خانه / ماڵتی میدیا / ٩٥٥ وشە بۆ یادی شێرکۆ/ شێرزاد هەینی

٩٥٥ وشە بۆ یادی شێرکۆ/ شێرزاد هەینی

 

٩٥٥ وشە بۆ یادی شێرکۆ

کتێبی ٩٥٥ دەقە لەگەڵ شێرکۆ بێکەس، یادێکی پیرۆزە و لەبیرم ناچێتەوە.

شێرزاد هەینی / ستۆکهۆلم

من زۆربەی رۆژەکان لەناو دارستانەکان و رێگا جوانەکانی نێوان تێنستا و رینکبی و ئاکالا و شیستا و یولستا پیاسەم دەکرد. هاوینەکە جوان بوو، وەرزەکە خۆش بوو، سەیری دار و گوڵ و چیمەن و سێبەر و ئاسمانە بێگەردەکەم دەکرد، چونکە خەڵکێکی زۆر کەمم لەو گەڕەکانە دەناسی، بۆیە سەیری خەڵکەکەم نەدەکرد، بەڵام بەیانییەکیان کات نیوەڕۆ بوو، لە گۆڕەپانەکەی بەر سەنتەرە قەڕەباڵغەکەی تێنستا، رێگاکە منی بەرەو سەنتەرەکە بردبوو، لە دوورەوە پیاوێکم بینی، کیسەیەکی نایلۆنی پڕ لە شووشەی لەدەست بوو، شانی بۆ شووشەکان لار کردبووە، لەگەڵ هەنگاوەکان و هەناسە و دووکەڵی جگەرە و یەلەگە رەشەکەی، من سەرم بەرزکردەوە، یان شووشەکان دەزرنگانەوە، نازانم چۆن چاوم کردەوە، بینیم، شیعر و مێژوو و نووسینی کوردی، جوامێریی، پێشمەرگە، وەزیر، کۆچ، دەربەندێک پەپوولە، ژن و باران، خاچێکی گەورە، گڕێک بۆ شکاندنی تینوویەتی، ماچێکی درێژ و عاشقێکی نەرم و گەرمیش، سەرم بەرز کردەوە، هەموو شیعرە درێژەکانی لە لاپەرەکانی کوردستانی نوێ و ئاڵای ئازادی بڵاویدەکردنەوە بیرم هاتەوە، دیوانە گەورەکەی کە لە سوید بە دیاری بۆم هاتبوو، دەربەندی پەپوولە، کە لە هۆلی میدیای هەولێر، لەناو چەپلە و سەرسامی، بۆ هەزار کەس دەیخوێندەوە، چۆن لەگەڵ قوورگ و وشەکان، لەگەڵ هەناسە، لەگەڵ خەمەکان خەڵکەکەی سڕ کردبوو، ئەوەم بەبیرهاتەوە، ئەوم بینی ئەوەم بەبیرهاتەوە کەس و بە قەد شێرکۆ بێکەس نازانێت، باس لە هەڵەبجە بکات، ئەوم بینی ئەوەم بەبیرهاتەوە، ئاسان نییە شیعری تر، بۆ ژووان و عیشق و راستگۆیی، وەک خونچەشیعر و وردەشیعر و چاوەشیعر و هەناسەشیعر لەدوای ئەو بگوترێت و بنووسرێت.


ئەو لێم دوورکەوتەوە، شووشەکانی دەستی ماندوویان کردبوو، دەستی گران ببوو، لەبەئەوەی پیاوێکی سادە بوو، لەسەر تەختەکە، لە بەرامبەر بەستەکەی تێنستا دانیشت، جگەرەیەکی تری داگیرساند، لەگەڵ دووکەڵەکە لە تێنستاوە بەرەو سابونکەران، بەرەو سەرگەلوو، بەرەو بەغدادیە، بەرەو بالیسان رۆیشت، لەگەڵ دووکەڵەکە دوور لە من، لە سۆمالی و عەرەبەکان و ژنە ناسکەکانی هاوین نیوەی جەستەی رووت کردبونەوە، رۆیشتبوو، من چوومە تەنیشتی، نێوانمان دەربەندی پەپوولە و تریفەی هەڵبەست و زێ و زنە، کتێبی ملوانکە بوو، دەزانن ئەو شیعری کردبووە ملوانکەش!؟
سڵاوێکی نەرمم لێ کرد، لە خەوەکە و لەناو دووکەڵەکە و لەگەڵ خەیاڵی وشە و دارشتنی شیعرێکی نوێ دوورم خستەوە، خۆم پێ ناساند، وتی: ناوتم بیستووە، دەزانم بەرهەمی باشت هەیە، دەستخۆش.
لێم پرسی، خەریکی چیت.
ئەو وتی: لەدەزگای سەردەم پشوومان هەیە، چووم بۆ ئەستنبۆڵ لەوێ شیعرم لەگەڵ چەند شاعیرێکی جیهانی خوێندەوە، باش بوو، خەڵکەکە گوێیان لە شیعری کوردی راگرت، ترجمەی شیعرەکە هەستی خەڵکەکەی دەجولاند، ئێستاش لێرەم و دەچمەوە، هەندێ سەردانی دکتۆرم هەیە، تەواو بێت دەچمەوە.
بەڵێ، وتی دەچمەوە، ئەو، کە کوردستان لەناو ئاگر بوو، لەوێ بوو و زۆریش دەمایەوە، ئەو فرۆکەی بەعس گوند و رەزی دەسوتاند، شێرکۆ و کۆڵەپشتەکەی لەوێ بوو، ئەو لە کوردستان بوو، کە مامە ریشە بەعسی هەراسان کردبوو. بەڵێ دەچێتەوە، لە دەرەوە و دوور لە شیعر و شار ناحەوێتەوە، دەچێتەوە.

منیش وتم: ئەگەر بوارت هەیە با چەند رۆژێک بەیەکەوە قسە بکەین!

ئەو دەستی توند بە عەلاگە تەنکەکەوە بوو، شووشەکانیش دەلەرینەوە وتی: باسی چ بکەین.
من وتم: هەموو شت!
ئەو بێ بیرکردنەوە وتی: باشە.

منیش وتم کەی، ئەو دیسان، وەک شیعر، بەپەلە و سوار و زۆر ئامادە وتی: بەیانی، باشە.
لەو رۆژانەی لە تێنستا و رینکبی و قاوەخانەکان، لەبن دارەکان، لەسەر تەختە لاچەپەکان و دوو رۆژیش، لە ناو ژوورە بچووکەکانی بیبولوتیکی تێنستا، دوو رۆژێک لەناو ‌قەڕەباڵغی پیاوە دەنگە گەورەی سۆمالییەکان، لە کافتریاکەی رینکبی، دیمانەم لەگەڵ شێرکۆ بێکەس لە ستۆکهۆلم کرد.


بە دە رۆژ و بەیانییان، قسەمان کرد و منیش بە یەک مانگ دیمانەکەم نووسیەوە و دواییش چاپمان کرد، هەر زوو هەزار دانەی کتێبەکە گەیشتە هەموو خەڵکی کوردستان. بۆ شاهیدی بۆیان گێڕامەوە، بەر لە دەستپێکردنی کۆبونەوەیەکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، هەڤاڵ مام جەلال کتێبەکە بە ئەندامەکان نیشان دەدات و پێیان دەڵێت، حەز دەکەم ئەو کتێبە بخوێنەوە!
کتێبی ٩٥٥ دەقە لەگەڵ شێرکۆ بێکەس، سەنتەری نما لە هەولێر چاپی کرد، لەبیرم ناچێتەوە، دە رۆژ بەیەکەوە بووین، هەموو سات و لێدوان و قسە و بیرەوەرییەکانی جوان بوون، لە هەموویان جوانتر، کاتی گەیشتن و هاتن و ئامادەبوونی زۆر دروست بوو، بۆم دەرکەوت پیاوێک بوو، ئیش و بەرنامەی خۆی بە پیرۆز دەزانی، بۆیە لەگەڵ شیعرەکانی زۆرتر خۆشمویست.
لەو رۆژانەی دیمانەکەمان دەکرد، دکتۆر جگەرەی بۆ کەمکردبووە، دەبوایە سەرە سەعاتان جگەرەیەک بکێشێت، پەرۆش بوو تا کاتی جگەرەکەی دەهات، وتی من تاقیم نەکردوتەوە شیعر بێ جگەرە بنووسم، نازانم دەتوانم یان نا. دیارە منیش زۆر هانم دەدا بەرنامەکەی دکتۆر جێبەجێ بکات، هەر باسی جگەرەی دەکرد، من شتێکی جوانم بەبیردەهێنایەوە باسی بابەتێک و نەبەردییەک و بیرەوەرییەکم بۆ دەکرد.
ئەوە لە هاوینی ٢٠٠٨ بوو، کتێبەکەم بەناوی ٩٥٥ دەقە ئامادەکرد. ٩٥٥ دەقەکە، بووە بە هەزار دانە کتێب و هەمووش تەواو بوون، خوێنەر و خەڵکەکە دەستخۆشی و سوپاسی زۆری هەبوو.
یادت بەخێر و تۆ رۆیشتی بەڵام خۆر و چاو و سێبەر و گەورەیی شیعرەکانت ماون!
ئەو رۆژانەی بەیەکەوە دیمانەکەمان دەکرد، ئەو پیاوە وەک شیعر، دڵ و دەروون و بیرورا و بۆچوونەکانی لەسەر زار بوو، راست و بێ پەردە قسەکانی دەکرد، هەموو پرسیارەکانی وەڵام دەدایەوە، چاوەڕوانی نەدەکرد، بیری لە دەرئەنجامی وەڵامەکان نەدەکردەوە.
پیاوێکی سادە و ئاسان و خاکی، لە یەک پرسیارم رووی گرژ نەبوو، کە پرسیم موچەت چەندە، کە پرسیم بۆ لە پۆستی وەزارەت دەستت لەکارکێشایەوە، کە ویستم بزانم چۆن سەرکردەکان هەڵدەسەنگێنێت.

دانیشتنەکانمان بەیانییان بوو، قسەکانم تۆمار دەکرد، وێنەی بۆ دەهێنام دیوانەکانی بۆ دەهێنام، نامەکانی نیشاندەدام. دە رۆژە تەواو بوو، منیش گۆشەیەکی ژیانی ئەوم کردەوە، نیگایەکی چاوی هەناسەی عیشق، رووبارێک لە خەمەکانی، چیایەک لە ورە و سەربردەکانیم نووسیەوە.

٩٥٥ دەقە لەگەڵ شێرکۆ بێکەس 

بەداخەوە کتێبەکە هەموو دانەکانی تەواو بوون، دوو جاریش ئیشم بۆ چاپکردنەوەی کردەوە، بەڵام هێشتا چاوەڕوانم.
شیعر و هەڵوێست و رازەکانی شێرکۆ بێکەس بە چەند ٩٥٥ دەقەی تر تەواو نابێت، یادت بەخێر، درود بۆ شیعری جوان و شاعیری پێشمەرگە و شاعیر ژن و گوڵ و سلێمانی و سنە و هەموو بستێکی ئەو کوردستانە! خۆزگە شێرکۆ تەمەن و نەخۆشی بواری دەدا، شیعرێکی درێژی بۆ خەمی درێژ و سووری شنگاڵ و کۆبانی دەنووسی، خۆزگە نەخۆشی کەمێک دوور لەو دەوەستا، تا هەندێک عاشق و نازدارەکان زۆرتر حەیران بکات. خۆزگە …
درود بۆ گیانی ناسک و شاعیرانەی کە وشک نەبوون و هەرگیزیش شیعرەکانی نامرن، نەمرە شێرکۆ و بێکەس نییە شێرکۆ، ئەوەندەی پاش ئەو شیعر بێکەسە!

 

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *