خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / پەراوێزەکانی ئەدەبیات و ئەدەبی پەراوێزخراو

پەراوێزەکانی ئەدەبیات و ئەدەبی پەراوێزخراو

پەراوێزەکانی ئەدەبیات و ئەدەبی پەراوێزخراو

هوشیار بابایی

پێشەکی: ئەم وتارە بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە، پەنجە  ئەخاتە سەر هەندێ خەسار و کرداری، کۆمەڵێک ئەدیب و هونەرمەندی کورد، تایبەتەن ڕۆژهەڵات  و بەجۆرێک لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی ئەدەبیاتەوە باسەکە بەرەوپێش‌ ئەبات و خۆی لە قەرەی دەقەکان نەداوە. چۆنکه مەبەستی وتارەکەش ‌ئەوە نەبووە، نەپەرژاوەتە سەر دەقەکان و ئەوەی لە دەرەوەی دەقە باس ئەکات، کە پێ وایە ئەوەش بەجۆرێک هەمان دەقە.  سەرەتا باسەکە گرێ دراوە بە کۆمەڵێک بابەتی تیۆری و دواتر بە شێوەی کردەوەیی دێتەوە سەر مژارەکە.
 ڕووی دەم و  بەردەنگی ئەم وتارە، شاعیر و ئەدیبێکی تایبەت نیە و دەتوانێ نووسەرانی هەموو بەرەیەک و  ڕێبازێک بگرێتە خۆ. بەختەوەرانە پانتای هونەر و ئەدەبی کوردیش، هێندە بەرینە کە گشت لایەک وەخۆناگرێت و وەک هەموو کۆمەڵگایەک نووسەری پرۆفێشاڵ و باڕەوشت و بێ‌ڕەوشتیشی تێدایە.

ئەدەبی مودێڕن، ئەدەب و هونەری پەراوێزخراوەکانە، مرۆڤگەلێکی گۆشەگیر و ستەملێکراو  کە تەریک کراونەتە ژوورەکانیان یان سووچی کافەکان. «شەونەوخەوتوان»، بەرهەمی «ئێدوارد هاپێر»(١٩٤٤) یەکێ لە باشترین نموونە هونەریەکانە کە دەرخەری ئەم دۆخەیە. لۆکەیشنی تابلۆکە، کافەیەکە چوار کەسی تێیایە و هەر یەکە و لە گۆشەیەکا خەریکی خواردنەوەیە و لەوپەڕی نامۆیی و بێدەنگی و بێ ئاگا لە حاڵی یەکدی، داکەوتوون.  وتووێژێکی بێدەنگ، مرۆڤێ کە هەست بە ئاسایش ناکات و جیهانیش کە بەپێچەوانەی وادەی قەدیسەکان،  وادیارە شوێنکی باش بۆ ژیان نەبوو. وەک چۆن لە خودی تابلۆکەش لەوپەڕی تاریکی شەوەزەنگەدا،  ڕووناهیەک خراوەتە سەر کافەکە، وێدەچێ بیەوێ حەقێقەتێکی تاڵ و ئازارێکمان بۆ ئاشکرا بکات.  دۆخێکە بەرهەمی دوو شەڕی جیهانییە و مرۆڤەکانی تووشی شۆک، شکست و دۆش‌داماوی کردوە.
ئەدەبی مۆدیڕن بە هەموو ڕەهەند و ژانرەکانیەوە لەسەر چەن خاڵ کۆک بوو: گێڕانەوەی بێدەنگەکان و پراوێزخراوەکان، دژە پاڵەوان، کەسایەتیەکان زۆرتر تاکی ئاسایی ناو کۆمەڵگا بوون کە هیچ ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە و. . .  بەگشتی پلۆفۆنیک و پلۆراڵ، گۆڕینی پارادایمی تاک‌ڕەهەندی و یەکدەنگی بۆ پارادیمی چەندیەت و چەندەنگی.  ئەدەبی مۆدێڕن نەک لە مەدحی جیهانی مۆدێڕن بەڵکوو بە پێچەوانەوە کێشە و ئاستەنگەکانی بەرهەمهاتووی کۆمەڵگا دەخاتە ڕوو، تاکی کۆمەڵگای پیشەیی تاکێکی خەمۆک، ئاوارتە، پەراوێزخراوە و خستەنەڕووی سەرجەم ئەو کێشانە و دەیان حاڵەتی لەمجۆرە کە تاک تووشی توانەوە (مەسخ‌بوون) ئەکات، جیهانێک کە لەسایەی سێبەری سیستەمی سەرمایەداری، مرۆڤەکان دەستەمۆ و کۆیلە ئەکات و مرۆڤەکان تەنها ژمارەیەکن و هیچ. ئەو جیهانە پیشەییە کە کات و ساتت لە پێناو بژێوی ژیانت،  پێشفرۆشتوە.
بەڵێ مۆدێڕنیتە لە پەنای کۆمەڵێک دەسکەوت و گۆڕانی جۆراوجۆر کۆمەڵێک نەهامەتی و چەرمەسەریی هێناوەتە ئاراوە، مرۆڤی کۆمەڵگای سەردەم، مرۆڤێکی لەخۆناموە بە واتایەک خاوەنی ژیانێکە ژیانی ڕاستەقینەی خۆی نیە،  ئازار و ڕەنجێ ئەکێشێ کە هی خۆی نیە، تەنانەت ویست و داخوازی و حەزەکانی هەڵقوڵاوی ناخی خۆی نیە و بۆی داتاشراوە.  
ڕاستە حاڵی مرۆڤ پێش مۆدێڕنیتە لەمە باشتر نەبوە و هەمیشە مرۆڤەکان بە درێژایی مێژوو کۆیلەی دەستی کەمینەیەک بوون و چەوسێندراون، بەڵام بە قەوڵی «لێئۆی ئێستراوس» ئۆستوورەناسی فەڕەنسی هەر لە سەردەمی ئەشکەوت‌نشینیەوە تا سەردەمی هاوچەرخ ستراکتۆری مێشکی مرۆڤەکان یەکجۆر بووە، بەس شێوازەکەی گۆڕاوە واتا خواردن هەر بوە بەڵام ئێستا مرۆڤەکان پیتزا ئەخۆن ئەوکات شتێکی دیکەیان خواردوە، ڕاستە  پێش مۆدێرن چەوساندنەوە و قات و قڕی بووە بەڵام ئێستاش شێوازەکەی گۆڕاوە، تازە ئەگەر تۆزێ ئادۆرنۆیی و ڕەشبیانەش بڕوانین مرۆڤ لە تیروکەوانەوە گەیشتۆتە بۆمبی ئەتۆمی و ناپاڵم، ئێستا لە چرکەساتێکدا بە دەس خستنە سەر تەختەکلیلێکەوە، شارێک وێران ئەکرێ و ئاسەواریی لەسەر گۆی زەوین نامێنێ.

بەڵێ لەمڕوەوە ئەرکی ئەدیب و نووسەر قورسە و ئەدەبیاتی جیدی و سەربەخۆ هەمیشە و هەموو کات ئۆپۆزیسیۆن بووە و تەنها ئەدەب‌و هونەر ئەتوانێ قووڵتر بڕوانێتە جیهان و نەبینراوەکان بخاتە ڕوو و بینراویان کات. تەنها ئەدەب‌و هونەر  ئەتوانێ دەنگی ڕاستەقینەی تاک و زایەڵەی کۆمەڵگا بێت.

ئەدەب بەدوای چیە و چین ئەو کەلێن و بۆشاییانە کە ئەدەب وهونەر ئەیەوێ پڕی بکاتەوە. ڕەنگە یەک لەو پێناسانە ئەوە بێت کە ئەدەب بەدوای دەرچوون و ڕزگارکردنی مرۆڤە لە دەستی ئەو تان و پۆیانەی بەدەوریدا تەنراوە، وەکوو ویتگنشتاین ئەڵێت: دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک بۆ مێشێک کە لە ناو بۆتڵێکی مێشگیرا گیری خواردوە. (بابەک ئەحمەدی، ١٣٨٥، ل ١)

دیاردەناسەکان یەکێ لەو ڕێبازە فیکریانەن کە گرینگیەکی زۆریان بە ئەدەب و هونەر داوە و ڕۆڵیان گێڕاوە و دەلاقەیەکی نوێیان بەرەو جیهان ئەدەب و هونەر کردۆتەوە. دیاردەناسان پێیان وایە زانست بۆ شرۆڤەی دیاردەکان لە قووڵاییەکانی غافڵ ئەبێ، ئەمە لە حاڵێکدا ئەدەب و هونەر قووڵتر ئەڕواننە دیارەکان. (سبزکار، ئەسما، ١٣٩٦، ل ٤٧)، بۆیە هۆلدرلین دەبێتە مەلەکولشوعەرای هایدگر و پۆل سزانی وێنەکێشیش دەبێتە هونەرمەندی شازی مێرلۆ-پۆنتی.  دیاردەناسەکان تاکلایەنانە ناڕواننە جیهان و نەوەک دێکارتیەکان هەموو شتێ زەینی ڕەبەق ئەبینن و پێیان وایە لە دەرەوەی زەین شتێک بوونی نیە، نە وەک ئەزموونگەراکان ئەو شتەی مرۆڤ لە ڕێگەی ئەزموونکردنەوە ئەیناسێ بوونی هەیە، بەڵام دیاردەناسەکان مرۆڤ و زەینی مرۆڤ، تەنیا سەرچاوەی بوون نازانن و وا نیە ئێمە وەکوو سووژەیەک کەوتووینەتە گەڕان و پشکنینی جیهان، بەڵکوو ئێمە لە هەماڵ حاڵدا کە سووژەین، ئۆبژەیشین واتا هەم ئەبینین و هەم جیهان ئەمانبینێ.  ئێمە لە دەرەوەی جیهان نین و لە- جیهان- بوونی ئێمە یان دازاینی ئێمەیە، ئەو شتەی هایدگەر باسی لێوە ئەکات، بوونمان ئەسەلمێنێ. ئێمە پاژێکین لە گشتیەتێک، ئێمە نەتەنیا بە زەین بەڵکوو بە جەستە و ئێسک و پێستمانەوە جیهان هەست ئەکەین و جیهانیش بەمشێوە نەک پەسیف نیە بەڵکوو لەسەر هەست و نەستی ئێمەدا کاریگەرە و لەم مشتوومڕ و دیالێکتیکەی نێوان ئێمە و جیهاندایە، بوون ئەخولقێت.  مێرلۆپۆنتی لە درێژە و پەرەدانی هەمان گوتار و بە کەڵک وەرگرتن لە نەزەریەی  «گشتاڵت» پێ وایە کە پاژەکان بە تەنیا ناتوانن خاوەن هەستیەکی سەربەخۆ بن، بەڵکوو لە کۆبوونەوەی پاژەکانە و گشتیەتە کە بوون مانا ئەدات، بۆیە مرۆڤێش ناتوانێ بەتەنێ بوونەوەرێکی شناسا بێت، جیهان کەشف ناکرێ، کەشف کراوە و ئێمە دەرک و هەستی ئەکەین چۆن بەر لە ئێمەش دار و بەرد و مێوە و. . .  بوون ئەوە ئێمەین دەرکی ئەکەین و دواتر کەڵکی لێوەرئەگرین. ئەگەر ئەم باسە مەعرفیە گرێ بدەینە سەر جیهانی ئەدەب و هونەرەوە، شاعیر و ئەدیبان لەدەرەوەی جیهان نین و ئەدیب سووژەیەکی شناسا نیە بەڵکوو ئەویش پاژێکە لە کۆ و  لە مشتومڕ و دیالێکتیکی نێوان نووسەر، دەق و کۆمەڵگایە کە بەرهەمێکی شاز ئەخولقێ.

«پاسکال کازانۆ» لە کتێبی کۆماری جیهانی ئەدەبیاتدا فەرەنسە وەک یەکێ لە ناوەندە سەرەکیەکانی ئەدەبیاتی جیهان ناودەبات و بۆ چوونە ناو ئەو دەروازە جیهانیە باس لە هەندێ پێشمەرج ئەکات. ڕاستە و نکۆڵی ناکرێ بەشێکی زۆر لەو نووسەرانە پەیوەست بەو ئەدەبە جیهانیە  ئەبن خۆیان خاوەن بەهرە بوونە، بەڵام ئەمە تەنها مەرج نیە، پاسکاڵ دەڵێت نووسین بە زمانی فەڕەنسی و کۆمەڵێک پێشمەرجی نەنووسراون کە ئەدیبان دەبێ ڕەچاوی بکەن، پاشان ڕەخنەگرە جیدیەکان  لەسەریان ئەنووسن و لە چاپەمەنیه پسپۆڕیەکان بڵاو ئەبێتەوە و پاش ناساندن، بڵاڤۆگەکان دێنە مەیدان و کارەکانیان چاپ ئەکەن. لەم پرۆسەیە نووسەر ئەبێتە ئەدیبی جیهانی و ناوبانگ دەرئەکات، ئەگینا  نووسەری جیدیشمان هەیە بە ونبوویی ئەمێنەوە. دەقی جیدی بەرهەمی پرۆسەیەکە کە تەنها یەکێکیان بەرهەمەکە و بەستراوە بە کۆمەڵێک فاکتەری دیکەوە، بۆیە ئەدیب‌و نووسەری کورد نابێ بەوەو خۆی بخڵاوێنێ که من دەقی خۆم ئەخولقێنم، دەقی جیدی خوێنەری خۆی پەیدا ئەکات و نابێ لەو کۆمەڵە فاکتەرانە بێئاگا بێت، بەڵێ فەزایەکی جیدی پێویستی بە بەستێنێکی لەبار، نووسەرێکی بەڕەوشت و . . .  هەیە.

 نامەوێ ئاستی ئەدەب دابشکێنمە  سەر ئاستی پەندبێژی و وانەی ئەخلاقی، بەڵام ناکڕێ ئەدەبی جیدی و تەندروست کە بەشێکی دەقە و بەشێکی دیکەی پەیوەندی بەو بەستێنەی تێدا ئەخولقێ  هەیە، واتا دەق بەرهەمی کۆمەڵێ فاکتەری ناوەکی و دەرەکیە. لەپەنای نووسەر، کۆنسێرتە شیعرەکان، دانیشتنەکان، ڕەخنەی ئەدەبی، تەنانەت کافە هونەریەکان، ناوەندە ئینتشاراتیەکان و کۆمەڵێک شت لەسەر زیندوو بوون و چالاکبوونی فەزای ئەدەبی کاریگەرە، ئەدیبی بێ‌ڕەوشت و ناشری ناپرۆفێشناڵ و بەرژەوەندیخواز، کافەیەکی ناتەندرووست ڕۆڵی نەڕێنیان لەسەر جیهانی ئەدەب هەیە،  بۆیە ناکرێ لەسەر ئەساسی بێ‌خلاقی، ئەخلاق  سازکرێ.  

مەبەست لەم باسانە ئەوەیە کە بۆ خوێندنەوەی بەرهەمی هونەرمەند و ئەدەیب، تاکلایەنە شتەکان نەخوێنینەوە، هونەرمەندیش ناتوانێ خۆی لە دەرەوی جیهان و کۆمەڵگا ببینێ و ناتوانین ئاکار و ڕەوەشتی هونەرمەندیش و کاریگەری لەسەر بەرهەمەکانی لەبەر چاو نەگرین، ئەگەر تۆزێ لە تێزی «مەرگی نووسەر»ی «ڕۆلان بارت» بۆ خوێندنەوەی دەق خۆمان دوور بخەینەوە. هەروەها  لەو باوەڕە کلیشەیەش دوورەپەرێزی کەین کە تەنها چاو لە ژیاننامەی نووسەر بکەین و بە زەڕەبینێکەوە بکەوینە شوێن نووسەر و ژیانیان، ئەو شتەی هێگل پێ دەڵێت«دەرووناسی خزمەتکارەکان».
بۆ خوێندنەوە و دەرخستنی لایەنە شاردراوەکانی هەر  دەق و بەرهەمێک کۆمەڵێ  توخم  کاریگەرن.  
بەداخەوە لە ناو ئەدیبان و هونەرمەندانی ئێمەدا ساڵەهایە کۆمەڵێک ئاکاری نەشیاو باو بوە، لەم هەموو کێشە و نەهامەتیە کە کۆمەڵگا تووشی هاتوە ئەمانەش خۆیان بۆنەتە سەرئێشە.  بێئەخلاقیان کردۆتە بنەمای کاری‌ ئەدەبی‌و هونەری.  ئەگەر مەرهەم نین با زامیش نەبن. ڕاستە جیهانی ئەدەب و هونەر لەبەر قووڵایی بیرکردنەوە و جیاوازڕوانین ئەدیبان، تووشی کردەوەی نائاسایی لەچاو کۆمەڵگا ئەکات و بڕێجار ئەدیبان و هونەرمەندان هەڵسووکەوت و کردارێکی سەیروسەمەرەیان لێئەوەشێتەوە، بەڵام لەئەنجامدا، ئەوەی ئەمێنێتەوە هەمان شاکارەکانن. بەداخەوە بڕێک لە ئەدیبانی ئێمە خەسارەکانیان لە بەرهەمەکانیان بەرفراونترە. واتە لەو هەموو پانتا بەرینەی جیهانی ئەدەبیات تەنها ئەو بەشە ژێستە هونەریەیان بەهەند وەرگرتووە و دیارە ئەنجامەکەشی چی لێ دێت.

بۆ کۆتا باسی ئەم وتارە، چەن خەسار بۆ نموونە باس ئەکەم کە خەریکە وەک کولتوورێکی چەقبەستوو و یاسایەکی نەنووسراو باڵی بەسەر ئەدەبیاتدا کێشاوە و ڕۆڵی نێگەتیڤی لە گەشە و نەشەی ئەدەبی کوردیدا گێڕاوە.
١- پەیوەندی ئەدیب و لایەنگرانی ئەدەبیات:حاشاهەڵنەگرە، ئەدەب ڕۆڵی ڕزگاریدەرانەی بووە، ئەڵبەت  نەک بە پێناسە سیاسیەکەی کە زۆر بەرتەسکە، بەڵکوو بە پێناسە ئەدەبی و هونەریەکەی کە هەم چەندڕەهەندییە و هەمیش قووڵترە،  کاتێکیش بۆ مرۆڤ دەروونی ئەبێتەوە ملکەچی هیچ هێز و دەسەڵاتێک نابێ و خۆی بە مرۆڤێکی ئازاد و ڕەها ئەزانێ نەک کۆیلە. ئەدەبیات کۆمەڵێک لایەنگری بەدەوری خۆی کۆکردۆتەوە، بڕێ لە ئەدیبان بۆ مەرامی تاکەکەسی بە خراپی کەڵکیان لێوەرئەگرن. بۆیە ئەوانە لایەنگری ئەدەب‌و هونەرن نابێ لەبەر هۆگری بە  ئەدەب ڕێگە بدەن کەسانی بەناو ئەدیب و هونەرمەند بەمجۆرە لەگەڵیان مامەڵە بکەن. سەرەتایی‌ترین وانەیەک کە جیهانی ئەدەب فێری کردووین؛ پاراستنی کەرامەت و سەربەستیە.

٢- پەیوەندی ئەدیب و کەسایەتی نێو دەقەکەی: بڕی چیرۆکنووسمان هەیە پێ وایە لەبەر هەستکردن بە ئازار، خۆشی و ناخۆشی کەسایەتی ناو چیرۆکەکەیان دەبێ بچنە قاڵبی ئەو کەسایەتیانە. واتە ئەگەر ناو چیرۆکەکە کەسایەتیەک هەیە کە بە زۆرەملێ دەسدرێژی سێکسی ئەکاتە سەر تاکێکی دیکە، ئەوا ئەویش دەبێ فەزایەکی لەو چەشنە بۆ خۆی ساز بکات! جا ئەو هەمووە بەرهەمە شازە لەسەر دەستی کەسانێک وەک جێمز جۆیس، ئێلیۆت و …  خولقاوە و پڕە لە فەزای ئێرۆتیکی یان سێکسی لەو جەشنە و یان مارسل پرۆست بەرهەمی بێ وێنەی زەمەنی بەبابردووی نووسیوە تا کۆتایی ڕۆمانەکە دەبوای نیوەی ژنانی فەڕەنسی ئەتک بکردای.

 یان با بێژین کافکا خۆی سەرەتا بکاتە جاڵجاڵۆکە تا بزانێ پاڵەوانی چیرۆکەکەی چ هەستێکی هەیە پاش ئەوەی جەستەی بۆتە بوونەوەرێکی دیکە، لە ئەدەبی جیهان نمونە زۆرە کە پڕە لە فەزای ئێرۆتیکی و کافە و دیسکۆ بەڵام چاو لە ژیانی بڕێ لەو نووسەرانەی ئەکەی  لە ژیانیاندا پەیوەندیەکی وا نەبووە،  وەسفکردنی ئەو شتانە تەنها بۆ دەرخستنی ڕووی ڕاستەقینەی ژیان و بەدەڕوشتیەکانە نەک پەرەپێدانی بێ‌ئەخلاقی.  ئەم حاڵەتە زۆرتر لە کۆمەڵگای دواکەوتوە  لەبەر ئاڵۆزبوونی جێگەی و پێگە و پەیوەندی نێوان نووسەر و بەردەنگە، ڕوو ئەدات.
٣- پەیوەندی ئەدیب و دەسەڵات؛ شاعیر و هونەرمەندان ئاستی نزیکی و دووری خۆیان و سنوورەکانی لەگەڵ ناوەندەکانی دەسەڵات دیاری ناکەن.  هەیە بە ڕواڵەت خۆی وەک نووسەری ئاوانگارد، شاعیری  شۆڕش و هێرش ناساندوە و ملکەچی هیچ هێزێک نابێت، بەڵام لە ژێرەوە دەست و پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵات هەیە و ڕانتی خۆی وەرئەگرێ، باشە سەرەڕای زێدەڕۆیی کۆمەڵێکیان کە بە هیچ ڕانتێک تێر نابن، جەماعەتێکی دیکە کە کێشەی داهات و مەعاشیان هەیە   ئەتوانن لە ڕێگەهایەکی دیکە ئەو کێشەیان چارەسەر بکەن، کاتی خۆی یەڵماز گۆنای کێشەی ئابووری بۆ درووسکردنی فیلمەکانی هاتە پێش چەندین فیلمی ئاسایی و زەرد، کە ئێستاش‌ ئەو جۆرە فیلمانە هەر زۆرترین داهاتی هەیە، درووس کرد و خەرجی ئەو فیلمە بەناوبانگانەی کرد و بەمجۆرە دەستی بۆ هیچ هێز و دەسەڵاتێک ڕانەکێشا، یان «نەجەف دەریابەندەریی» نووسەری فارس دەڵێن کاتی خۆی گوشاری ئابووری لەسەر بوو کتێبی قازانجەکانی سیر و پیازی نووسی کە پەیوەندی بە بواری نووسینە پێشوەکانیەوە نەبوە، بەڵام توانی کەلێنک لە ژیانی پڕکاتەوە.

٤- تاقم‌گەرایی و به مەحفلی‌کردنەوەی ئەدەبیات: بەشێکی زۆر لەو ئەدیبانەی کورد، لەم حاڵەتە بێ‌بەری نین.  ڕەخنەکانیان، بە بەژن و باڵای دەقەکان و نووسەرانی، پەیوەندیی بە خودی دەقەکانەوە نیە، بەڵکوو پەیوەستە بەوەی تۆ چەندە لەو تاقمە نزیک یان دووری، یان بە مەرامی ئەو ئەسووڕیتەوە.  کۆمەڵێک شاعیر و ئەدیب‌ کۆئەبنەوە کە لە هیچ بوارێکی هزریدا وێکچونێک لە نێوانیاندا نیە و لە دوو بەرەی جیاوازن کەچی حازرن بۆ ڕووخاندنی هاوبیر و ڕەوتی خۆیان لەگەڵ لایەنی بەرانبەر هاوسۆز و هاوپەیمان بن. دیارە لێرە تەنها باس، باسی بەرژەوەندیخوازیە. کەوایە ئاساییە نووسەری ناسراومان هەیە کە ئەڕواتە شارێکی دیکە بەر لەوەی شوێن و هەواڵی چوار ئەدیب بگرێ، سەرەتا حاڵ و ئەحواڵی فەرمانبەرێکی حکوومی ئەپرسێ کە بەڵکوو لە دواڕۆژدا بەکەڵکی بێت و لۆبیەکی بۆ بکات.  سەیر نیە لەم دۆخەدا،  لەو ئەدەبەی کە مەحفلی بۆتەوە، چاوەڕانی بەرهەمێکی شاز ناتوانین بکەین.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتاو دەستوور زوان کوردی لەکی ڤەباوەت ڕێزوان لەکی چاپ و ڤڵارا بی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *