خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / وڵامی مامۆستا لەتیف‌هەڵمەت بۆ لێدوانێکی مامۆستا شێرکۆ‌بێ‌کەس

وڵامی مامۆستا لەتیف‌هەڵمەت بۆ لێدوانێکی مامۆستا شێرکۆ‌بێ‌کەس

وڵامی مامۆستا لەتیف‌هەڵمەت بۆ لێدوانێکی مامۆستا شێرکۆ‌بێ‌کەس

سەرەتا دروود و گوڵباران بۆ گیانی پاکی کاک شێرکۆ بێکەسی هاوڕێ و برام … واللە زۆر ئاساییە دوو شاعیری هاوچەڕخ کە خۆیان بە پێشەنگی نوێگەری زانیوە قسەی لەو جۆرە و زیاتریش بەیەکدی بڵێن بەڵام بەخوا من زۆرینەی شیعرەکانم دە تا پازدە جار پێداچوونەوەم بۆ کردووە و ئەنجا بڵاوم کردۆتەوە و شانازی دەکەم کەبیروڕای لێکۆڵەران و نووسەرانی گەورەی عەرەبی وەکو دكتور حاتم الصكر و ابراهیم خیاط و دکتۆر فاضل ثامر و علي حسن فواز و يوسف يوسف و سەید علی ساڵحی و جمال نوري و يوسف حەیدەری و هیشام القیسی و دەیان نووسەری دیکەی کورد و عەرەب و هتد … دەربارەی شیعرەکانم پیچەوانەی ئەو قسەیەی کاک شێرکۆیەو سەروبەری ئەو بیروڕایەی کاک شێرکۆ بێکەس هەڵدەوەشێننەوە …

لەڕاستیدا ئەوەی کاک شێرکۆی برام دەربارەی شیعری من گوتوویەتی ڕێک و ڕەوان بەسەر شیعرەکانی خۆیویدا دەسەپێ و پەلەپڕووزێیەکی زۆر زۆر بەگەلێ لە شیعرەکانی کاک شیرکۆدا دیارە و هەر لەبەر ئەوەشە باسی ئەوە دەکات کە کەمینەیەکی زۆر کەمی شیعرەکانی خۆی نەمرییان بۆ دەنووسرێ ….

جگە لەوەش ناکۆکی پاک و بێگەرد لەنێوانی شاعیراندا هەر بووە و هەر دەبێ و کاتی خۆی ململانێیەکی زۆر لە نێوانی بەدرشاکر سەیاب و عبدالوهاب البیاتی و نازک الملائکەدا هەبووە و کەسیان دانی خێریان بەوی دیکەیاندا نەناوە … بەڵام هەرسێکیان و هەر یەکە و بەشێوازی خۆیان سێ پێشەنگی نوێگەری شیعری عەرەبی بوون لە عێراقدا ….

زۆر ئاساییە دوو شاعیری پێشەنگی نوێگەری شەڕەقسەبکەن …

منیش کاتی خۆی لە دیدارێکدا وتم ڕوانگە هێلکەیەکی پیس بوو هیچی هەڵنەهێنا …..

بێگومان کە من قسەی وام کردووە بە ڕۆانگە بێگومان کاک شێرکۆی برایشم وەڵامی وام دەداتەوە … خۆ چەپکە گوڵم پێشکەش ناکات ..،

ئیتر شاعیریش مرۆڤە و ڕق و کینەشی هەیە و ڕکەبەرایەتی لەگەڵ شاعیرانی داهێنەردا دەکات و هاوڕێتیشیان دەکات …

شیعریش لە سیاسەت جیاناکرێتەوە و ململانێی ڕەش و سپیشی تیایە …

جگە لەوەش من دوای کۆچی دوایی کاک شێرکۆ نزیکەی هەشت دیوانی دیکە شیعرم بڵاوکردۆتەوە …

من شتێکی خۆش دەگێڕمەوە کاتی خۆی هاوڕێیەک شتێکی لەسەر دیوانێکم نووسی دیوانەکەی زۆر بەلاواز لەقەڵەمدا کەچی لێکۆڵەرێکی گەورەی وەکو فاضل ثامر چەند شیعرێکی ئەو دیوانەمی بەشاکاری شیعری و جیهانی ئەژماردووە …

من ئەوەم بەسە کە لێکۆڵەری گەورەی عێراقی فاضل ثامر لە وتارێکیدا لە فیستڤاڵی ڕێزلێنای لەتیف هەڵمەتدا گوتی ــ

کتب لطيف هلمت بكل معنی الحداثه قصيدة كردية عالمية

من و شێرکۆ برابووین و براین و دوو پێشەنگی شیعری نوێی کوردین و دووبرای ئازیزی یەکدی بووین و ململانێشمان بووە بەڵام هەمیشە بەئاشتەوایی ژیاوین …

گوڵبارانی دروود بۆ ڕۆحی بەرزەفڕی کاک شێرکۆ بێکەس …

ئەدەب و شیعر بەململانێی پاکەوە جوانن و نەمری بۆخۆیان تۆمار دەکەن
……………

ڕوونکردنەوە: لە ڕێکەوتی ۱۴۰۱/۰۳/۲۵ بابەتێک بە نێوی «نووسەرانی کورد لە ڕوانگەی شێرکۆ بێکەس»وە بڵاوکرایەوە. لە ڕێکەوتی ۱۴۰۱/۵/۱۹ وەڵامی لەتیف هەڵمەت بۆ هەڵوێستی شێرکۆ بێکەس لەسەر ئەزموونی شیعری لەتیف هەڵمەت ناردراوە بۆ ماڵی کتێبی کوردی.

مامۆستا شێرکۆ بێکەس بەم شێوە باس لە ئەزموونی شیعری مامۆستا لەتیف هەڵمەت دەکات:

«بەلای منەوە کەم شاعیر هەیە ئەوەندەی لەتیف ھەڵمەت بەهرەی شیعری خۆڕسکی و سروشتی بەقوڵپ بێ، وکوو کانیی بەهارە، تەقینەوەی بە هاژەیە. نەفەسی درێژ و زمانی سادەیە. هەندێ پارچە شیعری لە نموونە هەرە جوانەکانی شیعری ئەم سەردەمەن، بەڵام ئەم شاعیرەمان ئەو بەهرە بەپیتەی خۆی، ئەو هەڵقوڵینە بە لرفە و گەرم و گوڕەی، هەندێجار بە دەستی خۆی ساردئەکاتەوە. بژاری شیعر زۆرکەم یان هەر نایکات، چۆن هات و چەند هات ئەم لە ئاستیاندا دەستەوەستانە. ئەو لەبەر ڕۆیشتنی بەهرەیە لە وزەی داهێنانی شاعیر کەم ئەکاتەوە. من هەموو جارێ وتوومە دنیای شیعری هەڵمەت لە دوورەوە ئەوەندە جوانە حەزئەکەیت زوو بیگەیتێ، بەڵام کاتێ ئەچیتە ناوی بەهۆی ئەو بژارنەکردنەوە ئەبێ هەر بە پێوە بوەستیت و زۆر نەمێنیتەوە! وێنەی شیعری زیندوە و بێ تەکەلوفەو ئەچنە دڵەوە.»

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «مۆنادۆلۆژیی دەق» بەرهەمی حەمەی کەریمی بڵاوکرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *