رانانی کتێبی بیرەوەرییەک لە لووتکەدا
محەمەد مێرگەسۆری
رامان و خوێندنەوەی بیرەوەری هەر کەسایەتی و مرۆڤێک، جگە لەوەی سەرگوزشتەیەکی خێرایی ژیان و وێستگەکانی ئەو کەسەمان بۆ وێنا دەکرێ، هاودەم چەندین رووداو و چیرۆکی جیاجیات دێنەوە پێشچاو، کە هەر یەکێکیان لە هەندێ رووی رووداو، ئەکتەر، زەمەن، شوێن، لەوانەیە هاوچۆنییەتی بەشێکی ئەو وێستگە و قۆناغی ڕۆژگار و ژیانی هەر یەکێکمان بێ. واتە جۆرێک لە رەگەزەکانی گێرانەوەکە، هاوتەریبن لەگەڵ گێرانەوە و باس و خواسی ژیانی خۆمان، بە تایبەت بۆ کوردستانیان. کەسایەتی ناسراوی شاری سلێمانی بەرێز وەستا عومەری مەڵکەندی بیرەوەرییەکانی لە دووتوێی کتێبێکی قەبارە ۱۷۱ لاپەڕەییدا بەناوی (لە دامێنەوە بۆ لوتکە)، نووسیوەتەوە و ئامادەی کردووە و پ. د. هۆگر شێخ مەحموود پێشەکی بۆ نووسیووە و پێداچوونەوەی بۆ کردووە. بە سوپاس و خۆشحاڵییەوە دانەیەکی پێشکەش کردین، کە بە خوێندنەوەی کتێبەکە، سەرەنجی راکێشاین بۆ رانان و خوێندنەوەیەکی کورت و پوختی ناوەڕۆکەکەی.
تێرمێکی زانستی و ئەدەبی
ژیاننامە autobiography، وەک تێرمێکی زانستی و ئەدەبی و هونەری لە نێوەندە ئەدەبی و زانستییەکان ناسراوە، کە کەسێک خۆی بیرەوەرییەکانی دەنووسێتەوە، جیایە لەوەی کەسێکتر بیرەوەری biography بۆ بنووسرێ.
لەو چەند لاپەڕەیەدا، گێڕەرەوە، زۆر جوان دەستپێکی ژیان و زنجیرەی رووداو و بەسەرهاتەکانی هونیوەتەوە، کە لە هەر بەشێکی ناونیشانەکانی بابەت و وێستگەکانی ژیانی، چەند ئاکار و بەهایەکی باڵا و ئامۆژگاری ئاسا لە هزر و بیرمان وێنا دەکەن و دواتر بەپێی قۆناغەکانی دیکەی گێڕانەوەکەی دیمەنێکی پڕ لە ئەندێشەی خەملیو و تراژیدی و پاشان هیوا و ئومێد دەخوڵقێنن، کە هەست بکەین سەرکەوتنی مرۆڤ تەنها لە هەنگاوەکانیدا نییە، بەڵکو هاوتەریب دەبێ خاوەن بڕوا و متمانەبەخۆبووش بێ، تاکو بگاتە لووتکە.
لووتکە (TOP) لەم گێڕانەوەیەدا، گەیشتن نییە بەو ئامانجەی کە هەموومان خوازیارین و بۆی تێدەکۆشین، بەڵکو مانەوەی مرۆڤ و کەسەکانە بەو شێوە راستەقینەیەی خۆی هەیبووە و روانینی بۆ ئەو رابڕدووەشە، کە وای لێکردووە کە پەند و ئەزموونی لێوەرگرێ.
دەمێکە گێڕانەوەی بیرەوەریی، وەک تێرمێکی زانستی و مەعریفی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێ و خاوەن دیدێکی مێژوویی و ئەزموونگەراییە لە فێلدی نووسین و بە گشتی لە فەلسەفە و مەعریفەدا بە تایبەت، لەبەر ئەوەی گێڕەرەوە، جگە لەوەی سەرگوزشتە و رۆژانی ژیانی دەکاتەوە بە رستە و کتێب، ئامانج و مەبەستییەتی پەیام و رازێکش بگێڕێتەوە، کە لەوانەیە هەندێجار خۆی هەستی پێ نەکات یان هەر بە ئەنقەست لە ناوەخنی دێڕەکانیدا بیشارێتەوە و بیکاتە مەتەڵێک، بۆ ئەوەی خوێنەران و ئەوانەی بایەخ بە رۆڵی ئەم جۆرە لە نووسین دەدەن، بە دوای ئەو مانا و مەغزا شاراوانە، مەبەستدارانەدا بگەڕێن، کە جێی بایەخ و تێگەیشتن و توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانیانە.
پاراستنی جۆرێک لە هاوسەنگی
ناوەخنی ئەم گێڕانەوەیە، تاڕادەیەکی زۆر بابەتیبوونی – Objectivity پێوە دیارە، بەوەی کە بە رەوانی لەبارەی کۆمەڵێک کار و پڕۆژە و رووداو دواوە، کە وەک خۆی وێنەکەی نیشانداوە. ئەمەش بابەت و لایەنێکی گرنگە بۆ گێڕانەوە و پاراستنی جۆرێک لە هاوسەنگی لەو بابەت و تەوەرانەی نووسیوویەتی و لەگەڵ ئەوەی دوای ۷۰ ساڵ تەمەن، پێویست ناکا باسیان بکات و بینووسێتەوە.
هەروەها لەنێو دێرەکاندا رەنج و رۆحی هاریکاری، کۆڵنەدان، متمانە، رێز، پێزانین، وەفا، وردی لە بڕیاردان، خۆلەبیرنەکردن، لەسەرووی هەمووشیان بڕوابوون بە یەزدان و لایەنی رۆحی، هەموو ئەم چەمک و دەستەواژانە لە زنجیرەباس و گرێچنی گێڕانەوەکەدا رووبەرێکیان گرتۆتەوە، کە بۆتە هۆی ئەوەی وەستا عومەر، تەنها وەک حەلوافرۆش، شاگرد، پاسەوان، نەوتفرۆش، وشکەفرۆش، وەستایەک دەرنەکەوێ، کە بە بێ ئەوەی واهەست بکات ئەوسا لە دامێنی گۆیژە و ئەزمر چۆن بووە و چۆن دەستی پێکردووە و ئێستاش هەر بەرەو لوتکە هەنگاو دەنێ، بەڵکو تا دەگاتە قۆناغی وەستایی و دواتریش خاوەن پڕۆژە و نەخشەی بنچینەیی، خاوەن دیدێکی مرۆییانە و نیشتمانیی و خاکپارێزی بووە و ئاوات و خۆزگەکانی هی خۆی نەبوون، هی شاری سلێمانی و گەڕەکەکەی و ئینجا هەموو کوردستان بوون، ئەو دید و بۆچوونەشی هەتا ئێستاش لەگەڵ باڵا دەکات و هەردەڕۆن و دەڕۆن و دەڵێ: چی باشترینە، چی تازەترینە، چی پێشکەوتووترینە، چی شیاوترینە، دەبێ پێشکەشی ئەم خاک و وڵات و گەلە بکرێ.
ئاوەدانکردنەوەی زانکۆی سلێمانی
بۆ پشتگیری ئەو چەند دێڕەی سەرەوە، لەساڵی ۱۹۹۲ بە دەستپێشخەری رەحمەتی سەرۆک مام جەلال، هەوڵدرا جارێکیتر زانکۆی سلێمانی دابمەزرێنرێتەوە، وەستا عومەر دڵسۆزانە لەگەڵ چەند کەسایەتی و دڵسۆزیکیتر دەبێتە سەرمەشقی ئەندازیارانی ئاوەدانکردنەوەی زانکۆی سلێمانی.
بۆیە وەک خاوەنکار و بەڵێندەر و وەبەرهێنێک، بەشێکی زۆری پڕۆژە و کارگە و کۆمپانیا و ئیش و کارەکانی لەلایەن فابریکە و کۆمپانیای بەناوبانگ و پێشکەوتووەکانی ئەوروپی و جیهانە جێبەجێکراون و دامەزرێنراون.
لەوانەیە بەرێز و کەسایەتی دیکەی شاری سلێمانی و خاوەنکاری وەک وەستا عومەر مەڵکەندی بیرەوەرییەکانیان چاپ و بڵاوکردۆتەوە، بەڵام ئەم گێڕانەوەیە جیاوازە، چونکە بە زمانێکی زۆر سادە و جوان واقعییانە نووسیویەتی.