خانه / اخبار و رویدادها / خوێندنەوەیەک بۆ کۆ شیعری “سوێند بە فورات”بەرهەمی یوونس ڕەزایی

خوێندنەوەیەک بۆ کۆ شیعری “سوێند بە فورات”بەرهەمی یوونس ڕەزایی

 

خوێندنەوەیەک بۆ کۆ شیعری “سوێند بە فورات”بەرهەمی یوونس ڕەزایی

نووسینی ئەرسەلان چەلەبی

 

جێگە و پێگەی شێعر لە ناو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردی هەموو دەم دیار بووە، ئەوە هەر نەک بە تەنیا لە ناو کوردا بەڵکوو لە ناو هەموو گەلانی تر بەو جۆرە بووە و شیعر لەو کاتەوە کە زمان چێ بووە بۆتە یەکەم پەنجەرە بۆ خەڵک بە ڕووی هونەر، ژانڕێک بووە کە لە ناو هەموو جۆرە خەڵکێک لە سەر زاران بووە و بگرە دزەی کردووەتە ناو زمانی زار و کۆڵان و شەقامان. خوێندنەوەی فۆلکلۆر و وردبوونەوە لە زمانی ڕەسەنی خەڵکی ئەو ڕاستییەمان بۆ وەدەر دەخا.

هەڵبەت پێم وایە هەمووی ئەوانە سەرەتا وەکوو قسەی نەستەق و مەتەڵ و نەزیلە بوون و پاشان لە درێژەی زەمان کاکڵ و توێخی ڕەنگاوڕەنگی بە خۆوە گرتووە و پەل و پۆی لێ جیا بۆتەوە و ئەوڕۆکەش تەنیا ئەوە شیعرە کە لەو مێژوویە کۆن و درێژە ماوەتەوە. ئەگەرچی شێوەکاری وەک هونەرێکی تر بە سەر شاخ و داخانەوە لە کۆنەوە هەبووە و دەکرێت مێژوویەکی هاوبەش‌یان بووبێت، لێ ئەوەی پەیوەندی بە زمانەوەیە تەنیا شیعرە تا ڕادەیەکی زۆر وەکوو فۆڕم ڕەگ و ڕیشەی هەر ناو واندا دەبیندرێتەوە.

بەو پێیەی کە مرۆڤ لە سەرەتاوە نەیتوانیوە بە زمانێک بێتە گۆ، بە دڵنیاییەوە چێ‌بوونی شیعریش لە ناو ئەو هێڵە درێژەی کە بە زەمانێکی زۆر دەیپێوین زەمەنێکی یەگجار دوور و درێژی پێواوە. دەکرێت بڵێن ئەساسەن شیعر هەڵگری یەکەم بروسکە فکرییەکانیش بووە. ئەوەی وەکوو چەخماخەیەک لە درێژەی تەکاموڵی بەشەرییەت لە سەر زار و زمانی چەکەرەی کردووە و هەر لە سەرەتاوە کاکڵی فکر و ئەندێشەی لە توێخی شیعردا ڕسکاندووە.

ئاسەواری فکر لە ناو قسەی نەستەق و مەتەڵ بە لێشاو لە ڕیگەی دەرس‌گەلێکی ئەخلاقی و ئینسانی و خۆشگوزەرانییەوە دەردەکەوێ. بۆیە بروسکەی هزر و ئەندێشەش بەو جۆرە لە ناو هەمواندا زۆرتر لە ناو شیعر دا خۆ دیتۆتەوە و لە ڕێگەی کۆمەڵێک دەستەواژە و وشەی تایبەت بۆ پەیام و ئامانج و هزرێک کە بوویەتی هاتووەتە سەر زاران و لەبەر کراوە و بەو جۆرە هەر دەستەواژەیەک کە لە هەموان جوانتر بایە و زۆرتر لە سەر زاری خەڵک کەوتبا هەر ئەوانەش دەمانەوە. لەبەر ئەوەی زۆر دەگوترانەوە و قسەش کە کەوتە سەر زاران کەوتە ناو شاران!

کە زمان دەگاتە توێخی ئەوڕۆیی لە سەردەمی مۆدێڕن، ئەویش وەکوو باقی شتەکانی تر تەنانەت لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی هەر هەموو ئەو شتانەی کە لە سەر زارانەوە بۆمان ماونەتەوە و هەندێکیش نووسراو، خۆی لە ناو هەموو جۆڕە فۆڕمێک خستووە و ئەوڕۆکە وەکوو دونیای هونەر دەیناسین. لە پاش شیعر و شێوەکاری، سینەما و تاد! لە سەردەمی ئەوڕۆدا بە پێچەوانەی شیعر سینەما زۆرترین کاریگەری هەیە و زۆرترین چاویش لە سەریەتی. دیارە لێرە دا دەکرێت باسی ئەوەش بکرێ کە تێکنۆلۆژی هەر خۆی بە تەنیا چ ئاڵوگۆڕێکی بە سەر هونەر و بە تایبەتی شیعر داهێناوە.

بەو بەگڕاندەوە چوونە سەر بەرهەمێکی شیعری و خوێندنەوە و شەنوکەوی ڕەنگە ئاسانتر بێتەوە. ئەگەرچی خۆی نووسین لە سەر شیعر دژوارە. ژانڕێک کە بە گشتی لە فەزای ڕێئاڵ دوور دەکەوێتەوە و شاعیر لە هەر ڕستە و جێگایەکدا دەتوانێ خەیاڵی پەلکێشی دەیان دیمەن و ڕووداوی مالیخولیایی و جادوویی بکاتەوە. دەتوانێ بە ڕستەیەک هاوکات دوو بۆ سێ پەیامیش بدات. چەندین دیمەنت بۆ وەدەر بخات. هەموو ئەوانە کارێک دەکا خوێندنەوە بۆ شیعر هەستیار بێت.

لەو ناوەدا هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی شیعری شاعیرێکیش کە خاوەنی توێکڵ و کاکڵی تایبەت بە خۆیەتی لە ناو جیهانی شیعردا، جۆرە زمانی تایبەت بە خۆی هەیە، دەربڕینی جیاواز و هتد، شیعرەکان و جیهانی شیعری یوونس ڕەزایی بەو جۆرەیە. دیارە ئەو نووسینەی منیش بە بۆنەی خوێندنەوەی دیوانە شیعری”سوێند بە فوڕات” بە لەنگەر گرتن لە سەر شیعرێکی ئەو کۆ شیعرەیە. کتێبەکە لە دووتوێی سەد و پێنج لاپەڕە دایە و بیست و حەوت شیعری درێژ و کورتی لە خۆ گرتووە.

یوونس ڕەزایی

بەڵام ناکرێت ئاوڕ لە ڕابردووی شاعیر نەدەیەوە، باسێک لە سەر کتێبەکانی تری نەکرێت، ئەو شاعیرەی بە “شین‌ترین بەتاڵ” و “منم شاعیری ژنانی چاوەروان” دەستی پێکرد و ئێستا گەیوەتە سوێند بە فوڕات و کۆمەڵێک کتێبی تر. ئەو نووسەر و شاعیرەی کە بە دەیان کتێبی وەرگێڕانیشی هەیە لە ناو ئەدەبی منداڵان. لەگەڵ دەیان وتار و لێکۆڵینەوە و شیکاری ئەدەبی کە هەر کامیان سەرچاوەیەکی بە مرخە لە ناو ماڵی ئەدبەی کودی. خەرمانەی فکر و هزری یوونس ڕەزایی لە ناو ئەدەبیات دا بە پیتە و بە دڵنیاییەوە جێگەی ئاوڕدانەوە و لێکۆڵینەوەی زۆر شێلگیرانەی هەیە. شیعری یوونس ڕەزایی یان دەتوانین بە گشتی بڵێن شیعری شێت خۆی بۆتە نەمامێک لە ناو مێژووی هاوچەرخی شیعری نوێی کوردی و مێژوویەکیشی بۆخۆی تۆمار کردووە. جا با ئەو مێژوویە ساوا بێت یان کەم و کۆڕیشی لەگەڵدا بێت.

شیعر بە گشتی لە ناو ئەدەبی کوردیدا زۆرترین بواری بووە و تەمەنیشی لە هەموو ژانڕەکانی تر زیاترە. ئەو مێژوویەی  کە بە شێوەی مەکتووب لە قەوارەی کلاسیکدا لە مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی-یەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە سێ کوچکەی موکوریان. بەشی زۆری شیعری کلاسیک هەموو دەم خاوەنی بینایەکی تا ڕادەیەک نامۆ بووە لەگەڵ کۆمەڵگا دا، زمانێک بووە کە تەنیا چینێکی تایبەت تێی گەیون و هەر وا وەکوو شتێکی بورژوازی لە ناو چینێکدا لە هاتوچۆ دابووبێ. ئەو فۆڕمە لە زمان و دەربڕین لە ناو هەر گەلێک دا بە جۆرێک بووە. لە لای مە زمان‌گەلێکی عارفانە و ئەویندارانە و جار جارەش سیاسی! بە تەواوی خۆی گرێ دابوویە مێتافۆڕ و جەوێکی ترەوە. هێمن موکوریانی، ئەحمەد هەردی و بەشی کلاسیکی گۆران لەو ناوەدا لە هەموان زۆرتر زمانی شیعری خۆیان لەو مالیخولیاییەی زمانی پێشوو هێنایە دەر و بە تێکەڵ کردن لە گەڵ زار و زمانی خەڵکی هاوسەردەمی خۆیان و کەڵک وەرگرتن لە قاڵبە جۆراوجۆرەکان و هەروەها ئیمکاناتی مۆسیقایی ئەدەبی فۆلکلۆر جەلایەکی تریان بە شیعری کلاسیک دا.

لە پاش سەرهەڵدانی شیعری نوێی کوردی کە بە گۆران و سوارە ئیلخانیزادەوە دەستی پێکرد ئیتر شیعر هەنگاوی نایە ناو دونیایەکی زۆر ئازادتر و سەربەسترەوە. کێش و سەروا بەردێکی لە سەر داندرابوو و ئەو ڕێچکەیەش هەتا ئێستا لە وەستان نەکەوتووە و بەردەوام درێژەی هەیە، مێژووی شیعری نوێ لە کوردستانی ئێران کاریگەری ڕاستەوخۆی لە دوو بابەتی گرینگ وەرگرتووە:

یەکەم: لە ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو وڵاتە. بە تایبەتی لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینی ئەدەب و هونەر کەوتنە بەر تەنگ و چەڵەمەی زۆرەوە، سانسۆڕ خۆی لە خۆیدا کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر زمان و دەربڕینی شاعیر و نووسەر داناوە.

دووهەم: هاتنە ئارای وەرگێڕانی ئەدەبی بیانی بۆ ناو کۆمەڵگای کوردی، لە دەهەی نەوەدی زایینی و پاش شەڕی ئێران و ئێراق و هەروەها کرانەوەیەکی مامناوەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی، چوونی چینەکانی دوای شۆڕش بۆ زانکۆ، وەرگێڕانی ئەدەبی بیانی و جم و جۆڵی چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبی کوردی و هەروەها جم و جۆڵی نوێترخوازی ئەدەبی فارسی هەر لەو دەهەیەدا بەستێنێکی تری بۆ ئەدەبی نوێ و بە تایبەتی شیعر ڕەخساند. لەو ناوەدا واتە لە دەهەی نەوەدی زایینی و کۆتاییەکانی کۆمەڵێک شاعیری کورد لە کوردستانی ئێران بە کاریگەری وەرگرتن لەو دوو بابەتە دەق و ئیحساسی خۆیان لە هەوای نوێتر خستە ناو دووتوێی  شیعر و کتێبانەوە. بە دڵنیاییەوە یەک لەو کەسانە یوونس ڕەزایی بوو کە بە هەوا و تین و وزەی نوێوە هاتە مەیدان و ماڵی شیعری خۆی بە ناوی “شێت” ناودێر کرد. شاعیرێک کە بە بەشی خۆی جێ‌پەنجەی بە سەر چینەکانی دوای خۆیدا هێشتەوە. کتێبەکانی پەنجەرەیەکی تری بە ڕووی شیعری نوێی  و هەروەها زمانی شیعری کوردیدا کردەوە کە خاوەنی زمانێکی قایم و توێکمە بوو. دەستەواژەی نوێ، جەغزی وشەیی بەربڵاوتر، فۆڕمێکی تازە. شیعرگەلێک کە بۆ خوێنەری ئاسایی شیعر قورس بوو و پێویستی بە ئیست گرتن و تێڕامانی زۆرتر بوو.

یەکەم پرسیارێ کە بەردەنگ لە کتێبێک یا دەقێکی ئەدەبی دەیکا ئەوەیە کە “چێ پێیە و چی هێناوە لەگەڵ خۆیدا؟” ئەو پرسیارە لە هەر شیعرێکی یوونس دا دەتوانێ چەندین وەڵامی جۆراوجۆری هەبێت. بۆ وێنە یەکەم شیعری کۆ شیعری “سوێند بە فوڕات” بە ناوی چەترێک هەڵکەن بۆ فانووسەکان، ل ٩، پەل و پۆی بۆ چەندین بابەت و پەیام هەڵاویشتووە. شیعرێک کە بە سێ زاراوەی سۆرانی، کەلوڕی و کورمانجی نووسراوە. شیعرێک کە بە دوو کاراکتەری کچ و کوڕەوە دەست پێ دەکا:

 “وەک لاوێک سەری خۆی هەڵگرتبێ

 وەک کچێک، چەکێک لە ڕەنگی لەچکەکەی

 کە گوایا دەزگیرانی بوو. ل- ٩”

 لەوێوە جوگڕافیایەک دیاری دەکا کە لە ئیلامەوە دەست پێدەکا و بەر لەوەی بگاتە کرماشان لاتاوێک لە تاران دەدا. لەوێدا بە دیمەن‌گەلێکی جوان و شاعیرانە کە هەناسەی نوێی پێیە، بە وشە باڵ بە سەر دەڤەرێکدا دەکێشێ کە هەڵگری دەیان و سەدان ڕووداو و کارەساتی مێژووییە.

 “لە فڕگەی کرماشانەوە، ڕێزێک تەمبوور ڕوو لە سەرپێڵ، ل ١٠”

لەوێدا شارەکانی تری ئەو دەڤەرە بە سەر دەکاتەوە و بە کەڵک وەرگرتن لە زمانی وێدەرێش پرسی زمانی دایکی دێنێتە ئاراوە. شیعرەکە سەرڕێژە لە هێما و ناو و مووتیڤی جۆراوجۆر، شارەکانی کوردستان دەورێکی هەستیاریان هەیە لە پێکەوە لکاندنی واتا و کاکڵی شیعرەکە. لە پاشان پەل دەکێشێتە دونیای ڕۆژاوا و هەودای شیعری خۆی لە کوردستانەوە بەوێ گرێ دەدا:

“هێندەی شەڕافەتی بابردووی

مەلەکە ئێلیزابێت

بیر لە شکۆی بۆگەنیوی ئەورووپا

لە شاخی شکاوی ئامریکا دەکەمەوە، ل-١٤”

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو شیعرانە ئەوەیە کە هاوکات جگە لەوەی شیعرێکی سەربەخۆ دەخوێنینەوە دەتوانین چەند کورتە شیعر و رستە شیعریشیان تێدا ببینینەوە. بۆ وێنە هەر ئەو چوار رستەی سەرەوە خۆی شیعرێکی تەواوە کە دەکرێ خوێندنەوەی جیاواز و تایبەت بە خۆی بۆ بکرێت، یان:

“بە ڕیتمی… ئێمە کوردی سەر سنووری برینین

کۆڵبەرین و لە ڕەگەزی ئەسرینین

پاییزین و وەرزی دیکە ڕیتمی مۆسیقاکەمانی تێک داوە. ل -٢٠”

یان:

“خۆشم گەرەکتر دەبوو گەر لە مافوورەی ئیلام-وە

ماسییەکی زرێبار….مەلە بکا بەردەوام. ل ١٩”

یان ڕستەیەکی ئاوەها بێ وێنە:

“کیژێکی شنۆ هەڵدەگرم…لە شیعرمدا. ل-١٥”

لەگەڵ زۆر نموونەی تر.

سەرجەم شیعرەکە هەڵگری پەیامی سیاسی، نەتەوەیی، بەدژوەستانەوە، ژینگە، برینە کۆمەڵایەتییەکان، پرسی زمان و پرسی کرێکار، هەمووی ئەوانە لە قەوارەی ئەو شیعرەدا خۆی نواندووە و بە کەڵک وەرگرتن لە ئیستعارە و مێتافۆڕ و خەیاڵی شاعیرانە هەموو ئەو پرسانەی لە ڕوانگەی خۆیەوە ورووژاندووە. شیعرێک کە بە خۆشەویستی و ئەوینی شاعیر بۆ زمان و خاکی تەیار کراوە.

لە کۆتاییدا خوێنەر بە خوێندنەوەی سەرجەم کتێبەکە دەتوانێ گەلێک جوانکاری و تین و وزەی تازە و شاعیرانە لە دەقەکان ببینێتەوە و چێژیان لێ بەرێت. خوێندنەوەی ئەو کۆ شیعرە چێژبەخش بوو و بە هیوای تەمەندرێژی و بەرهەمی داهێنانەتر لە یوونس ڕەزایی.

_____________________________

ژێدەر:

سوێند بە فورات-یوونس ڕەزایی

بابەت: شیعر

وەشانخانەی مانگ-٢٠٢٢

 

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است. 

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

منداڵانی هێڵی ئاسن

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *