خانه / اخبار و رویدادها / خوێندنەوەیەک بۆ شیعرەکانی ژمارە (۳۱۹)ی گۆڤاری پەپوولە

خوێندنەوەیەک بۆ شیعرەکانی ژمارە (۳۱۹)ی گۆڤاری پەپوولە

خوێندنەوەیەک بۆ شیعرەکانی ژمارە (۳۱۹)ی گۆڤاری پەپوولە

ئەرسەلان حەسەن

ناوازەبوونی گۆڤاری پەپولە و خەمخۆریی ستافەکەی بۆ خزمەتکردن بەئەدەبی منداڵان و فۆرمی نووسین و تەکنیکی داڕشتنی هۆنراوەکانی ژمارە (۳۱۹)ی و خۆبەدوور گرتنی شاعیرەکان لە وشەی نالەبار و نەشیاو و نووسینی بەرپرسیارانە و هەستیار و بەئاگایان، هانیاندام ئاوڕێک لە هۆنراوەکانی ئەم ژمارەیە بدەمەوە.
بێگومان لەکۆنەوە سروشت و ئاژەڵ و باڵندەکان کارەکتەری چیرۆک و حیکایەتە فۆلکلۆرییەکانمان  بەجۆرێک ناسیووە و دوور و نزیک خۆشمان ویستوون و حەزمان کردووە ببین بەهاوڕێیان، کە شیعرەکانی ئەم ژمارەیەی گۆڤاری پەپوولە بەمجۆرە باسیان دەکات:

گەشتێک
زارا ئەحمەد لەم شیعرەدا وێنەی دوو هاوڕێی ڕێبوارمان بۆ دەگرێت کە دەچن بۆ سەیران و گەشت و بەهێمنی میهرەبانی سەیری جوانی خۆر و ئاو دەکەن، کە جۆرێک فانتازیا و بەخشندەییمان نیشان دەدا کە چۆن لەم سەیرانەدا مەلەکان دەبینن، بانگیان دەکەن و دێنەلایان و دەستییاندەگرن بۆگەشتێک ئەویش ئاسمانی بەرین و بێئەستێرە و بۆلای خۆریان دەبەن تا لەچاوان ون دەبن و لەبەیانییەوە تا ئێوارە یاری دەکەن و پاشان بەگفتوگۆوە دێنەوە خوارێ و دواجار پێماندەڵێت: سروشتی تێراو و ئاسمانی ڕەنگین سەرچاوەن بۆ ژین.

بێچووە ورچەکە
ئەمین محەمەد لەم شیعرەدا وێنەی بێچووە ورچێکی وریا و زیتەڵەمان بۆدەکێشێت کە لەماڵ دوور دەکەوێتەوە، بەڵام بەماڵەوە دەزانێتەوە، چونکە شوێنپێی دایکی دەکەوێت.
ئەگەر لەڕووی پەروەردەییەوە لەم شیعرە بڕوانین، منداڵان فێری کۆمەڵێک ئاکار و بەهای جوانی ژیان دەکات کە خۆی لە پەیڕەوییکردن لەدایک وەک قووتابخانەیەک، ماندووێتی و حەسانەوە و برسێتی و خواردن و هاوڕێیەتیی دڵسۆزانە و پێیان دەڵێت بێچووە ورچەکە تووکی سپی و نەرمونۆڵە و وەک ئێوە خڕ وخەپانە و یاریدەکات و ئەگەر ئێوە جلی گەرم بپۆشن وەک ئەو، نەسەرماتان دەبێت و نەسەرمای زستان کارتان لێدەکات.

گوندەکانی کوردستان
ئاکۆ محەمەد سابیر لەم شیعرەدا گوندەکانی کوردستانمان لە سێ کۆپلەی کتومتی وەرز و کاتی جیاوازدا بۆ وێنا دەکات کە هەر لەدیمەنی پەرێزەوە دوای دروێنە، دەمانباتە ناو ڕان و لەوێ گوێمان بەئاوازی باعەباع و زەنگوڵە و بلوێری شوان دەزرینگێنێتەوە و پاشان دەمانهێنێتەوە سێبەرە فێنک و خۆشەکەی باخی پڕمیوە و بێستان و هاژەی ڕووبار و چەم، کانی و دەڵێت: گوندەکان لەگەرمیان بێت یان کوێستان، جووتیارەکانیان ئامادەی کار و فەرمانن.

تابلۆی ژینگە
عەلی حەمەڕەشید لەم شیعرەدا دەمانباتە ژینگە پاک و بێگەردەکەی سروشت و هونەرییانە چاومان ڕوون و دڵمان بەتابلۆ ڕەنگینەکەی دەگەشێنێتەوە و لەدنیای ئاژەڵاندا ئاژەڵ و بێشە و لانەکانیانمان پێدەناسێنێت و پێماندەڵێت پێکەوە ژیانی ئاژەڵ و باڵندەکان لەژینگەدا، دیمەنەکەیان دڵڕفێنتر کردووەو بوونەتە باڵانسی ژینگە و ژیانیشییان جوانکردووین.

نووسین و منداڵ
گەرچی نووسەران هاوڕانین لەسەر نووسین بۆ منداڵان و لەڕوانگەی خۆیانەوە لەنووسین بۆ منداڵان دەڕوانن هەندێک پێیانوایە دەبێت بە هەمان پێوەری نووسین بۆگەورەکان داوەری نووسین بۆ منداڵان بکرێت و ئەوانیتر دەڵێن بەم پێوەرە دەکەوینە کۆتی دەستوپێگری روانگەی ناڕاستەوە، بەڵام ئەم دوو بۆچوونە نابنە رێگر و ئەم شاعیرانە بەئەزموونەکەیان تووانیویانە جوانی سروشت و بوونەوەرەکانی ناویمان بەشێوەیەکی جیاوازتر بۆ وێنا بکەن.

وێنە شعرییەکان
جگەلەوەی شیعرەکەی شاعیر عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی ناوی تابلۆی ژینگەیە و تابلۆیەکە بۆخۆی، بەڵام هەر چوار شیعرەکە پڕن لە چەندین وێنەی جوانی شیعری و دیمەنی دڵگیر کە منداڵ بەخوێندنەوەیان دەچێتە ناو سروشت و دارستانی رەنگاوڕەنگەوە و راستەوخۆ باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان دەبینێت، بەدڵنیاییەوە بێ پرسیارکردن دەیانناسێتەوە و دەبێتە هاوڕێیان.
سەرچاوە: گۆڤاری پەپوولە، گۆڤارێکی پەروەردەیی – رۆشنبیری منداڵانە و ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لەسلێمانی دەری دەکات – ژمارە (۳۱۹)، مانگی ئایار، ساڵی ۲۰۲۴٫

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

«آرش زره تن لهونی» استاندار کردستان شد

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *