خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / وتووێژی ماڵی کتێبی کوردی لەگەڵ ئاسۆ مەحموودی دانەری «هەڵەچنی ئاسۆ»

وتووێژی ماڵی کتێبی کوردی لەگەڵ ئاسۆ مەحموودی دانەری «هەڵەچنی ئاسۆ»

وتووێژی ماڵی کتێبی کوردی لەگەڵ ئاسۆ مەحموودی دانەری «هەڵەچنی ئاسۆ»

ئاسۆ مەحموودی ساڵی ۱۳۶۶ لە شاری مەریوان لە دایک بووە و بڕوانامەی ماستەری زمانناسیی کۆمپیوتەری لە زانکۆی تاران هەیە. ناوبراو ئەندامی گروپی توێژینەوەی ئاسۆسافت، هەروەها دانەری «هەڵەچنی ئاسۆ» spell.kurdinus.com و بەڕێوەبەری تەکنیکیی پرۆژەکانی ڤەژینبوکس و ڤەژینلێکسە vejin.net .

سازدانی دیمانە: نووشین مەحموودی

 

  ۱- بیرۆکەی دروستکردنی هەڵەچنێکی وا لە چییەوە هات؟

  ئاسۆ: چارەسەرکردنی کێشەی گەڕان (search) بۆ بابەتی کوردی! وەک کەسێک کە ڕۆژانە کۆمپیوتەر و مۆبایل بە کار دەهێنم و زۆربەی زانیارییەکانم کە ئینتەرنێتەوە وەردەگرم، بە ڕاستی لە دۆزینەوەی سەرچاوەی پێویست بە کوردی کێشەم هەبوو و هەمە. دەقی کوردی لە ئینتەرنێتدا کەم نین بەڵام چون پڕن لە هەڵەی تایپی و ڕێنووسی و بە کیبۆردی جیاواز تایپ دەکرێن و وشەکانیش بە شێواز و لەهجەی جۆربەجۆر دەنووسرێن ناتوانین لە گووگڵدا بیاندۆزینەوە. پێم وایە لەم سەردەمەدا، ئەمە گەورەترین مەترسییە لەسەر کوردی چون نەوەی نوێی لە زمانی دایکیی خۆی دڵسارد کردووەتەوە و وای لێ کردووە بۆ کارەکانی پەنا بۆ زمانی دیکە ببات.

بەرنامەیەک پێویست بوو کە بتوانێت پێش بڵاوبوونەوەی دەقی کوردی، ڕێکوپێک و ستانداردی بکاتەوە. ماوەیەک هەوڵم دا کە هەر بەو ئامرازانەی کە بۆ زمانی ئینگلیزی هەڵەچنیان پێ دروست کراوە، منیش بۆ کوردی شتێک دروست بکەم بەڵام بۆم دەرکەوت کە کارەکە زۆر قورسترە و پێویستی بە توێژینەوەیەکی قووڵ هەیە. هەر بۆیە بۆ نامەی ماستەرەکەم لە خزمەت دکتۆر «هادی وەیسی»، بابەتی دروستکردنی هەڵەچن بۆ زمانی کوردیم هەڵبژارد. بەرهەمی ئەو توێژینەوەیە ئێستا بووە بە «هەڵەچنی ئاسۆ» کە هەڵەی ڕێنووسی دەستنیشان دەکات و پێشنیاز دەخاتە بەردەست بۆ ڕاستکردنەوەیان، هەڵە بەرچاوەکانی خاڵبەندی دەدۆزێتەوە و بەیەکجاری ڕاستیان دەکاتەوە و نووسینە جۆربەجۆرەکانی وشەکان دەناسێتەوە و پێشنیاز بۆ باوترینیان دەدات. هیوادارم وردە وردە ببێتەوە هۆی کەمترکردنەوەی کێشەکانی دەقی کوردی و باشتربوونی گەڕانی وێبی کوردی.

 

 ۲- چەند وشە لە «هەڵەچنی ئاسۆ»دا کۆ کراونەتەوە و بنەمای هەڵبژاردنی وشەکان چین؟

  ئاسۆ: زمانی کوردی مۆرفۆلۆجییەکی زۆر ئاڵۆزی هەیە، واتە وشەکان لە ژمارەیەکی زۆرتری مۆرفیم بە شێوەی پێشگر و پاشگر پێک دێن. بۆ نموونە لە ناوێکی ئاسایی وەک «دار» دەتوانین نزیکەی ٢٨٠٠ وشە دروست بکەین: «دارەکە، دارێکم، داری، دارەکانیشماندا، …» بۆ کارەکان (فعلەکان) وشەی زۆرتریش دروست دەکرێت. هەندێک جار یەک وشەی کوردی بەرامبەرە لەگەڵ یەک ڕستەی ئینگلیزیدا. ئەمە مانای ئەوەیە کە هەرگیز ناتوانین لیستێک لە هەموو وشەکانی کوردی دروست بکەین و دەبێت سیستەمێکمان هەبێت بۆ دابەشکردنی وشە بە مۆرفیمەکانی. لە «هەڵەچنی ئاسۆ»دا ڕەگی وشەکان و پۆلەکەیان کۆ دەکەینەوە. ئەمەش وردەکاریی زۆری هەیە. بۆ نموونە «باش» و «ون» هەردووکیان ئاوەڵناون بەڵام «ون» پاشگری «تر» و «ترین» ناگرێت، یان لەگەڵ کاری تێنەپەڕدا وەک «چوون»، جێناوی لکاوی بەرکار ناهێنرێت و «*دەیانچم» هەڵەیە.

ئێمە بۆ هەر وشەیەک هەموو شێوازەکانی نووسینیشی کۆ دەکەینەوە. بۆ نموونە وشەی «ئێستا» بەم جۆرانەش دەنووسرێت: «ئێستە، ئیستە، ئیستا، ئیسە، ئیسێ، ئێستێ». ئاماری هەموویان دەگرین باوترەکەیان دەکەینە پێوەر.

مەبەستم لەم قسانە ئەوەیە کە کۆکردنەوەی وشەکان کارێکی قورس و کاتگر بووە بۆمان. بەداخەوە ئەم وردەکارییانە بە دەگمەن لە فەرهەنگە کوردییەکاندا دەبینرێن. ژمارەی وشەکان ڕۆژانە زیاد دەکەین و تا ئێستا نزیکەی ۱۵ هەزار ڕەگی وشەمان بەم وردەکارییانەوە کۆ کردووەتەوە کە خۆی دەتوانێت ببێتە کەرەستەیەکی باش بۆ فەرهەنگێکی نوێ. دەتوانم بڵێم ئێستا لە ناسینەوەی وشەکان لە دەقی گشتی و هەواڵی کوردیدا کێشەمان کەمە. کەموکوڕییەکان زۆرتر لە وشەی بوارە تایبەتەکاندایە.
ئەولەویەتمان بۆ زیادکردنی وشەکان بە هەڵەچنەکە ژمارەی دووبارەبوونەوەیانە. ئەو وشانەی کە زۆر بە دەگمەن بە کار دێن یان تەنیا لە بوارێکی تایبەتدا هەن ڕامان گرتوون بۆ پرۆژەی دواترمان کە هەڵەچنی بوارە تایبەتەکانە.

 

  ۳- ئایا میتۆدێکی دیاریکراوتان هەیە یان تەنیا بە هەڵبژاردنێکی کەسی بڕیار دەدەن لەسەر ئەوەی کام وشە ڕاستە و پێویستە بکرێتە پێوەر؟

  ئاسۆ: بەڵێ میتۆدێکمان هەیە. ساڵی ۲۰۱۹ وتارێکی زانستیمان بە ناوی «کێشەکانی زمانی ستانداردی کوردی لە ڕوانگەی ئامارییەوە» پێشکەش کرد کە میتۆدەکەمان لەوێدا شی کردووەتەوە. بە کورتی ڕوونی بکەمەوە، سەرەتا ئەگەر لە کتێب و نامیلکەکانی ڕێنووسی کوردیدا بە کۆدەنگی پێوەرەکە دیاری کرابێت ئەوەمان هەڵبژاردووە؛ ئەگەرنا بەپێی ئامار و ژمارەی دووبارەبوونەوە لە کۆمەڵێکی گەورەی دەقی هەمەجۆری کوردیدا بڕیار دەدەین لەسەر باوترین شێوە کە چاوی خوێنەری کورد پێی ئاشناتر بێت. بەداخەوە، دیاردەیەک لەنێوان نووسەرە کوردەکاندا هەیە ئەوەیە کە هەستیار نین لەسەر ئیملای وشەکان و یەک وشە بە چەند جۆر دەنووسن. بەتایبەت ناوەکان و وشە بیانییەکان. بۆ نموونە لە هەواڵێکی وەرزشیدا کە چەند دێڕیشە، ناوی یانەیەک چەند جار دێت و هەر جارێک بە شێوەیەک دەنووسرێت.

پێم وایە هۆکاری ئەم کەمتەرخەمییە ئەوەیە کە مەسەلەی ستانداردکردنی زمان هێشتا لەلایەن هەندێک کەسەوە بە جددی ناگیرێت. بەداخەوە لەچاو زمانەکانی دیکە، دروستکردنی ئەلفوبێ و ڕێنووسی تایبەت بۆ زمانی کوردی درەنگ دەستی پێ کردووە. بەیەکجاریش کەوتینە ناو دونیای دیجیتاڵ و زۆر کەس کە پێشتر یەک کتێبی کوردییان نەخوێندووەتەوە و لەگەڵ زمانی ئەدەبیی کوردیدا ئاشنا نەبوون، ئێستا ڕۆژانە لەسەر وێبدا بە کوردی دەنووسن و ئاڵۆزییەکان زۆرتر دەکەنەوە.

 

  ۴- چەند جارێک لە وێبسایتەکەش باس کراوە کە کەڵک لە سەرچاوەی دیکە وەرگیراوە، ئایا شێوازێک هەیە ئەوە دەربخات کە هەڵبژاردنی وشەکان لە هەڵەچنییەکەدا لە کام سەرچاوەوە بووە کە دەڵێن کەڵکمان لێ وەرگرتووە؟

  ئاسۆ: ئێمە کۆمەڵێکی زۆر گەورەی دەقی کوردیمان کۆ کردووەتەوە کە لە زمانناسیدا پێی دەڵێن کۆرپس (corpus). لە سەدان ملیۆن وشە پێک هاتووە کە لە ماڵپەڕ و کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەی کوردیی وەرگیراون. سەرچاوەکان زۆر و جۆربەجۆر و جیاوازن و لە بابەتی نووسراوی سەدان نووسەری کورد وەرگیراون. زۆر سوپاسی چەند دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە دەکەین کە فایلی وۆردی بەرهەمەکانیان پێ داوین. هەندێک بەشمان بۆ توێژەران بڵاو کردووەتەوە و لەسەر وێبسایتی GitHub دامان ناوە. بەڵام لەبەر پاراستنی مافی کۆپی، ناتوانین ناو و ناوەڕۆکی هەموو سەرچاوەکان بڵاو بکەینەوە. بەکارهێنەران دڵنیا دەکەینەوە کە سەرچاوەکان هەمەچەشنن و هەموو لایەن و سەلیقەیەک لە خۆ دەگرن.

 

  ۵- هەروەها باسی ئەوەتان کردووە کە هەبوونی ڕێنووسی جیا کێشەیە بۆ زمانی کوردی، لەو فرە ڕێنووسییەدا پێت وایە هەوڵێکی یەکلایەنە دەتوانێت سەرکەوتوو بێت؟

 ئاسۆ: لە ڕاستیدا هەوڵی ئێمە یەکلایەنە نییە و بۆ بڕیارەکانیشمان پشت بە هەموو لایەنێکەوە دەبەستین نەک تەنیا لایەنێکی تایبەت. تەکنۆلۆژیا یارمەتیی داوین کە بەبێ ئەوەی خۆمان تووشی مشتومڕ بکەین و کات و خەرجێکی زۆر بۆ پێکهێنانی کۆڕێکی گەورە و گشتگیر بۆ ڕێنووس بکەین کەڵک لە هەموو سەرچاوەکان وەربگرین. پێم وایە زۆر ئەستەمە کورد بتوانێت کۆڕێکی زانستی پێک بهێنێت کە لەسەر ڕێنووس بڕیاری یەکلاکەر بدات و هەموو خەڵکیش بڕیارەکانی پەسەند بکەن. بەداخەوە نامیلکەی ڕێنووسمان هەیە وەک «ڕێنووسی یەکگرتووی کوردی»ی «بەدران ئەحمەد حەبیب» کە خودی نامیلکەکە ڕێساکانی خۆی پێشێل کردووە! ئیتر چۆن چاوەڕێ ببین خەڵک لەبەر چاوی بگرن؟ وردە وردە هەوڵ دەدەین کە بۆ هەموو پێشنیازەکانی هەڵەچنەکەمان ڕوونکردنەوە پێشکەش بکەین و بەکارهێنەران ئاگادار و هەستیار بکەینەوە لە ڕاستنووسیی کوردیدا.

 

  ۶- چەند زاراوەی کوردی لە هەڵەچنەکدا بە کار هێنراوە؟

  ئاسۆ: لەم قۆناخەدا تەنیا بۆ شێوەزاری ڕەسمیی کوردیی ناوەندی (ناوەڕاست/سۆرانی) ئامادە کراوە.

بە هاوکاریی «وەقفی مەزۆپۆتامیا» خەریکین کار لەسەر هەڵەچنی کورمانجی دەکەین. تا ڕادەیەکی باش کارەکانمان بردووەتەوە پێشەوە. ئەگەرچی لەچاو کوردیی ناوەندی، مۆرفۆلۆجی و ڕێنووسی کورمانجی ئاڵۆزیی کەمترە بەڵام کێشەی گەورە لەڕێی هەڵەچنی کورمانجیدا جیاوازیی زۆری لەهجەکانیەتی کە زۆربەی وشەکان بە چەند جۆری جیاواز لە دەقە کورمانجییەکاندا دەبینرێن. هەروەها بۆ هەندێک لە ناوەکان لەسەر نێر و مێ بوون هاودەنگی نییە.
دروستکردنی هەڵەچن بۆ هەر زمان یان دیالێکتێک وردەکاریی زۆری هەیە و کاتێکی زۆری دەوێت. بەتایبەت بۆ کوردی کارێکی زۆر قورستر و هەستیارترە؛ بە سێ هۆکار: ۱- نەبوونی کۆدەنگی لە ڕێنووسدا، ۲- ئاڵۆزبوونی مۆرفۆلۆجیی کوردی، و ۳- کەمبوونی سەرچاوەی دیجیتاڵی خاوێن و بەکەڵک.

 

   ۷- هەڵەچنەکە جگە له ڕێنووس بابەتێکی دیکە یان لایەنێکی زمانی بۆ نموونە ڕێزمان و هتد له خۆ دەگرێت؟

  ئاسۆ: کاری زۆرمان لەسەر زمانی کوردی کردووە. بەرنامەکانمان (کە هێشتا بە گشتی بڵاومان نەکردوونەتەوە) ئێستا توانای شیکردنەوەی دەقی کوردییان لە هەموو ئاستەکاندا هەیە. لە داهاتووی نزیکدا هەڵەچنی ڕێزمانیش زیاد دەکەین. هەروەها بەپێی ڕێزمان و ڕێنووسی کوردی و بە یارمەتیی کۆمەڵێک دەقی زۆر گەورەی کوردییەوە، لە داهاتوودا بەشی «تەواوکەری ئۆتۆماتیکی دەق» (autocomplete) پێشکەش دەکەین کە بە پێی وشە پێشووەکان و ئەو پیتانەی تایپی دەکەیت وشەکەت بۆ تەواو دەکات و پێشنیازی وشەی دواتریشت بۆ دەکات.

 

 ۸- بیرۆکەیەکتان هەیە کە ئەم هەڵەچنە لاتینەکەشی هەبێت بۆ ئەوەی کورمانجەکان بتوانن تێکستی سۆرانی بە ڕێنووسی لاتینی بخوێننەوە؟

ئاسۆ: لە مێژە بەرنامەی گۆڕینەوەی ئەلفوبێکانی کوردیمان دروست کردووە و لە ماڵپەڕی ئاسۆسافتیشدا بەردەستە. دەرفەت هەبێت لەگەڵ هەموو پرۆژەکانمان و لە هەموو پلاتفۆرمەکانیشدا پێشکەشی دەکەین. هیوادارین بتوانین لە داهاتوودا وەرگێڕانی نێوان شێوەزارەکانی کوردیش دابنێین کە بۆ کوردی، لە وەرگێڕی گووگڵ و فەیسبووک و مایکرۆسۆفت دەقیقتر ببێت و لە فێرکاری و پەیوەندیی شێوەزارەکانیشدا کەڵکی لێ وەربگیرێت

 

  ۹- ئێستا پلانتان چییە بۆ بەرەوپێشچوونی کارەکانتان و بەرنامەی هەڵەچنی ئاسۆ بۆ داهاتوو چییە؟

 ئاسۆ: ئێستا ڕۆژانە خەریکین وشەی نوێ زیاد دەکەین و پێشنیازەکان باشتر دەکەینەوە. بۆ داهاتووی نزیک، خەریکین کار لەسەر هەڵەچنیی ڕێزمانی دەکەین و هەروەها خەریکین هەڵەچنەکە بۆ سەر بەرنامەی وۆردیش ئامادە دەکەین. هەموو ئەم کارانەش بۆ کورمانجیش دەکەین. بۆ درێژخایەن، بەهیواین: ۱- پەرە بە بەشی فێرکاری و ڕێنوێنی بدەین بە جۆرێک کە هەڵەچنەکە بەپێی جۆری هەڵەی بەکارهێنەر ڕێنوێنیی پێویست نیشان بدات. ۲- چەند وشەدانی تایبەت بۆ هەر لقێکی زانست دروست بکەین کە بەکارهێنەر بەپێی جۆری دەقەکەی هەڵی ببژێرێت. ۳- بۆ ئاسانکاریی بەکارهێنەران، بەرنامەکانی دیکەی ئاسۆسافت تێکەڵ بکەین، بۆ نموونە نووسەری کورد بتوانێت هەر لە یەک

بەرنامەدا، دەنگەکەی بکاتەوە بە دەق و پێداچوونەوە بۆ دەقەکەیدا بکات و دواتریش وەری بگێڕێتەوە بۆ کورمانجی.

spell.kurdinus.com

زانیاری📌: «هەڵەچنی ئاسۆ» یەکێکە لە بەرهەمەکانی «گرووپی توێژینەوەی ئاسۆسافت» کە لەسەر ئامراز و بەرنامەی پێویست بۆ تێگەیشتنی کۆمپیوتەر لە زمان کوردی و پەیوەندیی باشتری نێوان مرۆڤی کوردزمان و کۆمپیوتەر کار دەکەن.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

هایدیگەر، نیتشە، نازیزم

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *