سمۆیێ باپیر، بەشوێن رفێندراوە ئێزدییەكاندا دەگەڕێت
لە نوێترین بەرهەمی ئەدەبیی خۆیدا نووسەر و رۆژنامەنووس عەبدولڕەحمان بامەڕنی رۆمانی (سمۆی باپیر، رفێندراوە ئێزدییەكان رزگار دەكات)ی بڵاوكردەوە و هەنووكە لە دووتوێی بەرگێكی جواندا كەوتووەتە بەردەستی خوێنەران.
سەبارەت بە بیرۆكەی رۆمانەكە و ناوەڕۆك و چیرۆكەكانیشی، عەبدولڕەحمان بامەڕنیی نووسەر لە لێدوانێكیدا بە دوالاپەڕەی كوردستانی نوێ – ی راگەیاند: رووداوەكانی ئەم رۆمانەم دەگەڕێتەوە بۆ جینۆسایدكردنێكی دیكەی مێژوویی ئێزدییەكان لە كاتی جەنگی یەكەمی جیهانیدا لە رۆژی ۱۴/۵/۱۹۱۶ كە ئێزدییەكانی گوندی باسا دەكەونە ناو بۆسەیەكەوە و تێیدا ۱۸۰ كەس كەمەڵكوژ دەكرێن و چەندین كچ و ژنی ئێزدیش دەڕفێندرێن.
بامەڕنی هەروەها دەڵێت: رۆمانەكە خستنەڕووی رۆڵی پاڵەوانانەی رزگاربوویەكی ئەو كۆمەڵكوژییەیە بەناوی (سمۆیێ باپیر) كە دەچێت بەشوێن رفێندراوەكاندا دەگەڕێت بە مەبەستی دەربازكردنیان.
جێی ئاماژەیە رۆمانەكە لە دووتوێی ۱۴۴ لاپەڕەدا و بە قەبارەی نیو (A4) چاپ و بڵاوكراوەتەوە.