خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «کورد و کۆڕۆنا» بڵاو کرایەوە

کتێبی «کورد و کۆڕۆنا» بڵاو کرایەوە

کتێبی «کورد و کۆڕۆنا» بڵاو کرایەوە

شەپۆلی یەكەمی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڕۆنا ئەوەندە تایبەت بوو، یەكسەر بیرمان كردەوە دەبێت ئێمە كتێبێكی لەبارەوە بنووسین. پەتاكە، جیهانی ڕاوەستاند و مرۆڤی هاویشتەوە ژوورێ و جوڵەی مەخلووقی ڕاگرت! دەتگوت ڕۆمانێكی خەیاڵی دەخوێنینەوە، كە تیایدا مۆتەكەیەكی كوشندە، ڤایرۆسێكە پێی دەگوترێت كۆڤید ۱۹ و لە خێزانی ڤایرۆسی كۆڕۆنایە.

كاتێک دەستمان بە نووسینی ئەم كتیبە كرد، هەر لە سەرەتاوە گریمانەی ئەوەمان هێنایە پێشچاو، كە دەشێت ئەم پەتایە شتێكی هەڵبەستراو بێت و هەر نەبێت، یان داوێكی تایبەت بێت بۆ هەڵەوگیركردنی مرۆڤایەتی و داپۆشینی قەیرانەكانی دیكەی جیهان. هەروەها گریمانەی ئەوەمان كرد، كە ڕۆژگارێک ڕاستەقینەی ئەم پەتایە ئاشكرا دەبێت و لێكدانەوەكانی ئێمەش یا ڕاست دەردەچن، یان ئێمەش زانیارییەكانمان كۆن دەبن و بگرە بە درۆش دەكەوینەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەی ڕۆژانە زانیاری لەسەر ئەم ڤایرۆسە فراوانتر دەبێت و ڕۆژانەش ئەم زانیارییانە لە ئەنجامی هزركردنی بەردەوامی زانایان و ڤاپرۆسناسەكان و تاووتوێكردنی دیاردەكەوە، دەگۆڕێن.  لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە بە خۆمان گوت، بە دوای ڕاستەقینەی ڕووداوەكە و لێكدانەوە سیاسییەكانیدا ناچین؛ تەنیا وەک ڕووداوێك، كە بە بەرچاومانەوە ڕوو دەدات، قسەی خۆمانی لەسەر دەكەین و لێكدانەوە و شڕۆڤەی دەكەین و لەگەڵ ڕووداوە هاوشێوەكانی تر لە مێژووی خۆمان و هەندێک وڵاتی دیكەی جیهاندا بەراوردیان دەكەین. 

ئێمە لە سەرەتای كاركردنمانەوە لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕێككەوتین، كە كتێبەكە:

یەكەم: بەرهەمی تێبینی و ژیان و بیركردنەوەی خۆمان بێت.

دووەم: ئەزموونی خۆمان و میللەتەكەمان و چۆنێتیی مامەڵەكردنی دەسەڵاتی هەرێمەكە پەرچ دەكەینەوە.

سێیەم: پەیگیریكردنی ئەوەی لە جیهاندا چی لەسەر ئەم دیاردەیە دەگوترێت لە ڕووی هزریی فەلسەفییەوە و جێكردنەوەی ڕەخنە و سەرنجەكانی خۆمان لەمبارەیەوە.

چوارەم: خۆمان بە هیچ بیرمەند و ڕەوتێكی فەلسەفییەوە پابەند ناكەین.

پێنجەم: باسەكەمان لەسەر دۆخی كۆڕۆنا تێكەڵ بە بیروڕای كەسانی تر و فەیلەسووفان ناكەین و خۆشمان بە هیچ بڕیار و داوەریكردنێكی پێشینەوە نابەستینەوە.

هەر لەبەر ئەوەش هەرگیز نەمانویستووە ڕاستەقینەی كارەسات و دۆخی كۆڕۆنا باس بكەین، یان بانگەشەی وەها كارێک بكەین، یاخود بچینە ژێر كاریگەری ئەو لێكدانەوانەوەی بەم ئاراستەیەدا كراون. ئەم کتێبە، بریتیە لە تێبینی، تۆماركردن و ڕاڤەی ڕووداوەكە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانكارییانەی لە خۆشماندا لە دۆخی گۆڕاندا بوون. دەمانەوێت بزانین بەو تێگەیشتنە فەلسەفی، كۆمەڵناسی، دەروونناسی، سیاسیی و كۆمەڵایەتییەی كە هەمانە، دەتوانین شتێک لەسەر ئەو هەموو ڕووداوانە بڵێین، بەبێ ئەوەی تەنیا گوزارشكەر بین. لەبەر ئەوە ئەم كتێبە كە بە زمانێكی ڕوون، ئاسایی و وردبینانە داڕێژراوە، دەیەوێت دۆخی كۆڕۆنا لە فرەڕەهەندیی خۆیدا بگەیەنێتە خەڵكی ئاسایی؛ لە هەمان كاتیشدا ئاستە متمانەبەخشەكەی خۆی بپارێزێت. بەهیچ شێوەیەک كتێبێكی تیۆری، یان ئەكادیمی نییە، یاخود بە شێوە باوەكەی: زانستی، وەک ئەوەی لە نامە ئەكادمییەكاندا بانگەشەی بۆ دەكرێت. لەبەر ئەوەی كاتێک ئێمە ئازادیی هەموو شتێكمان لە سەردەمی كۆڕۆنادا لێ سەندرایەوە و هەموو شتێكمان سنووردار كرا، نەمانویست ئازادیی بیركردنەوەی خۆمان لەدەست بدەین. بۆیە ئازادیی بیركردنەوە لەم كتێبەدا، لە سەروو پەیوەندیی شێوەیی و فۆرماڵییە بە ڕەهەندەكانی وەک تیۆر، زانست و هەر جۆرە بانگەشەیەكی ئەكادیمی.

هەر لە سەرتاوە ئەوەمان خستە پێشچاوی خۆمان، پێ دەچیت ئەمەی كە ڕوو دەدات، گەمەیەكی سیاسی و ئابووریی جیهانی بێت لە نێوان ململانێكەراندا، بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی لە خشتە بەرێت و تەمەنی مانەوەی خۆیان لەم ڕێگەوە درێژ بكەنەوە. ئەگەر ڕاست بن یان نا، پێویستە ئێمە قسەی خۆمان لەسەر دیاردەكە وەک ئەوەی بە بەرچاومانەوە ڕوودە دا، بیكەین. دابڕگە و چۆڵبوونی شارەكان و چوونەوە ماڵ، كاریگەریی واقیعیانەیان لەسەر ژیانی دەیان ملیۆن مرۆڤ  هەبوو و ژیانی تووشبووەكانی خستە مەترسییەوە. لەبەر ئەوە، ئێمە قسەمان لەسەر خودی كۆڕۆنا لە پێكهاتە كیمیایی و بایۆلۆژییەكەیدا، نەكردووە. بەڵكە قسەمان لەسەر واقیعێک كردووە كە ڕاستەقینەی كۆڕۆنا بەسەر ژیانی مرۆییدا سەپاندوویەتی.

 لەبەر ئەوە، گرنگ بوو بۆ ئێمە پێشینەی خۆمان وەک دوو نووسەر، كە هەردوكمان خەڵكی گوندین و بەر شاڵاوی سووتانی دێ و بەزۆر ڕاگواستن و دواجار ئەنفال كەوتووین، سوود لەو ئەزموون و كارەساتە نەتەوەیییانەمان وەربگرین و لێوەی بڕوانینە ئەم تراژیدیایەی ئێستامان، كە دۆخی كۆڕۆنایە. لەمەشدا پێویستیمان بەوە نەبوو كەس بكەینە سێبەر بەسەر خۆمانەوە، تا ڕووخسارێكی فەلسەفییانە و بیرمەندانە بدەینە نووسینەكەمان. وەلێ بۆ ئەوەی پڕۆژەكەمان دوو ڕەهەند نەبێت و فرە ڕەهەند بێت، داوامان لەچەند نووسەرێک و كەسایەتییەک كرد تا لە بەشی دووەمی ئەم کتێبەدا بەشداریمان لەگەڵدا بكەن.

 

ناوەڕۆک و بابەتی پاژی یەكەمی ئەم کتێبە، بریتییە لە تەماشاکردنێک لە دۆخی کۆڕۆناوی و ئاوڕدانەوەیەکیش لە دۆخی پێش کۆڕۆنا. هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەی زۆربەی ئەو پەیوەندییانەی کە كۆمەڵگەی ئێمە لە سەردەمی کۆڕۆنا و پێش کۆڕۆنادا بەیەکەوە گرێ دەدات و بەڕێوەی دەبات. ویستوومانە کۆڕۆنا، وەک دەرکەوتەیەکی نوێ لە ژیانی ئێمەدا، بکەین بە وێستگەیەک کە تێیدا لەسەر بەشێکی زۆری ئەو بابەتانەی کە كۆمەڵگەی ئێمە بەرهەمیان دەهێنێت و گفتوگۆیان لەسەر  دەكات. لەبەر ئەوەشە کە سەرچاوەی سەرەکیی پشت ئەم کتێبە، بە تەنیا کۆڕۆنا و سەردەمەکەیەتی وەک دیاردەیەك. ئەمەش پێویستی بەوە هەبوو کە خۆمان بکەوینە هزرینەوە و خۆیییانە ڕاڤەی شتەکان بکەین، لەکاتێکدا بابەتی سەرەکیی قسەکردنی زۆربەی فەیلەسووفان و بیرمەندانی جیهان بریتیبوو لە باسکردن لەسەر ئەوەی کامە هێز جڵەوی بەڕێوەبردنی سیاسەتی جیهانی لە داهاتوودا دەگرێتە دەست و کامە هێزیش شوێن و جێگاکەی چیدی ناوەندی جیهان و بڕیارە سیاسییەکان نابێت. لەم پێناوەدا ئەمەریكا و چین بەراور دەكران و شیكارییەكی زۆر بۆ ئابووریی هەردوو وڵاتەكە بە ڕاست و چەپدا خرایە ڕوو. بەشکی زۆری ئەو تێکستانەی لەبارەی دەرکەوتنی کۆڕۆناوە نووسرابوون، بریتی بوون لەوەی سروشت چەند لە مرۆڤ تووڕەیە و خودا دەیەوێت لە ڕێی کۆڕۆناوە چ دەرسێکمان دابدات و لەپای چی ئاوا سزامان دەدات و تەمبێمان دەكات!

لە باشترین دۆخدا، دیدێکی فۆکۆیییانە سەبارەت بە چەمکی بایۆ-دەسەڵات و ستراتیجیەتی بەرزەفتە/کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگە لەلایەن دەسەڵات و حوکوومەتەکانەوە هەبوو. لەم چوارچێوەیەدا، بێدەنگیی ڕۆشنبیران و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی ئێمە لە کوردستان، مایەی پرسیار و ڕامانی ئێمە بوو. كاتێكیش ئەم بێدەنگی و بێدەسەڵاتییەمان بە ڕووداوە سیاسییە نێوخۆییەكانی هەرێم و ڕاددەی بەشداریی ڕۆشنبیران تێیاندا، بەراورد دەكرد، بۆمان دەردەكەوت لە ئاست ئەم ڕووداوەدا ئێمە ڕۆشنبیرییەكی هەژار و دەستەوەستاومان هەیە. لە خۆمان پرسی: لە كوێن ئەو نووسەرانەی بۆ هەر ڕووداوێكی سیاسی، چەندان وتار و لێكدانەوە دەنووسن و میدیاكان پڕ دەكەن، كەچی لە ئاست پەتاكەدا كڕ و كپ وەستاون؟ بۆمان دەركەوت كە چەندە بیركردنەوەی سیاسی/حزبیانە لە واقیعی هەرێمەكەمان، ڕۆشنبیری و بیركردنەوەی ڕۆشنبیرانی ئێمەی داگیر کردووە و چەندەش ڕامانی ئەوانی بچووک كردووەتەوە.

 

بۆیە، ئێمە وامان بە باش زانی کە لە گۆشەیەکی تر و لە جێگایەکی دیكەوە تەماشای دیاردەی کۆڕۆنا بکەین؛ چونکە ویستمان ئەو تێگەیشتنە جێ بهێڵین کە تەنیا و تەنیا کۆڕۆنا وەک بابەتێکی سیاسیی ڕووت دەبینێت و لەو بڕوایەدایە ئەمە شێوازێکی تری جەنگە لەنێوان وڵاتاندا و هەوڵدانێكی حوكوومەتەكانە بۆ شێوازەكانی دیكەی كۆنترۆڵكردن، كە ئەوەش ڕاستییەكی تێدایە. هەڵبەتە ئەم جەنگە نوێیە، دەکرێ ئەگەرێک بێت لەپاڵ کۆمەڵێک ئەگەری جیاوازدا. بۆیە ئێمە لە ڕۆژگاری کۆڕۆنادا بە تەنیا بیرمان لە سیاسەت و ئابووری نەکردەوە، بەڵكوو لە منداڵ و پیر و نابیناش، هەر وەک چۆن لە ئەنفال و فۆڕمی سیاسیی بەرجەستە و پێگەی هزری و مەعریفی کوردستانییانەی خۆشماندا كردەوە. ئەمەش وای کرد کە تەنیا و تەنیا سەرقاڵ نەبین بە ڕێنوێنییەكانی خۆپارێزییەوە و لەگەڵ نوێبوونەوەی بڕیارەکان، ئێمەش هەڵسوکەوت و ئاکاری کۆمەڵایەتیمان نوێ بکەینەوە. هەوڵمان دا کە کۆمەڵێک شت بپارێزین و کۆمەڵێکیش ڕەخنە بکەین و دەستبەرداری هەندێکی تریش ببین. خوێنەر زۆر بە ئاسانی دەتوانێت لە كاتی خوێندنەوەی بابەتەكانی ئەم كتێبە، هەست بەم دەستگرتن و دەستبەردان و ڕەخنەکردنەش بکات. ئەمەش خاسییەتێکی بەم کتێبە داوە، کە خوێنەر دەتوانێت لە هەموو شوێنێکەوە دەست بە خوێندنەوەی بکات و نەبەستراوەتەوە بەوەی تەنیا لە سەرەتاوە دەست بە خوێندنەوەی بكات.. بەم جۆرەش ئازادیی بیركردنەوە، بووەتە پێشمەرج بۆ ئازادیی خوێندنەوە.. نامانەوێت بیشارینەوە، كە شێوازی نووسینی كتێبەكە زۆر جار تاكەكەسی و پاشان دوو كەسی و سێ كەسی بووە، واتە: یەكێكمان بیرۆكەیەكی گەڵاڵە كردووە و پوختەكەی ناردووە بۆ ئەوی ترمان و بەو جۆرە دەستاودەستمان بە بابەتەكان كردووە، سەنگ و سووژنمان داوە و تا پێمان كرابێت فرەمەودا بیرمان تێدا كردووەتەوە. وێڕای ئەوەش كە وتارەكان چوارچێوەیەكی فرەدەنگییان بەخۆیانەوە گرتووە، ئاواش فرەدیسپلینی و فرە میتۆدی بە كارەكەوە دیارە، بەبێ ئەوەی ویستبێتمان سەر لە خوێنەر بشێوێنین. خۆ ئەگەر لە جێگەیەكیش نەمانتوانیبێت بابەتەكە لەوە ڕوونتر بكەینەوە كە كردوومانە، بەمانای ئەوەیە یان هەر ئەوەندەی لێ تێ گەیشتووین، یانژی نەمانویستووە لەسەر حسابی ڕوونكردنەوە و سادەكاری، ساكارانە و ڕواڵەتیانە بدوێین. ئەوەی لە ئەنجامی ئەم شێوازە كارەوە دەبینرێت سەرجەم وتارەكانی بەشی یەكەم و ئەو وتارەیە كە لەگەڵ بەڕێز هەردی مێد نووسیومانە. ئێمە كارێكی پێكەوەییمان كردووە، چونكە كۆژانی نەتەوەیی و بڕوای تەواومان بە بیری نەتەوایەتی هەیە؛ نەتەوایەتییەكی مرۆڤدۆستانە و گەردوونیانە، بەبێ ئەوەی بكەوینە داوی هزرینی بەرتەسک و بانگەشەی گەورەوە.

هەوڵمان داوە، چاودێریی ڕێنوێنییەكانی دەسەڵات، پەرچەكرداری خەڵک و چۆنییەتیی جێبەجێكردنی بڕیارەكان بكەین و لە نیشانەكانی چۆڵیی شەقامەكان، كپبوون ، تەنیایی و چوونەوە ماڵ و دابڕگە تێ بگەین. ئەم کارە، دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخساندین، ژیان لەناو خێزان و پێكەوەبوون لەگەڵ ئەوانی تر لە هاوسەر، منداڵ و كەسانی دی و بگرە تەنیاییش ئەزموون وەرگرین. لە هەمان كاتیشدا دەرفەتێک بوو بۆ دۆزینەوەی توانای خۆگونجاندن و بەرگەگرتن و تەنانەت چێژیش ببینین لەم دۆخە تایبەتە. وێڕای خەمگرانی   سیمایەكی ئێستاتیكیانەشی هەبوو. یەكەمجار بوو هێڵی ئینتەرنێتی بووبووە چاوێك، هەموو جیهانی دەبینی. یەكەمجار بوو هەموو شوێنێک لە جێی خۆیان بوون و كەچی شوێنێک نەبوو بۆی بچیت. گەڕانەوە بۆ جیهانی فیلم و ڕۆمان، ئەم ڕەهەندە ئێستاتیكییەی بەرجەستەتر دەكرد و بەكاربەرەكانی تۆڕی كۆمەڵایەتی ئارام بوونەوە و دەستیان لە تەشەر و جوێندان بە ئەوانی تر هەڵگرت.. مرۆڤ وردە وردە سەرەتایی دەبووەوە و دەگەڕایەوە بۆ سەردەمی ئاگر، پشتبەخۆبەستن، چاندنی ڕووەكەكان، وشككردنەوە و هەڵگرتنیان بۆ زستان. منداڵان لەسەر ئینتەرنێت دەرسیان دەخوێند و بازاڕكردن و چوونەدەرەوە دەبوو بە ماسک و دەستكێشەوە بێت. دراوسێكان سڵیان لە یەكتر دەكردەوە و خواخوایان بوو كەس سەردانیان نەكات. تەلەفۆنكردن جێگەی هەموو پەیوەندییەكی دیكەی گرتبووەوە. یارییەكانی تۆپتۆپێن وەستان و هیچ ململانێیەک لە نێوان هاندەرانی بەرشە و ڕیاڵ مەدرید نەما. لەوەش سەرنجڕاكێشتر ئەوە بوو، كە خواردنە خۆماڵییەكان باویان هاتەوە و خەڵكیش لە جاران زیاتری دەخوارد و دەخەوت.. لانی كەم، مانگێكی تەواو چوونەوە ماڵ، بە هەموو خۆشی و ناخۆشییەكانییەوە. نوكتە و قۆشمەییش زۆر زیادیان كرد و ڤیدیۆفیلمی تایبەت و چۆنییەتیی گوزەراندنی ژیانی ماڵەوە بەرهەم هاتن. لە یەكێک لە ڤیدیۆفیلمەكاندا، پیاوێكت دەبینی ڕووبەڕووی شاشەیەكی تەلەڤزیۆنی، كە فیلمی مقەڵییەكی پیشان دەدا، گۆشتی لەسەر بوو، پیاوەكەش لەمدیو شاشەكەوە باوەشێنی دەكرد! ئەمە بەڵگە بوو لەسەر پڕكردنەوەی بۆشایییەک و حەزێك، كە ئیدی جێبەجێی نەدەكرا. هەر زوو لە ناوچەی كرماشانەوە (محەمەد فەتاحیی شاعیر)، خۆشترین شیعرەكان لەسەر كۆڕۆنا بڵاو كرانەوە و خەمڕەوێنیان دەكردین. دەكرا هەموو ئەم ڕەهەندانەی دۆخی پەتا، بابەتی لێكۆڵینەوە و لەسەروەستان بن. هەموو ئەمەش هێز و ورەی دەدایە ئێمە تا بیركردنەوەی هەمیشەیی لە پەتا بگۆڕین بۆ بیركردنەوە لە دیاردە كۆڕۆنایییەكە خۆی و بەم هۆیەشەوە خودی ترس لە پەتا تێپەڕێنین.

ژیان لەناو ساتەوەختە كارەساتاوییەکاندا، هەمیشە كارەساتەكانی پێشترت بیر دەهێنێتەوە. ئێمەش هەمیشە ئەوەمان لەبیر بوو، لە جیاتی ئەوەی باسی بیروڕای فەیلەسووف و بیرمەندانی وڵاتانی دیكە بكەین، بەیادەوەریی تراژیدیكیانەی خۆماندا بچینەوە و بۆ تێگەیشتن و دەستنیشانكردنی ئاسۆی ئەم تراژیدیا نوێیە، سوودی لێ وەربگرین، بەمەش توانای بەرگەگرتنیمان بەهێز بكەین. بۆیە دەبوو هەموو ئەوانەی لەم واقیعەدا ژیان و ئەزموونیان كرد، دواتر ڕاستگۆیانە ئەزموونی بیركردنەوەی خۆیان لەسەر ئەم واقیعە ئەزموونكراوە باس بكەن، نەک قسەی ئەوانی ترمان بۆ بگێڕنەوە، كە واقیعی كۆڕۆنایان لە شوێنانی دیكە بە جۆری تر ئەزموون كردووە. ئەوە كارێكی مێژووساز نییە، مرۆڤ لە میانەی بیركردنەوەی خۆیدا لە واقیعێك، كە خۆی ئەزموونی دەكات، بێت و باسی بیروڕای كەسانی دیكە لەسەر هەمان واقیع بكات، كە لە شوێنانی دیكەی دنیا ڕووی داوە. ئەوەی نەتوانین بە ڕووخساری خۆمانەوە لەسەر واقیعی كۆڕۆنا قسان بكەین، ناچارمان دەكات دەمامكی تیۆری و ئەزموونی كەسانی تر لە ڕووخسار بكەین، وەک ئەوەی ئەوانیش دەتوانن لەسەر واقیعی ئەزموونكراوی ئێمەش ڕاستییەک بڵێن، كە تەنیا بە ئێمە دەگوترێت. ئەوەی ئەم ڕاستییەش دەسەلمێنێت ئەوەیە، جگە لە هەندێک خەسڵەتی زانستی و بۆچوونی پزیشکییانەی هاوبەش، هیچ شتێکی تر واقعی کۆڕۆناویبووی کوردستانی بە دنیا نەدەبەستەوە. هەر لە کەرەنتینەکردنی بەكۆمەڵیانەی كۆمەڵگە و شارەكانەوە، تا دەگاتە ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆس و دواجار ڕێژەی مردنیش پێی. لەوێشەوە بۆ خۆگونجاندن و بەرگەگرتنی كۆمەڵگەی کوردستانی، لەپاڵ سەختییەکانی قەدەغەی هاتوچۆ و کەرەنتینەکردندا. سەرئەنجامی ئەمەش: لە قۆناغی یەكەمدا، هەرێمی کوردستان و حوکوومەت و خەڵکەکەی، پەیوەست بە زاڵبوون بەسەر کۆڕۆنادا، بوون بە جێی سەرنجی زۆربەی وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکە و دنیاش. بۆیە ئەمەش شتێكە بۆ حوكوومەت شایانی لێوەفێربوون و دووبارەكردنەوەیە، نەک شانازی بەخۆوەكردن و خۆهەڵكێشان..

ڕێبوار و مەعرووف

۱۲/۹/۲۰۲۰

___________________

[۱] بەشێكی زۆری ئەم زنیاری و داتایانە و هەندێك تێبینی دیكەی پزیشكی، لەلایەن بەڕێز د. ئازاد عەزیزەوە بۆ ئەم كتێبەی ئێمە زیادكراون و لێرەدا دەمانەوێت بەتایبەتی سوپاسی بكەین.

 

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

حیکایەتی چلشەوەی قەلەندەران

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *