کتێبی «شەوی جۆزەردان» چاپ و بڵاوکرایەوە
نوێترین وەرگێڕانی دوکتۆر موحسین ئەحمەد عومەر لە ژێر ناوی «شەوی جۆزەردان» لە لایەن دەزگای فام چاپ و بڵاو کرایەوە.
وەرگێڕ لەم کتێبەدا ئاماژە بە نەود شاعیری فەڕانسی لە کلاسیکەکانەوە تا نوێخوازەکان کردووە و بۆ هەر کام لەم شاعیرانە چەندین نموونەی شیعری هێناوەتەوە.
وەرگێڕ لەشێکی کتێبەکەدا دەڵێت:لەم کۆمەڵە شیعرەدا، کە ئێمە بە عیشقەوە وەرمانگێڕاوە ئەوپەڕی وردەکاریی زمانەوانی، کاری شێوازناسی و ڕوونبێژی و ڕەوانبێژی لێ بەکار هاتووە. فۆرم و ناوەرۆکی شیعرەکان پارێزگارییان لێ کراوە. تا ڕادەیەکی زۆریش زۆربەی وەرگێڕانەکان هەمان ژمارەی وشەی کوردییان وەک فرانسییەکە هەیە. ئەم کۆمەڵە شیعرە، لە بەراییەکانی هەر ێ شیعری ڕۆمانتیکی لامارتین و ئەلفرێد دوو مووسێ و ڤیکتۆر هوگۆ_ی تێدایە، لەگەڵ شیعرێکی پارناسی لۆکۆنت دولیل، ئەوانەی دی، هەموو شیعری نوێی سەدەی بیستەمن. شیعری فرانسی دەوڵەمەندە بە شێوازی هونەریی جۆربەجۆر و فۆرم و ئایدیا و وێنا و چەشەی ناوازەی گەڕان لە جوانی و هەقیقەت.
لە بەشێکی دیکەدا هاتووە: وەك ئەنجامی مۆدێرنیتێ، ڕاستەوخۆ هەر لە ساڵانی پێش شۆڕشی فرانسییەوە، كە بە سەردەمی ڕۆشنگەری یان ڕۆشنایی ناسراوە، شیعری فرانسی بە تایبەتی و ئەدەبی فرانسی بە گشتی، لە كۆت و پێوەندی كلاسیكی و ئەریستۆكراسییانە ڕزگاری دەبێ، بە هۆی ئازادیی ئەقڵی و ئازادیی مرۆڤەكان شیعری ئازادیش لەدایك دەبێ، ئەم ئازادییە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی شیعری ڕۆمانتیكی كە مرۆڤ بەرەو سروشت و گەردوون و بەرەو خودی خۆی دەگەڕێنێتەوە، وای لێ دەكا بە چەشنێكی دی و بە وێنایەكی شیعری دی لەم جیهانە ئاڵۆز و پڕ لە پەنهانە بڕوانێ، سەرەنجام ئەم هەڵكەوتە بەردەوام دەبێ، دەگەینە ناوەڕاستی نیوەی یەكەمی سەدەی نۆزدەم، كۆمەڵی فرانسی لە دەیان جەنگ و ململانێ و سەركێشییەكانی ناپۆلیۆن ڕزگاری بووە، حكوومەتێكی كەمێك ئاقڵتر وڵات بەڕێوە دەبا، ئەنجام وڵات دەبووژێتەوە.
زۆری پێ ناچێ، كۆمەڵی فرانسی سەردەمی ڕۆمانتیكی بەجێ دەهێڵێ، لێرەوە بە هۆی وەرچەرخانە كۆمەڵایەتی و سیاسييەكان، سەرەتاكانی كۆمەڵی پیشەسازی و سەرەتای كۆلۆنیزاسیۆن و مۆدێرنیزمی ئەدەبی و هونەری دەردەكەوێ. هەر لەناو ئەم هەڵكەوتەش كۆتایی بە ڕۆمانسیزم دێ، دەچینە ناو سەردەمی ئەدەبی ڕیالیزم و دواتر شیعری پەرناسیزم، كە بە چەشنێك دەتوانین بڵێین كوودەتایەكی ڕیالیستییانە بوو دژ بە ڕۆمانسیزم. ڕوخسارە گرینگەكانی ئەم سەردەمە بریتیین لە دەیان شاعیر و نووسەر، وەك لامارتین، ئەلفرێد دو مووسێ، ڤیكتۆر هوگۆ، ستەندال و بەلزاك و لۆكۆنت دولیل و پاشان فلۆبێر و بۆدلێر، تا دەگەینە ئەزموونی مەزنی ئارتور ڕامبۆ لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەم، وەك ڕوخسارێكی مەزنی شیعری سەمبۆلیزم، كۆتایی بە هەموو ئەو ئەزموونە مەزنەی پێش خۆی دەهێنێ، یان بە چەشنێكی دی، وەك لووتكە و دوندێك بۆ ئەو ئەزموونە خۆی دەنوێنێ.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.