خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / شیعر لەنێوان یاخیبوون و شۆڕشدا؛ سەبارەت بە ئەزموونی شێعری شوعەیب میرزایی

شیعر لەنێوان یاخیبوون و شۆڕشدا؛ سەبارەت بە ئەزموونی شێعری شوعەیب میرزایی

شیعر لەنێوان یاخیبوون و شۆڕشدا؛ سەبارەت بە ئەزموونی شێعری شوعەیب میرزایی

ئارام سدیق

(۱)

ئەگەر لە کۆندا و بەتایبەت لە ئەدەبی کلاسیک و ڕۆمانتیکدا دەقی شیعری دەقێکی پابەندبووبێت بە هەندێک یاسا و ڕێسا شیعرییەکانەوە. ئەوا شیعری نوێ هەموو ئەو کۆتوبەند و پابەندبوونانە فڕێ دەدات و چەشنی مار بەردەوامە لە فڕێدانی کاژی خۆی و هەمیشە لە نوێبوونەوە و داهێناندایە. شیعر بۆ ئەوەی نەمرێت، پێویستی بە نوێبوونەوەی بەردەوامە و شاعیر تا ئەوکاتە زیندووە کە وزەی نوێبوونەوە و بەرهەمهێنانی دەقی شیعریی نوێی هەیە، بەبێ نوێکردنەوە شاعیر جاڕی مەرگی خۆی دەدات. تێری ئیگڵتۆن لە جێگەیەکدا دەڵێت: “شیعر جۆرێکە لە نائاساییبوونی داهێنەرانە و نوێگەرانە، واتە دەردێکی وروژێنەری زمانە.” (۱)

 لەم پێناسەیەوە کاتێک بەر وشەی نائاساییبوون دەکەوین، کەواتە ئێمە لەبەردەم شتێکی نوێداین و چاوەڕوانی شتێکی نوێ دەکەین. بێگومان لەم سەرنجدانەدا، یەکەم بەرکەوتنمان لەگەڵ زماندایە، چونکە “شیعر جۆرێکە لە ئەزموونی زمانی”(۲)، بۆیە زمان گرنگی سەرەکی لە خولقاندنی شیعر و دروستکردنی فەزایەکی شیعر و گوتاری شیعریدا هەیە، چونکە “ئەزموونی شیعریی پێویستی بە جۆرێک لە شارەزایی، یان توانای زمانەوانی هەیە، کە دەبێت فێری بین”(۳) بێگومان ئەمە هەم پەیوەندی بە خودی شاعیرەوە هەیە هەم پەیوەندی بە خودی (خوێنەر/ وەرگر)ـەوە هەیە. لەبەر ئەوەی هەموو دەقێکی شیعری خاوەنی دەیان پنتی شاراوەیە، کە چاوێکی دەوێت کەشفی بکات و کۆدەکانی بکاتەوە.  

چەند ساڵێک لەمەوبەر لە وتارێکدا سەبارەت بە گوتاری شیعریی “محەمەد ماغوت”ی شاعیری سوریی باسم لەوە کرد، کە ئەم شاعیرە یەکێکە لە شاعیرە یاخییەکانە  و ئەو لە بۆچوونەکانیدا جاڕی یاخی بوونی  لەو نیشتیمانە داوە، کە لەگەڵ ئەوەی نیشتیمانی خۆی بووە، بەڵام تێیدا بە ئاوارەیی و سەرگەردانی ژیانی کردووە. ماغووت؛ شاعیرێکی ڕادیکاڵە دژ بەو وێنە وەهمیانەی تاکی ڕۆژهەڵاتی بۆ خۆشەویستی نیشتیمان دروستی دەکەن و بە چاوێکی کوێرانەوە لە نیشتیمان دەڕوانن، چاوێک کە زۆرجار کوێرە لە ئاستی ڕاستیدا و جارێک نیشتیمان دەکرێتە باشترین سەرزەمین و جارێکی خاکەکەی بە گەوهەر و ئاوەکەشی بە کەوسەر دەشوبهێنرێت و لەلایەکی دیکەشەوە فەزڵی دەدرێت بەسەر وڵاتانی دیکەدا، کە ئەمەش فەزڵدانێکی کوێرانەیە.

یاخی گەری  ماغووت تەنها لە چوارچێوەی گوتاری شیعریی و لە ڕێی شیعر و پەخشانەکانییەوە بەردەوامی هەبوو و ئەمەش تا دوا ساتەکانی ژیانی بۆی ژیا و لەگەڵیدا ڕاستگۆ بوو. بەڵام یاخی گەری  ئەم شاعیرە نەبووە هۆی یاخیگەرییەکی  گەورە لەنێو شیعردا و نەبووە نوێکەرەوەی زمانی شیعریی و داهێنانی ئەزموونێکی نوێی شیعریی لە ڕووی فۆڕم و زمانەوە، تەنها خیانەتکردن و یاخیبوونەکەی لەنێو گوتاری شیعریدا ڕەنگیدایەوە. بەڵام خودی شیعر و دونیابینی شیعریی داوای ئەوەمان لێدەکات لە هەموو ئاستەکاندا ڕادیکاڵ و لە هەموو پنتەکاندا نوێکەرەوە و یاخیگەر بین لە تەواوی ئەو ئەزموونانەی پێشتر هەبوون. هەموو شاعیرێکی ڕاستەقینە جگە لە یاخیگەرێگی  گەورە و هەمیشەیی، هیچی دیکە نییە. ناسنامەی شاعیربوون بەندە بە یاخیبوون و خیانەتکردنی شاعیرەوە لەنێو زمان و گوتاریی شیعریدا. شاعیرە گەورە و داهێنەرەکانی چەشنی “بۆدلێر، ڕامبۆ، ڤالێری، ئەدۆنیس و بەراهەنی” لەو یاخیگەرییە هەمیشەییانەبوون، کە بە یاخیگەرییان  لەنێو دونیای شیعردا چەسپاند و نوێگەرییان خولقاند و دونیای شیعریی کۆنینەیان نوێکردەوە.

لەنێو دونیای شیعری کوردییدا ئەگەر گۆران وەکو یەکێک لە شاعیرە  یاخییانە  ئەژمار بکەین، بەڵام یاخیگەرێکی  شەرمن و گشتگیر نییە، ئەو تەنها توانی  لە کێشی کلاسیکی شیعریاخی بێت  و توانای “یاخیگەرییە گەورەکە”ی نەبوو، کە نوێکردنەوەی زمان و هزریی شیعرییە. ئەگەر لە دوای گۆران، شێرکۆ بێکەس، یەکێکی دیکە بێت لە شاعیرە یاخییەکان ئەوا ئەویش ساڵانێکی زۆر کۆیلەی ئایدۆلۆژیای ناسۆنالیستی بوو، تا ئەو کاتەی دەقی “ئێستا کچێک نیشتیمانمە” دەنووسێت لەوێوە درزی  یاخیبوون لە ئەزموونە شیعریەکەیدا گەورە دەبێت، بەڵام هەر ساڵێک دواتر بە دەقی “ئەسپێک لە پەڕەی گوڵاڵە” ئەو درزە خامۆش و ساڕێژ دەکات و وەکو جۆرێک لە پاکانە دەگەڕێتەوە سەر هەمان ئایدۆلۆژیای نەتەوەپەرستی و لە دوا دەقی تەواو نەکراویشدا “یادەوەری پاسکیلێکی کەرکوکی” پێداگریی لەسەر ئەمە دەکات. بەڵام نکۆڵی لەوە ناکرێت، کە لە چەند ئاستێکدا شێرکۆ بێکەس شاعیرێکی یاخی بووە، چ لە زمانی نووسینی باو و چ لە داهێنانی وێنەی شیعریی و پەرەدان بە ئایدیای دەقی واڵا و چەند ئاستێکی دیکەدا. لە دوای شێرکۆ بێکەس، بەختیار عەلی ئەو یاخییە  گەورەیەیە، کە قودرەتی داهێنانی ستایڵێکی نوێی شیعریی هەیە و هەر لە دوای ڕوانگەوە لە سەرەتای هەشتاکانەوە کە دەقی “نیشتیمان” دەنووسێت، جۆرێکی دیکە لە دەقی شیعریی بە شێوەی پەخشانی و بە شێوازێکی تەواو جیاواز و بە ڕیتم و موفرەدەی تایبەت و بە دونیابینییەکی تەواو نوێوە دێت و ئەزموونێکی نوێی شیعریی چێ دەکات و  لە بەشی هەرە زۆری شیعریی کوردی یاخی دەبێت   و ئەم ئەزموونەش تا هەنووکەش درێژ بووەتەوە و هەر ئەمەش بەختیار عەلی (وەک شاعیر) کردووە بە دەنگێکی جیاواز و تایبەتی شیعریی کوردی و ژمارەیەکی زۆریش لە شاعیرانی هاوسەردەمی و نوێی خۆی کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی موفرەدە و فەزا شیعریەکەیەوە.

ئەوەی لێرەدا خرایەڕوو سێ ئەزموونی دیاری شیعریی سەدەی ڕابردووە و تا هەنووکەی شیعریی کوردین، کە دەنگی دیار و کاریگەریی شیعری کوردی بوون و هەن. بەڵام دەنگێکی نوێی و یاخی  ساڵانێکە  لە هەوڵی خەمڵین و پێگەیشتندایە، کە دەیەوێت ببێتە یاخیگەر و دیکە لە تەواوی ئەوەی تا ئێستا هەبووە و هەیە، ئەو دەنگەش شوعەیبی میرزاییە، دەنگێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، بەڵام بە سەدایەکی شیعریی نوێگەرانە و یاخیگەرانەوە.

 

(۲)

میلان کۆندێرا دوای نووسینی چەندین ڕۆمان و کتێبی تیۆری سەبارەت بەو ژانرە، لە چاوپێکەوتنێکدا ئەوە دەخاتەڕوو کە ئەو هەمیشە کەڵکەڵەی ئەوەی هەیە کە خیانەتێکی گەورە بکات، کە هێشتا نەیکردووە، دەڵێت: “من هەمیشە خەون بە خیانەتێکی گەورەی چاوەڕواننەکراوەوە دەبینم”.(۴) پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا نووسەران کەی دەگەن بە یاخیبوون و رووداوه گەورەکە؟ کاتێک باس لە یاخی بوون و رووداو  دەکەین واتە نووسەر دەبێت پێشخۆی تێپەڕاندبێت، تێپەڕاندن بەو مانایەی لە ڕێگەیەکی دیکەوە و ئەزموونێکی نوێی نووسینی سەر پێ خستبێ. بۆ نموونە ئەگەر شاعیرێک بەردەوام بێت لە دووبارەکردنەوەی هەمان شێواز و گوتاری شیعریی شاعیرانی پێش خۆی ئایا گرنگی بوونی ئەم شاعیرە لە کوێدایە؟ بەڵام ئەگەر شاعیرێک بە هەوڵدان بۆ خولقاندنی دونیای نوێی شیعریی و هاوکات داتاشین و کەڵکوەرگرتن لە موفرەدەی نوێ و کارکردن لەسەر گوتارێکی نوێی شیعرییدا ئەوکات بوونی ئەم شاعیرە دەبێتە پێویستی.

بەختیار عەلی لە جێگەیەکدا دەڵێت “تازەگەرییەک نییە بێ گوناهێکی گەورە و لای کەسی تازەگەریش لە دەرەوەی گەورەیی گوناهەکانی، شکۆ و گەورەییەکی دیکە نییە شانازیان پێوە بکات”.(۵) شاعیران و نووسەران هەر لەسەرەتاوە دەبێت بە یاخیگەری  دەست پێ بکەن وەکوو ئەوەی کۆندێرا بەردەوام لە هەوڵی کردنیدایە تا دەگاتە روودا و یاخی بوونە  گەورەکە. یاخی بوون و رووداو و “خیانەتە گەورەکە”ی هەر نووسەرێک (ئەگەر بەتایبەتتر باسی شاعیر بکەین) ئەو کاتە دەردەکەوێت، کە لە هەموو ئاستەکاندا نوێکردنەوە ببینرێت. هەر لە زمانەوە تا خولقاندنی فەزای شیعریی و گوتاری شیعرییەوە تا ئاستی داهێنانی شێوازێکی نوێی بیرکردنەوەی شیعریی.

شوعەیبی میرزایی

شوعەیبی میرزایی وەک دەنگێکی نوێی شیعریی کە هەر لەسەرەتاکانی ئەزموونی شیعرییەوە دەستی بەو یاخیگەری و رووداو خولقاندنە  کردووە لە زمان و گوتاری شیعریی و تا هەنووکەش لەو رووداو و یاخیگەرییە  بەردەوامە، بەڵام ئایا گەیشتووە بە “رووداو و یاخیگەرییە  گەورەکە” وەکو کۆندێرا دەڵێت؟ ئەوەیان جارێ بێ وەڵامە، بەڵام بەپێی ئەو ئەزموونە شیعریانەی بەردەوام کاریان لەسەر دەکات و ئەو کەڵکەڵانەی لە دونیای شیعردا خاوەنییەتی میرزایی لە ڕێگەیە و بەردەوامە لە یاخی بوون . هەر بۆیە بووەتە جێگەی سەرنجی من و دونیا شیعرییەکەی وەکو دونیایەکی نوێی شیعریی دەبینم.

یەکێک لەو خاڵانەی کە شوعەیب دەیەوێت لێ یاخی بێت   ئەوەیە ساڵانێکی زۆرە شیعریی کوردی پشتی لە کەڵکوەرگرتن کردووە لە بەیت و شیعرە فۆلکلۆرییەکان، هاوکات ئەو موفرەدانەی کە لۆکاڵن. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ت.س.ئیلیۆت لە دەقە گرنگەکەیدا “وێرانە خاک”. کەڵکوەرگرتن دەبینین لە هەموو کەرەستەیەک بۆ خزمەتی شیعر، هەر ئەمەشە شاعیر دەکاتە شاعیرێکی داهێنەر و جیاوازنووس، شاعیران مەحکوومن بەوەی کەڵک لە هەموو کەرەستەیەک وەربگرن، کە خزمەتی دونیای شیعر بکات. ئیدی ئەو کەرەستەیە سەر بە چ دونیایەکە بۆ شاعیر بایەخێکی ئەوتۆی نییە. پێدەچێت هیچ کەرەستە و موفرەدەیەک نەبێت شاعیری داهێنەر نەتوانێت نەیشیعرێنێت.

ئەگەر بە وردی سەرنج لە ئەزموونی ئەم شاعیرە بدەین، دەبینین “سوودوەرگرتن لە موفرەدەی لۆکاڵ” یەکێکە لە سیما جیاکەرەوەکانی ئەزموونی شیعریی ئەم شاعیرە. سوودوەرگرتنێک هەڵبەت لە نێو گوتار و بەستێنێکی دیکەدا، کە پێشتر بەو شێوەیە کاری لەسەر نەکراوە.

ئەم شاعیرە لە ئەزموونی “گورگەکانی خانمی ۱۹۶۸”(۶)دا ئەمەی پەیڕەو کردووە و لەوێدا خوێنەر بەر موفرەدەگەلی لە چەشنی “ڕاوێستاوە لەو بانە…”، یان “هەتیم”، “لامەسەب” و زۆر موفرەدەی دیکە دەکەوێت، کە جۆرێک لە بەرگی شیعریان لەبەرکراوە، هەڵبەت لە سیاقێکی شیعریدا، کە تایبەتمەندی دونیاکەی ئەم شاعیرەیە. کاتێک لەسەرەوە باسی لۆکاڵبوونمان کرد مەبەستمان لەوەیە کە شیعر ئەگەرچی خاوەنی زمانێکی تایبەت و داهێنراو و باڵایە. بەڵام ڕەگێکی لە کۆکاڵییەتدایە. ئەگەر نموونەیەک لە ئاستی زمانیی ئەزموونی شیعریی شێرکۆ بێکەس وەربگرین، دەبینین لە شیعری شێرکۆدا زمان تێکەڵەیەکە لە زمانێکی شیعریی پتەو و نوێ و شارستانی، لەگەڵ بەکاربردنی لێشاوێک لە موفرەدەی لۆکاڵی گوندەکی، یان هەندێکجار بە پەنابردن بۆ فەرهەنگ وشەی مردووی نێو لاپەڕەکانی فەرهەنگی زیندوو دەکردەوە. بێگومان لەم ئاستەدا دەکرێ ستایشی ئەزموونی شێرکۆ بێکەس بکەین، کە خاوەنی توانایەکی سەرسوڕهێنەربوو بەرامبەر بە زمان، کە خۆی گوتەنی “ئەسپی زمانی ڕام دەکرد”. ئەرکی شاعیر ڕامکردنی ئەسپی زمانە بە جۆرێک کە فەزایی ئەفرێنراوی شیعریی دەیخوازێت. لۆکاڵییەت نیشانەی لاوازی شاعیر نییە، وەکو هەندێک نووسەری وەهماوی باسی دەکەن، بەڵکو دەشێ جۆرێک لە ڕیشەبێت لەنێو هەناوی کۆمەڵگەدا.

شاعیرەکان هەمیشە ڕیشەیان لەنێو کولتوور و زمان و نەتەوەی خۆیاندایە. ئەم ڕیشەیە بە ئاگا و بێئاگا لەنێو دونیا شیعرییەکەیاندا ڕەنگدانەوەی هەیە. کارکردن بۆ پچڕاندنی زۆرەملێی ئەم ڕیشەیە بە زمانی شیعر و خودی شاعیریش دەگیرسێتەوە و شیعر لە جێگەیەک هەڵدەواسرێت کە دەشێ “ناشوێن”ێک بێت. شیعر لەنێو زمان و کولتوور و نەتەوەیەکدا پێویستی بە شوێنێکە، کە دواجار دەبێتە ناسنامەی ئەو شیعرە. لای میرزایی لۆکاڵییەت لەپێناو گەیاندنی پەیامی شیعریی و پیشاندانی ڕیشەی شیعر و ئەزموونەکەیەتی لە سیاقی زمانێکی دیاریکراودا کە زمان و کولتووریی کوردییە.

 

(۳)  

دروستکردنی زمانێکی نوێی شیعریی ئەرکی یەکەم و سەرەکی هەر شاعیرێکە. هەر شاعیرێک بۆ ئەوەی خۆی لە سێبەری شاعیرانی دیکە و بەتایبەت هاوسەردەمەکانی ڕزگار بکات پێویستی بە دۆزینەوە و کەشفکردنی زمانێکی دیکەیە. بەڵام ئایا ئەو زمانە نوێیە دەبێت چۆن بێت؟ بێگومان ئەمە دەبێت خەم و پرسیاری سەرەکی شاعیرەکە بێت. زمان وەکو هایدیگەر پێناسەی دەکات ماڵی بوونە. کاتێک شاعیرێک ماڵێکی نوێ لە بوونی خۆیدا چێ دەکات ئیدی لەوێوە زمانێکی نوێی شیعرییش لەدایک دەبێت. لە دایکبوونی زمانێکی نوێی شیعریی بەرهەمی بیرکردنەوە و قووڵبوونەوە و تێڕامانی شاعیرە لە شیعر و لێکەوتەکانی دیکە.

ئه‌دۆنیس قسەیەکی سەرانجڕاکێشی هەیە كه‌ ده‌ڵێت: “شیعر پێچه‌وانه‌ی ڕوونییه‌، كه‌ وا ده‌كات شیعر ببێته‌ ڕووكارێكی بێ قووڵایی. هه‌روه‌ها شیعر پێچه‌وانه‌ی ته‌مومژه‌، كه‌ وا ده‌كات شیعر ببێت به‌ ئه‌شكه‌وتێكی داخراو.”(۷) ڕوونی و سادەیی شیعر دەکاتە ڕیزێک وشەی بێڕۆح و سواو. تەمومژ و ئاڵۆسکاندنیش شیعر چەشنی بیابانێکی گەرم و وشک لێ دەکات، کە خوێنەر نەتوانێت لە دونیاکەیدا هەڵ بکات. شیعر کارکردن و کەشفکردنی زمانە لەو نێوانەدا، کەشفکردنی ڕووناکییە لەنێو زوڵمەتدا، بینینی نەبیراوە لەنێو ڕۆشناییدا. ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەوەیە لای ئەم شاعیرە ئەم پرۆسەیە بەتەواوی ڕوویداوە، شیعر نەئاڵۆسکاندنە، نەک سادەکردنەوەیە. بەڵکو ڕاگرتنی هاوسەنگییەکی شیعرییە لەنێو تەمومژ و ڕووکەشگەراییدا. هەر ئەمەشە کە شیعری ڕاستەقینە دەیخوازێت.

شەڕکردنی ئەم شاعیرە دژی ئەو سادەکردنەوەیەی لە ئێستای شیعریی کوردی و هەتا فارسیشدا دەبینرێت شەڕکردنێکە جێگەی سەرنجە و هەر ئەمەشە ئەزموونی ئەم شاعیرە دەکاتە ئەزموونێکی جیاواز و جێگەی سەرنج. شەڕی شاعیران لە هەموو سەردەمێکدا دەبێت هەم دژی سادەکردنەوە بێت هەم دژی ئاڵۆزکاندن و تەمومژیش، ئەم ڕۆژگارەی کە بە بەردەوامی بەر “مەرگی شیعر” دەکەوین ئەوە شاعیران دەستبەرداری ئەو شەڕە بوون و خۆیان داوەتە پاڵ یەکێک لەو دوو بەرەیەی کە ئەدۆنیس باسی دەکرد. بەشێک لە شاعیران ماڵی خۆیان لە بەرەی ڕووکەشنووسیدا دەدۆزنەوە و بەشێکی دیکەش لەنێو ماڵی ئاڵۆزکاندندا نیشتەجێن. کە لە ڕاستیدا هیچیان ماڵی ڕاستەقینەی دەقی داهێنەرانە و شیعریی ڕاستەقینە نین. ماڵی ڕاستەقینەی شیعر ڕووبەرێکە هەم دوورە لە ڕووکەشگەرایی، هەم دوورە لە جیهانێکی ئاڵۆزکاوی پڕ تەمومژ.

 

۴

ڕاینە ماریا ڕیلکە قسەیەکی سەرنجڕاکێشی سەبارەت بە دوالیزمیەتی بوونی شاعیر هەیە و ئەو دەڵێت “شاعیر ئەو کەسەیە کە دەیەوێت ببێت بە بەرد و هاوکات ببێ بە ئەستێرەش”.(۸) شیعر لەگەڵ ئەوەی هونەرێکی پڕ لە ئیستاتیکا و هێمنییە، بەڵام لە هەمانکاتدا هونەریی تووڕەیی یاخیگەریشە، چونکە “شیعر وەکو زانست ناچار نییە ملکەچی ڕێسایەکی جێگیر و نەگۆڕ بێت و کاری تەنها ڕێکخستنی وزەکان بێت، بەڵکو تایبەتمەندی شیعر لەوەدایە کە سەروڕێسا و بونیادەکان دەکەوێت و وزە و تواناکان قوتار دەکات و دەیانتەقێنێتەوە و ڕێگەکانی پێ ڕۆشن دەکاتەوە”(۹) ملکەچنەبوونی شیعر ئەو ئیمکانەی تێدا دەچێنێت هەم هێمنی تێدا بێت هەم تووڕەیی، هەم لۆکاڵبوون لە هەناویدا بێت هەم گەردوونگەرایی، بەڵام بە ڕەهایی دەتوانین بڵێین شیعر هونەرێکی یاخیگەرانەیە و دەستەمۆ نییە، ئەوکاتە شیعر دەستەمۆی ئایدیا و ئایدۆلۆژیایەک دەکرێت لە شیعربوون دەکەوێت.

شیعریی شوعەیب خاڵی نییە لە تووڕەیی، بەڵکو ئەو لەو ساتانەشدا کە هەست بە هێمنی دەکرێت ئەو تۆنێکی تووڕەیی تێدایە. شیعریی ئەم شاعیرە دوای کارەساتەکان هەڵدەقوڵێت. دوای ئەوەی مەعشوق خیانەت دەکات ئیدی شاعیرە عاشقەکە تووڕیی خۆی دەنووسێتەوە. بەڵام تووڕەییەکی هەرزەکارانە نییە، بەڵکو تووڕەییەکی تەواو شاعیرانە و بوونگەرییانەیە.

یەکێک لە لێکەوتەکان، یان دیاردەکانی ئەم تووڕەییەی ئەم شاعیرە پێداگرییە لە ڕێی دووپاتکردنەوەی وشەوە. ئەو لە کتێبی “تارانەکانی ئەم پێستە ئێش دەکا”دا(۱۰) لە چەندین جێگەدا لەڕێی دووپاتکردنەوەوە دەیەوێت پێداگریی لەسەر تووڕیی شاعیرانە بکات.

تایبەتمەندییەکی دیکەی شیعری ئەم شاعیرە ئەوەیە کە “دەنگی ئەوی دیکە”(پێرسۆنا) دەهێنێتە نێو شیعرەکانییەوە. شاعیر بە دواندنی شاعیرانی دیکەی پێشخۆی دەیەوێت دەنگی ئەوانی دیکەش بهێنێتە نێو شیعرەکانییەوە و جارێک لەگەڵ نالیدا پەیوەندی دەگرێت و جارێک لەگەڵ بەراهەنی و جارێکی دیکەش لەگەڵ مەحویدا ئاوێتە دەبێتە و دەنگی خۆی و دەنگی ئەو ئاوێتەی جیهانێکی نوێی شیعریی دەبێت. شاعیر لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بیر دەکاتەوە نەک تەنها وەسفیان بکات. واتە پەیوەندی دروستکردنی ئەم شاعیرە لەگەڵ شاعیرانی دیکە پەیوەندییەکی هزرییە نەک پەیوەندییەکی سۆزگەرایی پڕ لە وەسف. هەر ئەمەشە دونیای ئەم شاعیرە لەگەڵ شاعیرانی دیکە جیا دەکاتەوە.

 

۵

لە پێشتردا باسمان لەوە کرد کە شیعر یاخی بوون و خەیان کردنە لە پێکهاتەی باو، بەڵام ئەگەر ئەمە وردتتر بکەینەوە دەتوانین بڵێین شیعر شۆڕشێکی بەردەوامە. شۆڕشێکە لە زماندا، شۆڕشێکە لە فۆڕمدا، لە دۆزینەوەی موفرەدەی نوێی و کەشفکردنی مانای نوێدا. شۆڕشێکە هەمیشە بۆ کەڵکەڵەی تەیکردنی سەرزەمینی نوێی هەیە تا داگیریی بکات. دەخوازێت ئەو ڕووبەر و پنتانە کەشف بکات کە ژانرەکانی دیکە دەستیان پێی ناگات. هەر ئەمەشە نهێنی سەرەکی هونەری شیعر.

شوعەیبی شاعیر لە شیعرە کورتەکانیدا خاڵی جیاوازی هەیە و زیادەڕەوی ناکەین بڵێین شۆڕشگێڕە، ئەو دیسان خۆی سادە ناکاتەوە، هەرچەندە زۆرجار کورتەشیعر وەکو شیعری سادە و ڕوون دەناسێنرێت و بە هونەرە ئاسانەکە ناو دەبرێت، بەڵام لای ئەم شاعیرە سادەیی مانای دیکە وەردەگرێت و ڕوونیش تەنها بۆ کردنەوەی دەرگایە بۆ دونیای دیکە. ئەگەر ئەم باسە ڕوونتر بکەینەوە کاتێک شاعیر وشەی ڕۆژانە و (سادە) لە کورتە شیعرەکانیدا بەکار دەهێنێت بۆ ئەوە نییە (بەسادەیی) گوزارشت لە ئایدیایەک بکات، یان وێنە و ڕووداوێک بە وشە بنووسێتەوە، بەڵکو دەیەوێت تێگەیشتنێکی دیکە بۆ ئەو وشە و ڕووداوە دروست بکات و بەدیارییەوە هزریین بەرهەم بهێنێت. “تێگەیشتن لە شیعر پابەندی گێڕانەوەی وشەکان نییە لە سیاقی شیعرەوە بۆ سیاقی زمانی ڕۆژانە، بەڵکو پابەندی تێگەیشتنە لە شیعر بەو پێیەی وشەی شیعریی بوونێکی جیاواز و تایبەتمەندتریی لە وشەی ڕۆژانە هەیە.”(۱۱) ئەم شاعیرە لەبەکارهێنانی زمانی رۆژانەشدا شۆڕشێک دەکات کە کەم شاعیریی دیکەی کوردی توانیویانە بیکەن.

“بڵێ دیوار خۆی بە پەنجەرەما ئەساوێ

من پاییزان

قاڵاو بۆ هاوین هەمار دەکەم

بڵێ شار بێ قەتاریش هەر سوارە

بڵێ پاییز خۆشە

بەو مەرجەی

خۆر

بڕێ جار خۆی

لە سینە و سێبەرمان بدات”(۱۲)

شاعیر لەبارەی کورتە شیعرەکانەوە لە پێشەکی کتێبی کورتە شیعرەکانیدا دەنووسێت “دیارە شیعر بە مانا پۆئیتیکییەکەی کارێکی زۆر دژوارە و داهێنان دژوارترین و گرنگترین کاری هونەرمەندە و پێموایە شیعری کورتنووسین دژوارییەکی تریشی پێ زیاد دەکات”.(۱۳)

لەم چەند ڕستەیەوە هەست بە درککردنی شاعیر دەکەین بە دژواری نووسینی هەم شیعر و هەم کورتەشیعر. ئەگەر شیعر (یان دروستتر بڵێین قەسیدە) بەرهەمهێنانی جۆرێک لە میوەی شیعریی بێت، ئەوا کورتەشیعر هونەری بەرهەمهێنانی رۆحی میوەی شیعرییە، یان چڕکراوە ئایدیاکانی و وێنە و ڕووداوەکانە کە شاعیر دەیەوێت بیاننووسێتەوە. پۆڵ ڤالیری لەبارەی نووسینی شیعرەوە بە گشتی و بەتایبەت نووسینی شیعری کورتەوە ئەوە دەخاتەڕوو “کە دروستکردن و هۆنینەوەی شیعرێکی ئەگەرچی کورتیش بێت، لەوانەیە ساڵانێک کاتی بووێت، بەڵام کاریگەریی لەسەر خوێنەر تەنها لە چەند خولەکێکدا دروست دەبێت”.(۱۴)

نووسینی شیعر؛ هونەرێکی سەختە، کە ماندووبوون و چاوەڕوانییەکی زۆری دەوێت تا وەکو بروسکەیەک بگاتە خوێنەر و زۆربەی شیعرە سەرکەوتووەکان بروسکەئاسا زوو و ڤالێری گوتەنی لە چەند خولەکێکدا دەگەنە خوێنەر، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا چەندین دەقی دیکە هەیە کە درەنگتر دەگەنە خوێنەر و سرک و ڕامنەکراون و پێویستیان بە دووبارە و چەندبارە خوێندنەوە و بەرکەوتن هەیە بۆ ئەوەی بروسکە لە دڵی خوێنەر هەڵبستێنن. سەبارەت بە ئەزموونی ئەم شاعیرە دەتوانم بڵێم دەقەکانی شوعەیب تێکەڵەیەکە لە هەردوو جۆرەکە، دەقگەلێکی هەن کە بروسکەئاسا دەگەنە دڵی خوێنەر و هاوکات دەقگەلی دیکەشی هەیە کە چنراون بە کۆد و موفرەدەی جۆراوجۆر کە زوو ناگەنە خوێنەر و گەیشتن بە هەموو، یان زۆربەی پنتەکانی دەقەکە پێویستی بە دووبارە خوێندنەوە هەیە.

 

۶

ئەگەر قسە لە ئەرکی شاعیر بکەین دەبینین شاعیران گەلێک ئەرکیان لەسەر شانە، بەڵام هەموو ئەرکەکان ئەرکی ئیستاتیکین، نەک ئەرکی ئایدۆلۆژی. شاعیر ئەرکی ئایدۆلۆژی نییە، ئەو شاعیرەی خۆی بە ئایدۆلۆژیایەکدا هەڵدەواسێت یان تێکەڵی دەبێت بە جۆرێک لە جۆرەکان ماڵئاوایی لە ئەرکی شاعیرییەتی ڕاستەقینە و پەیامی ڕاستەقینەی شیعر دەکات. ئەرکی شاعیران نوێکردنەوەی زمان و فۆڕم و ئایدیای شیعرییە. ئەوەی کە لەسەرەوە باسمان لە شۆڕشی بەردەوامی شاعیر و یاخیگەرییەکانی کرد مەبەستەکە ئەوەیە ئەرکی شاعیر تەنها ڕیزکردنی وشە نییە. شاعیر جودایە لە وشەڕیزکار. ئەو لێشاوە کتێبگەلەی بەناوی شیعرەوە دەنووسرێن شیعر نین، بەڵکو جیهانێکن لە وشەی ڕیزکراو و بنووسەکانیشان شاعیران نین، بەڵکو وشەڕیزکارەکانن.

ئۆسکار وایەڵد دەڵێت: “هونەر ژیان دەخولقێنێت.” لەم وتەیەی وایەڵدەوە پیرگامارا ئەوە هەڵدەهێنجێت کە “شاعیری بلیمەت زمانی پاشەڕۆژ دەخولقێنێت”.(۱۵) بۆیە هەموو شاعیرێک لەگەڵ ئەم ئەرکەیدا کە زمانی پاشەڕۆژ بخولقێنێت ئەوا ئەرکی ئەوەیە فۆڕمی نوێی شیعریی دابهێنێت و هاوکات وشەی نوێ لە سەرزەمینی پەراوێزخراودا بدۆزێتەوە و بە ئایدیای نوێوە پێشکەشی خوێنەری بکات. هەموو شاعیرێکی راستەقینە هەستی بەرپرسیارێتی بەرامبەر زمان و هونەری شیعر هەڵگرتووە و ئەمەش لای شوعەیب بە ڕوونی هەستی پێ دەکرێت.

لە هەر چوار بەرهەمە شیعرییەکەی ئەم شاعیرەدا بە وردی بەر بەرپرسیارێتی شیعریی و نوێکردنەوەی زمان و فۆڕم و موفرەدەی شیعریی و بەرهەمهێنانی ئایدیای نوێ لە ڕێی شیعرەوە دەکەوین، کە هەموو ئەمانەن ئەزموونی ئەم شاعیرە دەکەنە ئەزموونێکی جیاواز و دیار و ڕەسەنی شیعریی کوردی.

 

پەراوێز و سەرچاوە:

___________________

۱- تێری ئیگڵتۆن، فۆڕمالیستەکان، و: نارین سەعدی، شیعر ژمارە ۱۰ لاپەڕە ۸۲٫

۲- موراد فەرهادپوور، ئاوەزی خەمۆک، و: عەدنان حەسەنپوور، ناوەندی غەزەلنووس۲۰۲۰ لاپەڕە ۱۱۵٫

۳-هەمان سەرچاوە…

۴- میلان کۆندێرا، هونەری رۆمان، و: کەریم پەڕەنگ، چاپکراوی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم (چ۱ ۲۰۰۵۵) ل۱۵۸

۵-بەختیار عەلی، لە دیارەوە بۆ نادیار، چاپکراوی ناوەندی ڕەهەند، چاپی سێیەم۲۰۲۱، لاپەڕە۱۷٫

۶-شوعەیب میرزایی، “شەوێ بەم بێشارییە شڵپاوە و عەتا زامارە…”-شیعر، چاپی۱۳۹۳٫

۷-ئەدۆنیس، چەند سەرنجێک سەبارەت بە ئەزموونی شیعریم، و: شوان ئەحمەد، دۆسییەی سەردەم زنجیرە ۲، چاپکراوی دەزگای سەردەم۲۰۱۶، لاپەڕە ۲۳٫  

۸-ڕزا بەراهەنی، دەربارەی شیعر و شاعیریی، و: حەمە کەریم عارف، چاپخانەی یاد، لاپەڕە۴۳٫

۹- ئەدۆنیس، چەند سەرنجێک سەبارەت بە ئەزموونی شیعریم لاپەڕە ۲۲٫

۱۰- شوعەیب میرزایی، تارانەکانی ئەم پێستە ئێش دەکا، شیعر، خانەی رۆنان ۲۰۱۹٫

۱۱- بەختیار عەلی، لە دیارەوە بۆ نادیار لاپەڕە۱۷۳٫

۱۲- شوعەیب میرزایی، باوکم شقارتە فرۆشێکی تاریکە- کورتە شیعر، چاپکراوی ناوەندی ڕەهەند ۲۰۲۲، لاپەڕە۳۱٫

۱۳- هەمان سەرچاوە لاپەڕە ۱۰٫

۱۴- پۆڵ ڤالێری، شیعر و بیرکردنەوەی ئەبستراکت، و: پێشڕەو محەمەد، بڵاوکراوەی شیعرژمارە ۴ ۲۰۱۷، لاپەڕە ۲۶۰٫

۱۵- کۆمەڵێک نووسەر، لاپەڕە پەرشەکان، ن.و: ئازاد بەرزنجی، چاپکراوی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم ۲۰۰۵۵، لاپەڕە ۱۵۰٫

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

حیکایەتی چلشەوەی قەلەندەران

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *