشتخانەکانیان و ژووری ژیانی سادەدا ژیانیان بەسەر دەبەن.  نووسەر بە گەڕانێک بەنێو دنیای تراژیدیا و کۆمیدیای هونەردا دەیان نموونەی گرنگ دەخاتە بەردەم خوێنەر لە شێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ دیاردە دیار و شاراوەکانی کۆمەککردنی هونەر لە نەهێشتن و شاردنەوەی دڵەڕاوکێکان و کەمبودی پێگە و لە دەستدان و نەبوونی پلەوپایەی پێویست و گەڕان بەدوای چارەسەرە ڕووحییەکان.

سیاسەتیش وەک هونەر بەشی خۆی لەم چارەسەرکارییەدا هەیە، سیاسەت کارەکانی بە دەسەڵات و توانا و هێزی تاک لەبەرامبەر کۆمەڵگادا دەبەستەوە ، نووسەر چەند نموونەیەک لەمەڕ سپارتای یۆنانییەکان، بۆچوونی سیاسی دەربارەی دڵەڕاوکێ لە سەردەمی مۆدێرندا و مەرجەکانی پلەوپایەی باڵا دیاری دەکات. بەڵام لێرەدا دیاردەیەکی سەیرمان پێشکەش دەکات وەک چارەسەر کە ئەویش بۆهەیمیا یە.

لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم لە ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمەریکا، گرووپێکی نوێ لە خەڵکی بوونە جێگەی سەرنج. ئەم گرووپە هەمیشە بە جلوبەرگی سادە پۆشتەبوون، لە بەشە هەرزانەکانی شار دەژیان، زۆریان دەخوێندەوە، وا دەردەکەوت ئەوەندە گرنگیان بە پارەپول نەدەدا، زۆر لەوان خەلقوخوویەکی خەمبارانەیان هەبوو، زیاتر لایەنگیری هونەر و سۆز بوون تا کارو سەرکەوتنە ماددییەکان، هەندێ جار ژیانی سێکسیان جۆرە ژیانێکی نائاسایی بوو، هەندێ لە ژنانی سەر بەو گرووپە پێش ئەوەی قژی کورت ببێتە مۆدە ئەوان قژیان کورت بوو- بەم گرووپە دەوترا بۆهەیمییەکان.. ئەم وشەیە بەشێوەیەکی تەقلیدی بۆ ئاماژەکردن بە قەرەج بەکاردەهێنرا، بەهەڵە وا بیردەکرایەوە کە ئەسڵ و بنەچەی قەرەجەکان بۆ ئەورپای ناوەند دەگەڕێتەوە – بەتایبەت پاش سەرکەوتنی ڕۆمانەکەی هینری مورگەر بە ناونیشانی ”چەند دیمەنێک لە ژیانی بۆهەیمی (١٨٥١) – ئەم ڕۆمانە چەند بەڵگەیەک دەگوێزێتەوە لەسەر ژیانی نێو قاوەخانە و ژووری ژێر کوڕەبانەکانی پاریس – ئەم وشەیە بۆ چینێک بەکاردەهێنرا بە هەر کلۆجێک لەگەڵ چەمکی بۆرژواکان بۆ وشەی ڕێز نەدەگونجا ( لای بۆرژواکان کەسانێکی بێنرخ حیساب دەکران).

ئەمانە حەزیان لە هەندێ شت بوو و هەندێ شتیان ڕەت دەکردەوە، بۆ نموونە لە جیاتی بەکارهێنانی خانم و خان، دەیانگوت ژن و پیاو، لە جیاتی چوون بۆ قوتابخانە گشتییەکان وایان بە باش دەزانی کتێبی نیتشە بخوێنرێتەوە، لە جیاتی موبەشیرە ئاینییەکان، تەنافبازەکانیان پێ باشتر بوو، دواجار ئەوەی بۆرژوازی لە بۆهەیمیی جیادەکردەوە هەڵبژاردنی بابەتی گفتوگۆ یان شیرینی نەبوو، بەڵکو وەڵامی ئەم پرسیارە بوو کە چ کەسێ شایستەی پلەوپایەی باڵای کۆمەڵایەتییە و لەبەرچی لایقی ئەو شوێنەیە. بۆهەیمییەکان سەرەتا کەسانێ بوون بەدەرلەوەی لە خانووەکان یان ژووری ژێر کوڕەبانەکاندا دەژیان، خۆیان تەیارکرد بۆ دژایەتیکردنی ئەو بارە ئابوورییەی کە لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیەم پەیدابوو، ئەوەی لەسەر شایستەیی بونیادنرابوو. زۆر لە بۆهەیمییەکان ئامادە بوون لەسەر باوەڕە ناکردارییەکانیان ئازاربکێشن تەنانەت لە برسیشدا بمرن.

بەپێی سیسەتەمی بەهای بۆهەیمییەکان سامان ناتوانێ شەرەف و شکۆ بکڕێت. لە تەموزی ساڵی ١٨٤٥ هینری تۆریۆ یەکێک لە بەناوبانگرین بۆهەیمییە ئەمەریکاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم، ژیانی خۆی بۆ ئەو کولبە دارینە گواستەوە کە لە کەناری باکووری ڤاڵدن پۆند نزیک شاری کۆنکۆرد، لە ماساچوست بەدەستی خۆی دروستی کردبوو. کە کۆی تێچوونی ئەو کولبەیە ٢٨ دۆلار و ١٢ سەنت بوو. هینری تۆریۆ نووسیویەتی: « زۆر لە هۆکانی خۆشگوزەرانی و جوانکاری، زۆر لەو شتانەی کە پێیان دەوترێ ڕاحەتییەکانی ژیان، نەک تەنیا پێویست نین، بەڵکو ڕێگری ئەرێنین لەبەردەم گەشەکردنی مرۆڤ.» دواجار بوهیمییەکان کاتێکی زۆریان خەرج دەکرد یان زۆر وردانە تەماشایان دەکرد لە هەڵبژاردنی ئەو کەسانەی کە بڕیار بوو کاتی خۆیانیان لەگەڵدا بەرنەسەر، هەندێکیان بۆ نموونە وەک تۆرۆ بە گشتی لە کاریگەری گەندەڵانەی کۆمەڵگا هەڵدەهات. هەندێکی تریان هەوڵیان دەدا گرووپگەل و دەستەی وەها دروست بکەن کە لە ڕووی ڕۆحیەوە گونجاو بن، هەوڵ بدەن لەو جۆرە ژیانە کۆمەڵایەتییە دوورکەونەوە کاتێ لە ڕێگای پەیوەندی لە قوتابخانە و خێزان یان دەوروبەری تووشیان دەبوو.

زۆر لە بۆهەیمییەکان بەوپەڕی پەرۆشییەوە لە هەوڵی ئەوەدا بوون خەون و خەیاڵە ڕووحییەکان سەرمەشقی ژیانیان بێت، تا ئەو ڕادەیەی گوێنەدانیان بە کاروبارە کردارییەکان بەرەو ئەو ئاراستەی بردن تا هەوڵ بدەن سەرچاوەیەکی پێویست بۆ مانەوەی خۆیان بدۆزنەوە، بە جۆرێ کاتێکی زۆر کەمیان مابوو بۆ بیرکردنەوە لە ڕۆح و کاروبارەکانی ڕۆح، لە بەرامبەریشدا ناچارن زیاتر لە قازی و دەرمانفڕۆشی مادەپەرست بیر لە جەستەیان بکەنەوە.

دواجار کتێبی دڵەڕاوکێی پلەوپایە کۆکردنەوەی هەموو ئەو بازنانەیە کە زنجیرەی بڕوا و بۆچوونە هەمەچەشنەکانی سیاسەت و ئاین و هونەر و گرووپەکان پێکدێنێت لە دەستنیشانکردنی ئەو ڕێگایانەی دەمانگەیەنێتە ڕازیبوون بە بوونی خۆمان وەک تاکێک، هەروەها دەرچوون لەو ململانێیەی کە کێ ڕاستە و کێ هەڵەیە، چ شتێک شایستەی پلەوپایە و چ شتێک پێچەوانەکەی، وەرگێڕانی ئەم کتێبە سەرەڕای سەختی زاراوەکان لە بەخشینی ماناکانی لە زمانی کوردیدا، هاوشێوەی زاراوەکانیش بۆ خۆی سەختییەکی تری ئەم کارە بوو.

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

جایزە اتحادیە نویسندگان کورد بە کامران رحیمی اهدا شد

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *