آخرین خبرها
خانه / اخبار و رویدادها / کتێبێکی گرنگ و ناوەڕۆک دەوڵەمەند

کتێبێکی گرنگ و ناوەڕۆک دەوڵەمەند

کتێبێکی گرنگ و ناوەڕۆک دەوڵەمەند

رۆستەم خامۆش

کە باسی شیعری منداڵان دەکرێ، ئەوە زۆر ئاسان دێتە پێش چاو، وەک بڵێی هەموو کەسێک دەتوانێ بینووسێ، بەڵام رێک پێچەوانەکەی راستە، هەرگیز ئەوەندە ئاسان نییە، چونکە نووسین بۆ منداڵان پێش هەموو شتێک، لێزانیی و بەرپرسیاریەتییە، هەروەها شارەزابوونە لە: (هزر، زمان و دەروونی منداڵ)، بۆیە زۆرێک لەوانەی شیعریان بۆ منداڵان نووسیوە، تێیدا سەرکەوتوو نەبوون.
شاعیر و نووسەر و رۆژنامەنووس (زیاد رەشاد قادر)، بە سوود وەرگرتن لە (۱۰۰) سەرچاوەی کوردی و عەرەبی، کتێبی (شیعری منداڵان لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا) نووسیوە، لە سەرچاوە کوردییەکانیش سوودی لە هەردوو دیالێکتی (سۆرانی و کرمانجی) بینیوە، ئەو کتێبە لە بنەڕەتدا تێزی ماستەری نووسەرە، بۆیە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری پێوە دیارە. ئەگەرچی وەک نووسەر خۆی لە پێشەکییەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، کە لە کاتی گۆڕینی توێژینەوەکەی لە کرمانجییەوە بۆ سۆرانی هەروەها گۆڕینی لە ئەلفبای لاتینییەوە بۆ عەرەبی، هەندێ بڕگە و تایتڵی دەستکاری کردووە.

بە شێوەیەکی ورد و زانستی
کتێبەکە جگە لە گرنگیی ناوەڕۆکەکەی، لەڕووی دیزاین و وێنەی بەرگ و جۆری کاغەزەکەی، زۆر باشە و سەرنجی خوێنەر رادەکێشێ.
شیعری منداڵان لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا، کتێبێکە مێژووی نووسینی شیعری منداڵانی کورد، بە شێوەیەکی ورد و زانستیی دەخاتە بەر چاوی خوێنەرانی کورد، دەکرێ وەک سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو بۆ تێگەیشتن و سوودوەرگرتن لە ژانری شیعر لە ئەدەبی منداڵانی کورددا لێی بڕوانرێ، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی گەرەکیانە لەبارەی ئەدەبی منداڵان شارەزایی باشتر پەیدا بکەن، یاخود ئاگاداری سەرەتای دەستپێکی نووسینی شیعری منداڵان بن لە ئەدەبی کوردیدا.
زیاد رەشاد قادر، بەر لەوەی توێژینەوە لەبارەی ئەدەبی منداڵان بکات، پێشتر شیعری بۆ منداڵان نووسیوە و پێشینەی هەیە لە خزمەتکردنی منداڵان، ئەمە جگە لەوەی ماوەیەک بەڕێوەبەری نووسین و دواتر بۆتە سەرنووسەری گۆڤاری (جگەرگۆشەکان)، کە لە ماوەی دەرچوونیدا (۲۷۱) ژمارەی لێ بڵاوکراوەتەوە و دیدەی منداڵانی پێ رۆشن بۆتەوە، بۆیە «زیاد رەشاد قادر» جێدەستی دیارە لە خزمەتکردنی ئەدەب و رۆژنامەگەریی منداڵانی کوردیدا.
نووسەر، لە پێشەکی و لە لاپەڕە (۹)دا دەڵێ: (ئەم باسە جگە لە پێشەکییەک، لە دەروازەیەک و شەش بەش و ئەنجامگیری پێکهاتووە).
لە لاپەڕە (۱۳، ۱۴، ۱۵و ۱۶)دا لە بەشی دەروازە، بەناونیشانی (منداڵ و قۆناغەکانی ژیانی منداڵ)، زۆر بە وردی باسی چەمک و پێناسەی منداڵی کردووە.

چەند ناونیشانێکی گرنگ و سەرنجڕاکێش
لە بەشی یەکەم دا بەناونیشانی (چەمک و تایبەتمەندی و دیرۆکی ئەدەبی منداڵان)، لە لاپەڕە (۱۷ تا ۴۷) ئاوڕی لە چەند کتێبێکی ئەدەبیی منداڵانە و چەند نووسەرێکی جیهانی داوەتەوە، پاشان چەند ناونیشانێکی گرنگ و سەرنجڕاکێش دەکەونە پێش چاو، لەوانە: (ئەدەبی منداڵان، پێناسەی ئەدەبی منداڵان، قۆناغی بەر لە سەرهەڵدانی ئەدەبی منداڵان، پەیدابوونی ئەدەبی منداڵان له دنیادا، ئەدەبی منداڵان و ئەدەبی گەوران، نووسەرانی منداڵان و منداڵانی نووسەر، تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی منداڵان، هونەرەکانی شیعری منداڵان، شیعری فێرکردن، شیعری گاڵتە و گەپ)، بۆ هەر یەک لەو ناونیشانانەی سەرەوە، بە جوانی لەبارەیانەوە دواوە و راڤەی پێویستی بۆ کردوون.
لە بەشی دووەم دا (۱۹۲۰ – ۱۹۵۰) کە لە لاپەڕە (۴۸ تا ۹۷)ی بۆ تەرخان کراوە و ئەو ناونیشانانە دەبینرێن: (ئەدەبی منداڵانی کورد لە سەرەتاوە تا ئێستا، فۆلکلۆری کوردی و ئەدەبی منداڵانی کورد، رۆڵی رۆژنامەگەریی کوردی لە پێشخستنی ئەدەبی منداڵانی کورد، ئەزموونی ئەدەبی منداڵانی کورد).
دواتر باسی چەند نەوەیەک دەکات، کە شیعریان بۆ منداڵان نووسیوە و ئاوڕیان لە زارۆکان داوەتەوە.
هەر لە بەشی دووەمدا، لە لاپەڕە (۶۵) نووسیویەتی: (ئەم قۆناغە لە نیوەی دووەمی سەدەی حەڤدەیەمەوە دەست پێدەکات، واتە لە «ئەحمەدی خانی»یەوە دەست پێدەکات تا بیستەکانی سەدەی بیستەم).
لە نەوەی یەکەمدا باسی ئەو شاعیرانە دەکات: (ئەحمەدی خانی، مەلا خدری رواری، شیخ مارفی نۆدێ، مەولەوی).
لە نەوەی دووەمدا (۱۹۲۰ – ۱۹۵۰): ئەو ناوانە دەکەونە پێش چاو وەکو (زێوەر، پیرەمێرد، مەلای گەورە، عەبدولڕەحمان بەگی بابان «بابە» موفتی پێنجوێنی، شاکر فەتاح، عەلائەدین سەجادی، حوسێن حوزنی موکریانی، عەبدولواحید نوری، بێکەس، شێخ نوری شێخ ساڵح، دڵدار، عەونی، کامەران بەدرخان، جگەرخوێن…).

ئاماژە بە چەند ناوێکی دیکە دەکات
لە نەوەی سێیەمدا (۱۹۵۰ – ۱۹۷۰): دەڵێ: (ئەم قۆناغە لە «گۆران»ـەوە دەست پێدەکات). دواتر ئاماژە بە چەند ناوێکی دیکە دەکات، وەک: (ئیبراهیم ئەمین باڵدار، هەژار، کاکەی فەلاح، فەرەیدون عەلی ئەمین، ع.ع. شەونم… هتد).
لە نەوەی چوارەمدا (۱۹۷۰ – ۱۹۹۱): ئاماژەی بە چەند ناوێک کردووە، کە ئەوانیش لەسەردەمی خۆیاندا خزمەتیان بە ئەدەبی منداڵان کردووە.
لە نەوەی پێنجەمدا (۱۹۹۱ – تا ئێستا) دەڵێ: (دوای راپەڕینی ساڵی ۱۹۹۱ لە باشووری کوردستان ژمارەیەکی زۆر قەڵەم و دەنگی تازە دەرکەوتن).
ئاماژەی بە ناوی زیاتر لە (۴۰) شاعیر و نووسەر کردووە، کە توانیویانە لە ساڵی (۱۹۹۱)ـەوە تا ئێستا خزمەتێکی باش بە ئەدەبی منداڵان بکەن و زۆر شیعریان بۆ منداڵان نووسیوە، لەو کۆمەڵە ناوەی کە ئاماژەی پێکردووە، نووسیویەتی: ((ئەمین محەمەد بە ئەزموونێکی دەوڵەمەند و جیاواز لەگەڵ منداڵان دەئاخفێت))، بۆیە لە بەشێکی تایبەتدا زیاتر لەبارەی «ئەمین محەمەد»ەوە دواوە.
بەشی سێیەم: لەو بەشەدا «زێوەر»ی شاعیری بەسەر کردۆتەوە، کە لە لاپەڕە (۹۸ تا ۱۱۴)ی بۆ تەرخان کردووە، جگە لە ژیاننامەکەی، لێکۆڵینەوەی لە چەندان شیعری کردووە و بە وردیی لەبارەیەوە دواوە.
بەشی چوارەم: لەو بەشەدا، کە لە لاپەڕە (۱۱۵ تا ۱۴۴)ی بۆ تەرخان کراوە، «گۆران»ی شاعیری بەسەر کردۆتەوە و نووسیویەتی: ((ئەو یەکێکە لە پێشەنگە دیارەکانی نوێکردنەوەی شیعری کوردی لە سەتەی بیستەمدا، هەروەها جێدەستی دیارە لە پێشخستنی ئەدەبی منداڵانی کورددا)).
بەشی پێنجەم: لەو بەشەدا، کە لە لاپەڕە (۱۴۵ تا ۱۷۴)ی بۆ تەرخان کردووە و باسی «لەتیف هەڵمەت»ی شاعیر دەکات، تێیدا قسە لە زمانی شیعریی هەڵمەت دەکات بۆ منداڵان، هەروەها لە چەندین نموونەی شیعرییدا دەیەوێت ئەوە بە خوێنەر بڵێت کە ئەو شاعیرە لە پاڵ رۆڵ و ناوبانگی تایبەتی خۆی لە ئەدەبی گەوراندا، هەروەها لە ئەدەبی منداڵانیشدا پێشەنگ و داهێنەرە.

ئاوڕیان لەو بوارە گرنگە داوەتەوە
بەشی شەشەم: لەو بەشەدا، کە لە لاپەڕە (۱۷۵ تا ۲۰۱)ی بۆ تەرخان کردووە و باسی ژیاننامە و توێژینەوەی بۆ چەندان شیعری «ئەمین محەمەد» کردووە.
هەرچەندە ئاماژەی بەناو و بەرهەمی چەندان شاعیر کردووە، کە ئاوڕیان لە ئەدەبی منداڵان داوەتەوە، بەڵام هەر چوار شاعیر (زێوەر، گۆران، لەتیف هەڵمەت و ئەمین محەمەد) بوونەتە جێگەی بایەخ و زیاتر ئاوڕیان لێ دراوەتەوە و زۆرتر لەبارەیانەوە دواوە، چونکە لە تێزی ماستەرەکەی نووسەر، ئەو چوار شاعیرە بە نموونە هێنراونەتەوە.
لە هەموو بەشەکان زۆر بە وردی باسی کۆمەڵێک شاعیری کردووە، کە لە سەردەمی خۆیاندا شیعریان بۆ منداڵان نووسیوە و ئاوڕیان لەو بوارە گرنگە داوەتەوە، رەخنەی لە بەشێکیان گرتووە و سەرنج و تێبینی لە چەندان شیعر هەیە.
لە ئەنجامگیری، دەڵێ: ((هەموو ئەو شاعیر و چیرۆکنووسانەی کورد کە تاکوتەرا بەرهەمی منداڵانەیان نووسیوە، یان چەندین کۆشیعر و کۆچیرۆکیان بۆ منداڵان بڵاوکردۆتەوە، هیچیان نووسەر و شاعیری تایبەت بە منداڵان نەبوون)).

دوا وتە:
– وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد، کە کتێبێکی پێویست و پڕ بایەخە بۆ ناسینی شیعری منداڵان، چونکە پێمان وایە ئەو کتێبە گرنگی خۆی هەیە بۆ کتێبخانەی کوردی و گەشەسەندنی زیاتری ئەدەبی منداڵان، بۆیە شایانی لێکۆڵینەوەی زیاترە.
– ئەو کتێبە لە (۲۲۱) لاپەڕەی قەبارە مامناوەند پێکهاتووە و بە زمانێکی سادە، بەڵام بە ئەکادیمی نووسراوە و لە رووی رێنووس و خاڵبەندیی، زۆر باشە، چونکە نووسەر خۆی شارەزاییەکی باشی لەو رووەوە هەیە.
– بە هەر هۆکارێک بێ نەیتوانیوە دەستی بە هەموو ئەو بەرهەمە چاپ کراوانە رابگات، کە بۆ منداڵان نووسراون، بەڵام تا رادەیەکی باش کۆمەڵێک ناوی ناسراو و دیاری لەو کتێبەدا جێکردۆتەوە و هەندێکیان وەک پێویست ناسراو نین، چەندان شاعیری ناسراوتر و خاوەن بەرهەمی جوانتر، ناویان لەو کتێبە تۆمار نەکراوە.
– هەرچەندە ناوەندێکی چاپەمەنی و بڵاوکردنەوەی ناسراوی، وەک (دەزگای چاپ و پەخشی نارین) لە ساڵی (۲۰۲۳)دا چاپ و بڵاوی کردۆتەوە، بەڵام چەند تێبینی و سەرنجێکمان لادرووست بوو، لەوانە:
– ژمارەی سپاردنی لەسەر نییە، کە پێویست بوو هەبێ.
– تیراژەکەی نەنووسراوە، بەڵام بە زارەکیی بە نووسەریان گوتووە، کە (۵۰۰) دانەیان لێ چاپ کردووە.– شوێنی چاپ، نەنووسراوە.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

نمایشگاه کتاب تهران «گردشگری ادبی» را ترویج می‌کند

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *