خانه / تازه‌ چاپکراوه‌کان / کۆڕی پەردەلادان لە وەرگێڕانی فارسیی ڕۆمانی ئەلف/یا له سنه به‌ڕێوەچوو

کۆڕی پەردەلادان لە وەرگێڕانی فارسیی ڕۆمانی ئەلف/یا له سنه به‌ڕێوەچوو

کۆڕی پەردەلادان لە وەرگێڕانی فارسیی ڕۆمانی ئەلف/یا له سنه به‌ڕێوەچوو

پێگەی هەواڵنێریی ماڵی کتێبی کوردی – ڕۆژی چوارشەممە، ۱۲ی گه‌لاوێژی ١٤٠١ لە ھۆڵی سینەما بەھمەنی شاری سنە، کۆڕێک بۆ پەردەلادان لە وەرگێڕانی ڕۆمانی ئەلف/یا؛ نووسینی ڕەزا عه‌لی‌پوور و وه‌رگێڕانی محەمەد ڕەووف مورادی بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە نووسەران و ھۆگرانی ئەدەبیات بەڕێوە چوو.

لە سەرەتای ئەم کۆڕەدا بەیان عه‌زیزی وه‌ک به‌ڕێوەبەری دانیشتنەکە، باسێکی گشتیی لە سەر پێشوازی و خوێندنەوەکانی کتێبەکە لە زمانی کوردی و پێویستی و دژواریی وەرگێڕانەکە و کورتە مێژووی وەشانی موعته‌به‌ر و ناسراوی قوقنووس ئاراستە کرد.

دواتر دوکتۆر زوھرە حسەین‌زاده‌گان وه‌ک نوێنەری وەشانی قوقنووس ھەندێک خاڵی لەسەر گرنگیی کتێبەکە باس کرد و خۆشحاڵی و ئامادەیی وەشانی قوقنووسی بۆ ناساندنی ئەدەبیاتی جیددی و جیاوازی کوردی بە خوێنەری فارسی زمان دەربڕی.

لە دواییدا وەرگێڕی کتێبەکە چەند خاڵی لە سەر په‌خشانه جیاکان و زمانی ده‌قه‌که و گرفتەکانی تەرجەمەی ئەلف/یا و ھەروەھا جیاوازییەکانی نەشری کتێب لە کوردستان لەگەڵ تاران باس کرد. دواتر  وەرگێڕ لە گەڵ نووسەر، چەند بەشی کوردی و فارسیی دەقی سەرەکی و وەرگێڕدراویان بۆ ئامادەبووان خوێندەوە.

به‌شی دووه‌می کۆڕەکە، پەنێلێکی ڕەخنەیی و زانستی بوو بۆ خوێندنەوەی ڕۆمانەکە، به‌شدار بووان وێڕای ستایش و دەسخۆشی‌کردن له‌ محەمەد ڕەووف مورادی بۆ وەرگێڕانی دەقێکی وەھا سەخت و چەتوون، لە سێ گۆشەنیگاوە کۆمەڵێک باسیان لەسەر دەقەکە پێشکەش کرد.

بەشدار بووانی پەنێل بریتی بوون لە: دوکتور کەماڵ خالەق‌په‌نا، دوکتور محه‌مه‌د ڕەحیمیان و حه‌مه‌ی که‌ریمی شاعیر و نووسه‌ر.

شایانی باسه له کۆتایی کۆڕەکەدا ھەندێ پرسیار و وەڵام لە نێوان ئامادەبووان و بەشدار بووانی پەنێل گۆڕدرایەوە که کۆڕەکەی دەوڵەمەندتر کرد.

لێرەدا پوختەی پەنێلەکە دەخرێتە بەردەست:

دوکتور که‌ماڵ خالەق‌په‌نا:

کۆمەڵناسانی ئەدەب پێیان وایە مانای دەقی ئەدەبی لە دەرەوەی خۆیدایە. نە لە لای خوێنەر و نە لە لای نووسەر و گرینگتر لە مانە نە لە نێو خودی دەقدا. مانای دەقی ئەدەبی لە بەستێن و کانتێکستی دەقدایە. دەقی ئەدەبی و بەرهەمی هونەری بەوەی کە بەردەوام لە بەستەرێکی مێژووییدا دەخولقێ، هەڵگری وڵامێک دەبێت بە نیسبەت دۆخی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و کوولتووری. بە پێی ئەم ئیدەیە، دەبێ خۆمان لە رەخنەی ئەزموونی یان کاریگەری خواز و شۆهوودی بپارێزین. دەق نووسینەوەی کۆمەڵێک دەقی ترە، کە لە کانتێکستی دەقدا حوزووریان هەیە. دەق ڕووبەڕووی مێژوو دەبێتەوە و وڵامێک بە پرسیارەکانی دۆخی مێژوویی دەداتەوە…

ڕۆمانی ئەلف / یا ی ڕەزا عەلی پوور هەڵگری ئەو وڵامەیە بە نیسبەت نیازەکان و هەندێ پرسی سەرەکی کە رووبەرووی تاکی رۆشنبیر دەبێتەوە لە کومەڵگادا، بە ڕواڵەت گێڕانەوەی دوو سەردەمی جیاواز و دوو فەزای جیاواز و هاوکات دوو مرۆڤی جیاواز لە دوو زەمەنی جیاجیادا. رابردوو / ئێستا، بەڵام ڕابردوو بیانووە، ئامرازە بۆ خۆ دەرباز کردن.

ئەگەر زمان مدیومی زاڵی دەقی ئەدەبی بێت، با لە زمانەکەیەوە دەس پێ بکەین. ئەم رۆمانە دوو کەسایەتی سەرەکی تێدایە کە هەر کامیان زمانی تایبەتی خۆی هەیە، کە لە کەسایەتی جیاوازی ئەم دوانە دلالەت دەکا. زمانی بەشی ئەوەڵی رۆمانەکە فەقیر و ساردە، بە قورسی بەرد. زمانی بەشی دووەمی رۆمانەکە دەوڵەمەند و ئەدیبانەیە. بەشی دووەمی گێڕانەوەی بە سەرهاتی کەسایەتییەکی خەت خۆشی دەربارییە واتە ” داود ئامێدی ” مرۆڤێک بە تەواوی چەرمەسەرییەکانی خۆی و کارەکەیەوە کە خەتخۆشێکه که مێژوونووسین و کیتابەت بە سەر خەتدا ھەڵدەبژێرێت،، لە بەرانبەردا، بەشی ئەوەڵ گێڕانەوەی مرۆڤێکی دەستەوەسانی هاوچه‌رخ و ئیفلیجی زەینی وەک ” یوسف ” کە دەکرێ بڵێم تا ڕادەیەک دەتوانێ نموونەی خوێندەواری کۆمەڵگای ئێستا بێ، دەبینمەوە. جۆرێک لە دردۆنگی و ئەرێ و نەرێ،، گومان و دوودڵی و راڕایی بە نیسبەت هەموو شتێکەوە،، ( بۆ نموونە دەڵێ ویستم بڵێم کاری من نیە نەمگوت، جارجار دەڵێم بریا بمگوتایە، بڵێ کاری من نیە نەمگوت “ٚ ) و چەندین نموونەیتر کە نیشان دەدا یوسف وەک کەسایەتییەکی دەسەوسان داڕێژراوە و بە نیسبەت هەموو کارێکەوە دردۆنگە و ڕایی ڕاییە. هەر چی لە رۆمانەکەدا زیاتر ڕۆ دەچین، ڕاڕاییەکان کەمتر دەبنەوە، تا لە کۆتایی رۆمانەکەدا دەبن بە یێکێک.

تقابڵی نیوان دوو کەسایەتی، بە دوو زمانی جیاواز،، زمانێکی فاخرانە و نوخبەگەرا، زمانێکی سارد و سڕ، بە کێشەیێکی هاوبەش پێکەوە گرێ دەدرێن، کێشەی بەقا، مان و نەمان. دڵنیا نەبوون لە ژیان. بۆ یووسف ئێسباتی خۆی و بۆ ئامێدی سیانەتی نەفس. یوسف وەک خوێندکارێکی ئەورویی بە دەستەوەستانییەوە لەوە دەگەرێ خۆی ساغ کاتەوە، پرسی رۆمانەکە ئەمەیە و وڵامی رۆمانەکە سەرۆستنە سەر مێژووە. مێژوو لەم رۆمانەدا دەلیلێکە بۆ ئێسباتی حوزوور. مێژوو لە رێگەی زمانەوە ڕۆ دەنێندرێ و نە ئەوەی بنوێندرێ. سێناعەتی زمانی ئێغراق کراو و فۆرماڵ لە زمانی ئامێدییەوە هەوڵێکە بۆ زاڵ بوون بە سەر پووچی ناوەڕۆکی یوسف. رۆمانەکە بە بیانووی ساغ کردنەوەی دەقێکی مێژوویی رابردوو هەڵدەکۆڵێت و زمان دەدۆزێتەوە. بە بیانووی گەڕان لە نەسری کوردی، زمانێک لە فۆلکڵۆری دەوڵەمەندی کوردی خەلق دەکا. خەڵقێک لە جنسی زمان بۆ ئەم پرسیارە مێژوویە کە “کورد مردووە یان زیندووه” .

” رۆمانەکە وا دەنوێنێ کە ئامێدی ” خوێندەوارێکی ئیلیت و سەر بە توێژی ئیلیت و نوخبەی کۆمەڵگای دووسەد ساڵ پێشە، بەڵام لە راستێدا مەخلووقی یوسفە، ” یوسف وەک ” خوێندەوارێکی سست و هیچ پێنەکراو و ئیفلیجی کۆمەڵگای ئێستایه، کە خەیاڵ دەیباتەوە، خەون دەبینێ و بۆ زاڵ بوون بە سەر خەمۆکی خۆیدا کە ئێستەعارەیە لە خەمۆکی کۆیی نەتەوەیێک، مێژوو وەک زمان دەدۆزێتەوە. ڕەنگە ئەمە تێگەیشتنی کوردی بێت لە چیرۆکی ژیان و مێژوو. بە پێچەوانەی نیچە تا جۆیس، کەسێک کە مێژووی نەبێت، دەفەوتێ. لە لای رۆمانی ئەلف/یا مێژوو یانی زمان..

من پێم وایە ئەم ڕۆمانە لە بۆ دەربازبوون لە بونبەستی ئێستەمان مێژوو ھەڵدەبژێرێ و لە ئامرازی مێژوویی کەڵکی وەرگرتووە بۆ ئەوەی دوو جۆر کەسایەتی جیاواز کەسایەتیەکی ( ئیلیت و نوخبە ) کە ” ئامێدی” یه کەسایەتیەکی خوێندەواری سست و ئیفلیج و دەسەوسانیش کە ” یوسف ” ە لە دوو زەمەنی جیاجیادا و سەر بە دوو توێژی زۆر جیاواز، نیشان بدات، بۆیە بە خوێندنەوەی من ئەلف/ یا هەڵگری وڵامێکە بەو پرسیارەی زۆر دووپات دەبێتەوە: کورد مردووە یان زیندووە.

ئەلف/یا بە ھەندێ تەمھیدی مودێرنیستی و پۆست مۆدێرنیستی، پاڵنەرێکی رێئالی ھەیە و بۆ دەربازبوون لەم بونبەستە سیاسەت و ستراتیژی بریتییە لە بە دەق و بە زمان کردنی مێژوو.

دوکتور محه‌مه‌د ڕەحیمیان:

لێکۆڵینەوە لە هەندێ کۆنەلاپەڕەی دەسنووس و تۆژینەوە لە چەند کتێبی مێژوویی سەبارەت بە خۆشنووسێکی ناوبزری کورد، بوە بە هەوێنی ئافراندنی ڕۆمانێکی جیاواز و هەلێکی نوێ لە بەستێنی ڕەوایی زمانی کوردیدا پێکهێناوە. هەلێک بۆ تاقیکاری لواویە ئەزمووننەکراو یان کەمتر           ئەزموونکراوەکانی زمانی ڕەوایی و دەرکەوتنی بڕستی زمان بۆ گێڕانەوە و وەنواندنەوەی هەست و نەستی مرۆڤ لە شاراوەترین مەیل و بێمەیلییەکانییەوە بگرە تا کار و ئاکار و دەستەسووترین شت و مەکەکانی دەوروبەری.

ئەو یارییە بنەڕەتییە کە لە ڕۆمانی ئەلف/یا دا هاتیەسە کایەوە ئەوەیە کە  واقێعێکی مێژوویی بە ئاڵ و گۆڕێکی جەوهەری و جوانیناسانەوە کراوە بە واقێعێکی ڕەوایی و داستانی. تروسکە یادێک لە “ئامێد”ی ناوێکی خۆشنووس و تۆزقاڵە بەڵگەیەک لە سەربهوردەی کەسێکی نەناس، لە ڕەفەی گەردگرتووی مێژوەوە گوێزراوەتە بەستێنێکی ڕەوایی و ڕۆمانێکی ڕاست و ڕێکی لێ خوڵقاوە کە بە داڕشتێکی داستانییەوە گوتار و جیهانێکی نوێی هێناوەتە پاوانی زمانی ڕەوایی کوردییەوە. پاوانێک کە لە سەر سنووری ”گومان”دا دامەزراوە. گومانێکی بوونناسانە لە ڕاستی یان ناڕاستی ئەوەی کە ڕووئەدات و ئەوترێت. گومانێک کە گەلێک پرسیاری فەلسەفی و هەروەها ڕەوایەتناسانەی لێ ئەکەوێتەوە. ئەو گومانەی کە خەسڵەتێکی تەکنیکی ئەگرێتە خۆوە و وەک کەرستەی هەڵپەساردەیی و تەعلیق لە فۆڕمی ڕۆمانەکەدا ئەتوێتەوە و دڕدۆنگییەکی جوانیناسانە و چێژێکی فەلسەفی لێ ئەکەوێتەوە. 

ئەلف/یا، پتر لەوەی کە لە پۆلی ڕۆمانێکی مێژووییدا بگونجێت، بەرهەمی گوتارێکی رەخنەیی و هونەری و حاندی وێکكەوتنی مێژوو و حەقایەتە (حەقایەت بە مانا ئەرەستووییەکەی کە لە بەراورد لە گەڵ مێژوودا، بابەتێک ئەگێڕێتەوە کە ڕووی نەداوە بەڵام ئیمکانی ڕوودانی هەیە. بابەتی مێژوویی ڕووی داوە و دابووردوە بەڵام حەقایەت ڕووی نەداوە و بە هەر جار گێڕانەوەیەک لە سەرڕا ڕوو ئەداتەوە). حاندێک بۆ ڕکەبەرایەتی ئەم دوو گوتارە کە بە پێی ئیمکان و سامانی تایبەتی خۆیان، هەرکامەیان خۆی بە هەڵگری حەقیقەت ئەزانێت و ئەوی دیکە ڕەفز ئەکاتەوە.

ئەو هێمانەی کە سەربههووردی داوود ئامێدی لە ڕەوایەتێکی بەڵگەمەند و ئاسایی و مێژووییەوە دەکاتە بەرهەمێکی هونەری و مەودایەکی ڕخنەیی و جوانیناسانەی لە نێوان جیهانی ڕۆمان و جیهانی واقێعدا ساز ئەکات، فۆڕمی ڕەوایی ئەلف/یایە. فۆڕمێک کە بوون و مەعنا بە ژیانێکی هونەری ئەبەخشێت و لە قوڵاییە تاریکەکانی مێژوو و ناونیشانە نادیارەکانییەوە، کەسایەتییەکی بەهرەمەند و ئارکیتیپاڵ و سەرنموونەیی بۆ زەوق و هونەری کوردەواری ئەنەخشێنێ. 

ڕۆمانی ئەلف/یا لە قەوارەی شەش پاژی ڕەوایی پێکهاتوە کە هەر پاژێک بە کورتە حەقایەتێکەوە دەس پێدەکات. ئەم کورتە حەقایەتانە بە داڕشت و زمان و گوتارێکی کۆنی ڕەواییەوە، کولاژ کراونەتە پێکهاتەی ڕۆمانێکەوە کە لە پانتای ئەدەبی ڕەواییدا گوتارێکی مۆدێرنە و هەمەلایەنە لە حەقایەت جیاوازە. کارکردی کولاژ لە شێوەکاری کوبیسمدا تێکەڵ کردنی شت و مەک و بابەتە ئۆبژکتیڤەکانە بە فەزایەکی دێفۆڕمەکراوی سوبژکتیڤ کە تێکەڵاوێکە لە چەندین گۆشەنێگای  چەندلایەنی؛ بەڵام ڕۆمانی ئەلف/یا، حەقایەتەکانی وەک لەتەیەکی سوبژکتیڤ، بۆ بەداستانی کردنی بابەتێکی مێژوویی و مەوداگرتن لە ئەمری واقێع بە کار هێناوە و کردوونی بە بەشێک لە فۆڕمی گشتی خۆی و چەندین ئەرکی ڕەوایی پێ دابین کردوە: وەک سەردێڕی لاوەکی بۆ هەر پاژێک لە پاژەکان/ مەودایەک بۆ وچاندانی خوێنەر و گۆڕینی ڕیتمی زمانی و ڕاوێژی ڕەوایی/ کەشسازی و بەردەبازەیەک بۆ تێپەڕین لە بوارێکەوە بۆ بوارێکی دیکە.

حە‌مه‌ی که‌ریمی:

من هەوڵدەدەم لایەنی فۆرمیکی رۆمانی ئەلف / یا و ئەو تایبەتمەندییانەی کە تایبەت بە گێڕانەوە و زمانی گێڕانەوەیە و تارادەیەک تفاوەتی بەخشیوە بەم کارە ( لە حەوەزەی ئەدەبیاتی داستانی کوردیدا ) باس بکەم.

رۆمانی ئەلف/ یا ” لە رووی فۆرم و سیاق و داڕشتنەوە لەگەڵ ئەوەی کە پاژی یەکەمی گێڕانەوەکەی واتە گێڕانەوەی بە سەرهاتی ” یوسف ” کە بە زمانێکی سادە و شەفافە و هاوکات گێڕانەوەیەکی رئیالە، بەڵام بەوەی کە گێڕانەوەکان خاوەن تایبەتمەندیی گێڕانەوەی کلاسیک نین، چونکە هیچ رووداوێک ناگێڕدرێتەوە و کرداری کەسایەتییەکانیش رەوایەت ناکرێن، بەڵکوو زمان دەگێڕدرێتەوە و کەسایەتی دەدرێ بە زمان بۆ ئەوەی کە زمان بگێڕدرێتەوە و هاوکات گێڕانەوەکان بگێڕدرێنەوە دەکرێ ئەم رۆمانە وەک رۆمانێکی پاش مودێڕن بخوێنرێتەوە.

بە پێی بۆچوونی رەخنەگران و نووسەرانی ئەدەبیاتی داستانی کە گێڕانەوە دابەش دەکەن بە سێ جورگێڕانەوە، گێڕانەوەی ” کلاسیک” ( کە راوی تەنیا رووداو و کرداری کەسایەتییەکان و دۆخەکان ) دەگێڕێتەوە. لە دۆن کێشوتی ” سروانتس “ەوە تا ” جیمز جۆیس و مارسل پرۆست ” گێڕانەوەی داستان بەم شێوەیە بووە، واتە بگێڕەوە لە گێڕانەوەدا تەنیا ڕووداو کرداری کەسایەتیەکان و دۆخەکان دەگێڕێتەوە، بەڵام مێژووی گێڕانەوە لە سەر دەستی ” جۆیس و پرۆست ” تووشی پچڕان و دابڕان دەبێ ئەو جار گێڕانەوە حاڵەت و فۆرمی جیاوازتر بە خۆیەوە دەبینی، شاڵاوی زەین و تەداعی” وەک دوو تایبەتمەندیی سەرەکی گێڕانەوەی مودێڕن لە جۆیس و پرۆست ” ەوە تا ئەمڕۆ دێتە نێو گێڕانەوەی ئەدەبیاتی داستانی.

جۆری سێیەمی گێڕانەوەی داستان کە وەک گێڕانەوە بە سیاقی پاش مودێڕن دەناسرێ،،گێڕانەوەی ” زمان و رەوایەت” ە. لەم چەشنە گێڕانەوەدا راوی نە خۆی به گێڕانەوەی رووداو و کرداری کەسایەتییەکان و دۆخەکانەوە سەرقاڵ دەکات و نە ئەوەندەش هەوڵدەدا بڕواتە ناو زەینی کەسایەتییەکان و چی دەگوزرێ له زەینی کەساییەتیەکاندا( لافاوی زەین) بگێڕێتەوە، بەڵکوو راوی لێرەدا هەوڵدەدا بە زمان ، “زمان ” بگێڕێتەوە، بە زمان ” رەوایەتی کەسایەتیەک بگێڕێتەوە کە کەڵکەڵەی گێڕانەوەی هەیە.

بەو مانا نووسەر بە جێی ئەوەی رووداو و کردەی کەسایەتیەکان بگێڕێتەوە خۆی کەسایەتی دەدا بە زمان و خودی زمان دەگێڕێتەوە ، هاوکات گێڕانەوەی ئەو کەسایەتیە دەگێڕێتەوە کە کەڵکەڵەی رەوایەتی هەیە، بە تەواو بوونی هەر پاژێک و دەسپێکردنەوەی پاژێکیتر بە هۆی زمانەوە هەست دەکرێ کەسایەتیەکی تازەتر دەگێڕدرێتەوە..

پاژی یەکەم: زۆربەی خانەقاکانی چین پێیان وابوو هەموو شتێک بۆ نووسین نابێ و ناشێت…

پاژی دووەم: لە رۆژی حەوتەمدا، چل باڵندەی ئەفسانەیی بە سەر هەزارو دوووڵاتدا هەزارو دوو ڕەنگی جودایان بەشییەوە…

پاژی سێیەم : نیگارکێشێکی تاتاری بە تۆپزی ماڵەمیر لە دڵبەرەکەی دادەبڕێت. لە داخاندا سەری خۆی هەڵدەگرێت و دەڕواتە وڵاتی عەجەمان.

زمانی پاژی یەکەمی رۆمانەکە کە زمانی گێڕانەوەی یوسف ە زمانێکی سادە و شەفافە ،، بە بەکارهێنانی تەکنیکی گێڕانەوەی گێڕانەوە.. یوسف بۆ خۆی کەڵکەڵەکانی گێڕانەوەی لەیلای ژنی دەگێڕێتەوە… کە چۆن وەک کەسێکی بێ ئەخلاق و تەمبەل و نابەرپرس هەڵسووکەوتی کردووە لە گەڵیا…

پاژی پێنجەم: دەگێڕنەوە لە بەیانی شۆڕشەکەی…

زمانی گێڕانەوە لێرەدا دەبێته زمانێکی دەرباریی و هەوڵدەدا بگات بە زمانێکی ئارکائیکی،،

ئەوەی لێرەدا زۆر جێی سەرەنج بۆ من و به جۆرێک متفاوەت بوونی ئەم ڕۆمانە لە ئەدەبیاتی داستانی کوردیدا دەردەخات،، هاوکات وەک پرسیارێکیش کە رووبەڕوومان دەبێتەوە،، ئەوەیە،،

زمان و ئەدەبی ئێمە بە پێچەوانەی ئەدەبی گەلانی تر. ئینگلیزی، فارسی، عەرەبی، ایتالیایی، کە لە زمانی کۆنی رۆمییەکان وەک سەرچاوەیەکی ئارکائیکی دەوڵەمەند یان زمانی ئینگلیزی لە زمانی یۆنانی کەونارا و لاتین کە هاوکات زمانی فەلسەفە و ئەدەبیاتیش بووە،، یان زمانی فارسی هاوچەرخ کە لە سەچاوەگەلی نەسریی تاریخ بیهقی، تاریخ طبری، تذکرەالاولیا و گولستانی سەعدی کەڵکی لێ وەردەگیردرێ،، بە پێچەوانەوە ئەدەبی ئێمە خاوەنی ئەو گەنجینە لە زمانی ئارکائیک و کۆن نیە کە نووسەر لە کاتی گێڕانەوەدا یان ئاوڕدانەوە لە دەسنووس و بەیازەکاندا دەستی پێ بگەیەنێت،، ئەدی نووسەر دەبێ چ بکات.

لێرەدا نووسەری ئەلف/ یا بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە هاتووە لە فۆلکلۆر و زاراوەگەل و دیالێکت و بن زاراوەکانی زمانی کوردی کەڵکی وەرگرتووە و زمانێکی تایبەت بە گێڕانەوەی خولقاندووە. هەمان کار کە ” دانتە ” کاتی خۆی بۆ دەست گەیشتن بە زمانی ئارکائیکی رۆمی کۆن لە زاروەگەل و دیالێکت و بن زارەوەکانی زمانی ئیتالی کەڵکی وەرگرت.

 ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

حیکایەتی چلشەوەی قەلەندەران

یک نظر

  1. بەداخەوە جیا لە دوو سێ ڕەخنەگری کورد نەبێت. گشتی ڕەخنەی ئێمە بۆتە پێهەڵاوتن و چەواشەکاری. ئەم کتێبە نە ڕۆمانە نە چیرۆکە نە ڕیوایەتە. شتێ فرە ساویلکە و بێ بنەمایە. هەر گەورەکردنەوەی ئەم جۆرە نووسراوانە بۆتە هۆی ئەوەی گەورەنووسەرانی وەک کاک عەتا نەهایی، کاک سەید قادر هیدایەتی ، کاک فەتاح ئەمیری. کاک بریا کاکە سوور و دەیان کەسی تر وەپەراویز کەون، زۆر بە داخم ئەدەبیاتی کوردی هیچی نەماوە.

پاسخ دادن به سەرکەوت لغو پاسخ

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *