خانه / اخبار و رویدادها / رەفیق سابیر، بەشیعر دەرەقەتی كارەساتەكان نەهات!

رەفیق سابیر، بەشیعر دەرەقەتی كارەساتەكان نەهات!

رەفیق سابیر، بەشیعر دەرەقەتی كارەساتەكان نەهات!

خەلیل عەبدوڵڵا

بە تەنیا جێی مەهێڵن
ئەمشەو زریان دەیچێنێت
تەمومژ دایدەپۆشێت
مانگەشەو دەیڕفێنێت
گەرووی بە گزنگ تەڕ كەن
زامەكانی بە شیلان
بە گۆرانی دایپۆشن
یان بە سەوزیی دارستان

د.ڕەفیق سابیر، كەسایەتییەكی گەورەی كولتووریی كوردستانە، لە ڕشتەكانی ئەدەب‌و لێكۆڵینەوەدا خزمەتێكی زۆری بە كاروانی كولتووریی‌و مێژوویی كوردستان كردووە‌و شوێن پەنجەی ڕەنگینی لەو ڕشتانەدا دیارە.
ڕۆژی ۵ی تەممووزی ۱۹۵۰ لە شاری قەڵادزێ‌ لە دایكبووە، قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی‌ و ناوەندی لەو شارە تەواو كردووە.
ساڵی ۱۹۷۰ بۆ خوێندنی زانكۆ چۆتە شاری بەغدا‌و لە بەشی زمان‌و ئەدەبی كوردیی كۆلیجی ئەدەبیاتی زانكۆی بەغدا خوێندوویەتی‌و ساڵی ۱۹۷۴ بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لەو بەشەدا بە دەستهێناوە.
ڕەفیق سابیر، لە سەرەتای ژیانی لاوییەوە خولیای شیعر بوو، خاوەنی چەندین قەسیدەی بەزر‌و پڕمانایە، كە لە دووتوێی چەند كتێب‌و دیوانێكدا چاپ و بڵاوكراونەتەوە.
بێ‌ لە شیعر، بایەخی بە كاری ڕۆژنامەنووسی داوە، ساڵی ۱۹۷۲ تا ئەیلوولی ۱۹۷۸ وەك ڕۆژنامەنووس لە  ڕۆژنامەی (بیری نوێ‌)ی حزبی شیوعیی عیراق لە شاری بەغدا كاری كردووە، ڕۆژنامەنووسێكی سەنگین‌و بە سەلیقە بووە، بەرهەمەكانی لەو ڕۆژنامەیەدا شاهیدی توانا‌و ئاستی بەرزی ڕۆشنبیری ئەون.
نیسانی ۱۹۷۹ چۆتە شاخ‌ و لەڕیزەكانی حزبی شیوعیی عیراقدا بووە‌و بە پێشمەرگە‌و تا هاوینی ۱۹۸۲ بەردەوام بووە لە خەباتی پێشمەرگایەتی.
لەشاخ لەگەڵ كۆمەلێك نووسەردا، (یەكێتیی نووسەرانی كوردستان)یان دامەزراندووە‌و گۆڤاری (نووسەری كوردستان) یان دەركردووە.
 هاوینی ۱۹۸۲ بەهۆی شەڕی ناوخۆوە وڵاتی بەجێهێشتووە‌و ڕووی لە هەندەران كردووە‌و لە وڵاتی بولگاریا گیرساوەتەوە. لەو وڵاتە لە بەشی فەلسەفەی ئەكادیمیای زانستە كۆمەڵایەتییەكان خوێندوویەتی‌ و ساڵی ۱۹۸۷ بڕوانامەی دكتۆرای لە فەلسەفەدا بەدەستهێناوە.
نامەی دكتۆراكەی بە ناونیشانی (رۆڵی كولتوور لە پێكهێنانی هۆشیاریی نەتەوەیی كورد) بووە، كە بابەتێكی گرنگ‌و سەرنجڕاكێش بووە.
ناوەڕاستی ساڵی ۱۹۸۹ بولگاریای بەجێهێشتووە‌و لە سوید بووە بە پەنابەر، لەوێش بایەخی بە بواری كولتووری داوە‌و لەگەڵ (د.كەمال میراودەلی، هاشم كۆچانی‌و كاروان عەبدوڵڵا)، گۆڤارێكی كولتووری وەرزیان بەناوی ( ڕابوون) دەركردووە. ئەو گۆڤارە لە بەهاری ۱۹۹۱ تا  سەرەتای ۲۰۰۱ بە بەردەوامی  بەشێوەی وەرزی دەرچووە، گۆڤارێكی سەنگینی كولتووری بووە‌و چەندین بابەت‌و توێژینەوەی بەپێزی تێدا بڵاوكراوەتەوە.
ساڵی ۲۰۰۶ بوو بەسەرۆكی مەڵبەندی كوردۆلۆجیی زانكۆی سلێمانی. ساڵی  ۲۰۰۹ لەسەر لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرا‌ تا ساڵی ۲۰۱۱ بەردەوام بوو لە كاری پەرلەمانی‌و دواتر وازیهێنا.
د. ڕەفیق سابیر زیاتر وەك شاعیر ناسراوە، خاوەنی سەدان قەسیدەی بەرز‌و پڕ مانایە، كە لە دوو توێی چەند دیوانێكدا چاپ‌و بڵاوكراونەتەوە، لەوانە (پشكۆكان دەگەشێنەوە، ڕێژنە، سووتان لەبەر باراندا، وەرزی سەهۆڵبەندان، لاوكی هەڵەبجە، كاروانسەرا،  وەرزە بەردینە، ئاوێنە‌و سێبەر،  ژوانی ڕووناكی، ڕوونبوونەوە، ڕازو گومان، ئەویننامە، كۆی بەرهەمە شیعرییەكان).
بۆ كارەساتی هەڵەبجە، قەسیدەی لاوكی هەڵەبجەی نووسی، كە یەكێكە لە قەسیدە بەرزەكانی ئەو و دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو، كراوە بە سروودیش، كە دەكرێ‌ وەك سروود‌و مارشی هەڵەبجە ناودێر بكرێ‌. لە دوای ئەو كارەساتە‌و كارەساتەكانی دیكەی گەلی كوردستان، د.رەفیق سابیر، دانی بەوەدا نا كە بەشیعر دەرەقەتی ئەو كارەساتانە نایەت، بۆیە پەنای بۆ لێكۆڵیننەوە برد‌و خاوەنی چەند لێكۆڵینەوەیەكی گرنگە، لەوانە (بەرەو مێژوو، ئیمپراتۆریای لم، عیراق بە دیموكراتیكردن یان هەڵوەشانەوە، كولتوور‌و ناسیونالیزم، بەستانداركردنی زمان‌و ئەلف‌و بێی كوردی).
شیعرەكانی د.ڕەفیق سابیر، وەك كتێبی سەربەخۆ، یاخود ئەنتۆلۆجیای شیعری، بۆ چەندین زمانی جیهانی وەرگێڕدراون، لەوانە (ئینگلیزی، فەڕەنسی، سویدی، سویدی، دانیماركی، نەرویجی، هۆڵەندی، ئیستۆنی، عەرەبی‌و فارسی).
لەپای خزمە كولتورییەكانی چەند جارێك خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشراوە، لەوانە (خەڵاتی كلاس دی ڤیڵدی سویدی، خەڵاتی زێڕینی بلە، خەڵاتی ناوەندی پێنی كوردی).
د. ڕەفیق سابیر، لە تاراوگە‌و لە وڵاتی سوید دەژیا، بەداخەوە  ۲۸ی شوباتی۲۰۲۶ لە وڵاتی غەریبی کۆچی دوایی کرد.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

محمود دولت‌آبادی: امیدوارم سرباز بیگانه پا بر خاک کشور ما نگذارد

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *