خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «سەبارەت بە کێشەی کورد» بەرهەمی دوکتۆر جەماڵ نەبەز بڵاو دەکرێتەوە

کتێبی «سەبارەت بە کێشەی کورد» بەرهەمی دوکتۆر جەماڵ نەبەز بڵاو دەکرێتەوە

کتێبی «سەبارەت بە کێشەی کورد» بەرهەمی دوکتۆر جەماڵ نەبەز بڵاو دەکرێتەوە

 لەم پێشەکییەدا وەرگێڕ د.حیسامەدین خاکپوور، هەوڵی داوە بە شێوازێکی ورد و زانستی کۆی پڕۆژەی فیکری پرۆفیسۆر جەماڵ نەبەز و بە تایبەت ئەم کتێبەی بە بەردەنگ بناسێنێت….

ئەم وەرگێڕانە پێشکەشە بە:

 ڕۆحی بەرز و نەبەزی جەماڵ نەبەز کە وەکوو ئیمکانێکی درەوشاوە لە مێژووی ئەم سەردەمەدا دەرکەوت و لە ڕۆشنگەری ھزری داھێزراوی کوردیدا ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕا.

د. حیسامەدین خاکپوور

جەماڵ نەبەز وەکوو بیرمەندێکی فرەڕەھەند، ئەنسێکڵۆپیدیایی، سەربەخۆ و ڕەسەن بە زمانگەلی جواروجۆر، بۆ نموونە  کوردی، ئاڵمانی، ئێنگلیزی ، عەرەبی و … بەرھەمەکانی پێشکەشی قوتابخانەی ھزری کوردی کردووە. ئەوەی کە بۆچی ئەم بیرمەندە جیدییە، کە لە بناغەڕێژانی کوردناسیی مۆدێرنە، ھێشتا بە ڕادەی پێویست دەنگی لە نێو بازنە فیکرییەکانی کوردستاندا بەرز نەبووتەوە، ھۆکارگەلێکی زۆری ھەیە. یەکێک لە گرینگترینی ئەو ھۆکارانە دەتوانێت زاڵێتیی و سوڵتەی پاڕادایمی فیکری نەتەوە سەردەستەکانی کورد لەسەر بیری ئیلیت و دەستەبژێری کۆمەڵگای کوردی بێت. ھەژمۆنی پاڕادیمی فیکری باڵادەست بە شێوەیەک دەروونی کراوەتەوە، کە دەنگی بیرمەندێکی وەکوو نەبەزی لە ململانێی ھێزەکاندا کردووەتە ”دەنگێکی خامۆشکراو و نەبیستراو“. ھەروەھا دەتوانین قامک بۆ زاڵێتیی سیاسەتی حیزبایەتی- نەک کوردایەتی- قەتیسماو لە جوگرافیای سیاسی سایکس-پیکۆ و تۆقاو لە گشتگیربوونی گوتاری کوردایەتی ڕاکێشین. ئەو جۆرە سیاسەتە وادەکات کە دەنگ و گوتاری بیرمەندێکی سەربەخۆیی­خوازی وەکوو نەبەز نەک تەنیا ئاوڕی لێ نەدرێتەوە، بەڵکوو بیشخرێتە پەڕاوێز. لەگەڵ ئەمانەیش فرەیەک ھۆکاری دیکە ھەن کە دەبنە ھۆی ئەوەی دەنگی نەبەز ئێستەیشی لەگەڵدا بێت لە غوربەتدا بژی و خۆیایە کە لەم پێشەکییەدا دەرفەتی ئەوە نییە بە وردەڕیشاڵ باسی ئەو ھۆکارانە بکرێت کە بۆچی پڕۆژەی فیکری ئەو بیرمەندە بە شێوەی شیاو وەبەر تیشکی خوێندنەوە و لیکۆڵینەوە نەدراوە. ئێستە ئەگەری ئەوە ھەیە خوێنەر بپرسێت ئەو پڕۆژە فیکرییە بۆ شوێن-کاتی ئێستەی ئێمە چ گرینگایەتییەکی ھەیە؟ بە وشەیەکی دیکە پێداویستییەکانی ئۆنتۆلۆژیی ئێستاکەی مرۆڤی کورد چییە کە خوێندنەوەی ئەندێشەی جەماڵ نەبەز گرینگ دەکاتەوە؟ یان ئەمڕۆ چ پێویستییەک ھەیە بە ناساندن و ناساندنەوەی نەبەز؟

بەو ڕادەیەی کە لە گەشتوگوزار و سووڕانەوە لە بەرھەمەکانی نەبەزدا لێیی تێگەیشتووم، دەتوانم وەڵامی ئەو پرسیارە بە زمانی خۆم ئاوا فۆرمووڵە بکەم: بە خوێندنەوەی پڕۆژەی فیکری نەبەز، مرۆڤی کورد ”لاق لە سەر  زەمینی سفت و پتەوی خۆھۆشیاری نەتەوەیی“ دادەنێت. میتافۆڕی ”زەمینی سفت[۱]“ لە بەڕامبەر ”زەریا“دایە کە زەریا، بزۆک و بجووڵ و لەرزۆکە و ئەملاوئەولا زۆر دەکات و ھیچ شتێکی لەسەر بەند ناکرێت. بەڵام زەمینی سفت و ژێرخانی پتەو دەکرێت ڕاوەستانی لەسەر بکرێت و بناغەی ھەر جۆرە خانوویەکی لەسەر دابنرێت. بە پێچەوانەوە، لەسەر زەریا خانوو ساز ناکرێت. بەرھەمەکانی جەماڵ نەبەز زەویی و ژێرخانێکی سفت و قایمی مەعریفی بۆ خوێنەری کورد ساز دەکەن کە لە گێژاوی لەخۆنامۆیی و ناھۆشیاری و خۆبەکەمزانین و قەتیسمان لە زیندانی تێگە و چەمکی ساختەیی ئەوانیتری سەردەست و ھەروەھا خۆھەڵواستن بەوانەوە ڕزگاری دەبێت. نەبەز بە جیھان-­زەینێکی بەربەرین و ناسینی زمانگەلێکی بەربڵاو، سەرەڕای ھەوڵ بۆ سازدانی خانوویەکی خۆھۆشیاری نەتەوەیی و ھەڵوەشاندنەوەی چوارچێوەی مەعریفی ئەوی دیکەی کورد، ئەویترناسییەکی چڕوپڕیش دێنێتە ئاراوە. واتە نەبەز بە جۆرێک قوتابخانەیەکی کوردییە ئەو خانووە ساختەییانەی پێش بە سەربەخۆیی مرۆڤی کورد و سەربەخویی کوردستان دەگرن وەبەر تێخی ڕەخنەی زانستیانە و بابەتیانە و بوێرانە دەدات. نەبەز بیرمەندێکی ھۆشیارە بە ئاگایی نەخۆش و شکاوە[۲] و موسلەکراوی کورد و ژیانی ھزری خۆی تەرخان کردووە بۆ ڕەخنە لەو پاڕادایمە فیکری و سیاسییانەی کە بوونەتە ھۆی ئەو بیمارییە گەورە و ئەو کۆیلایەتییە لە ئاستی ئەندێشەی کوردیدا ھاتۆتە دی. نەبەز لەم سەد ساڵەی دواییەدا کە مەسەلەی کورد لە نێو ململانێی ھێزگەلی جوارجۆردا و لە ھاوڕێژی لەگەڵ ھەلومەرجی نائاسایی و دەگمەن و ئاوارتەی کوردستاندا فۆرمڕێژ کراوە، ئیمکانێکە بۆ دەربازبوون لەو ئاگاییە تێکشکاو و موسلەکراوەی کە لە خاچی تیۆر و کردەی نەتەوە داگیرکەرانی کوردستان و بەردەفڕکێیی بژێوخوازانەی حیزبایەتی ناوخۆ دراوە. پڕۆژەی فیکری نەبەز لە نێو ململانێی ئەم ھەمووە ھێز و دەسەڵاتانەی کە جەستەی سابجێکتی کوردییان گەمارۆ داوە، دەتوانێت ئیمکانێکی بەرخۆدان و بەرگری زۆر جیدی بێت کە بەردەبازی لەخۆڕامانێکی حەقیقی و ڕۆشنگەرانە ساز بکات. پڕۆژەی ئەو ھێزێکی مەعریفییە کە لەو ململانێی ھێزانەدا، دەتوانێت جەستەی شەلوپەلکراوی سابجێکتی کوردی تا ڕادەیەک وەخۆ بێنتەوە و ھۆشیاری کاتەوە کە ئەو چییە؟ ئەو کێیە؟ ئەو چی دەوێت[۳] و ئەو لە چ دۆخێکدایە؟.

نەبەز جیا لەوەی پرسی کوردی لە نێو کوردستاندا وروژاندووە، ھەوڵیداوە ئەم دەنگە خامۆشکراوەی لانیکەمی مێژووی ئەم سەدەیە، بگەیەنێتە گوێی جیھانی ڕۆژئاوا و ھەروەھا جیھانی ڕۆژھەڵاتیش و بە تایبەت جیھانی ئێسلام و عەرەب. ئەو لەگەڵ ئەوەی کە بە زمانی ئاڵمانی و ئینگلیزی و … پرسی کوردی لە جیھانی ڕۆژئاوا وروژاندووە[۴]، ھەروەھا تێکۆشاوە مەسەلەی کورد لە جیھانی عەرەبدا ھەڵئایسێنێ و بۆ ئەم کارەیش، لەو قۆناغەدا دەستی داوەتە نووسینگەلێکی جۆراوجۆر. لەوانە نامیلکەیەکە کە بۆ جەماڵ عەبدۆنناسری نووسیوە بە ناو ”کفاح الأکراد“[۵] کە لەوێدا باسی خەباتی کورد بۆ ڕزگاری لە ژێر چەپۆکی عەرەب و فارس و تورک لە درێژایی سەدەکان و بەرەکاندا دەکات و داوای ھاویاری لە عەبدۆنناسر دەکات. عەبدۆنناسر لانیکەمی ئەوندە بە دەنگییەوە دێت و بەشێک بۆ دەنگی کورد لە ڕادیۆ قاھیرەدا دەکاتەوە. لە دیکەی کتێبەکانی کە بە زمانی عەرەبی نووسراوان کتێبی ”المستضعفون الکورد و إخوانهم المسلمون[۶]“ (کوردانی بەشمەینەت و برا موسوڵمانەکانیان) کە باس لەوە دەکات وێڕای ئەوەی میللەتی کورد بە زۆرینە موسوڵمانن و لە بوارگەلێکی جۆراوجۆردا خزمەتی ئیسلامیان کردووە، بەڵام بە نێوی میتافۆڕی درۆیین و ساختەیی ”برایەتی ئیسلامی“، نەتەوەی کوردیان لە خشتە بردووە و کارەساتگەلێکی ڕۆحپڕووکێن و جەرگبڕیان بەسەر کورددا ھێناوە.

لە دیکەی کتێبەکانی نەبەز کە بە زمانی عەرەبی نووسراون، ئەم کتێبەی بەردەستی خوێنەرە. نەبەز لەم کتێبەیشدا واتە حول المشکلة الکوردية“ (سەبارەت بە کێشەی کورد)؛ پرسی کورد لە نێو بیرمەندان و حیزب و دەستەجاتە عەرەبییەکان بە وردەڕیشاڵ و بە شێوەی بابەتیانە شەنوکەو دەکات و ھەروەھا تیشک دەخاتە سەر ئەو پرسە لە لای دوو حیزبی کوردی سەرەکی لە باشووری کوردستان و بە شێوەیەکی مووقڵەشێن و وردبینانە، بیرەکانی ئەوان لەسەر کورد دەباتە ژێر تێخی نەشتەرگەری. بەو شێوەی نەبەز لەم کتێبەدا شیکاری دەکاتن، بیرمەندان و حیزبە عەرەبییەکان – بە سکۆڵار و ئایینییەوە – یان بە تەواوەتی نکۆڵییان کردووە لە مەسەلەی کورد و ئەو ھەمووە کارەساتەی کە بەسەریدا ھاتووە، یان زۆر بە دەگمەن حیزب و لایەنێکی عەرەبی ھەبووبێت کە دانی بە پرسی کورددا ھێنابێت و باسی ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبەری ئەو شتانەیان کردبێت. لە نێویاندا بە ڕیزپەڕیش نەبووە گرووپ یان لایەنێک دان بەوەدا بنێت کە کورد وەکوو عەرەب و فارس و تورک، نەتەوەیەکی جودایە و دەبێت لە کیانێکی سەربەخۆی خۆیدا بژیت. نەبەز ئەم بیرۆکانە زۆر بە وردی ھەڵدەشێلێت و پێداگریش دەکات کە ھیچ ڕێگەچارەیەک بۆ ڕزگاری و ئازادی مرۆڤی کورد نییە جگە لە سەربەخۆیی کوردستان.

ئینجا کە دێتە سەروبەندی ڕوانگەکانی ئەو دوو حیزبە کوردییە، ئەوانیش بە فەرمانخوازانی نەتەوەی باڵادەست لە ئەژمار دەدات کە شێوەڕوانییان لەژێر باندۆر و سەروەری فیکری جیھان­-­زەینی داگیرکەراندا بووە و نەیانتوانیوە ھەوڵێکی کردەیی، گوتاری و زانستی بۆ کیانێکی سەربەخۆی کوردی بدەن. پاشان دێتە سەر ئاماژەیەکی کورت و پوخت بە مێژووی کورد ھەر لە سەرەتاوە تا پێش ئێسلام و پاش ئیسلام، تا دەگات بە سەردەمی ھاوچەرخ و باسی بزووتنەوە کوردییەکان و تا دەگاتە دۆخی ئەو ساتەی کە ئەم کتێبەی تێیدا نووسراوە و نەبەز ھەمووی  ئەم باسانە بە کورتی و بە ھێنانەوەی سەرچاوەوەی ورد و بە شێوەی بەڵگەمەند، دێنێتە بەرباس.

وێدەچێت خوێنەر بپرسێت ئەم کتێبە کە لە ساڵی ۱۹۶۹دا نووسراوە چ ئەندێشەگەلێکی ناوازە و پێشەنگانەی وروژاندووە کە زەروورەتی وەرگێڕانەکەی خلینجانەتە نێو مێشکی وەرگێڕدا. جیا لەو ئاماژەی کە لەو دێڕانەی سەرەوە باسم لێ کرد و ئەم کتێبەیش بەشێکە له کۆی ئەو پڕۆژەی کە ھەوڵی ئەوە دەدا مرۆڤی کورد ”لاقی لەسەر زەمینی سفتی خۆھۆشیاری نەتەوەیی“دا دابنێت، ھەروەھا لە زومرەی  ئەو دەگمەن کتێبگەلەیە کە دۆزی کوردی ڕووبەڕووی جیھانی عەرەب کردووتەوە و ئاڵێنگاری لەگەڵ ئەو بیرمەند و حیزبە عەرەبییانە دەکاتن کە پەرژاونەتە سەر دۆزی کورد و ھەر ئەمە بە تەنیا خۆی گرینگایەتی ئەم وەرگێڕانە پیشان دەدات. بەڵام، لەمانە زیاتر، نەبەز لەم کتێبەدا و لەو سەردەمەدا ھەندێک بیرۆکە و ئایدیای بۆ شیکاری مەسەلەی کورد ھێناوەتە ئاراوە کە ئەمڕۆکەیش تازەیی و بڕەویی خۆی ھەیە و لە لای ئاکادمیسیەن و ڕۆشنبیرانی کورد بە جیدی باسی لێ دەکرێت. بۆ نموونە بە باوەڕی من جەماڵ نەبەز پێشەنگی ھەڵوەشاندنەوە و پێکھاتەشکێنی میتافۆری درۆیین و ساختەیی ”برایەتی ئیسلامی“[۷] بووە کە ئێستەیشی لەگەڵدا بێت زۆرینەی مرۆڤی موسوڵمانی کوردستانی پێ فریو دەدەن و بەم درۆ گەورەیە تەنانەت لە سەرەتاییترین مافەکانی بێبەشی دەکەن. نەبەز تێدەکۆشێت ئەو ئایدیۆلۆژیایە لەقاو بدات و بە مێشکی خوێنەری کوردی بگەیەنێت کە برایەتی ئیسلامی و ھەروەھا ”برایەتی گەلان“ و شتی لەو جۆرە، ستراتیژی خۆڵ لە چاوی کورد کردنە و فریودانێکی زۆر قیزەون و بێزاوییە بۆ ئەوەی نەتەوەی کورد داوای مافە ڕەواکانی خۆی نەکات. بێگومان نەبەز لەو سەردەمەدا لە زۆمرەی یەکەمین کەسانێ بوو کە بۆ شیکاری دۆخی زاڵی نەخوازراو بەسەر کورددا، دەستەواژەی ”ئیستعمار“ یان کۆلۆنیالیزمی دەکار کردووە[۸]. ئەو وشەیە لە کارەکانی نەبەزدا لەگەڵ وشەی داگیرکاری کەڵکی لێ وەرگیراوە[۹] کە لە زۆر ڕووەوە جیاوازییان ھەیە. پێشەنگبوونی جەماڵ نەبەز[۱۰] لە وروژاندنی ئەم ئایدیۆمانە و شتانێکی زۆری وەھا، گرینگایەتی ئەم وەرگێڕانە زێدەتر و زێدەتر دەکات.

نەبەز بەو زاڵێتییە کەموێنەی کە بەسەر میراتی فیکری عەرەبی­-ئیسلامیدا بوویەتی وەکوو بیرمەندێکی سەربەست و سەربەخۆ، بە شێوەیەک کە کەمتر لە کارەکانی بیرمەندانی کورددا دەبیندری،  زۆر بە ڕاشکاوی ھەوڵیداوە پرسی کورد بە جیھانی عەرەب و بیرمەندان و سیاسەتکارانی عەرەب بناسانێت. ەبەز لەگەڵ ئەوەی بە ڕەوەشتبەرزی و مرۆڤانە لەگەڵ بیریارانی عەرەب ڕووبەڕوو بووتەوە، بە خوێندنەوەی وردەڕیشاڵی ئاسەواری ئەوان، تەزوویی فیکریی و تێخی ڕەخنەی خۆیی بە باشی لە مێشکی ئەوان داوە. کەوابوو ھەر وەکوو لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە دەردەکەوێت گرینگیی ئەندێشەی نەبەز لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕادیکاڵ و دەروەست و بێ موجامەلەیە لەگەڵ واقیعی گەمارۆدراوی کورد و ڕەتدانەوەی ئەو واقیعە و ھەژاندنی ناڕەزایەتییەکی چالاکمەندانە لە مێشکی سابجێکتی کوردیدا لە ھەمبەر ئەو دۆخەی بەسەریدا زاڵ بووە. ئەندێشەیەک کە بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ واقیعێکی بریندار و ئاڵۆزاوی ژێر دەستی داگیرکاری و ململانێی بەرژەوەندیخوازی حیزبحیزبێنە تەبایی و ساچان ھەڵناگرێت و ھێزی بێدەنگکراوی مرۆڤی کورد بۆ بەرەنگاری ڕادیکاڵ لەگەڵ واقیعی ئێستاکەی دەشڵەژێنێت.

پێویستە ئاماژە بکەم  کە مومکینە وەرگێڕ لەگەڵ ھەندێک لە بۆچوونەکانی نووسەر لەم کتێبەدا، بۆ وێنە ئایدیای ”یەکیەتی ئاریایی“،  ھاوڕا نەبێت و تێبینی و ڕەخنەی خۆی ھەبێت[۱۱]، بەڵام ئەمە لە گرینگایەتی وەرگێڕانی ئەم بەرھەمە لە پڕۆژەی فیکری جەماڵ نەبەز کەم ناکاتەوە و بۆخۆیشم وەکوو وەرگێڕ زۆر زۆری لێ فێر بووم و چێژی تایبەتم لێ برد و لەم قۆناغە لە ژیانی فێربوون و خوێندەنەوەمدا، پڕۆژەی فیکری جەماڵ نەبەز نیشانکەردی تایبەتی خۆی داناوە. لە کۆتاییدا جێی خۆی ھەیە سپاس و پێزانینیی تایبەتم ھەبێت بۆ سەرجەم ئەو ھەڤاڵ و ھاوبیرانە، بە تایبەتی ھاوکارانی دەزگای جەماڵ نەبەز لە بەرلین،  کە یاریدەدری من بوون بۆ ئەوەی ئەم کتێبە بگاتە دەستی خوێنەری کورد. کەواتە تا ئەو ڕۆژەی کە گڵەبانی چاوم دەکەن چاکەیان ھەر لە پێش چاومە.

حیسامەدین خاکپوور، سەقز،  گەلاوێژی ۲۷۲۲ی کوردی  

________________________________________________

[۱] . ڕەنگە کەڵک وەرگرتنم لەم میتافۆرە لە ژێر کاریگەری ئەو باسەدا بێت کە ھیگڵ لە وەسفی دیکارتدا دەڵێت: « بە دیکارتەوە و بۆ یەکەم جارە کە کە بەردە بنەمای فەلسەفەی دونیای مۆدێرن دادەنرێت و وەکوو مەلەوانێک لە دوای سەفەرێکی دوور و درێژ، لە ئاکامدا دەتوانین دەنگ ھەڵبڕین و ھاوار بکەین، ئەوەتا نیشتمان و سەرزەوینەکەمان».( بە گێڕانەوە لە بڕوان یەکێک لە قوتابیەکانی ھیگڵ) بڕوانە ئەم سەرچاوە:

Floy E. Andrews, Hegel’s Presentation Of The Cartesian Philosophy In The Lectures On The History Of Philosophy, 2000,p: 25.

[۲] . ئەو دوو دەستەواژەیە واتە ئاگایی نەخۆش و شکاوەم لە نووسینەکانی بەکر جاف لە سەر دۆخی ئاگایی مرۆڤی کورد لەم سەدساڵەدا، وەرگرتووە. بڕوانە یاداشتی بەکر جاف بە ناوی ”جەماڵ نەبەز ژیان لە ئایدیادا و مەرگ لە ئایدیادا“ کە لە ماڵپەڕی کولتور مەگەزین بڵاو کراوەتەوە.

[۳] . ئەو سێ پرسیارە بە شێوەیەک ”ھانەلۆرە کۆچلەر“لە تێزی دوکتۆراکەیدا وروژاندوویەتی. « باسی تێڕوانینی خۆیی گەلێک، یان کۆمەڵگەیەکی گەورە، بە گشتی، سێ نێوچەی بەیەکەوە بەستراو دەگرێتەوە: یەکەمیان: بنەچەو و ڕەچەڵەک واتە ئێمە لە کوێوە ھاتووین؟ ئێمە کێین؟ دووھەمیان ئێمە چۆنین واتە تایبەتکارەکانمان چییە؟ سێھەمیان: تەڤگەری پاشەڕۆژ واتە ئێمە چیمان دەوێ؟ ( بڕوانە کتێبی ناسنامە و کێشەی ناسیۆناڵی کورد، جەماڵ نەبەز، لاپەڕەی ۳۹) ھەروەھا سیروان ڕێناس بە ڕاوێژێکی دیکە ئەو سێ پرسیارەی لە وتاری ”قەیرانی ناسنامەی نەتەوەیی لە بزووتنەوەی کوردستاندا“ وروژاندووە.( بڕوانە گۆڤاری پۆلیتیا، ۲۰۲۰، ساڵی دووەم، ژمارەی ۴، ل: ۹۵ تا ۱۴۹).

[۴] . بۆ نموونە، نامە دەنووسێت بۆ فەیلەسووفی بەناوبانگ ”بیرتڕاند ڕاسێل“ و داوای لێدەکات پشتگیری لە مەسەلەی کورد بکات و ڕاسێلیش لەو سەردەمەدا ئامادەیی خۆی بۆ ئەو کارە دەردەبڕێت. ( بڕواننە کاژیک، پێشخان و پاشخانەکان، بە قەڵەمی جەماڵ نەبەز، ۲۰۱۵: ل ۱۳۲).

[۵] . نەبەز خۆی لە وتووێژکدا وەسفی ڕۆڵی ئەم پەڕتووکە ئاوا دەکات: « بۆ ئەو کات گورگەزێیەک بوو لە ئاسمانی تاریک و توونی کورددا ».

[۶] . ئەم کتێبە بە ناونیشانی ”کوردانی سەرگەردان و برا موسوڵمانەکانیان“بە قەڵەمی سوارە قەڵادزەیی وەرگێڕدراوە و لە ساڵی ۲۰۰۵دا بڵاو بووتەوە.

[۷]. مێھەت کورت ئاکادمیسیەنی کورد لە وتارێکدا بە شێوەی ئاکادمیک و زانستی دەپەرژێتە سەر تێگەی ”برایەتی ئیسلامی“  یان ” برای کوردی موسوڵمانم“ و ئەو باسە دەھێنێتە ئاراوە کە چۆن لە تورکیادا و بە تایبەتی حیزبی ئاکپارتی لە ڕێگەی ئەم میتافۆڕەوە زەینی کوردیان کۆلۆنیزە کردووە و حکوومەتمەندی ئیسلامخوازانەی خۆیانی پێ ڕێک دەخەن. بڕوانە وتاری«  برای کوردی موسوڵمانم”: دەسەڵاتی کۆلۆنیاڵ و دەوڵەتداریی ئیسلامی لە ناوچە کوردییەکانی تورکیەدا»:

‘My Muslim Kurdish brother’: colonial rule and Islamist governmentality in the Kurdish region of Turkey, ( Journal of Balkan and Near Eastern Studies, 2019, VOL. 21, NO. 3, 350–۳۶۵٫

[۸] . لەم بارەیشەوە ھەندێک لە ئاکادمیسیەنە کوردەکان زۆر بە گەرمی و زۆر بە جیدییەتەوە، دۆخی زاڵ بەسەر کورددا لە ژێر چەتری ”کۆلۆنیالیزم“ چەمکاندنی بۆ دەکەن. بۆ وێنە زنجیرە وتارێک بە زمانی ئینگلیسی و بە قەڵەمی کەماڵ سولەیمانی و ئەحمەد محەمەدپوور کە ھەوڵیان داوە بەو جۆرە چەمکاندنە دۆخی ڕۆژھەڵاتی کوردستانی لە ژێر دۆخی کۆلۆنیالیزمی ئێرانیدا پێ شەنوکەو بکەن. زۆرینەی ئەم زنجیرە لە گۆڤاری تیشکدا بە کوردی یان بە فارسی وەرگێڕدراون و ھەروەھا وتاری « ئایا کورد لە عێراق نەتەوەیەکی کۆلۆنیزەکراوە؟» بە قەڵەمی ئێبراھیم سادق مەلازادە کە دۆخی باشووری کوردستان بەم تێگەیە شرۆڤە دەکات.  ھەروەھا دوکتۆر نایف بەزوان لە وتارێکدا بە ناوی ” دەوڵەت و زەبروزەنگ لە کوردستان: چوارچێوەیەکی چەمکی“ ھەر لەم بەستێنەدا دەپەرژێتە سەر شیکاری دۆخی کوردستان بە تایبەتی باکووری کوردستان:

 The State and Violence in Kurdistan: A Conceptual Framework, Kurdish studies,  ۲۰۲۱, vol. 9, issue 1, 11-36.

 

[۹] . لەم کتێبەیشدا  ھەر دوو چەمکی داگیرکەر ( المغتصِب: Occupier) و داگيرکراو ( المغتصَب: Occupied  )لەگەڵ وشەی ئێستعمارکەر: Colonizer المستعمِر و وشەی ئێستێعمارکراو: Colonized: المستعمَر) و ھاوتاکانی دەکار کراوە.

[۱۰] . دەتوانین نموونەی زۆر بۆ پێشەنگبوونی نەبەز وەکوو بیرمەندێکی ئەنسێکڵۆپیدیایی بھێنینەوە. تەنانەت یەکەم کتێبی کوردی لە فیزیادا، نەبەز نووسیویەتی بە ناو”سەرەتای میکانیک و خۆماڵەکانی مادده“ کە لە ساڵی ۱۹۶۰ دا ئەو کتێبەی بۆ قوتابخانە ناوەندییەکانی کوردستان نووسیوە.

[۱۱] . دیارە زۆریەک لەو خوێندنەوە نەژادیانەی کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا بنەمابۆش کراون، ئێستایش لە ڕۆژھەڵاتی ناڤیندا زۆر باون. بۆیە خوێندنەوەی نەژادی مێژوو، سەرەڕای ھەڵەبوونی، لە کاتی نووسینی ئەو کتێبەدا لە زۆربەی وڵاتانی جیھان وەکوو ڕاستیەکی حاشاھەڵنەگر دەبیندرا.

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

حیکایەتی چلشەوەی قەلەندەران

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *