خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی ڕۆمانی «بیر»

ناساندنی ڕۆمانی «بیر»

 

 

ناساندنی یەکەمین ڕۆمانی هاوچەرخی ئەمریکای لاتین “بیر”

خوان کارلۆس ئۆنێتی

لە ئیسپانییەوە: ژیار هۆمەر

“ئۆنێتی مەزنترین ڕۆماننووسی ئەمریکای لاتینە.”

  • خولیۆ کۆرتاسار

”بیر یەکەمین ڕۆمانی هاوچەرخی ئەمریکای لاتینە.”

“ڕۆمانی ئەمریکای لاتین لە بیرەکەی ئۆنێتییەوە هەڵگۆزراوە.”

”ئێمەی نووسەرانی ئەمریکای لاتین هەمیشە قەرزارباری ئۆنێتیین.”

  • ماریۆ بارگاس یۆسا

“ڕۆمان و چیرۆکەکانی ئۆنێتی بەردی بناغەی نوێبوونەوەمانن.”

  • کارلۆس فوێنتێس

“ئۆنێتی لە نووسەرە مەزنەکانی زمانی ئیسپانییە.”

  • ئۆکتاڤیۆ پاز

خوان کارلۆس ئۆنێتی ڕۆماننووس و چیرۆکنووس و وتارنووسێکی ئوروگواییە. نووسەرێکی هەرە گرنگی مێژووی ئەمریکای لاتین و زمانی ئیسپانییە. سەر بە وێژەی بوونخوازییە و باوکی ڕۆمانی هاوچەرخی ئەمریکای لاتینە. ساڵی ١٩٨٠، خەڵاتی بەناوبانگی سێرڤانتێس و ساڵی ١٩٨٥، خەڵاتی مەزنی وێژەی ئوروگوایی وەرگرتووە.

ساڵی ١٩٣١ لە بوێنۆس ئایرێس، سەردەمی ڕژێمی ئوریبوروو، شەممە و یەکشەممان فرۆشتنی جگەرە قەدەغە بووە. ئەوەی جگەرەکێش بووایە، دەبووایە هەینی مشووری بخواردایە. جارێکیان، ئۆنێتی بیری دەچێت و جگەرەی لێ دەبڕێت، دادەنیشێت لەسەر ئامێری نووسین بیر دادەڕێژێت.

بیر بنچینەیەکی تێگەیشتنی دنیای گێڕانەوەی ئەمریکای لاتینە. ئۆنێتی کاریگەرییەکی باڵکێشی لەسەر ڕیالیزمی جادوویی و ڕەوتی وێژەییی «بوم» و نەوەی دواتر داناوە؛ ئەو کەڵەنووسەرانی وەک نوێنەری ئەمریکای لاتین لە چوار قۆڕنەی دنیادا دەنگیان داوەتەوە. نووسەری وەک ماریۆ بارگاس یۆسا و خولیۆ کۆرتاسار و کارلۆس فوێنتێس و خوان ڕولفۆ و گابریێل گارسییا مارکێز لە لایەنی ناوەڕۆک، لێکدان و ڕێکخستن و تێکهەڵکێشی کات، گەمەی بەردەوامی نێوان حەقیقەت و خەیاڵەوە، قەرزارباری ئۆنێتین.

نووسیاری کۆبەرهەمی ئۆنێتی، ئۆرتێنسیا کامپانێلا، دەڵێت: “بیر گرنگترین بەرهەمی ئۆنێتییە. زۆربەی کەڵکەڵەکانی نووسەر لەم ڕۆمانەدایە. دەقی بیر سەرتۆپی سەردەمەکەیەتی. زۆر کەس بەراوردی «هێڵنج»ـەکەی سارتەری دەکەن. ڕاستە کەشەکەیان هاوشێوەیە، بەڵام ئۆنێتی ئاگاداری هێڵنج نەبووە و حەوت ساڵ لەوەو پێشتر «بیر»ـی نووسیوە.” ڕەخنەگری ئوروگوایی، ئێمیر ڕۆدریگێز مۆنێگال، بیری بە «خەیاڵی ناو خەیاڵ» و «فرەلایەنیی ڕوانگەی گێڕانەوە» و «تێترنجاندنی دنیایەکی خەیاڵی لە دنیایەکی دیکەدا» پێناسە کردووە، هەروەها دەڵێت: “بیر سیمای تێکڕای بەرهەمەکانی دواتری ئۆنێتییە.”

ئۆنێتی ئەوەندەی شایانیەتی، بەرهەمەکانی نەناسراوە و بڵاو نەبووەتەوە، چونکە دنیای ئۆنێتی ڕەشبینانەیە، دنیایەکی تایبەتە و تاریکی باڵی بەسەردا کێشاوە. دنیایەکی سرکە و خوازیاری سەرنجی چڕی خوێنەرە. سا هاوکات قووڵایی و ڕەسەنایەتییەکەی دەماندرەوشێنێتەوە، وەڕەسمان دەکات و تاڵییەک لەسەر زمانمان جێ دەهێڵێت.

ئەو نووسەرانەی ئۆنێتی ستایشی کردوون و بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەرییان لەسەری داناوە: وڵیەم فۆکنەر، جەیمس جۆیس، لویی فێردینان سێلین، ڕۆبێرتۆ ئارلت و خۆرخێ لویس بۆرخێس.

وەرگێڕی ڕۆمانەکە، ژیار ھۆمەر، دەڵێت: “وەک ئاشکرایە، خۆم جگەرەکێشێکی باشم، جگەرە بە جگەرە دادەگیرسێنم. لەبەر وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە وازم لە جگەرەکێشان هێنا، هەمووان حەپەسان و کەس بڕوای نەدەکرد، هۆکارەکەیشیم نەدرکاند؛ خۆم خستە هەمان دۆخی نووسەر تا باشتر بتوانم وەریبگێڕم و دایبڕێژمەوە و هەستی ئەودیو وشەکان بگوازمەوە. دڵخۆشم دوای شەونخوونیی تاقەتپڕووکێن و نەبڕاوە، وەرگێڕانی ئەم بەرهەمەم بڕاندەوە. ئەمە یەکەمین دەقی ئۆنێتییە بە زمانی شیرینی کوردی بڵاو دەبێتەوە و یەکەمین کتێبی چاپکراومە. سوپاس و پێزانین بۆ وەشانخانەی کەشکۆڵ، ناتالیا، دەیڤد شووک، سوورێن ئیبراهیم و ئێوەی خوێنەرانی هێژا.”

ژیار هۆمەر (Jiyar Homer): وەرگێڕ و نووسیارێکی کوردە. لەدایکبووی ١٩٩٦ـی سلێمانییە. ئەندامی ناوەندی کەشکۆڵ لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی (AUIS)ـیە. نووسیاری گۆڤاری ئیلیانـە. وەرگێڕی کوردی و ئیسپانی و پورتوگالی و ئینگلیزی و عەرەبی و فارسییە. بەرهەمی چەندین نووسەری ئەمریکای لاتینی بۆ کوردی وەرگێڕاوە. وەرگێڕی پێچەوانەیشە؛ بەرهەمی بەختیار عەلی و شێرزاد حەسەن و عەتا نەهایی و فەرهاد پیرباڵ و عەبدوڵڵا گۆران و شێرکۆ بێکەس و سوارە ئیلخانیزادە و عەلی حەسەنیانی و جەلال مەلەکشا و ژیلا حسەینی و شێخ ڕەزای تاڵەبانی و دەیان نووسەری تری کوردی وەرگێڕاوە. بەرهەمەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤاری ٣٠ وڵاتدا بڵاو بوونەتەوە. پڕۆژەکانی لە چوارچێوەی کتێبدا: ڕۆمانی بیر، خوان کارلۆس ئۆنێتی، لە ئیسپانییەوە وەریگێڕاوە (وەشانخانەی کەشکۆڵ، ٢٠٢٢). کۆمەڵەچیرۆکی «پەتاتەخۆرەکان»ـی فەرهاد پیرباڵی لەگەڵ د. ئالانا ماری لێڤنسۆن لابرۆس بۆ سەر زمانی ئینگلیزی وەرگێڕاوە و وەشانخانەی دیپ ڤێڵوم (Deep Vellum) لە ئەمریکا بڵاوی دەکاتەوە. دیوانی «پەناهەندەی ژمارە ٣٣٣٣٣»ـی پیرباڵی لەگەڵ دەیڤد شووک بۆ ئیسپانی وەرگێڕاوە و وەشانخانەی گاتۆ نێگرۆ (Gato Negro Ediciones) لە مەکسیک بڵاوی دەکاتەوە. هەنووکە سەرقاڵی وەرگێڕانی «حەسار و سەگەکانی باوکم»ـی شێرزاد حەسەن و کۆچیرۆکەکەی کارلۆس ڕویز زافۆنە. هەروەها ئەندامی پێنی کورد (Kurdish PEN)ـە. ماڵپەڕ: www.jiyarhomer.com

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «خۆبەڕیوەبەری شەنگال» چاپ و بڵاو کرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *