خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / قامووسی زمانی کوردی بەرهەمی مامۆستا عەبدوڕەحمان زەبیحی چاپ و بڵاوکرایەوە

قامووسی زمانی کوردی بەرهەمی مامۆستا عەبدوڕەحمان زەبیحی چاپ و بڵاوکرایەوە

قامووسی زمانی کوردی بەرهەمی مامۆستا عەبدوڕەحمان زەبیحی چاپ و بڵاوکرایەوە

ناوەندی خانی لە درێژەی چالاکییەکانی‌دا و بەتایبەت لە درێژەی چاپ‌کردنەوەی دووبارەی بەرهەمە کلاسیکە کوردییەکان‌دا، بە شێوەیەکی شایان و ڕازاوە، ئەمجارەیان فەرهەنگی شاز و نایابی “قامووسی زمانی کوردی” بەرهەمی مامۆستا عەبدوڕەحمان زەبیحیی چاپ و بڵاو کردەوە.

پێموانییە خوێنەرێکی کتێبی کوردی هەبێ، بە شوێن و پێگەی فەرهەنگی قامووسی زمانی کوردی نەزانێ. بێ‌گومان هەر خوێنەرێک بە چاوخشاندنێکی ئاسایی بۆی دەردەکەوێ کە ئەو فەرهەنگە چەندە وردبینانە نووسراوە و تا چ ڕادەیەک مێتۆدی فەرهەنگ‌نووسی و زانستی‌بوون تێیدا ڕەچاو کراوە. زۆربەی چالاکانی بواری فەرهەنگ‌نووسی کۆکن لەسەر ئەوەی هەتا ئێستاش فەرهەنگێکی کوردیی وا نەنووسراوە کە تا ئەو ڕادەیە وردبینی و زانستی‌بوون تێیدا لەبەرچاو گیرابێ. بەڵام هەمووانیش زۆر بەداخەوەن بۆ ئەوەی کە تەنیا دوو پیتی ئـ و بـ لەو فەرهەنگە شازە لە بەر دەستی خوێنەری کورددایە و وەک زۆر شت و لایەنی دیکەی ئێمە، بەداخەوە، بە ناتەواوی و بێ‌سەرەنجامی ماوەتەوە.

بەڵام هەر لەو دوو پیتەش‌دا هێندە بابەتی ورد و بەپێز دەبینرێ کە ئەوڕۆ بۆتە بنچینە و بنەڕەت بۆ ڕۆنانی فەرهەنگی وشەی کوردی.

مامۆستا عەبدوڕەحمان زەبیحی

یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی قامووسی زمانی کوردی ئەوەیە کە بە شێوەیەکی زانستی، باس لە ڕیشەی وشەکان دەکا و دیاریی کردووە کە هەر وشەیەک لە چ زمانێکەوە هاتووە، یان سەر بە کام شێوەزاری کوردییە. هەروەها ڕۆڵی وشەکانی لە ڕێزمان‌دا دیاریی کردووە کە ناو، فێعل، فاعل، سفەت یان…چین. هەروەها بە هێنانەوەی شاهید و نموونە لە ئەدەبی زارەکی، یان شێعری شاعیرانی کلاسیکی کوردی، فەرهەنگەکەی دەوڵەمەندتر کردووە و هاوتا یان دژی بۆ وشەکان نووسیوە و زۆر جار شەرح و لێکدانەوە و زانیارییەکانی لە فەرهەنگ بەرەو ژوورتر دەڕۆن و تا ئاستی ئەنسکلۆپێدیا(دایرە‌المعارف) بەرز دەبێتەوە.

“قامووسی زمانی کوردی” پێک‌هاتووە لە دوو پێشەکیی و پیتەکانی ئـ و بـ ، پێشەکیی هەوەڵ وتارێکی چڕ و پڕ و زانستیی مامۆستا زەبیحییە بە نێوی “سەرەتایەکی مێژوویی زمانی کوردی”، کە لەودا بە وردی باسی پێشینەی زمانی کوردی، زمانی هێندوئورووپایی، زمانی مادەکان، زمانی پارسیی کۆن، زمانی پەهلەوی و زمانی کوردیی پاش ئیسلام و لەهجەکانی زمانی کوردی دەکا.

هەروەها وتاری فەرهەنگ‌نووسیی دوکتۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف، لە پێشەکیی دووهەم‌دا دانراوە.

ناوەندی خانی هەوڵی داوە بە شێوەیەکی شایان و ڕازاوە و بەبێ دەست‌تێوەردان و سەپاندنی بۆچوونی ویراستار و … ئەم بەرهەمە کلاسیک و بنەڕەتییە چاپ و بڵاو بکاتەوە.

شایانی باسە، ئەم کارە، بەرهەمی چالاکیی تیمێکی پسپۆر لە ناوەندی خانییە کە ماوەیەکە هەوڵ دەدەن بەرهەمە کلاسیک و ڕەسەنەکانی کوردی بەوپەڕی دڵسۆزی و بەبێ گۆڕان و بە ئەمانەت‌دارییەوە بگەیێننە دەستی خوێنەری کورد.

داگرتنی فایلی پادکەست

 ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *