خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / چەمکی ئەوی تر لە ڕوانگەی لێڤیناسەوە و ڕەنگدانەوەی لە ڕۆمانی “بەردینە”دا

چەمکی ئەوی تر لە ڕوانگەی لێڤیناسەوە و ڕەنگدانەوەی لە ڕۆمانی “بەردینە”دا

چەمکی ئەوی تر لە ڕوانگەی لێڤیناسەوە و ڕەنگدانەوەی لە ڕۆمانی “بەردینە”دا

سارا خه‌نشا

دوای شەڕی جیهانیی دووەم، چەمکی “مرۆڤی تر” شوێنێکی نوێی لە فەلسەفەی ڕوژاوادا بە خۆیەوە بینی. پرسی بەرەوڕووبوونەوەی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤێکی تر، گەڵاڵەی تیۆریی “ئەوی تر”ی لێ کەوتەوە کە ئەنجامەکەی بە بابەتەکی ئەخلاقی و ئاکاری دەگات. لە ئاراستەی ئەم گۆڕانکارییە ئاکارییانەدا لێڤیناس ڕاستیی بوونی ئەوی تر دێنێتە ئاراوە، کە بوون و شوێنی لە ژیان و شوناس و هەستەکانماندا لەچارنەهاتووە.

لێڤیناس فەیلەسووفی هاوچەرخی فەرانسەوییە کە سیستمە فەلسەفیییەکەی لەسەر ئەخلاق و ئەوی تر دامەزراندووە. ئەو لەو دەستە فەیلەسووفانەیە کە لە بەرهەمەکانی خۆیدا، چەمکە فەلسەفییەکان لە خزمەت ئەخلاقدا بەکار دێنێت. ئەو چەمکی ئەوی تریش بەو گۆشەنیگایە چاو لێ دەکات و دەیهێنێتە ئاراوە؛ بەو واتەیە کە بەرپرسیارێتیی لە هەمبەر ئەوی تر، سەرتر لە ناسین دەزانێت و لە ڕوانگەی ئەوەوە بەرپرسیارێتیی ئێمە لە هەمبەر ئەوی تر لە سووژەبوونی ئێمە وەرنەگیراوە بەڵکوو بەپێچەوانە دانەر و دامەزرێنەری سووژێتیی ئێمە لە جیهاندایە و منبوونی من لەسەر بەرپرسیارێتیی من دادەڕێژرێت.

لێڤیناس جەخت لەسەر پێوەندی لەگەڵ ئەوی تر و ئەرک و ڕۆڵی بەرپرسیارێتی دەکات. ئەوەی بۆ لێڤیناس زۆرتر لە هەر شتێکی تر گرینگی هەیە، چۆنیەتیی پێوەندیی نێوان مرۆڤەکانە. لە پێوەندیی نێوانی “من” لەگەڵ ئەوی تر، لێڤیناس ئەوی تر یان “تۆ” سەرتر لە خۆ “من” دادەنێت؛ هەڵبەت نەک ئەو “تۆ”یەی کە من سەربەستانە هەڵم بژاردووە یان وای بۆ دەچم کە وەک “من”ە؛ بەڵکوو مەبەست ئەو “تۆ”یەی کە لەپڕ لەگەڵی بەرەوڕوو دەبمەوە؛ ئەو بیانییەی هاتووەتە نێو ژیانم و پێویستی بە بەرپرسیارێتیی منە لە هەمبەر خۆی. لە ڕوانگەی لێڤیناسەوە، بوونی “ئەوی تری ڕەها” لەنێوان خود و ئەوی تر، وەک دوو بوونی جیا لێک، لەچارنەهاتووە. ئەوی تر هەر ئەوی تری ڕەهایە.

 

بە پێی ئەو پۆلێنەی کە د. مەحموودزادە لە (ئافاقی شیعری نالیدا) لە باسی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەوی تردا بەگشتی دەکرێ بیر لە چوار ستراتێژیی جیاواز بکەینەوە، کە بریتین لە:

ئـ) سڕینەوەی ئەوی تر

ب) ئاسیمیلەکردن و تواندنەوەی شوناسی ئەوی تر لەنێو شوناسی خۆدا

ج) داخستنی دەرگای پێوەندی لەگەڵ ئەوی تر

د) سازکردنی پێوەندی لەگەڵ ئەوی تر

لە ستراتێژیی یەکەمدا سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزی و قڕکردن بەکار دەهێنرێ. لە ستراتێژیی دووەمدا ئەوی تر بە شێوەیەکی فیزیکی ناسڕێتەوە بەڵام هەوڵ دەدرێ شوناس و هەوێتییەکەی لەنێو شوناسێکی دیکەدا بتوێندرێتەوە. لە ستراتێژیی سێیەمدا ئەوی تر پاکتاو ناکرێ و نە هەوڵ بۆ توانەوەی شوناسەکەی دەدرێ. بەڵام دەرگای پێوەندیشی بەسەردا دادەخرێت. سیاسەتی دەرگاداخستن بەسەر ئەوی دیدا درەنگ یان زوو دەگات بە سیاسەتی سڕینەوەی شوناسی ئەوی دی یان سڕینەوەی خودی ئەوی دی.

 

١) بەرەوڕووبوونەوەی “ئەوی تر” و “هەر ئەو یان هەمان” لە دەقی ڕۆماندا

هەر وەک ئاماژەمان پێ کرد بنەمای سیستمی فەلسەفیی لێڤیناس لەسەر سەرتری ئەخلاق بەسەر فەلسەفە و لەسەر گرنگیدان بە چەمکی “ئەوی تر” بنیات نراوە. ئەو “ئەوی تر”ەی کە مەرجی ڕوودانی سووژەیە و گرینگترین بابەت کە هەڕەشەی لێ دەکات، دابەزاندنی بە “خۆ” یان”هەر ئەو”ە. بە بڕوای لێڤیناس” ئەو بیر و مەعریفەیەی کە بەردەوام لە فەلسەفەدا بەدوای بوونە لەسەر بنەمای “ئەم هەر ئەوە” بووە. بیر و ئەندێشەیەکی ئەوتۆ، سنوورەکانی تەنیا بە سڕینەوە و سەرکوتی هەر جۆرە ئەوی ترێتییەک کە تێیدا نەگونجێت، پەرە دەدات”.

یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی ڕۆمانی “بەردینە” ئەوی ترە. لە ڕاستیدا نووسەر بە نووسینی ئەم ڕۆمانە دەیهەوێت  تیشک بخاتە سەر ئەم ڕاستییە کە لەبەرچاونەگرتنی “ئەوی تر” و دابەزاندنی بە “خۆ” یان “هەر ئەو”، چۆن دەتوانێت بوارەکانی دابەزینی ئەخلاقی و ئاکاری تاکەکان بەدی بێنێت.

نووسەر لە لاپەڕەی (٥٥)دا لە زمانی بەنگینەوە ئەم ئەوی ترە ئاوا زەق دەگاتەوە: “بەنگین گۆتی: وەک من میرخان بناسم بە هەویایە نە بەرحوکمی کڵاوڕەشان بێ، نە بەرحوکمی کڵاوسووران، میرخان وێ کەوتووە لە پێشاوپێشی هەردووکان قەڵاداری بکاتن. میرخان نایهەوێ دەستندەخۆری شتاقان بێ؛ نە کڵاوڕەش و نە کڵاوسووران.” هەروەها لە لاپەڕەی (٦٣)دا میرخان  بەم شێوەیە بە هیوایە ئەوی تربوونی خۆی بسەلمێنێ: “دا قەڵات و داغمە و بەیداغی خۆمان هەبێ و چی دی نەچینە بن بەردینەی کڵاوسوور و کڵاوڕەشان.”

بەڵام ئەو ئەوی ترە لەلایەن کڵاوسوورەکانەوە وردەوردە ڕووەو دابەزاندنی ئەوی تر بۆ هەرئەو (هەمان) هەر جارێ و بە شێوەیەک ڕووی دەدا؛ بە گاڵتە پێکردن بە زمانی گودروونەوە لەلایەن سەیدا و هاوپۆلییەکانییەوە دەستی پێ کرد؛ هەر وەک لە لاپەڕەی (٦٩ و ٧٠)وە لە زمانی گودروونەوە ئەوامان بۆ دەگێڕێتەوە: “سەیدا لە مەکتەب چ جار نێوی نەدەهێنام و هەر پێی دەگۆتم دین‌ترۆزی! جارێک گۆتی: “ئەو دین‌ترۆزییە بێچووەمارە، لە عاشیرەتی جندییانە.” لە حاندی خۆ مات مام و وەک کیسەڵ چوومە قاپیلکی خۆوە.” لە لاپەڕەی (٧٣) بەم شێوەیەی زەق دەکاتەوە: “لە مەتکەب، سانەوەی سەیدا ببووە پێکەنین و گاڵتەئاویتن بە من. قورئانی بەتۆپزی پێ دەخووندم و وێڕای منداڵان تا شەویلکەیان شل دەبوو و زگیان وەژان دەکەوت، قاقا پێ دەکەنین.” ئەم شێوە هەڵسوکەوت و دابەزینی ئەوی تر تا ئەو شوێنە دەچێتە پێش کە کەسایەتیی سەرەکیی ڕۆمان واتا گودروون بڕیار دەدات خۆی وەک ئەوان لێ کات؛ “گۆتم جا چ نییە ئەمنیش لەوەدوا وەک ئەوانی دەخوونم. پێشوونان دەڵێن چوویە شاری کوێران چاوی خۆ بگرە و ئەتۆش مەبینە. گۆتم لەوەی پاش ئەمنیش وا دەکەم.” بەڵام سەیدا کە نوێنەری دەسەڵاتە بەمەش ڕازی نابێت و دەڵێت: “گۆتی: “نا نا، دین‌ترۆزی! حەقی ئەوەت نییە! وەک ئێمەی نەخوونی شەیتان! وەک شەیتان و جندییانی وەخینە.” هەر وەک دەبینین ئەوەی کە سەیدا، گودروون وەک شەیتان و جندییان دادەنێت، دانانێکە کە هیچکەس نییە، ئاماژەیەکە بە دابەزاندنی ئەوی تر بە هەر ئەو، بابەتێک کە بە بڕوای لێڤیناس سەرەتای کوشتنی ئەوی ترە. کاتێک ئەمە  ڕووی بدات، یەکەم هەنگاو بۆ نەدیتنی “ئەوی تر” وەک مەرجی ڕوودانی سووژێتی هەڵگیراوە کە ئەنجامەکەی دابەزاندنی مرۆڤگەلێک بە ئەزموونە ژیاوە جیاواززەکان بە چەمکگەلێکی دەرهەست (ئینتزاعی)یە. پرسێک کە هەستی بەرپرسیارەتیی ئێمە لە بەرانبەر ئەوانی تر لەنێو دەبات و بنەماکانی سیستمی ئەخلاقیی لێڤیناس تێک دەشکێنێت.

ئەوپەڕی ئەم شێوە ڕوانینە واتا دابەزاندنی “ئەوی تر” بە “هەر ئەو” یان “خۆ” لە لووتکەکانی کۆتاییی چیرۆک ڕووی دەدات، ئەو کاتەی وا گودروون دەرمانداو دەکرێ و ئەسکەندەربەگ تەنانەت ناوی گودروونیشی پێ ڕەوا نابینێت و بە کتکەبۆر ناوی دێنێت و تەنانەت لەمەش تێ دەپەڕێت هەتا ئاستی “خۆ”بوون دای دەبەزێنێت و بەم شێوەیە لە لاپەڕەکانی (١٧٧، ١٧٨، ١٨٥ و ١٨٦) بانگی دەکات: “کتکی خۆم، ئەمن لە ئێستاوە دەبێ چم دیت پاکی تێ بنووسمە قاقەزان.”دەترسم مشکانی ئەوێ ببینێ لەخۆ میزێ! کتکی خۆم! خەمی لێ مەخۆ، ئەتۆ ئەلەوێ لەتەنیشت تۆپەکەوە ڕۆنیشە، نەچییە لوولەی تۆپەکەوە، توند دەستت بگرە.” “کتکی خۆم! چا عاسمان! داڵاشان و خەرتەلان لێمان وەحەوا کەوتوون.”کتکی خۆم! ئەوە چییە لەولاوە بەرەو ئێرە لوور بووە؟” هەر وەک دەبینین لەم ڕستانەدا بە هێنانی خۆم پێمان دەسەلمێنێت کە ئەسکەندەر بەگ نەتەنیا گودروونی هەتا ئاستی پشیلەیەکی تەپڵۆس و سپڵە دادەبەزینێت بەڵکوو ڕاستەوخۆ لە “ئەوی تر”ەوە بۆ “خۆ”  و تواندنەوەی ئەوی تر لە خۆدا دای دەبەزێنێت.

 

٢) گودروون، ئەوی ترێک لە چەمکی مرۆڤی لە خۆ نامۆدا

لە ڕوانگەی لەخۆنامۆیی یان “ئێلیناسیۆندا” (Alienation) مرۆڤی مۆدێڕن بەدوای زاڵبوون بەسەر هێزە دەسەڵاتدارەکاندا نییە، بەڵکوو خۆی شوێنکەوتووی زەبروزۆریی ڕۆژگار دەزانێت و ڕادەستی دەبێت. پێویستە ئەم خاڵە لەبەر چاو گیرێت کە، باس لە خۆنامۆیی لەگەڵ جۆریک پووچی و تەریکیی کەسدایە کە لە هەمبەر کۆمەڵگەدا خۆی دەنوێنێت . ئەم بیر و بۆچوونە جۆرێک نامۆسازی یان بێهەوێتیی تاکی پێ دەکوترێت.

کەواتە ناوەندی ڕاستی لە ئەزموونەکانی تاکەکەسیدا شاردراوەتەوە، کە لەگەڵ جیاییی مرۆڤ لە کۆمەڵگە  و تایبەتیبوونی بایەخەکاندا، درزێک دەکەوێتە نێوان جیهانی دەروونی و جیهانی چاوەکی (عینی)ی ئەو.ئەم مەودایانە دەبنە هۆی لەخۆنامۆیی، تەنیایی و قەیرانی هەوێتی لە تاکدا.

لە خۆ نامۆبوون، تەنیایی و بەتاڵبوونی ژیانی گودروون لە واتادا، لەم دێڕانەدا ڕاشکاوانە خۆ دەنوێنێت: لە لاپەڕەی (١٤٣)دا دەڵێت: “لە حەوشی چارباغم وەک شازادەیێک و هەڵکشاوێک لە بەر گەڕان و بە پێشمەوە هاتن! بەڵان ئەمن دڵ‌بەگەرداو و هوندوورن‌پەژار بووم. چم هەست بەوە نەدەکرد بۆخۆم بم؛ زێدەتر دەیانبردم و ڕایاندەکێشام و پاڵیان پێوە دەنام.” لە لاپەڕەی (١٧١)یشدا بەم شێوەیە وێنای دەکات: “وەختێک هەستامەوە، گودروون ما نە گودروونی پێشوو. هەوەڵ پێشێ جارجار دایکم وەبیر دەهاتەوە و دەگریام بۆ سەربهوورد و چارەنووسی خۆ. سەبرە سەبرە ئەو ترووسکەش لە دەروونەخانم ڕانەدەبوو و وەبیرم ما نە دایک  و نە سەربهورد و نە خۆ!” “خۆم لێ ون دەبوو و نەمدەزانی کێم!” یان لە لاپەڕەی (١٧٢) ئاوای دەگێڕێتەوە: “ئەتۆ کێی هەموو ڕۆژان دێیە ئێرە و خۆ لەخەو دەکەی؟ ڕاستیان دەکرد، ئەمن کێم هەموو ڕۆژان دێمە ئێرە و خۆ لەخەو دەکەم؟ پاش تێڕامان و تێفکرینێکی زۆر وەبیرم نەدەهاتەوە بڵێم کێم. گۆتیان ناتناسین. گۆتم ڕاست دەکەن نامناسن، ئەمنیش نایناسم. گۆتی ڕاست دەکەن ئەمنیش نایناسم.” “کابرایێک لە دوورڕا هات، گۆتی ئەمن دەیناسم، گۆتم ڕاست دەکا ئەو دەمناسێ.” “خۆمم لێ ون ببوو” “دەمێکی وەبیرم هاتەوە ژیندووم گۆتم کاول و بێئەنوامە ئەزبەنی.” لە لاپەڕەی (١٧٣)دا ئەم بەتاڵی و بێواتاییی ژیان بەوپەڕی خۆی دەگەێنێت و دەڵێت: “هێدی هێدی ئاگام دەکرد بەتاڵ و چۆلەوار و بێخەیاڵ و بێخەم دەبووم”  و لە لاپەڕەی (١٧٤)دا لەخۆنامۆبوونەکەی بە ڕابردووەوە دەبستێتەوە و ئاوای زەق دەکاتەوە: “ئەمن کێ بووم و ئەو کابرایە کێ بوو و ئەوێ کوێ بوو؟” هەر وەک دەبینین قەیرانی پێوەندیی “من” لەگەڵ “ئەوی تر” دەگاتە شوێنێک کە هەوێتی و شوناسی ئەوی تر دەچێتە ژێر پرسیار ؛ مرۆڤێک کە لە شوناسەکەی داببڕدرێت، تەنانەت حاشا لە هەوێتیی خۆشی دەکات. لە کەشەکی ئەوەتۆدا، شوناس، وەک بەشێک لە ئەوی تر دێتە ئەژمار و ئەو دەبێت بە مرۆڤیکی پووچ و بێئامانج.

 

٣) زمان و ئەوی تر: گۆڕەپانی ئەخلاقیی وتن

بە وتەی لێڤیناس “زمان هەقیقەت (جوهرە)ی وتاری ئەخلاقییە.” زمان پێش ئەوەی کە گۆڕینەوەی بیروڕاکان و سیستمێک لە نیشانەکان بێت، پێشتر لە هەر “ئەرێ” و “نا”یەک، پێوەندییەکە لەگەڵ ئەوی تر، کە هەرچەند دەرگەی ئەم هاوپێوەندییە دەکاتەوە و من بە تێپەڕین و بەجێهێشتنی خۆ بانگێشت دەکات بەڵام تێیدا ئەوی ترێتیی ئەوی تر و مەودای نێوان ئەو و من، دەپاراسترێت و منیش جیاییی خۆم لە ئەو دەپارێزم. زمان هەڵگری فرەیییەکە کە سەرەڕای پێوەندی و پێکەوەژیان، لەسەرتریی ئەوی تر لە گۆڕەپانی دەروونی من کەم ناکاتەوە. لەو بەڕەوڕووبوونەوەیەدا بە وتەی لێڤیناس “زمان، ئەو جیهانەی کە تا ئێستە هیی من بووە هاوبەشی دەکات …”

بە وتەی (د. مەحموودزادە): ” “زمانی لەهجەدار” هێمایەکە بۆ ئەو دۆخە. من ئەگەر قەرارە بە زمانی تۆ بخوێنم و بە زمانی تۆ بنووسم دوو مەرج نابێ پشت‌گوێ بخرێن: مەرجی یەکەم ئەوەیە من بتوانم بە زمانی خۆشم بخوێنم و زمانی تۆ من کپ نەکا. مەرجی دووەم ئەوەیە کاتێک من زمانی تۆ دەخوێنم، قەرار نییە”من” ببم بە “تۆ”. من ئەگەر زمانی تۆش بەکار بێنم بە لەهجەی خۆمەوە دێمە ناو زمانی تۆوە. بە لەهجەی خۆمەوە واتە بە شوناسی خۆمەوە.”

هیدایەتی زمان و ئەوی تر و گرینگیی ئەم بابەتە و چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی کڵاوسووران لەگەڵ زمانی ئەوی تر بەم شێوەیە وێنا دەکات و لە لاپەڕەی (٦٨-٦٩)دا دەگێڕێتەوە: “هێندێک لە حەرفانی قورئان وەک حاء و قاف و عەین و غەین، منداڵانی مەکتەب، نەیاندەتوانی بیڵێن، ئەمن بەڕەوانی دەمگوتن.” زۆر جاران لە مەتکەب یانە دەرین‌ماڵی خۆ شتێکم دەگۆت منداڵان بە قسەی من قاقا دەخەنین و ئەمن بەقین دەبووم و دەمگۆت باشە ئەوانە بۆ گاڵتەم پێ دەکەن؟” “دوای ئەو جارە، دایکم وەک پێشوو لە دەروون‌ماڵی خۆ تەنێ بە زمانی حەجەمی دەدوا و قسانی دەکرد، ئەمن سەیر دەمام.” “گۆتم: “دایە بۆچی وەک پێشوو لە دەروون‌ماڵی خۆمان قسە ناکەی؟” گۆتی: “بتمرم لە بەری، دا وەک منداڵانی دی زمانت ڕەوان بێ و چ کەس چیدی نەتوانن تیز و گەپت باوێنێ.” “بەقین بووم و مانم گرت؛ گۆتم: “تەقا بە حەجەمی قسان بکەی وسکت دەکەم و چ ناڵیم.” هەر وەک لە دێڕانەدا دەبینین ئەم بەرەوڕووبوونەوەیە لەگەڵ زمانی ئەوی تر نەتەنیا هیچ یەک لە مەرجەکانی ئەخلاق ناگرێتەوە بەڵکوو لەوپەڕێ بێئەخلاقییەوە ڕووی دەدات. تەنانەت کاتێک گودروون وەک ئەوی تر  بۆ پێکهێنانی پێوەندیی لەنێوان خۆی و سەیدا و هاوپۆلییەکانی ئامادەیە بە شێوەیەی ئەوان قورئان بخوێنێتەوە و بدوێت، سەیدا ڕێگەی پێ نادات و نەتەنیا وەک سووژەیەک ڕێز لە لەسەرتریی ئەوی تر و بوونی ناگرێت بەڵکوو بەوپەڕی بێڕێزی و سووکوچرووکردنی گودروون  و هەڵسوکەوتێکی نامرۆڤانە تەنانەت وەک مرۆڤێکی ئاساییش هەڵسوکەوتی لەگەڵ ناکات؛ هەر وەک لە لاپەڕەی (٧٣)دا بۆمان دەگێڕێتەوە: “هەر گۆتم بیسمیلاهی ڕەهمانە ڕەهیم، سەیدا بە شووڵم وەرگەڕایە و سەروچاوی چ نەهێشتم، گۆتی” “نا نا، دین‌ترۆزی! حەقی ئەوەت نییە! وەک ئێمەی نەخوونی شەیتان! وەک شەیتان و جندییانی وەخینە.” تەنانەت هاوپۆلییەکانیشی بە ناوی خۆی بانگیان نەدەکرد و هەر وەک لە لاپەڕەکانی (٧٠، ٧٢ و ٧٦) ئاماژەی پێ کردووە بە بێچووەمار و بێچووەجند ناویان دەهێنا. لە لاپەڕەی (٧٦)وە لە زمانی گودروونەوە بۆمان دەگێڕێتەوە: “زارۆیان بە هۆیت هۆیت و بێچووەجند و بێچووەمار وەدوام دەکەوتن.”

هەر وەک (د. مەحموودزادە) لە “ئافاقی شێعری نالیدا” ئاماژەی پێ کردووە: “لە وڵاتێکد کە ئێمە هاوماڵین دەبێ پێداویستی و مشووری هەموو هاوماڵەکان لەو ماڵەدا گرینگی پێ بدرێ، وەک چۆن من لە “دۆخێکی سووژەیی”ی ئەوتۆدا ڕاوەستاوم کە هەموو هاوماڵەکانم دەبینم، تۆش دەبێ دۆخێکی سووژەییی ئەوتۆ بۆخۆت دابین بکەی کە تووشی پەتای “ئەوی دی کوێری” نەبی.” کە بەداخەوە لە کۆمەڵگەی بەرباسدا ڕێک ئەم پەتای گشت کۆمەڵگەی باڵادەستی گرتووەتەوە و هیچ کەلێنێکیان بۆ دەربازبوونی لێی نەهێشتووەتەوە.

 

٤) بەرپرسیارێتی و ئەوی تر

لە ڕوانگەی لێڤیناسەوە سووژە بەجێی ئەوەی کە هەوڵ بدات بەسەر ئەوی تردا زاڵ بێت دەبێ لەسەر هاوسێیەتیی (مجاورت) خۆی لەگەڵ ئەوی تری بێکۆتایی و خاوەن ئەوی ترێتی (غەیرییەت) چڕ بێتەوە، ئەو ئەوی ترێتییەی کە، ئەوی تر لە جێگەی جیاوازی و ناتەباییی بنەڕەتی لەگەڵ من دادەنێت؛ بەڵام پرسەکە ئەمەیە کە ئەم ئەوی ترێتییە ناتوانێت هۆکاری خەمساردیی من لە بەرانبەر ئەوی تر بێت. بەڵکوو ئەو ڕاستییەی کە سووژێتیی من لە هاوسێتیی ئەوی تر پتەو و تۆکمە دەبێت، دەبێتە هۆی ئەمە کە من هیچ کات نەتوانم ئەو نەدیو (نادیدە) دانێم و ئەنجامی ئەم ڕەوتە چێبوونی ویست و مەیلێکی زۆر لەمەڕ ئەوی ترە. لەلایەکی ترەوەش ئەم هاوسێیەتییە، دەبێتە هۆی پێوەندییەکی ئەخلاقی بنەڕەتیی لەنێوان سووژە و ئەوی تر، کە تێیدا بەرپرسیارێتی و دەروەستی لە بەرانبەر ئەوی تر وەپێش گشت شتێک دەکەوێت.

ئێمە لە بەرانبەر ئەوی تردا بەرپرسین و لەبەر ئەم هەستی بەرپرسیارێتییە ناتوانین شتێکمان لە کەسێک بوێت . چونکە لە ڕاستیدا ئەم بەرپرسیارێتییە، تاکێتیی ئێمە مسۆگەر دەکات و هیچ دلۆڤانییەک لە هەقی ئەوی تردا نییە.

بابەتی بەرپرسیارێتی یان بە وتەیەکی ڕێکتر بەرپرسیارێتیی بێکۆتایی، یەکێکی تر لە پرسەکانی رۆمانە. ئەگەر بەپێی وتەی لێڤیناس، مرۆڤەکان بە حوکمی مرۆڤبوونیان، لە هەمبەر یەکتردا بەرپرسن، چۆنە لە جیهانی ڕاستەقینەدا هیچکەس گرینگییەک بەم بەرپرسیارێتییە سروشتی و زاتییە نادات؟ نووسەر پێوەیە بەردەنگەکانی ئاگادار کاتەوە کە ئەنجامی لەژێر پێ دانانی هەرێمی ئەوی تر و دابەزاندنی ئەو لە “ئەزموونێکی ژیاوە” بە چەمکێکی گشتی و دەرهەست (ئینتزاعی)، لە ڕاستیدا شکڵگرتنی نیگایەکی ئامرازی لەمەڕ ئەو دەبێت. ڕەوتێک کە دەبێتە هۆی لەرزۆکبوونی بنەما ئەخلاقییەکان و وەپشت گوێخستنی بەرپرسیارێتیی ئیمە لە هەمبەر ئەوانی تر و کۆمەڵگە؛ چونکە تا ئەو کاتەی کە ئێمە نیگەرانی ئەوی تر و بەرپرسیارێتییە بێکۆتایییەکەی خۆمان لە هەمبەر ئەو بین، ئەم ئەگەرە هەیە کە خۆمان بە کەسێکی ئەخلاق‌تەوەر و داڵغەدار (کەڵکەڵەمەند) دانێین.ئەم چەمکە و ڕادەی بەرپرسیارێتیی لە هەمبەر ئەوی تر و ئەنجامەکەی بەم شێوەیە بۆمان وێنا دەکات: لە لاپەڕەی (١٣١) لە زمانی حاتەم بەگەوە دەڵێت: “گۆتی: خەمت نەبێ، دیوانخان ئەرکی زۆری بە درنجان و بیژووان هەیە.” هەروەها لە لاپەڕەی (١٣٣)دا دەڵێت: “گۆتم ئەگەر زمانی جندیانە، بۆچی بۆخۆتان گۆتتان با فێری زمانی بابی بێ؟ گۆتی ئاخە ئەمە دەمانزانی ڕۆژێک کارمان پێ دەبێ؛ هەڵمان گرتبوو بۆ ڕۆژی خۆی.” لە لاپەڕەی (١٥١ و ١٥٣)یشدا بەم شێوەیە ئەم ڕوانینە ئامرازییە زەق دەکاتەوە: “ئەمن و دایکم زۆر درەنگ زانیمان دۆڵابمان لێ گەڕاوە و بە فریو چووین. بەبێ ئەوەی بۆخۆمان بزانین ببووینە هاچەری دەستی دیوانخان بۆ بەڕێوەبردنی کرگارێکی چەپەڵ.” “بەڵان دیوانخان داڵدەیان داوە، تا ئەگەر زەمانێک میر خان خراپ جووڵاوە، منداڵی هاوڕێکەی خۆی لێ بکەنە شووفار و خەبەردز.” لە لاپەڕەی (١٧٨)وە ئەم ڕوانینە ئامرازی و بەکارهێنانی ئەوی تر هەتا نزمترین ئاستی خۆی دادەبەزێنێت و دەڵێت: “ئەزبەنی پشی خۆمە، ئەرکم پێیە، بۆ مشکانی خێوەتی دێنم.” “پشی! کاری سەراوێم هەیە، دەست دە ئەو مەسینە و بە دوومدا وەرە. کوا ئاو؟ دەی، دەی، زۆر نا ئەوەندووکە. باش.” ئەم دێڕانە بەم ئەنجامەمان دەگەیێنن کە مرۆڤەکان بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازییەکان لە بەرانبەر یەکتردا بە شێوەیەکی فەرمی و سروشتی بەرپرسن و ئەم جیاوزییە ڕواڵەتییانە نابێت بەرپرسبوونیان لەنێو ببات؛ کە بەداخەوە لێرە هەموو هەڵسوکەوتەکاندا بەپێچەوانەوە ڕوو دەدات و بێئەخلاقی و نابەپرسبوون بەوپەڕی خۆی دەگات.

هەر وەک بینیمان دەسەڵاتی باڵادەست بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ منی ئەوی تر، بەرەوڕووبووبەوەیەکی کۆنەپارێزانەیە. شێوە بەرەوڕووبوونەوەیەک کە لەسەر بنەمای پێداگریی لەسەر دوو ستراتێژیی سڕینەوە و ئاسیمیلەکردنی ئەوی تر دامەزراوە و دژبەری ستراتێژیی سازدانی پێوەندیی لەگەڵ ئەوی ترە. ئەم شێوە بەرەوڕووبوونەوەیە بەخەستی لەم لاپەڕانەدا خراونەتە ڕوو؛ لە لاپەڕەی (١٠٢)دا بەم شێوەیە وێنای دەکات: “گۆتی: “ئەو دەفرانە و دەفری عالی قاپی و حەوش و بازاڕی نەقشی جیهان و چارباغ، هەموو قاپیلکەسەری عاشیرەتی موکرینە.” هەروەها لە لاپەڕەی (١٩١)دا لە زمانی ئەسکەندەر بەگەوە دەگێڕێتەوە: “مەزن، گیان گیانان پسوولی داوە و فەرموویەتی دوای ئەوەی دمدم یەخسیر کرا، دەبێ تۆ و تۆرەمەی بێچووەجند و بێچووەمارانی موکری و شکاکان بسڕنەوە و وردە و یەخسیریان بێنن.” لە لاپەڕەی (٢٠٨)یشدا ئەم سڕینەوەیە لەوپەڕی خۆیدا وێنا دەکات و لە زمانی کاک ئاڵییەوە دەڵێت: “کڵاسووران هێک هێک پاڵەوانانیان بەتڵاندین و، دمدمیان  یەخسیر کرد، ئنجا بە ڕۆژی ڕوون سۆگەیان پڕاندین و قڕانیان تێ خستین. لە ورمێ و مەراغە و بناو و نێواوان نێرەوەزی کوردییان نەهێشتووە. هەرچی دەستەوەکەری کردووە گوژتوویانە؛ ئەوی دیش وردە و یەخسیریان بەتاڵان بردوون.”

کەواتە لە کۆی بیر و بۆچوونەکانی لێڤیناس بەم ئەنجامە دەگەین کە “ئەوی تر” مەرجی دەرەتانی ئەخلاقە. واتا دیاریکراوی(تعین) سووژە وەک بیرمەندی هەستیار بەردەوام لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەوی ترە. بەم پێیە سووژە لە سەرەتاوە لە دۆخێکی ئەخلاقیدایە. ئەخلاق بۆ سووژە وەپێش هەر شتێکی تر دەکەوێت. بە وتەیەکی تر ڕەسەنایەتیی سووژە لە ئەخلاقدایە. . بە دەربڕینی ڕیچارد کوهن لە پێشەکیی (ئەوپەڕی بوون) (ماسوای هستی یا فراسوی زات)، ئەوی ترێتیی (غەیرییەت)ی ئەوی تر، ئەخلاق وەک شکۆ  و گەورەییی ئەوی تر دەباتە پێش. کەچی بەداخەوە ئێمە لەم بەراوردەی خستمانە ڕوو نەتەنیا هیچ شتێکمان لەم شکۆ و گەورەییی بەرەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەوی تر نەدیت، بەڵکوو بەوپەڕی بێڕێزی و بێئەخلاقی لەگەڵی ڕووبەڕوو بوونەوە و بۆ نەمان و لەنێوبردنی لە هیچ ڕێگە و شێوازەک نەسڵەمینەوە.

سەرچاوەکان

————-

١. کتێبی ئافاقی شیعری نالی، د. ڕەهبەر مەحموودزادە

٢. کتێبی (کشف دیگری همراه با لویناس، مسعود علیا)

٣. کتێبی بەردینە، سەید قادر هیدایەتی

٤. وتاری (بررسی تطبیقی مفهوم دیگری در فلسفه لویناس و معشوق در شعر حافظ :: حسین قسامی)

٥. وتاری (بررسی تطبیقی جایگاه«دیگری»در روابط عاطفی شخصیتها در رمان مادام بواری اثر گوستاو فلوبر و

دومنظره اثر غزاله علیزاده براساس نظریةامائونل لویناس، محمدحسین جواری،الله شکر اسدالله،مریم مصباحی)

٦. وتاری(نمودهای مفهوم دیگری” در اشعار فروغ فرخ‌زاد، تجخاد بال، سیدە مائدە واقعە دشتی)

٧. وتاری (بررسی شیوەهای بازنمایی اندیشەهای “امانئل لویناس” در رمان “موسل، بدون پریچهر” از حسین قسامی، ایوب مرادی).  

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

لێک‌دانەوەی دوو چەمکی “ڕۆیشتن” و “گەڕانەوە” دە ڕۆمانی “گوڵی شۆڕان”ی عەتا نەهایی‌دا

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *