کتێبێکی نوێی ناڵە حەسەن
بە هاوکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە هەولێر بەمزووانە کتێبێکی نوێی ناڵە حەسەنی شاعیر چاپ و بڵاودەبێتەوە، ئەم کتێبە کۆمەڵە لێکۆڵینەوەیەکی فیکری و مەعریفییە لەبارەی شیعرەوە، ناڵە حەسەن سەبارەت بە کتێبە نوێیەکەی وتی:(داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین، کتێبێکی لێکۆڵینەوەیە، لە کۆمەڵێک وتار و بابەتی فیکری و مەعریفی لە بارەی شیعرەوە پێکهاتووە، بە هاوکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە هەولێر لە داهاتوویەکی نزیکدا چاپ و بڵاودەکرێتەوە، نەخشەسازی بەرگ و ناوەوەش کاری (شاخەوان جەعفەر)ە کتێبەکە پێنج بەشە، بەشی یەکەم پێکهاتووە لە وتارێک بە ناوی (چەمکە شیعرییەکان و پەنجەرەیک بۆ ڕوانین)، کە قسەکردنە لە نێوان شیعر و چەندین چەمکێکی وەک (شیعر و شاعیر و ڕووبەری شیعری، شیعر لە نێوان نائومێدی و ڕەشبینیدا، شیعر و نامۆیی، شیعر و یاخیبوون، شیعر و جێندەر و چەندین چەمکی تر، بەشی دووەم پێکهاتووە لە کۆمەڵێک بابەتی لێکۆڵینەوەی شیعری لەوانە (نامەیەک بۆ هاوڕێیەکی شاعیرم، شیعر زمانی مرۆڤ و گەردوونە کە خوێندنەوەیەکە بۆ دەقی «وەرە بەیەکەوە بژین» ی کەژاڵ ئەحمەد، شیعر و ژیاندۆستی کە خوێندنەوەیەکە بۆ بۆ قەسیدەی «یاداشتنامەی ماکەوێکی ڕەشپۆش»ی شێرکۆ بێکەس، شیعر و دایک و میهرەبانی کە خوێندنەوەیەکە بۆ شیعرێکی خولیا حوسێن، بەشی سێیەم چەند وتارێکە لە سەبارەت بە چەند فەیلەسووف و بیرمەندێک بە شیعر، لەوانە (فرێدریک نێچە و مارتن هایدگەر و سیگمۆند فرۆید)، بەشی چوارەم وتارێکە بە ناوی (شیعر چییە و بۆچی پێناسە ناکرێت؟)، بەشی پێنجەم بریتییە لە (کورتەیەک لە ئەزموونی سی ساڵ شیعر و نووسینم)، کتێبەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا چاپ و بڵاودەکرێتەوە. وتیشی: وابڕیارە لە هەولێر و سلێمانی کۆڕی بۆ سازبکەم و هەر بۆ زانیاریشتان ئەم کتێبەم بیست و چوارەهەمین کتێبی چاپکراوی منە.