
وەرگێڕانی کتێبی “کوردانی چەوساوە و برا موسوڵمانەکانیان” لە نووسینی پرۆڤیسۆر جەمال نەبەز بڵاوکرایەوە
بەخۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین کە ئەنیستیتۆی جەمال نەبەز لە بەرلینی ئاڵمانیا، کتێبی “کوردانی چەوساوە و برا موسوڵمانەکانیان” لە نووسینی پرۆڤیسۆر جەمال نەبەز و پێشەکی و وەرگێڕانی حیسامەدین(هیوا) خاکپوور، بڵاو کردەوە. ئەم کتێبە بەم زوانە لە تەواوی کوردستان دەکەوێتە بەردەستی خوێنەران.
کتێبی،”کوردانی چەوساوە و برا موسوڵمانەکانیان”، دەپەرژێتە سەر یەکێک لە جیددیترین و پڕباسوخواسترین باسەکان، واتە مەسەلەی کورد و دۆخی مرۆڤی کورد لە بازنەی ئیسلام و جیهانی موسوڵماناندا. جەمال نەبەز وەک ناوێکی بەرچاوی بواری “کوردستانئەندێشی” و وەک نووسەرێکی خاوەن گوتاری تایبەت کە پتر لە شەست ساڵی تەمەنی بۆ مەسەلەی کورد تەرخان کردووە و ئاسەواری جۆراوجۆری لەپاش خۆی بەجێ هێشتووە، لەم کتێبەدا بە زمانێکی ڕەوانی وتاربێژیانە و بەشێوەی زانستی و بابەتیانە مەسەلەی دۆخی کورد و جیهانی ئیسلام لێک دەداتەوە. بەڵام بەهۆی گرینگیی لەڕادەبەدەری باسەکەوە، ڕوونکردنەوەیەکی تیۆریک و چەمکیانە و شرۆڤەیەکی کورت و پوختی چوارچێوەی ئەندێشەی نووسەر لەسەر مژاری کوردستان و کورد بەگشتی؛ و بەتایبەتی لەسەر بابەتی کتێبەکە بە پێویست زانرا. ئەم پێشەکییە بۆ ئەوەیە خوێنەر ئاسانتر و وردبینانەتر بچێتە نێو دڵی باسەکانەوە و تێگەیشتنی لەبابەت هێڵە فیکرییەکان ساناتر بێت و هاوکات لە خوێندنەوەی پێچوپەناکان و ئاڵۆزییەکان و هەوراز و نشێوەکانی باسەکەدا تووشی سادەسازیی داشکێنەرانە نەبێت. گەر لەم ڕێگایەشدا بە دەم خوێندنەوەی پێشەکییەکەوە؛ گوڵی پرسیار و ڕامانی زیاتریش لە مێشکیدا بپشکوێ، ئەوە خۆی لە خۆیدا بەهادارە، چونکە تەنیا خولقاندنی یەک پرسیاریش بە واتای گەیاندنی ئەمانەتەکەیە بەدەستی خوێنەر و ڕاپەڕاندنی ئەرک و ڕیسالەتە؛ بگرە بۆ بەرەکان و نەوەکانی داهاتووش.

” ئەم کتێبە”کوردانی چەوساوە و برا موسوڵمانەکانیان” دەیهەوێت سەربوردەی مرۆڤی کوردی ژێردەست و چەوساوە لە پەیوەند بە موسوڵمانانی سەردەستدا بەشێوەیەکی شیکاری-مێژوویی و بە پشتبەستن بە سەرچاوە سەرەکییەکان بگێڕێتەوە و هەوڵ دەدات لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەو زوڵم و زۆر و چەوساندنەوە، وا “برایانی موسوڵمان” دەرحەق بە مرۆڤی کورد کردوویانە، توێکارناسی بکات و لەقاوی بدات”.
بۆ ئاشنایی زیاتر لەگەڵ ناوەرۆکی کتێبەکە و بە گشتی چوارچێوەی بیری مامۆستا جەمال نەبەز و هاوبیرانی کاژیک و پێگەی ئەم کتێبە لەو چوارچێوە فکرییەدا، خوێنەر دەتوانێت بڕوانێتە ئەم وتارە”کوردستان بۆ کورد و یەکسانی بۆ گەل: چوارچێوەیەکی تیۆری-چەمکی بۆ خوێندنەوەی پڕۆژەی “کاژیک” و ئەندێشەی جەمال نەبەز” بە قەڵەمی وەرگێری ئەم کتێبە کە لە گۆڤاری کۆمار بڵاوە کراوەتەوە. ئەم وتارە وەکوو پێشەکی بۆ کتێبەکە نووسراوە و پێشتر لەم گۆڤارەدا بڵاوە کراوەتەوە:
https://govarikomar.org/%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%A8%DB%86-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF-%D9%88-%DB%8C%DB%95%DA%A9%D8%B3%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%A8%DB%86-%DA%AF%DB%95%D9%84
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.
ماڵی کتێبی کوردی