خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ئەحمەد قازی لە دوادیداری بۆ “سیروان”؛ سروه بەری باخی منە

ئەحمەد قازی لە دوادیداری بۆ “سیروان”؛ سروه بەری باخی منە

ئەحمەد قازی لە دوادیداری بۆ “سیروان”؛ سروه بەری باخی منە

شیروان یاریوتووێژ لەگەڵ “ئەحمەد قازی” ڕۆژنامەنووس، وەرگێڕ و وێژەری ناسراوە بۆ هەر ڕۆژنامەنووسێک کارێکی زۆر دژوار و سەخڵەتە، مەگین ئەوەی کە لەگەڵ ئەو بیرمەندە زانایە تەنیا لە یەک بوارەدا بدوێیت و ئەویش دانیشیتە پای “سروە”یەکە کە دەستی باڵای بووە لە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی گەشەی ئەدەبی کوردی.

بێ‌گومان شرۆڤە و خوێندنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی بەتایبەت لە بواری ژۆرناڵیزم لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران تا ڕادەیەکی زۆر گرێی خواردووە بە گۆڤاری “سروە” و دوو ناوی مەزنی وەک “مامۆستا هێمن” و کاک “ئەحمەد قازی” کە بەداخەوە هیچیان لە ژیاندا نەماون و یادگارییەکەشیان تەنیا یادەوەری و زایەڵەی ناوێکی خۆشی لێ بەجێ ماوە. یادگارییەک کە ٤ ژمارەی یەکەمی لەسەر دەستی ڕەنگینی مامۆستا هێمن تۆمار کرا و لەپاش ئەو، کاک ئەحمەد ١٥ ساڵ بێ‌وچان هەوڵی دا ساڵی ١٢ ژمارەی “سروە” بە ڕێک‌وپێکی بگەیێنێتە دەست لایەنگرانی هەمیشە تامەزرۆی لەناوخۆ و دەروەی وڵات؛ ئەوانی کە بەردەوام پێوەندییان دەگرت بۆ دەستخستنی ژمارە پێشوەکانی.  

ئەحمەد قازی برای وەرگێڕی ناسراوەی کورد “محەمەد قازی” لە ساڵی ١٣١٥ی هەتاوی لە شاری مەهاباد هاتۆتە دنیا و لە ١٧ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی لە نەخۆشخانەی ئازادی تاران چاوی بەڕووی هەمان دنیادا داخست. ئەم مامۆستا پایەبەرزە کە خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆسیی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی لە زانکۆی تاران بوو، لە ساڵانی ٤١ و ٤٢ی هەتاوی لەلایەن ڕژیمی دیکتاتۆری پاڵەوییەوە بە تاوانی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانی دەستبەسەر کرا و سزای ٤ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. بەوەشەوە لە زینداندا دەستی لە تێکۆشان هەڵنەگرت و یەکەمین وەرگێڕانی خۆی لە ڕۆمانێکی “جیمز ویلارد” لە ژێر ناوی “شەوی بێ‌کۆتایی” بڵاوکردەوە. لە کاک ئەحمەد سەڕەرای وانەوتنەوەی ١٠ ساڵەی لە کۆلێژی ئیلاهیات، قوتابخانەکان و ناوەندە فێرکاری و فەرهەنگییەکانی تاران و ١٥ ساڵ ئەزموونی سەرنووسەری لە گۆڤاری سروە، دەیان کتێب و بەرهەمی ئەدەبی بە کوردی و فارسی لەوان ڕۆمانی “باقەبێن”، کۆکردنەوەی دیوانی سەیفولقوزات، وەرگێڕانی “دووانەی سەیروسەمەرە”ی مارک تواین، وەرگێڕانی “دۆن کیشۆت”ی سێرڤانتێس، “بەرەی ئەژدیها”ی پرێل باک، گیل‌گەمێش، “کتک و مشک”ی عوبەید زاکانی، “زاراوەی زبانی کوردی” چاپ و بڵاو بۆتەوە.

ئێستەش هاوکات ٨ـەمین ساڵوەگەری کۆچی دوایی مامۆستا “ئەحمەد قازی”، هەوڵمان داوە دیمانەیەکی ئەو خوالێخۆشبووە کە لە دوا ساڵەکانی ژیانی لەگەڵ حەوتەنامەی سیروان ئەنجامی داوە، وەک یادێک لە کەسایەتیی ماندوونەناسانەی بە زمانی کوردی ئاراستە بکەینەوە:

 کاک ئەحمەد بە ئاوڕدانەوە لەوەی کە ئێوە دوای شۆڕشی ئێران یەکێکن لە پێشەنگەکانی کاری ڕۆژنامەوانی و چاپەمەنیی کوردی، واباشە لە دەسپێکدا خوێندنەوەیەکتان ببێ بۆ مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی. بە بڕوای ئێوە تەمەنی ڕۆژنامەی کوردی بۆ چ ساڵانێک دەگەڕێتەوە و چ کەسانێک لە وەگەڕخستنی ئەم بزواتە و هەموارکردنی رێگەی پڕ هەوراز و نشێویدا دەستی باڵایان بووە؟

 ڕۆژنامەگەری یان ژۆرناڵیزمی کوردی هەڵگری مێژوویەکی تایبەتییە و باسێکی زۆر هەڵدەگرێ کە دڵنیام لە تاقەتی ئێوە و خوێنەرانتان نییە. بۆیە بۆ خۆبواردن لە درێژەدادڕی، واباشە لێرەدا تەنیا باس لە مێژووی چاپەمەنی و ڕۆژنامەگەری لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بکەم. بۆ ئەو مەبەستە پێویستە ڕەوتی مێژوویی چاپەمەنی کوردی لە ئێراندا بە سەر سێ قۆناغدا دابەش بکەین: یەکەم، لە سەرەتای سەدەی بیستەوە تا ساڵی ١٩٤٥ی زایینی؛ دووهەم، لە ١٩٤٥ـه‌وە تا سەرکەوتنی شۆڕشی گەلان لە ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ و سێهەم، لە ساڵی ١٩٧٩ـه‌وە تا ئێستا.

بە بڕوای من قۆناغی یەکەم لە چاپی ڕۆژنامەی “کوردستان موستەشاری” لە ساڵی ١٩٠٢ لە سەر دەستی چەند میسیۆنێرێکی ئەمریکی- مەسیحی بە دوو زمانی کوردی و ئینگلیزییەوە دەست پێدەکات. ناوەڕۆکی ئەم ڕۆژنامەیە لەلایەن میسیۆنێرە ئەمریکییەکانەوە ئامادە دەکرا و لە ساوجبڵاغی موکری(مەهابادی ئەوڕۆیی) بڵاو دەکرایەوە. دیارە بەشێکی زۆر لە بابەتەکانی ئەو ڕۆژنامەیە لەلایەن “حەسەنی سەیفی قازی” کراونەتە کوردی و لە گۆڤاری “مەهاباد”دا ئاراستە کراون.

پاش “کوردستان موستەشاری”، حەوتەنامەی “کورد” لە ساڵی ١٩٢٠ لەلایەن “مەلا محەمەد تورجانی‌زادە” لە چاپخانەی “غیرەت”ی ورمێ بڵاو بۆتەوە کە کاتێ خۆی “سەیفولقوزات” هەندێ لە شێعرەکانی خۆی لەو حەوتەنامەیە چاپ کردووە. “کورد” لەڕاستیدا بە پاڵپشتیی “سمایل‌ئاغای سمکۆ” و وەک ئۆرگانی بزووتنەوەی ئەو لە دژی دەسەڵاتی ڕەزاشا ئاراستە کراوە و بە جۆرێک ناوەندێک بوو بۆ ناساندن و پەرەدان بە هزر و بیری بزووتنەوەکەی سمکۆ.

ئێستاکە تەنیا سێ ژمارە لەو حەوتەنامەیە لە کتێبخانەکانی تورکیا، کوردستانی باشوور و ئێراندا ماوەتەوە. لێکدانەوەکان نیشان دەدەن کە قۆناغی یەکەمی ڕۆژنامەگەریی کوردی تەنیا دوو چاپەمەنیی “کوردستان موستەشاری” و “کورد”ی لەخۆ گرتووە.

پاش کۆتایی ئەم قۆناغە، قۆناغی دووهەمی ڕۆژنامەگەریی کوردی هاوکاتە لەگەڵ ڕووخانی ڕژیمی ڕەزاشایی. لەم قۆناغەدا ڕۆژنامە و حەوتەنامەگەلێکی زۆرتر بەدی دەکرێن و لەوان دەکرێ ئاماژە بە یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردیی “نیشتمان” بە سەرنووسەریی “عەبدولڕەحمان زەبیحی” بکەین کە لە نێوان ساڵانی ١٩٤١ تا ١٩٤٥ بەردەوام بووە و لەباری ناوەڕۆکەوە زۆرتر پڕژاوەتە سەر بابەتی سیاسی-ئەدەبی و مێژووی کوردستان. پاش نیشتمان ڕۆژنامەی “کوردستان” بە ناوەڕۆکی سیاسی بڵاو بۆتەوە؛ ئەم ڕۆژنامەیە بە بەرپرسایەتیی دوکتۆر “ئیسماعیل ئەردەڵان” لە ماوەی سێ ساڵ چالاکی(١٩٤٢-١٩٤٦) حەوتەی سێ ژمارەی لێ چاپ و بڵاو بۆتەوە. پاشان “کوردستان”ـێکی تر بە سەرنووسەریی “سەید محەمەد حەمیدی” هەر لەو ساڵانە ئاراستە کراوە کە سەرجەم ١١٣ ژمارەی کەوتۆتە بەر دیدی خوێنەرانی لە شاری مەهاباد.

هەروەها لە دیسامبێری ١٩٤٥ تا ژانڤیەی ١٩٤٦ دوو حەوتەنامەی تر بە ناوی “کوردستان” هەر لەو شارە ئاراستە کراوە کە لە ئێستادا ١٦ ژمارەی لە ئارشیڤی مێژووی چاپەمەنییەکانی کوردیدا تۆمار کراون. چاپی سێ ژمارە گۆڤاری “گڕوگاڵ” تایبەتی منداڵان بە سەرنووسەریی “مەلا قادر مودەریسی”، چوار ژمارەی “هەڵاڵە” لە بۆکان بە سەرنووسەریی مامۆستا “حەسەن قزڵجی”، سێ ژمارەی “ئاوات” لە مەهاباد، گۆڤاری “هاواری کورد” و مانگنامەی “هاواری نیشتمان” بە ناوەڕۆکی سیاسی-کۆمەڵایەتی بە بەرپرسایەتیی “سدیق ئەنجیری‌ئازەر” چەند ناو و ڕۆژنامەی دیکەی ئەو سەردەمەن کە نووسەرانێکی گەورەی وەک مامۆستا هێمن و هەژار قەڵەمیان تێدا وەرسووڕاندووە.

پاش ڕووخانی کۆماری مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٦ تا سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، ڕۆژنامەی کوردی بە شێوەیەکی پەرتەوازە و لەملاو ئەولایی و زۆرتر وەک ئۆرگانی سیاسیی حزبە کوردییەکان بەرچاو دەکەون. لەمناوە ڕۆژنامەی “کوردستان” کە بە نهێنی لە باکۆ و ئەورووپادا چاپ و لە شارە کوردییەکانی ئێراندا بڵاو بۆتەوە، نمونەیەکی بەرچاوی ئەو ساڵانەیە.

هەروەها دەکرێ ئاماژە بە ڕۆژنامەگەلێکی وەک ڕۆژنامەی سیاسیی “ڕێگا” لە ساڵی ١٩٤٨ لە مەهاباد، ١٩ ژمارە گۆڤاری “خۆرنشین” لەلایەن “عەبدولحەمید مەعریفت” و “دوکتور وەکیلی” لە تاران لە ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی، حەوتەنامەی “کوردستان” لە ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی بە سەرنووسەریی “عەبدولحەمید بەدیع‌زادە” بە هاوکاریی “محەمەدسدیق موفتی‌زادە” لە تاران، دوو ژمارە مانگنامەی “بۆغستان” بە ناوەڕۆکی فەرهەنگی-ئەدەبی و بە دوو زمانی کوردی و فارسی لە ساڵی ١٩٥٢ لەلایەن ئیدارەی گشتیی چاپەمەنی و بانگەشەی ئێران وەک بەشێک لە گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکانی قۆناغی دووهەم بکەین.

لە لێکدانەوەی قۆناغی سێهەمی ڕۆژنامەگەریی کوردی کە وەک وتم لە ساڵی ١٩٧٩ـه‌وە دەست پێدەکا و تا ئێستەش بەردەوامە، دەکرێ ئاماژە بە چاپ و بڵاوبوونەوەی دەیان جۆر بکەین. دیارە لەم قۆناغەدا ئازادی بەیان بۆ چاپ و نووسین بە زمانی دایکی بەپێی مادەکانی ١٥ و ١٩ی یاسای بنەڕەتی پەرەی سەند و لەگەڵ خۆی هەلێکی ڕەخساند بۆ چاپ و بڵاوبوونەوەی دەیان جۆر گۆڤاری پڕ ناوەڕۆکی کوردی کە بەپێی شرۆڤە و خەسارناسییان دەکرێ بە سەر دوو چەشنی گۆڤاری خوێندکاری و گۆڤاری مۆڵەت‌ پێدراوە لەلایەن دەزگای چاودێریی چاپەمەنییە ناوخۆییەکانی ئێران دابەشیان بکەین.

یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی لە قۆناغی سێهەمدا لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی لە ژێر ناوی “گرشەی کوردستان” بە سەرنووسەریی “محەمەدساڵح ئیبراهیمی” لە تاران دەرهاتووە کە تەنیا ٩ ژمارەی لێ چاپ و بڵاوبۆتەوە. بڵاوبوونەوەی ٧ ژمارەی گۆڤاری سیاسی-فەرهەنگیی “دەنگی کورد” بە سەرنووسەریی “فەرشاد شاد” و بڵاوبوونەوەی ١٦ ژمارە گۆڤاری “برووسکە” بە سەرنووسەریی “سادق وەزیری” لە تاران، تا وەدەرکەوتنی “سروە”، گرینگترین هەنگاوە ژوورنالیستییە کوردییەکان لە دەسپێکی قۆناغی سێهەمن.

لە ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی گۆڤاری “سروە” بە خاوەنداری و بەرپرسایەتیی “ئەسفەندیار ڕەحیم مەشایی” و سەرنووسەریی مامۆستا “هێمن” مۆڵەتی بڵاوبوونەوەی وەرگرت. مامۆستا هێمن تا ژمارەی ٤ سەرنووسەریی ئەم گۆڤارە گرینگە ئەدەبی-فەرهەنگییەی لە ئەستۆ بووە و دوای کۆچی دوایی بەڕیزیان بەرپرسایەتیی قورسی سەرنووسەریی لە ژمارەی ٦ـه‌وە تا گواسترانەوەی ناوەندی بڵاوکردنەوەی ئەم گۆڤارە لە وەرمێ‌وە بۆ شاری سنە (واتە لە پاییزی ١٣٦٥ تا ١٣٨٠) کەوتە ئەستۆی من.

بڵاوبوونەوەی ٥٤ ژمارە وەرزنامەی “ئاوێنە” لە ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی بە سەرنووسەریی “محەمەد کەمانگەر” لە تاران، وەرزنامەی “زرێبار” بە خاوەندارێتی و بەرپرسایەتیی “عادڵ محەمەدپوور” لە مەریوان، گۆڤاری “تیشک” بە بەرپرسایەتیی بەڕێز “جەهانی” لە مەریوان، ٢٠ ژمارە گۆڤاری “ئامانج” لەلایەن ڕێکخراوی تەبلیغاتی ئیسلامی ئێران، حەوتەنامەی “ئاویەر” بە بەرپرسایەتیی “محەمەدڕەزا ڕەحیمی” و سەرنووسەریی “بارام وەلەدبەیگی” لە دەیەی ٧٠ کە تەنیا ١٨٦ ژمارەی لێ چاپ و بڵاو بۆوە، بەشێکی تری ئەم ڕەوتە مێژووییەی ڕۆژنامەگەریی کوردی ئێران لە قۆناغی سێهەمیەتی.

لە ساڵی ١٣٧٧ حەوتەنامەی سیروان بە دوو زمانی کوردی و فارسی بە خاوەندارێتیی ڕێکخراوی هاریکاریگەلی شارەوانی و بەرپرسایەتیی “دوکتۆر جەلال جەلالی‌زادە” لە سەردەمی چالاکیی ڕیفۆرمخوازەکان مۆڵەتی چاپ و بڵاوبوونەوەی وەرگرت.

لە ساڵی ١٣٧٩ وەرزنامەی “فەرهەنگی کوردستان” لەلایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامییەوە بڵاو بۆوە. هەروەها گۆڤاری “مەهاباد” بە خاوەندارێتی و بەرپرسایەتیی “ئەحمەد بەحری”، “ئاوای کوردستان” بە بەرپرسایەتیی “محەمەدحسێن ئەسغەرنیا”، “اخبار کردستان” بە خاوەندارێتی و بەرپرسایەتی “ڕەزا خزری”، حەوتەنامەی “ئاسۆ” بە خاوەندارێتی و بەرپرسایەتیی “حسێن ئەحمەدی‌نیاز”، “کوردستان” بە خاوەندارێتی ئەنیستیتۆی کوردی تاران و سەرنووسەریی “بارام وەلەدبەیگی”، “زمانەوان” بە خاوەندارێتی ئەنیستیتۆی کورد، گۆڤاری “ویرا” بە بەرپرسایەتیی “کامران ڕەحیمی” لە ساڵی ١٣٨١ لە ئیلام، ئاشتی بە خاوەندارێتی و بەرپرسایەتیی “بورهان لهۆنی”، حەوتەنامەی “هاوار” بە خاوەندارێتی و بەرپرسایەتیی “هاشم هیدایەتی”، “ڕۆژهەڵات” بە خاوەندارێتی و بەرپرسایەتیی “عەبدوڵڵا سوهرابی”، “کەرەفتوو” بە خاوەندارێتی و بەرپرسایەتیی “لەیلا مەدەنی” بەشیکی تری چاپەمەنییەکانی ئەم قۆناغەن. هەڵبەت لەمناوە تەنیا حەوتەنامەی “سیروان” بە شێوەی هەفتەیی و مانگنامەی “مەهاباد” بەچەشنێکی ڕێک‌وپێک چاپ و بڵاوبوونەتەوە و ئەوی تریان یان داخراون بە هۆی گرفتی ماڵی توانای بڵاوکردنەوەیان نەبووە.

گۆڤارەکانی “ئاگری” لە زانکۆی زابۆل، “ڕوانگە” و “زایەڵە” و “پەیژە” لە زانکۆی تەورێز، “بەیان” و “مانا” لە زانکۆی هەمەدان، “برووسکە لە زانکۆی ڕازی کرماشان، “ڕۆژانۆ” لە زانکۆی ورمێ، “سۆما” و “ژوان” لە زانکۆی کوردستان، “ژیوار” لە زانکۆی ئازادی شاری سنە، “ڕۆژهەڵات” لە زانکۆی بیرجەند، “ڕاڤە” لە زانکۆی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی تاران، “چریکە” لە زانکۆی شەهیدڕەجایی تاران”، “زاگرۆس” لە زانکۆی عیلم و سەنعەتی تاران، “مانگەشەو” لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران”، “موکوریان” لە زانکۆی مەهاباد، “تریفە” لە زانکۆی ئەراک ئەو ناو و ڕۆژنامە کوردییانەن کە لەلایەن خوێندکارانی کورد لە زانکۆ سەرتاسەرییەکانی ئێراندا چاپ و بڵاو بوونەتەوە و بەڕاستی زۆربەیان لەباری    ناوەڕۆک و بابەت و ئاستی شرۆڤە و ئەندێشەوە درەوشاوە دەرکەوتوون.

 کاک ئەحمەد بە سەرنجدان بەو پشتیوانە مێژوویی و ئاستی چالاکییەکان، دوورنوێنی ژوورناڵیزمی کوردی چۆن دەبینن؟

 بەداخەوە ڕۆژنامەگەریی پڕۆفێشناڵ لە ناوچە کوردییەکاندا بەهۆکاری جۆراوجۆر پەیوەستە و بەردەوام نەبووە و هەروەها دابڕان و کەلێنە پێکهاتەییەکان، ژوورناڵیزمی پڕۆفێشناڵی لەم زێدەدا بەرەوڕووی ململانێ و گرفتی جیدی کردووە؛ بەو پێیە لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا چاومان بەڕووی ڕۆژنامەگەریی پڕۆفێشناڵدا نەپشکووتووە. بەتەمەن‌ترین گۆڤاری کوردی لە قۆناغی سێهەمی ڕۆژنامەگەری، “سروە”ـیە کە بە خۆشحاڵییەوە چاپی ڕێک‌وپێکی ئەم گۆڤارە ئەدەبی-فەرهەنگییە کاتی خۆی کاریگەرییەکی بەرچاوی لە گەشە و ڕاهێنانی زمانی و فەرهەنگی کوردیدا بووە و لە ماوەی بوونیدا ڕێژەیەکی زۆری گەنجانی داهێنەر و بەئەنگێزەی کوردی فێری زمان و ئەدەبیاتی کوردی کرد و دەلاقەیەکی بەڕوویاندا دەکردەوە بۆوەی تێکەڵ بە جەرگەی نووسەران و شاعیرانی ناسراوەی ئەم گەلە بن. هەروەها پێشوازیی ژمارێکی زۆری چالاکانی بواری شێعر، چیرۆکنووسی، ڕۆماننووسی و ڕۆژنامەگەری لە دەسکەوتە بەرچاو و ئیجابییەکانی گۆڤاری سروەیە و ئەمەش وادەکا کە من هێشتا بە داهاتووی چاپەمەنیی کوردی خۆشبین بم؛ چونکە هەلومەرجی سەردەم دەخوازێ و بەرەیەکی لێهاتوو لەسای هەنگاوە پێشووەکانەوە سەریان هەڵداوە.

 واباشە بچینەوە سەر باسی چاپ و بڵاوبوونەوەی گۆڤاری سروە کە وەک خۆتان فەرمووتان نزیکەی ١٥ ساڵ سەرنووسەری ئەو گۆڤارە بوون. کاک ئەحمەد لە کاتی هاتنی ئێوە بۆ سروە و لەئەستۆگرتنی سەرنووسەریی سروە، چ کەسانێک لەو گۆڤارەدا ئیشیان دەکرد؟

 کاتێک مامۆستا هێمن لە پاییزی ١٣٦٥ کۆچی دواییان کرد، من بۆ سەرنووسەرایەتیی گۆڤاری سروە بانگهێشت کرام. کاتێک چووم ژمارەی ٥ی ئەم گۆڤارە لە قۆناغی چاپ و بڵاوکردنەوەدا بوو و لە ڕاستیدا من لە ژمارەی ٦ـه‌وە بەرپرسایەتیی ناوەڕۆکی سروەم گرتە ئەستۆ. دیارە ئەو ٤ ژمارەی کە لە سەردەمی مامۆستا هێمن‌دا بڵاو ببوونەوە بە بێ ڕەچاوکردنی تەکوزییەکی زەمانی و هەندێ جار لە بری مانگنامە وەک وەرزنامە ئاراستە کرابوون. بۆیە لە پاییزی ساڵی ١٣٦٥ بۆ ساماندان بەو دۆخە تاقمێک لە ژێر ناوی دەستەی نووسەران پێکهات کە بریتی بوون لە “کەریم قەیوومی”م “فارووق کەیخوسرەوی”، “عەزیز کەیخوسرەوی”، “سەید فەهیم سەرڕووتی”، “حەمید خان‌زەرزا”، “حسێن محەمەدی”، “عەزیز ئاڵی”، “مستەفا فەتاحی‌قازی”، “ڕەسووڵ وەیسی” و دوو کەسی تایپیست و دیزاینێری لاپەڕەکان بە ناوی خاتوو “گوڵاڵە قازی” و خاتوو “پیرەبابی”.

 کەواتە ئێوە بۆ ساماندان بەو دۆخە چ هەنگاوێکی ئیجیابیتان چ لەباری سەخت‌ئامێری و نەرم‌ئامێرییەوە هەڵگرت؟ ئایا دواتر کەسانێکی تر بە دەستەی نووسەرانەوە زیاد بوون؟

 ئەوکاتی من چوومە سروەوە بۆ ساماندان بە شپرزەیی زەمانی و دانانی نۆرمێکی تەکوزی لە بڵاوبوونەوەی کە یەکێکە لە خاڵە گرینگ و پرێنسیپەکانی ڕۆژنامەگەریی، هاوکارییەکی چڕترم لەگەل دەستەی نووسەران پێکهێنا.

ئەگەرچی من ڕێزێکی تایبەتم بۆ یەک بە یەکی ئەندامانی دەستەی نووسەرانی ئەوکات بوو، بەڵام نابێ لە بیرمان بچێت کە چالاکیی ڕۆژنامەگەریی ئەمان زیاتر بەپێی ئەزموون و دڵسۆزییەوە بوو، تا بە شێوەیەکی زانستی و ئاکادیمی و هیچکام ئاشناییەتییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ ڕۆژنامەگەریی پڕۆفێشناڵ نەبوو. هەر بۆیە لە نووسین و هەڵبژاردنی وتار، یادداشت و دیمانەکاندا تووشی کێشەی جیدی دەهاتین؛ هەڵبەت من لە کاتی زیندانی‌‌بوونم لە ڕژیمی محەمەدڕەزا پاڵەویدا بۆ ماوەی چوار ساڵ (لە ١٣٤٢ تا ١٣٤٦) لە رێگەی نامەگۆڕینەوە لەگەڵ ئەنیستیتۆی “ئای.سی.ئێس”ی لەندەن وانە سەرەتاییەکانی ڕۆژنامەگەریم خوێندبوو و تا ڕادەیەک لەگەڵ میتۆد و پرێنسیپی پڕفێشناڵی ڕۆژنامەگەری ئاشنا ببووم و بە پشتبەستن بەو زانیارییە سەرەتاییانە زۆر زوو بۆ ساماندان بە سروە بەتایبەت لە بابەتی زەمان و کاتی بڵاوبوونەوەی هەوڵم دا و ئەم ڕەوتی تەکوزییە لە سروەدا تا ساڵی ١٣٨٠ی هەتاوی و خانەنشین‌بوونی من و گوستراونەوەی سروە لە ورمێ‌وە بۆ شاری سنە و پاشان داخرانی یەکجاریی بەردەوام بوو.

لە ڕاستیدا لە ڕۆژانی سەرەتای ئەزموونی سەرنووسەریم، پێکهاتەی ئیداری، بڵاوبوونەوە و دەستەی نووسەران بەری بوو لە هەر چەشنە ڕوانگە، پرێنسیپ و تەکوزیی ڕۆژنامەگەرانە و ژمارێکی زۆری ئەندامان کە تەنانەت ڕێنووس و ڕیزمان و نویساری زمانی کوردیشیان نەدەزانی. بۆیە بەناچار بۆ گۆڕان و تۆکمەی پێکهاتەی فیکری و جیهانبینیان هانم دەدان بۆ خوێندنەوە زیاتر و زیاتری ئەدەبیاتی زمانی کوردی.

پاش بڵاوبوونەوەی چەند ژمارەی سروە، تاقمێکی تر لە نووسەرانی خاوەن‌قەڵەم و لێهاتووی وەک خوالێخۆشبوو “مارف ئاغایی” هاتنە هانامان. هەروەها ناردنی وتار، چیرۆک و شێعر لەلایەن نووسەران و شاعیران لە شارە جۆراوجۆرە کوردەکانی ئێران لەم ڕەوتی گۆڕانکارییەدا یارەمەتیی زیاتری داین و ڕۆژبەڕۆژ گۆڤارەکە لەباری ناوەڕۆکەوە دەوڵەمەندتر بوو. دواتر نزیکەی ١٠ لاپەڕە لە کۆی ٦٤ لاپەڕەی سروە بۆ شێوەزاری کورمانجی و بادینی تەرخان کرا کە بەرپرسایەتی ئەو بەشە خرایە ئەستۆی کاک “پەرویز جەهانی” لە ستافە سەرەتاییەکانی سروە.

 ئایا کۆی بابەتە گەیشتووەکان بە سروە لە ژێر چاوەدێری و ڕەزامەندیی بەڕیزتاندا چاپ و بڵاو دەبۆوە؟

 بەڵێ لە سەداسەدی بابەتەکان. هەر لێرەوە دان بەوەدا دەنێم کە تەنانەت یەک وشەش لە گۆڤاری سروە بێ خوێندنەوە و پشتڕاسکردنەوەی سەرنووسەر چاپ و بڵاو نەبۆتەوە و لە بابەتی ڕێنووس و ڕیزمانی کوردییەوە بە زۆربەی وتار، چیرۆک و شێعرەکانیشدا چووینەتەوە و ئیدیتمان کردوون.

 گۆڤاری سروە لە دوو دەیەی ٦٠ و ٧٠ی هەتاوی لە چ تیراژێکدا چاپ و لە چ ئاستێکی جوگرافیدا بڵاو بۆتەوە؟

 تیراژی سروە لە ساڵە سەرەتاییەکانیدا بە هۆی پێشوازیی زۆری بەردەنگان گەیشتۆتە زیاتر لە ١٥ هەزار بەرگ کە ئەم ئاستە لە تیراژ لە دەیەی ٦٠ و نیوەی یەکەمی دەیەی ٧٠ بۆ گۆڤارێکی کوردی یەکجار زۆر بوو. سروە ئەوکات لە هەموو ناوچە کوردییەکانی ئێران، عێراق و بەشێک لە تورکیادا بڵاو دەبۆوە و بەشێکیشمان لە رێگەی پۆستەوە بۆ کوردانی دانیشتووی هەندەران لە وڵاتانی ئەمریکا، ئەڵمان، سوید، ئۆستراڵیا و نۆڕوێژ بەڕێ دەکرد.

 چ ڕێژەیەک لە گۆڤارەکە دەگەڕایەوە و فرۆش نەدەچوو؟

 هیچ. ئەمە بەڕاستمە و ڕەنگە بڕوا نەکەی کە لە سەداسەدی ژمارەکانی سروە کاتی خۆی بەفرۆش چووە و بەوەشەوە زۆربەی بەردەنگان و لایەنگرانی بەئەمەگمان بۆ کڕین و دەستخستنی ژمارە پێشووەکان پێوەندیان پێوە گرتووین.

 ئاست و ڕێژەی ئەو نامەیانەی گەیشتۆتە سندۆقی پۆستیی سروە چەند بووە؟

 بڕوام پێ بکەن ژمارەی نامە گەیشتووەکان هێندە زۆر بوون کە کردنەوە و خوێندنەوەی تێکرایان زۆرترین کاتی لە ئێمە گرتووە. هەڵبەت بەپێی وەرزەکان ڕێژەی نامەکانیش کەم و زۆری تێ دەکەوت. بەڵام بەوەشەوە جار بووە باکسی نامەکان بۆ ژووری سەرنووسەر نزیکەی ١٠ هەزار نامەی لەخۆ گرتووە و  من بەهۆی عەشق و خۆشەویستیم بە سروە و لایەنگرانی، یەک بە یەکی نامەکانم خوێندۆتەوە و بۆ ڕیزنان لە نووسەرانی لە بەشێک بەناوی “ئێمە و خوێنەر” بەسەرم کردوونەتەوە و وەڵامم داونەتەوە.

 تێچووی چاپ و بڵاوکردنەوەی سروە لە چ ڕیگەیەکەوە دابین کراوە؟

 سروە گۆڤارێکی دەوڵەتی بوو و یەکێک لە هەڤیازییە گرینگەکان بۆ چاپی ڕێک‌وپێکی لە ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ دابین‌کرانی تێچووەکانی چاپ و مووچەی فەرمانبەرانی لەلایەن دەوڵەتەوە بوو.

 کاک ئەحمەد بەڕاست جگە لە بەڕێزتان کێی دیکە گولێری بابەتەکانی سروە بوون؛ ئایا لە خود گۆڤارەکە یان لە تارانەوە چاوەدێرییەک بەسەر بابەتە پشتڕاستکراوەکانی ئێوەشدا کراوە؟

 تێکرای بابەتە کوردییەکان لە شێعر، چیرۆک، وتار، یادداشت و ڕەخنە لەلایەن یەکێک لە فەرمانبەرانی سروەوە دەکرایە فارسی و بۆ کۆنتڕۆڵ و چاودێری ڕادەستی کەسێکی فارس‌زمان دەکرا و بابەتەکان پاش پێداچوونەوە و پشت‌ڕاستکرانەوە لەلایەن ئەوەوە، بۆ چاپ ڕەوانەی تاران دەکرا. ئەگەرچی دەستەی نووسەران و من وەک سەرنووسەر بەردەوام دژی ئەو ڕەوتە بووین و ئەمەش بەشێکە لە یادەوەرییە ناخۆشەکانی من لە ماوەی ئیش‌کردنم لە گۆڤاری سروەدا.

  هۆکارە سەرەکییەکانی داخرانی سروە چ بوون؟

 ئەوکاتی من خانەنشینم کرام و گەڕامەوە بۆ مەهاباد، ئاگاداربووم کە هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ دانانی کەسێکی کارناس و ئاشنا لەگەڵ بوارەکانی ڕۆژنامەنووسی بۆ سەرنووسەریی “سروە” و وادیارە کەسێکی وایان بۆ نەدۆزرابۆوە. لەلایەکی ترەوە گۆشاری ئازەربایجانییە دانیشتووەکانی ورمێ کە لایان‌وابوو نابێ گۆڤارێکی کوردی لە پارێزگایەکی تورک‌نشیندا چالاک بێت و دەبێ بگوازرێتەوە بۆ سنە، ڕێخۆشکەر بوو لە داخرانی سروە. هەڵبەت نابێ لە بیرمان بچێتەوە کە نەبوونی ستافێکی یەکدەست لەو ساڵانەدا وەک دەستەی نووسەران بۆ شان‌دانە بەر ئاڵای سروە و ساماندانەوەی لە ساڵی ١٣٨٠ی هەتاوی، بووە هۆی گواسترانەوەی ئەم گۆڤارە لە پاش ١٥ ساڵ چاپ و بڵاوبوونەوەی لە ورمێ‌وە بۆ شاری سنە و لەوێش بەهۆی نەبوونی پاڵپشتیی ماڵیی دەوڵەت و بەڕێوەبەریی نادروست، بەداخەوە ئەوی نەدەبوو ڕوو بدات، ڕووی دا و “سروە”ی نەوگوڵی باخی ئەدەبی کوردی بە یەکجاریی داخرا و ناوی چووە نێو ئەرشیڤی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە.

https://sirvannews.ir

 سەرچاوە: حەوتەنامەی سیروان

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتاو دەستوور زوان کوردی لەکی ڤەباوەت ڕێزوان لەکی چاپ و ڤڵارا بی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *