خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ژانڕی ڕۆمان وەک چاەرسەری مادەهٶشبەرەکان؛ شرۆڤەێیک لە سەر کتێبی “فڕێنی پەروانە”

ژانڕی ڕۆمان وەک چاەرسەری مادەهٶشبەرەکان؛ شرۆڤەێیک لە سەر کتێبی “فڕێنی پەروانە”

ژانڕی ڕۆمان وەک چاەرسەری مادەهٶشبەرەکان؛ شرۆڤەێیک لە سەر کتێبی “فڕێنی پەروانە”

ماجید ڕمووزی

نووسەری ڕۆمانی “فڕینی پەروانە” لە ژانڕی ڕۆمان بۆ چارەسەر و بنبڕکردنی کێشە کۆمەڵایەتیەکان، باشترین کەڵکی وەرگرتووە. نووسەر لەم ڕۆمانەدا وەک دەروونناسێکی بواری کۆمەڵایەتی وەک کۆمەڵناسێک بەوردبوونەوە لە کێشەی گەورەی ژنان و مادە هۆشبەرەکان بەجوانی لەژانڕی ڕۆمان و توانایەکانی ئەم ڕێبازی ئەدەبی کەڵکی وەرگرتووە. یەکێک لە زانایانی بواری ئەدبیات ئەڵێت: ئیتر سەردەمەی بەدی هاتنی فەیلەسووف و فەلسەفەی نوێ بەسەرچووە و نەماوە، ئەرکی دەربڕێنی فەلسەفەی نوێ و بەدیهاتنی فەیلەسوف لە رێگا و شوێنی ڕۆمانەوە و ڕۆماننووس بەدیدێت. دیارە ئیستا ئەم ئەرکە قورسە نراوەتە ئەستۆی ژانڕی ڕۆمان. بۆچی ڕۆمان وەها توانایی و کاریگەری هەیە؟ کاتێک بە ڕۆمانە ناوازەکانی جیهان وەک ئاناکارنینای تۆلستۆی، شەیتانەکان و برایانی کارامازۆڤی داستایۆڤسکی، خەوگەڕەکانی هێرمان برۆخ و گرەوی بەختی هەڵالەی عەتا نەهایی و زۆر بابەتی تر چاوئەخشینین، بۆمان دەرئەکەوێت کە بەڕاستی ڕۆمان ئەتوانێت و توانیوێەتی ئەم ئەرکە قورسە زۆر بە باشی بەڕێوە بەرێت و مرۆڤ لە دەمارگیری بێخۆ و کردەوی ناعەقڵانی دورخاتەوە . هەروەها دابەزینی بەهاکان لە کۆمەڵگا لە ناوەرۆکی ڕۆمانی “خەوگەڕەکان “بە باشی و ڕاشکاوی نێشان دراوە. خەیانەتی ژن و ئاکەمەکەی لە ڕۆمانی ئاناکارنینایش نموونەێکی ترە لە کاریگەری ئەم ژانڕە.

بەباوەڕی من نووسەری ڕۆمانی “فڕینی پەروانە” وەک زاناێیکی بواری سوسیولۆژی و زانستە کۆمەڵایەتیەکان بەناخی ژیان و هەڵس و کەوتی کەسایەتیە ژنەئالوودەبووکان لە زەمەنە بەسەرچووکانی تەمەنیان ڕۆچووە و هەروەها هۆجۆراوجۆرەکانی تووشبوون بە مادە هۆشبەرکان،بە چیرۆک گێڕاوەتەوە.

بەڕای زانایانی ئەم بوارە، “لەکۆمەڵگای کوردەواری بە هۆی داب و نەریت ومیراتی کۆنی ئەم مەڵبەندە، کێشەی مادە هوشبەرەکان نەدەبوو ببیندرایە و بە تایبەت لە ناو چینی ژنان”. بەڵام هەروەک لەم ڕۆمانەدا کە تا ڕادەێکی زۆر بە ڕێبازی ڕئالیستی و بەسەرهاتێکی راستەقینە نیشان دراوەو دیارە بە چەندین هٶی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری مرۆڤی کوردی بە داخەوە تێوەگلاندوە. بۆیە ئەم ڕۆمانە لە جۆری خۆیا بە بڕوای من بە ئامانجی خۆی گەیشتووە و بەڕاستی سەرنج ڕاکێشە، ئەگەرچی لە باری تەکنیک، فۆڕم و گەڵالە و دەیان شێوە و ڕێباز و هونەری چیرۆک نووسین و لەباری هونەری ڕۆمان بەو ئامانجە نەگەێشتوە.

دیارە نووسەر خۆی لە جەرگەی شەڕ و بەرخۆدان لەدژی مادە هۆشبەرەکاندا بووە، بۆیە ئەم ڕۆمانە ئێجگار ڕووهەڵماڵراو بە ناخی رەش و تاریکی کێشەی ژنانی تووشبوو بە مادەهۆشبەرکان چۆتەخوارەوە، لەگەڵیان مردوەو زیندو بۆتەوە، شەوانی ساردی زستان لە کۆڵان و شەقام بوونی نەگبەتیانی دیووە و تەنانەت خۆفرۆشتنیانیشی بۆ وەدەستهێنانی چکێک هێرۆئین دیوە. ئەو تەنانەت دیویەتی کە چۆن مادە هۆشبەرەکان ئاوەز و عەقڵی مرۆڤەکان تا ئاستی ئاژەڵ بوون دائەبەزێنێت.

لە زۆر شوێنی ئەم رۆمانەدا کاروباری ناعقڵانی و هەروەها رەفتار و کردەوەی بێ ئاوزانەی ئەم کەسایەتیانەی ناو ئەم ڕۆمانە بەتایبەت ژنانی ئالوودەبوو عیبرەتێکی گەورەی مرۆڤایەتی لەپشتە. نووسەر کونە غاری تاریک و نووتکی ئالوودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان و ژیانی سەگ مەرگی کەسایەتیەکانی وەها ئەگێڕێتەوە کە هەر مرۆڤیک سەرسام ئەکات.

نووسەر هەندێک جار وەک هەمووشتزانی بێسنوور دەرئەکەوێت و بەزمانی یەک دوانێک لە کەسایەتیەکانی ناو ڕۆمانەکە ئەدوێت. لە هەمان کاتدا، بە ڕوانگەیەکی پۆزێتیویستییەوە، کۆمەڵگا و تاکەکەس ئاگادار دەکاتەوە.

بۆ پەروانە کێشەی دوای تەرککردنی مادەهۆشبەرکان زۆر قووڵتر و ماڵوێرانکەرترە لە تووشبوونەی جاری ئەوڵ؛ پەروانە دوای چاک بوونەوە و پاک بوونەوە لە مادە هۆشبەرکان بەخۆیا دێتەوە و بۆ چارەسەری ئەم کێشە گەورە پەنائەباتە بەر میکانیسمێکی کۆنی لە سەر داب و نەریتی دیرۆکی کوردی، ئەوەیش بەدیهێنانی و دامەزراندنی رێخراوەکانی بواری کۆمەڵایەتیە، کە وەک میرات و دیرۆکی کۆنی کۆمەڵگای کوردی جێگای باس و خواسە.

ڕۆمان دەسئەنقەست یان پسپۆڕانە بە زمانێکی ئێجگار پاراووئەوتۆ ژیانی پەروانە ئەگێڕێتەوە. ناوەرۆکی ئەم ڕۆمانە وەها دڵهەژێنە کە خوێنەر قەتیس دائەمێنێت و لە خۆی ئەپرسێت بۆچی لە کۆمەڵگای کوردەواریش شتی واهەیە؟

لەباری شێوەی نووسینەوە ڕستەکان کورت و بێ پێچ و پڵووچن. کەسایەتیەکانی وەک مەریەم، لەیلا، دوکتور وریا، پەروانە، بێگەرد و نەسرین هتد لە ناو ئەم ڕۆمانەدا زۆر بە جوانی بەشێک لەم چیرۆکەی پڕ لە چارەڕەشی خۆیان ئەگێڕنەوە. یەکە دوێک لە کەسایەتیەکان هەندێجار بە زاراوەی کرماشانی و جاریوایشە بە زاراوەی سنەیی ئەدوێن ئەم شێوە گێڕانەوە بەشێکیتر لە جوانیەکانی ئەم ڕۆمانەیە دەرئەخات.

فلاش بەک (سەرنج لە ڕابردووی کەسایەتیەکان) زۆر جار و بەجوانی تووشبوو بە مادە هۆشبەرکان بەگێڕانەوەی ڕابردووی خۆیان بۆ گەیاندنی چەمکە کۆمەڵایەتیەکانی هۆی ئالوودەبوون بەباشی بەکار هاتووە.

نووسەر زۆر کات بە نیشاندانی کێشەکان لەڕوانگەی جۆراوجۆر و بوارەکانی ژیانی پەروانەی تووشبوو بەمادە هۆشبەرەکانەوە، کۆمەڵگای ئەمرۆ لە مەڕ پەروەردەی منداڵ و شێوەی ژیانی بنەماڵەکان ئەهەژێنێت. نووسەر کێشەی ماڵوێرانکەری مادە هۆشبەرەکان بە چیرۆکی ریئالیستیانە و هەڵماڵڕاو ئەگێڕتەوە کە ڕەنگە هیچکام لە میدیا جۆراوجۆرەکان نەیانتوانیبێت ئەوەها ئەم کێشە ماڵوێرانکەرە نیشانی بدەن. زۆر بە جوانی بە شێوەی زانستیانە ڕێگا تاقیکراوەکانی چارەسەرەکانی ئالوودەبوون تائێستا، ئەنێتە ژێر پرسیار و بە چیرۆک لەناو چیرۆکدا ئەگێڕێتەوە. نووسەر ئەڵێت کە ئەم ڕێگانە کە تا ئیستا بڕاون و رێبواری زۆر شکەستخواردوی بووە، لەم سەردەمە تەواو ئاڵۆزە بەکەڵک نایەت، ئەبێت وەک هەموو تاقیکراوەکانی بێ بنەما و بێ پەیوەندی بە داب و نەریتی کوردی وەلای نێین.

بەم هەموو قسەوباسانە، ڕۆمانی “فڕینی پەروانە” وەک ڕێنوێنێکی بواری زانستی ئالوودەبوون بەمادە هۆشبەرەکانەوە، پێویستە لە قوتابخانەکان بۆ هەموو مامۆستایان بەدەرس و وانە بووترێت و دوپات و چەنپات بکرێتەوە. بۆیە پێم وابێت جیا لە زۆر هۆی تووش بووی بە مادە هۆشبەرکان، هەڵسوکەوتی بنەماڵەکان هەروەها شێوەی ژیانی دایک و بابەکان پێشانگای بەرگری لەتووشبوونی منداڵەکان بە مادە هۆشبەرەکانن.

ئەگەر بێینە سەر هۆکانی تری تووشبوون، وەک دەسەڵات و وەک بەرپرسانی ڕاستەوخۆی ئەم کێشە ماڵوێرانکەرە، ئەوەی ئێستا لەم ڕەشاوی دابەزینی بەهاکان بە هۆی ئاوسانەوە(توڕم) و شەڕەوە پێش هاتووە، بێشک مرۆڤی بێدەسەڵاتی ئەم مەڵبەندە زۆر زیاتر لە خەڵکانی تری ئەم وڵاتە ئەخاتە ژێرباری قورسی ئەم کێشەوە. بە باوەڕی ئەز لەم سەردەمە بێخاوەن و ئاڵۆزەی ئێستا پەناکانی خۆمان و منداڵەکانمان بەرینە بەر فەر‌هەنگی واڵا نەک شتی پڕوپووچ، بۆیە ئەم ڕۆمانە بەکەڵکە.

 ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

  https://t.me/kurdishbookhouse

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

خەڵاتی نێونەتەوەیی مەستوورە تایبەت بە ناساندن و ڕێزلێنان لە ژنانی ناوداری کورد بەڕێوە دەچێت

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *