خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کرامەتی گەنج لە پێشانگای کتێب؛ بە ژەمێک نان هەڵدەسەنگێندرێت یان بە ماف؟

کرامەتی گەنج لە پێشانگای کتێب؛ بە ژەمێک نان هەڵدەسەنگێندرێت یان بە ماف؟

کرامەتی گەنج لە پێشانگای کتێب؛ بە ژەمێک نان دەسەنگێندرێت یان بە ماف؟

بە بۆنەی بڵاوبوونەوی فۆرمی داواکاریی کاری خۆبەخش بۆ پیشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر لە بەرانبەر ژەمێک نانی نیوەڕۆ و هاتووچووی خۆڕایی!

لە پشت ئەو پۆستەرە پڕشنگدارانە، ڕیکلامە گەورەکان و دروشمە نیشتمانییە جوانەکەی «من کوردستانیم»دا، واقیعێکی ناخۆش هەیە کە نابێت بە بێدەنگی لێی تێ پەڕین: بانگهێشتکردنی گەنجانی بێکار و دەرچووانی زانکۆ بۆ کاری خۆبەخشی، بە شێوەیەک کە لە ڕووی ئەرک و کاتەوە زیاتر لە کاری ئاسایی دەچێت؛ بەڵام لە ڕووی بەرامبەر و مووچەوە هیچ داهاتێکی گونجاویان بۆ دیاری ناکرێت! بەڕاستی، ئەو بەڕێوەبەرانەی پێشانگای کتێبی هەولێریان ڕێک خستووە، چۆن لە ڕوویان هاتووە بە ناوی کلتوور و ڕۆشنبیرییەوە گەنجێکی بێکار بانگهێشت بکەن و داوای لێ بکەن لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی تا ٨ی شەو کاتی خۆی بۆ پێشانگاکە تەرخان بکات؛ بەڵام لە بەرامبەر ئەو هەموو کات و ماندووبوونەدا، تەنیا ژەمێک نانی نیوەڕۆ و پاسێکی هاتووچۆی بۆ دابین بکەن؟ ئاخۆ ئەمە بەڕێوەبردنی بۆنەیەکی کلتوورییە، یان بەکارهێنانی هێزی کاری گەنجان بە ناوی خۆبەخشییەوە؟ گەنجێک ڕۆژانە دە کاتژمێر کار دەکات، مافی ئەوەی هەیە بپرسێت: بەرامبەر بە ماندووبوونم چی وەردەگرم؟ ئاخۆ کرامەت و کاتی من تەنیا بە ژەمێک نان هەڵدەسەنگێندرێت؟ ئاخۆ لە ڕوانگەی بەڕێوەبەرانی ئەم پێشانگایەدا، گەنجی بێکار مرۆڤێکە مافی داهات و ژیانێکی شایستەی هەیە، یان تەنیا هێزێکی کارە دەتوانێت بە کەمترین تێچوو بەکاربهێنرێت؟ ئەگەر ئەم گەنجە لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی تا ٨ی شەو کار بکات، دوای تەواوبوونی کارەکە بە هیلاکی بگەڕێتەوە ماڵەوە و بەیانییەکەی دیکە دووبارە بە پاس بگەڕێتەوە بۆ هەمان شوێن، ئەوا لە ماوەی دە ڕۆژدا، لەوانەیە جگە لە ماندووبوون و بێزاری، هیچ شتێکی دیکەی بەدەست نەهێنێت. ئەی بەڕێوەبەران! ئەمە ئەو داهاتووەیە بۆ گەنجانی کوردستانتان دابینتان کردووە؟

خۆبەخشی ئەوە نییە دامەزراوەیەک پێداویستییەکانی خۆی بە هێزی کاری خۆڕایی دابین بکات و پاشان بە ناوی کلتوور و نیشتمانپەروەرییەوە داوای بێدەنگی لە بەشداربووان بکات. خۆبەخشی دەبێت بە ئارەزووی تاک، بە مەبەستێکی ڕوون و لە چوارچێوەی سنوورێکی دیاریکراوی کات و ئەرکدا ئەنجام بدرێت؛ نەک بە شێوەیەک گەنجێکی بێکار، لەبەر نەبوونی دەرفەتی کار، ناچار بێت ماندووبوونی خۆی بە ژەمێک نان بفرۆشێت. ئەگەر بەڕێوەبەرانی پێشانگاکە پێیان وایە ئەم جۆرە کاری خۆبەخشییە ئاساییە، با بە ڕوونی وەڵام بدەنەوە: بۆچی خۆیان، یان کارمەندانیان بە هەمان مەرج، بەبێ مووچە و بۆ ماوەی دە ڕۆژ، لە ماوەی دیاریکراودا کار ناکەن؟ بۆچی ئەو مۆدێلەی کارەی بۆ گەنجی بێکار قبووڵە، بۆ ئەوان قبووڵ نییە؟ ئاخۆ پێویستیی داراییی گەنجان بووەتە دەرفەتێک بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی بەڕێوەبردنی پێشانگاکە؟ ئەمە پرسیارێکی سادەیە، بەڵام وەڵامێکی ڕوونی دەوێت.

بەڕێوەبەرانی پێشانگاکە دەبێت بزانن، کوردستانیبوون بە نووسینی دروشم لەسەر پۆستەر و ڕیکلام ناسەلمێندرێت؛ بەڵکوو بە کردار، دادپەروەری و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ مرۆڤەکان دەردەکەوێت. ئەگەر دروشمی «من کوردستانیم» بەڕاستی بنەمای کارتانە، ئەوا بۆچی یەکەم کەسانی پشتگوێخراو گەنجانی کوردستانن؟ بۆچی لە جیاتی ئەوەی ئەم پێشانگایە ببێتە دەرفەتێک بۆ دامەزراندن و پشتیوانیی دارایی لە گەنجان، فۆرمی کاری خۆبەخشی بڵاو دەکرێتەوە؟ بۆچی لە جیاتی ئەوەی بودجەیەک بۆ مووچە و بەرامبەری کار تەرخان بکرێت، ژەمێک نان دەکرێتە بەرامبەری دە کاتژمێر ماندووبوون؟ کلتوور و ڕۆشنبیری نابێت ببنە پەردەیەک بۆ شاردنەوەی نایەکسانی و نادادپەروەری. پێشانگای کتێب کە بانگەشەی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و ڕۆشنبیری دەکات، دەبێت خۆی یەکەم شوێن بێت مافی مرۆڤ، کرامەتی کار و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی تێیدا ڕێزیان لێ بگیرێت. ئەگەر ئەم بەهایانە لە کرداردا نەبینرێن، ئەوا دروشمە جوانەکان تەنیا قسەی بەتاڵن. پرسیارێکی دیکەش لە ئارادایە: ئەگەر کۆمپانیا و دامەزراوە بازرگانییەکان لە پێشانگاکەدا بەشداری دەکەن و لە ڕێگەی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانیانەوە سوودی بازرگانی بەدەست دەهێنن، بۆچی پێویستە گەنجانی کوردستان بەبێ مووچە دارایی لە بەشێک لە کارەکانی پێشانگاکەدا بەشداری بکەن؟ بۆ نموونە، ئەگەر کۆمپانیای «مەدا» بەشدارە، پێویستە ڕۆڵی ئەو کۆمپانیایە و بەڕێوەبەرایەتیی پێشانگاکە لە دابینکردنی مەرجی دادپەروەرانەی کاردا بە ڕوونی دیاری بکرێت.

مافی ئەوەمان هەیە بپرسین ئاخۆ لە ڕێککەوتنەکانی بەڕێوەبردنی پێشانگاکەدا، پشتیوانییەکی دارایی بۆ گەنجان لەبەرچاو گیراوە؟ ئاخۆ بەڕێوەبەرانی پێشانگاکە داوایان لە کۆمپانیا بەشداربووەکان کردووە بەشێک لە خەرجییەکانی کاری گەنجان دابین بکەن؟ یان هەموو بەرپرسیاریەتییەکە خراوەتە سەر شانی ئەو گەنجە بێکارەی بە هیوای دۆزینەوەی دەرفەتێکی کارییەوە فۆرمەکە پڕ دەکاتەوە؟
ئەمە ئەو پرسیارانەن بەڕێوەبەرانی پێشانگاکە دەبێت وەڵامیان بدەنەوە، نەک ئەوەی بە ناوی خۆبەخشی، بەبێ ڕوونکردنەوەی مەرج و سنوورەکانی، کۆتایی پێ بهێنن. گەنجی کوردستان کەرەستەی بەڕێوەبردن نییە،
بەڕێوەبەرانی پێشانگای کتێبی هەولێر دەبێت بزانن گەنجانی کوردستان کەرەستەیەک نین، بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانیان. ئەوان مرۆڤن؛ خاوەنی کات، ماندووبوون، توانـا، ئامانج و خەونی خۆیانن. زۆرێکیان ساڵانێک خوێندوویانە، بڕوانامەیان بەدەستهێناوە و بە هیوای دۆزینەوەی کارێکی شایستە چاوەڕێی دەرفەتن. ئەگەر لە کۆتاییدا تەنیا بانگهێشتیان بکرێن بۆ کاری درێژخایەن بەبێ مووچە، ئەوا پرسیارەکە تەنیا لەسەر فۆرمێک نییە؛ بەڵکوو پەیوەندی بە شێوازی بیرکردنەوە و سیاسەتی بەڕێوەبردنەوە هەیە؛ بۆیە، داواکاریی ئێمە ڕوونە: بەڕێوەبەرانی پێشانگاکە دەبێت شێوازی کاری خۆبەخشی ڕوون بکەنەوە، کاتی کار و ئەرکەکان بە دادپەروەری دیاری بکەن و بۆ ئەو کارانەی کە لە چوارچێوەی ئەرکی ڕێکخراو و پابەندبوونی ڕۆژانەدان، بەرامبەرێکی گونجاو دابین بکەن. هەروەها، دەبێت ڕوون بکرێتەوە کە فۆرمی خۆبەخشی بە چ مەبەستێک بڵاو کراوەتەوە، ئەرک و ماوەی کارەکە چۆن دیاری کراوە و چۆن ماف و بەرژەوەندییەکانی بەشداربووان دەپارێزرێن.
ئەگەر پێشانگای کتێب بۆ ڕۆشنبیرییە، با یەکەم ڕۆشنبیری لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ گەنجاندا دەربکەوێت. ئەگەر بۆ کوردستانە، با گەنجی کوردستان تەنیا ناوی لەسەر پۆستەر نەبێت، بەڵکوو ماف و کرامەتیشی بپارێزرێت. من کوردستانیم؛ بەڵام کوردستانیبوون واتای ئەوە نییە گەنجی کوردستان دەبێت بەبێ بەرامبەر کار بکات. نیشتمانپەروەری بە قوربانیکردنی مافی گەنجان بۆ بەدەستهێنانی داهات ناسەلمێندرێت؛ بەڵکوو بە پاراستنی کرامەت، ماف و دەرفەتەکانیان دەسەلمێنرێت.
بەڕێوەبەرانی پێشانگای کتێبی هەولێر (٢٠٢٦)؛ کاتی گەنجان نرخی هەیە، ماندووبوونیان نرخی هەیە و کرامەتیان شایانی ڕێزگرتنە. ئەگەر بانگەشەی پشتیوانی لە گەنجان دەکەن، با لە کرداردا دەریبخەن.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ژانڕی ڕۆمان وەک چاەرسەری مادەهٶشبەرەکان؛ شرۆڤەێیک لە سەر کتێبی “فڕێنی پەروانە”

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *