خانه / اخبار و رویدادها / رەخنەی ئیکۆلۆژی لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا

رەخنەی ئیکۆلۆژی لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا

رەخنەی ئیکۆلۆژی لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا

د. هەرێم عوسمان

ئەم نامەیەی لەخوارەوە ئاماژەی پێدەکەین نامەیەکی دکتۆرای (سۆران مامەند)ە ساڵی ۲۰۲۲ بە سەرپەرشتی (پ. د. مەولود ئیبراهیم) پێشکەشی کۆلێجی زمان – زانکۆی سەلاحەدینی کردووە. نامەکە پشتی بە رەخنەی شیکاری و ژینگەناسی بەستووە و لە چوار بەش پێکهاتووە.
توێژەر بە پێویستی زانیوە
بەشی یەکەم، وێڕای پێشەکی و هۆی هەڵبژاردنی ناونیشان، سنوور و میتۆدی توێژینەوەکەی، پێداچوونەوەی بەو نووسراوانەشدا کردووە کە لەبارەی رەخنەی ئیکۆلۆژی بەر لەم نووسراون، ئەویش دوو بەرهەمن، پ. د. فواد رەشید لە ۲۰۱۸ لە گۆڤاری زانکۆی راپەڕین توێژینەوەیەکی لەسەر شیعری وەسیەتنامەی – کەژاڵ ئەحمەد کردووە، هەروەها عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی لە ۲۰۲۰ لە پێشەکی دیوانی دلاوەر قەرەداغی ئاماژەی بە چەند شیعرێک لەژێر رۆشنایی هەمان چەمک داوە، ئەم دوو نووسراوە بە کورتی و سنوورداری ئاوڕیان لە چەمکەکە داوەتەوە، بەڵام دەستپێشخەربوون، لەبەرئەوە توێژەر بە پێویستی زانیوە دکتۆراکەی بۆ ئەو بابەتە تەرخان بکات.

پەیوەندیی بە بوارە جیاوازەکانەوە هەیە
بەشی دووەم، لە سێ تەوەر پێکدێت، لە تەوەری یەکەمدا چەمک و زاراوە و پێناسەی ئیکۆلۆژی کردووە. ئەرنست هێگڵ بۆ یەکەمجار ئیکۆلۆژی لە ۱۸۷۶ بەکارهێناوە. وشەکە بنەڕەتێکی یۆنانی هەیە و لە (Oikos-ماڵ) و (Logos-زانست) پێکدێت، کە واتای ژینگەزانی و زانستی ژینگە دێت. زانستەکە لێکۆڵینەوەیە لە پەیوەندی نێوان (رووەک، ئاژەڵ و مرۆڤ) بە ژینگەوە، ژینگە ناوەندی چالاکی و هێزی ژیانە، بۆ پەیوەندییە جۆراوجۆرەکانی هەر سێ بوونەوەر. هەروەها لەسەردەمی نوێدا زاراوەکە بۆ بوارەکانی ئابووری و سیاسەت…تد پەڕیوەتەوە، وەک ئیکۆلۆژی ئابووری، سیاسی، زمانی، ئەدەبی و پزیشکی و…تد. بەو پێیەی ژینگە پەیوەندیی بە بوارە جیاوازەکانەوە هەیە، لەبەرئەوە توێژەر چەند پۆلێنی جیاواز لە جۆرەکانی ژینگە دەخاتەڕوو،(ژینگەی مرۆیی، سروشتی، کۆمەڵایەتی)، یاخود (ژینگەی سروشتی و ژینگەی دەستکرد)…تد، هەروەها پەیوەندی و کاریگەریی مرۆڤ و ژینگە – ژینگە و مرۆڤ لەناو قۆناغەکانی مێژوو دەخاتەڕوو، کە مرۆڤ وەک پیرۆز، دۆست، سەروەر، یاخود وەک ناسەر و بەرهەمهێنەر… سەیری ژینگەی کردووە، ژینگەش کاردانەوەی جیاوازی هەبووە، لەبەرئەوە لە کۆندا ژینگە زیاتر کاریگەریی لەسەر مرۆڤ هەبووە، بەڵام لە سەردەمی نوێدا پێشکەوتنی مرۆڤ لەسەر شانی ژینگە بووە و دەسەڵاتیشی بەسەر ژینگەوە گۆڕاوە، هەرچەند رێژەییە، بەڵام دەوری لە گۆڕانی هاوسەنگی و سیستمی ژینگەدا هەبووە، لەبەرئەوە زانایان پێیان وایە (کێشەی ژینگە چارەسەر ناکرێ و نابێ، ئەگەر کێشەی مرۆڤ چارەسەر نەکرێ). دواتر توێژەر پەیوەندیی ژینگە بە فەلسەفە و ئەخلاقەوە دەخاتەڕوو، بە وردی و هەمەلایەن ئەخلاقی ژینگەیی و بنەما و رێبازەکانی باس دەکات، کە ئەخلاقی مرۆڤ دەبێت لەگەڵ نا -خودی خۆی شەڕ بکات، ئاشتی و پەروەردەی خودی راستەقینەی خۆی کە خواییە ئەنجام بدات، ئەودەم ئەخلاقی ژینگەیی بەدیدێت، کە دیارە ئەم روانگەیەی توێژەر ئاینییە و لە تێهەڵکێشی خۆناسی و خواناسییەوە سەرچاوە دەگرێت.
توێژەر تەوەری دووەم، بۆ پەیوەندیی ژینگە و  ئایینەکان تەرخان دەکات، کە هەندێک فەیلەسوف رەخنەی مەسیحییەتیان کرد، چونکە سەرچاوەی دابڕانی مرۆڤە لە دنیا، لەبەرئەوە دابەشکردنی مرۆڤ بۆ جەستە و رۆح، کە جەستە بە سروشتەوە پەیوەستە و سەرچاوەی خراپەیە، بووەتە هۆی خۆبەزلزانی مەسیحییەت بەسەر سروشتدا، چونکە بتپەرستی و سروشتپەرستیی رابردوو کە رێزی لە سروشت دەگرت، لەلایەن مەسیحییەت رەتکرایەوە. هاوکات توێژەر لە پەیوەندیی ئایینی ئیسلام بە ژینگەوە، رای وایە، پاراستن و ئاوەدانکردنەوەی ژینگە ئەرکە، تێکدان و زیانپێگەیاندنی بە تێکدەر و لادەر و تاوان دادەنرێت، چونکە زەوی موڵکی خوایە نەک مرۆڤ. توێژەر لە کۆتا تەوەردا باسی پیسبوونی ژینگە و هۆکارەکانی دەکات، کە کەمبوونەوەی سەرچاوەی وزە، زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، کەمی کانزاکان، لەناوچوونی سەرچاوەکانی سروشت، پیسبوونی هەوا و ئاو لە هۆکارە دیارەکانن.

 بوارەکانی رەخنەی ئیکۆلۆژی        
بەشی سێیەم، لە دوو تەوەر پێکهاتووە، یەکەم باسی سەرهەڵدان و گەشەسەندنی رەخنەی ئیکۆلۆژی و دووەم بوارەکانی رەخنەی ئیکۆلۆژی لە ئەدەبدا دەکات. پاراستنی ژیانی ئێستا و نەوەکانی ئایندە بە پاراستنی ژینگەوە بەندە، لەبەرئەوە ئەمڕۆ بێداربوونەوەیەک بۆ پرسی ژینگە هەیە، چونکە لەبەرامبەردا پێشکەوتنی مرۆڤ لەبوارەکانی تەکنەلۆژیا، پیشەسازی، بیناسازی و داهێنانی ئامێرەکان و کارگەکان و فراوانی هۆیەکی گواستنەوە…چەند بەرامبەر زیادی کردووە. زاراوەی ‹رەخنەی ئیکۆلۆژی› کە کارلێک و پێکەوەگرێدانی ئەدەب و کەلتور لە خۆدەگرێت، زاراوەیەکی ئینگلیزییە(Ecocriticism) لە بوارە جیاوازەکاندا بەکارهاتووە، لە رەخنەی ئەدەبیدا چەند چەمکێکی وەک(کەلتور و رەخنە و ئەدەبی سەوز، شیعرییەتی ژینگەیی، ئیکۆلۆژیی ئەدەبی…تد) کاران. ئامانجی رەخنەی ئیکۆلۆژی جیاوازە، بۆ نموونە بەرز و پیرۆزی توێژینەوەکانی ئەدەب و کەلتور، کە باسی سروشت دەکەن، رۆڵی شوێن(فیزیکی، نافیزیکی) لە دەقی ئەدەبی، ئەو بەرهەمە ئەدەبیانەی باس لە پیاوسالاری و کاپیتالیزم بەرامبەر ئافرەت و سروشت دەکەن… رەخنەی ئیکۆلۆژی لە هەستی نامۆبوونی مرۆڤ لە دنیای مۆدێرن دەکۆڵێتەوە، کە دابڕان لە سروشت سەرچاوەکەیەتی، هاوکات ئاڕاستەی رەخنەی ئیکۆلۆژی خۆی لە رەخنەی دەقی خەیاڵی، شیعری و دەقی نا -خەیاڵی و ریالیستی…تد دەبینێتەوە، کەواتە پەیوەندیی سروشت و ئەدەب دێرین و مێژووییە و ئەدیبانی کۆن جوانبین و سروشتپەرست بوون، بەڵام ئەدیبانی نوێ زیاتر رەخنەگری بە ئامرازکردنی سروشتن، رەیچڵ کارسۆن لەو نووسەرانەیە زوو باسی رەخنەی ئیکۆلۆژی و ئەدەبی سەوزایی کردووە و کاریگەری لەسەر سیاسەتی ئەمریکا بۆ ژینگە هەبووە، چونکە سەردەمی ئەمڕۆ کوشتنی ژینگە بووەتە ئەمری واقیع، لەبەرئەوە لە ۱۹۹۰ ەوە رەخنەی ئیکۆلۆژی بووەتە چەمکێکی کاریگەر و شوێندانەر، هەر بۆیە «گڵۆتفێڵتی» لە دامەزرێنەرانی رەخنەی ئیکۆلۆژی دەڵێ،»رەخنەی ئیکۆلۆژی رێبازێکی توێژینەوەیە، کە تیایدا زەوی کراوە بە چەقی کار لە توێژینەوە ئەدەبییەکاندا»، یاخود «بارۆوسکی» پێیوایە یەکەم و دوا ئامانجی شیعر گرنگیدانە بە زەوی وەک ماڵە گەورەکەی مرۆڤایەتی، چونکە وێرانکردنی سروشت بە دروستکردنی شارە گەورەکان تەنیا لەسەر حسابی سروشت نییە، بەڵکو ئەستۆی مرۆڤ و ماڵەکەی دەگرێتەوە. توێژەر هەڵوەستە لەسەر چوار شەپۆلی رەخنەی ئیکۆلۆژی دەکات، کە یەکەم لەسەدەی بیست و دووەم لە سەدەی بیست و یەکەمدا کارابوو، یەکەمیان زیاتر رۆمانسییەتی سروشتییە، لەکاتێکدا دووەم جەختی لەسەر دادپەروەری سروشتی و باسکردنی کێشە هەمەلایەنەکان و بە پرسکردنی سروشتی فرەڕەهەندە، هەرچی شەپۆلی سێیەم و چوارەمە تێهەڵکێشە، لە سێدا، رەخنەی نەتەوەیی و نەژادی (وەک ئەدەبی سپیپێست و رەشپێست…تد) دەگرێتەوە، لە چوارەمدا مرۆڤی جیهانی کارابوو، کە مرۆڤ لە هەر کوێ بژی، ئەو شوێنە پەیوەندیی بە سەرجەمی جیهانەوە هەیە، لەبەرئەوە بەستنەوەی مرۆڤ و شتەکان بە کۆی هەسارەکەمانەوە لە تایبەتمەندیی ئەم شەپۆلەیە، چونکە شت و مرۆڤەکان هەموو لە پەیوەندیدان، هاوکات کۆی هەر چوار شەپۆلەکە پێکەوەبەستراوەکە زەمینەخۆشکەرن بۆ یەکتریی.

رەخنەی ئیکۆلۆژی
توێژەر لە تەوەری دووەمدا باسی جۆر و بوارەکانی رەخنەی ئیکۆلۆژی دەکات و سەرنجیش لە ئەدەبی ئیکۆلۆژی بەپێی ئەو جۆرانە دەدات. لەم تەوەرەدا بە وردی زیاتر لە دە بواری رەخنەی ئیکۆلۆژی بەسەردەکاتەوە، لەوانە، فەلسەفە، رەخنەی ئیکۆفێمینیزم، ئیکۆکۆڵۆنیالیزم و پۆست‌ کۆڵنیالیزم، ئیکۆئیمپریالیزم، ئیکۆشوانکارەیی، ئیکۆسایکۆلۆژی، ئیکۆمارکسیزم…تد.
بەشی چوارەم، سێ تەوەر لەخۆدەگرێت، تەوەری یەکەم ئیکۆلۆژی و سروشت لە شیعری کوردیدا، کە تیایدا توێژەر بە نموونەی شاعیرانی کلاسیک و یەکەم شاعیر کە بابەتاهیرە دەستپێدەکات، لای بابەتاهیر رەگەزەکانی سروشت و وەسفی گوڵ و گوڵزار، بولبول، تێکەڵ بە دۆخی دەرونی مرۆڤ دەکات، هەروەها رەمزە سروشتییەکان بۆ ناسینی خودا بەکاردەهێنێت، یاخود مەلای جزیری بیری سۆفیگەریی لەناو رەگەزە سروشتییەکان دەربڕیوە و دەسەڵات و جوانی خودای لە سروشتدا بینیوەتەوە. لەلایەکی دیکەوە شاعیران وەسفی یار و خۆشەویستانیان بە رەگەزی سروشت چواندووە، بۆ نموونە نالی دۆخی دەروون، پیری و مردن بە وەرزەکانی ساڵ بەراورد دەکات، لاوێتی وەک بەهارە و پیرێتیش وەک پایزە:

شەوی بەهار جوانی خەوێ بو پڕ تەشویر
لە فەجری پایزی پیری بەیانی‌دا تەعبیر
وەکو نەهاری بەهاری درێژ و پایزی کورت
ئەمەل گەلێک  و طویل و عەمەل گەلێک و قەصیر

دواتر توێژەر نموونەی شاعیرانی نوێخوازی کورد بە تایبەت گۆران دەهێنێتەوە، کە ڕابەری شیعری رۆمانسی و سروشت و جوانییە، لای گۆران رەگەزەکانی سروشت هێندە بە زەقی ئامادەن، کە ئەگەر لایانبەرین، ئەوا کۆمەڵێک وشەی ئاسایی دەمێننەوە، لەبەرئەوە سروشت لە شیعری نوێدا ئاوێزان و تێکەڵی شیعر بووە، نەک لە دەرەوە وەسفی دیاردە سروشتییەکان بکات. دواتر توێژەر نموونەی شیعری هاوچەرخ و روانگەییەکان دەهێنێتەوە کە سروشت بووەتە پرسێکی بنەڕەتی، نەک لە وەسف و تێکەڵبووندا، بەڵکو لە هەڵوێست و ئەدەبی نەتەوەییشدا. هەروەها شاعیرانی هاوچەرخ سروشتیان وەک رەگەزی هونەری و ئیستاتیک ئاوێزانی کارەسات و تراژیدیاکان کردووە. رەفیق سابیر لە لاوکی هەڵەبجەدا دەنووسێ:

بەتەنیا جێی مەهێڵن
ئەمشەو زریان دەیچێنێت
تەمومژ دایدەپۆشێت
مانگەشەو دەیڕفێنێت
گەرووی بە گزنگ تەڕکەن…

لە تەوەری دووەمدا، جۆرەکانی رەخنەی ئیکۆلۆژی لە شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس و سەباح رەنجدەر بەسەردەکاتەوە، کە بە ئیکۆفیمینیزم دەستپێدەکات. رەخنەگرانی ئەم بوارە پێیان وایە ئافرەت و سروشت دوو رووی یەک دراون، چۆن ئافرەت لەلایەن پیاوەوە دەستی بەسەرداگیراوە و بە موڵککراوە، سروشتیش بەهەمانشێوە. شێرکۆ دەنووسێت.

من ناوم کراسی ژنانەیە
ئەوەی نیشتمان پێی شەرمە
بکاتە بەری خۆی منم!
ئەم مێژووە نێرە. ئەم نیشتمانی سمێڵە
تەنها جارێ منی نەکردە بەر هەتاوێ..

هەروەها سەباح رەنجدەریش شیعری هەیە دەکەوێتە چوارچێوەی ئیکۆفیمینیزم، بۆ نموونە دەنووسێ:
دەم و چاوی ژنی دووگیان
ئاگای لە گەشەی گەڵا و گوڵ هەیە
بەهار گەنجینەی گەورە و مەشخەڵی دایە زەمینە.

دواتر توێژەر نموونەی شیعری بۆ ئیکۆشوانکارەیی لای هەردوو شاعیر دەهێنێتەوە، کە ژیانێکی سادە لەنێو دڵی سروشت لەخۆدەگرێت، دوورە لە ژاوەژاوی شار و کۆمەڵگەی پیشەسازی، هەروەها ئیستاتیکایەکی رۆمانسی لەم جۆرە شیعرانەدا زاڵە. لەلایەکی دیکە ئاماژە بە ئیکۆکاپیتاڵیزم لە نموونەی شیعرەکانی هەردوو شاعیر دەهێنێتەوە، لای شێرکۆ بۆ نموونە:

ئەم کاتەت باش!
من جوانویەکی بێ کارم
خەڵکی کەرکووکم
کوڕی نەوت و گازم، کوڕی ئەو هەموو بۆری و چاڵانە
بەڵام ئەوەی بەڕێکەوتیش نەیانبینیم ئەو باوکانەن
لەبەرئەوەی بەردەوامیش ئەسوڕێمەوە
لەهەموو کەسێکی دی زیاتر نیشتمان ئەبینم.

شاعیر وێڕای رەخنەی سەرکردە و کاربەدەستان خۆشی بە نیشتمانپەروەر دەزانێت، لەکاتێکدا ئەوان ئەم نابینن، تەنیا نەوت و گازەکەی دەبینن، لەبەرئەوە نیشتمان گۆڕاوە بۆ مرۆڤێکی بێهەڵوێست. دواتر توێژەر ئاماژە بە رەگەزە زەمینی و ئاسمانی، سروشتییەکانی وەک ‹با، باران، ئاو، چەم…تد هەروەها رەگەزەکان ئاژەڵ -باڵندەکان لای هەردوو شاعیر دەدات. هەروەها پیسبوونی ژینگە بابەتێکی ترە کە هەردوو شاعیر ئاماژەی بۆ دەکەن، سەباح رەنجدەر دەنووسێت:

زەمین رووناکی لێ کوژاوەتەوە و
سروشتێکی هەڵچووی هەیە.

لە کۆتاییدا توێژەر بە نۆ خاڵ ئەنجامەکان دەخاتەڕوو، کە بارودۆخە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کاریگەریی لەسەر شیعری هەردوو شاعیر بۆ شیعرە ئیکۆلۆژییەکانیان هەبووە، هەروەها رەهەندە جیاوازەکانی ئیکۆلۆژی، فیمینیستی، قووڵ و تێپەڕکردنی خودپەرستی بۆ رێزگرتن لە سروشت و رەنگدانەوەی رەهەندە ژینگەپارێزییەکان وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو رەوتە سەرمایەدار و سیاسییە چاوچنۆکەی لەدووی نەوت و گازە و ژینگەڕوخێنە، نەک بونیادنەری ژینگە. 

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

چاپ‌، محل‌ تلاقی روح هنرمند و دستان صنعتگر است

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *