کتێبی ئێمە و ژیریی دەستكرد بڵاوكرایەوە
نووسەر و ئەكادیمی فەیسەڵ عەلی، نوێترین كتێبی خۆی لەبارەی ژیریی دەستكردەوە بەناونیشانی (ژیریی دەستكرد، لەداهاتوودا ئێمە ژیریی دەستكرد بەڕێوە دەبەین، یان ئەو بەڕێوەمان دەبات؟) بڵاوكردەوە.
لەم كتێبەدا، نووسەر دەڵێت: (بۆ تێگەیشتن لە ژیریی دەستكرد و زانینی رەهەندەكانی، دەبێ تیشك بخرێتە سەر چەمكی ژیریی دەستكرد و زانینی سەرهەڵدانی، چۆن پەرەی پێدرا تا بەم ئاستەی ئێستا بگات).
ئەم كتێبە لە چەند بەشێك و ناونیشانێكی جیاواز پێكهاتووە، لەوانە: چیرۆكی دروستبوونی ئینتەرنێت، ئابووریی زیرەك بەڕێوەیە، ژیریی دەستكرد ململانێ بۆ زاڵبوون، ئایا ژیریی دەستكرد بێكارمان دەكات؟، جەنگ بە كلیلەكانی ئینتەرنێت، پێشكەوتنی خێرای تەكنەلۆژیا و پاراستنی منداڵان، جەنگی زانیاریی، ژیریی دەستكرد هاوڕێ نوێكەمانە، تەكنیكەكانی ژیریی دەستكرد و دەركەوتنی كەلێنەكان، ژیریی دەستكرد بوونەوەرێكی بیرمەند، مرۆڤی دیجیتاڵی یان بەدیجیتاڵكردنی مرۆڤ، رێژەی لەدایكبوون و ژیریی دەستكرد، ژیریی دەستكرد، بەرەو سەركەوتنێكی نوێ، ژیریی دەستكرد لە دەرگاكانمان دەدات، نوێگەرییەكان ژیریی دەستكرد و چەند بابەتێكی تر.
فەیسەڵ عەلی، كە ماوەیەكە سەرقاڵی نووسین و وەرگێڕان و شرۆڤەیە لەبارەی (ژیریی دەستكرد)، لە پێشەكی كتێبەدا، دەڵێت: (ژیریی دەستكرد، یەكێكە لەو چەمك و زاراوانەی دەرئەنجامی دەركەوتنی ئابووریی مەعریفە بەدیار كەوتووە، لەنێو شرۆڤەكارانی ئابووری و میدیای ئابووریدا چەندین ناوی لێنراوە، وەك ئابووریی ئایندە، یان ئابووریی نوێ، یان ئابووریی دیجیتاڵی، یان ئابووریی مەعریفە.
گرنگی ئەم كتێبە نوێیەی فەیسەڵ عەلی لەوەدایە، بە تەواویی ئاشنامان دەكات بە چەمكی ژیریی دەستكرد، بەتایبەت بۆ ئەوانەی هیچی لەبارەوە نازانن و تەنها بیستویانە یان كەمیان لەبارەوە خوێندۆتەوە، ئەم كتێبە كە بە كوردییەكی پاراو نووسراوە، دەروازەیەكی گرنگە بۆ هەموو خوێنەوارێكی كورد كە دەستی بخات و بیخوێنێتەوە. چونكە وەكو دەزانن ژیریی دەستكرد كە یەكەم پێناسەی لە ساڵێ ۱۹۹۴ لە فەرەنسا بۆ كراوە و دەڵێت: (ژیریی دەستكرد كۆمەڵێ كاری پەیوەست بە توێژینەوە و پەخشكردنی زانیاریی سوودبەخشە و رێكدەخرێ تاوەكو ئابووریناسان لە داڕشتنی ستراتیجیتەكانیاندا بەكاری بهێنن). بە پشت بەستن بەم پێناسەیە و بە بۆچوونی نووسەری كتێبەكە، ژیریی دەستكرد بەگشتی پێكدێت لە كۆمەڵێك ئامرازی مرۆیی و تەكنەلۆجییە بە ئامانجی پەرەپێدانی دامەزراوە ئابوورییەكان بەگەڕدەخرێن تا بەگەشەپێدانی بەردەوانی ئابووریی دەگات.
كۆمار مەسعود