خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / خوێندنەوەی شێعری “سیفری هەڵفڕین” بەرهەمی خەیاڵی یوونس رەزایی

خوێندنەوەی شێعری “سیفری هەڵفڕین” بەرهەمی خەیاڵی یوونس رەزایی

خوێندنەوەی شێعری “سیفری هەڵفڕین” بەرهەمی خەیاڵی یوونس رەزایی

نووسەر: محەمەد ڕەمەزانی

 

ئەم شێعرە بە هەموو وێنەگەریی دەنگ و رەنگەکانییەوە، لە چەشنی پۆلێکی گەورە، لە سەتان پەلەوەر بە ئاسمانی خەیاڵت دا دێن و هەر تاوێ بە شێوەیەک پۆل دەبەستن؛ تاوێک دەبنە گۆیەکی خڕ، چرکە ساتێکی دی دەبنە تاووس، قەدەرێکی دی دەبنە هەوری لە چەشنی شەپۆلەکانی دەریا.

لێرەدا ئیماژی دەنگ زاڵترە بەسەر ئیماژەکانی دی دا. ئایا رێکەوت بێ یان بە دانستە گرینگ نییە، بەڵام لە ناو پیتەکانی کە جەستەی مووزیکاڵی ئەو شیعرەیان پێکهێناوە، دەنگی “س” و “ش” زاڵە. تۆ کە باش گوێ دەدەیەی، وەک ئەوەی با یان شنەبایەکی بە قووەت ئەو دەنگانەت بە گوێ دا دەدەن.

ســ شـــ س س ش ش … ئەمە دەنگی سرپە و سرتەیە. هەواڵێک لە گۆڕێ دایە. ئەو خەبەرە چییە؟

وەکی لە زمانی وەگێڕ یان راوی تێ دەگەین، ئەم لە چەشنی مەلێک بە زەبری هزر و کارزانی خۆی، لە داو و تەپکەی کات دەرباز بووە:

لە رۆژ ژمێر هاتوومە دەر

کات: نەکاتی ئێستایی پڕ لە هیوا و تازەگەری و خاوەنی چاوێکی تیژ و ژیر بۆ داهاتوو، بەڵکوو کاتێکی بۆژۆی پاشماوەی هەزاران ساڵی تار، تاڵ، داسەپێنراو و بێ جووڵە، لە چەشنی گۆڕ. گۆڕی هەموو جوانی و ئاواتە جوانەکان. کەواتە بزاڤێک لەگۆڕێ دا.

شێعرەکە بێ ئەملاو لا حیماسییە. بەڵام وەک شیعرێکی غینایی، لە جوانییەکانی سروشت کەڵکی وەرگرتووە، بۆ وێنە چیا، سەمفۆنی شینی دەریا، کانی، کاراسک، کازیوە، بە تەمەنی شاخەوە، شەماڵ، زریان، مێلۆدی چاوی کچێک، ئوقیانووسی سەهۆڵینی باکوور، تا کۆتایی بەفر، ژن و کچ.

دووپات بوونەوەی وشەی “سێ” بۆ وێنە لە “سێ رۆژی ماوە بۆ گریان” یان ” سێ جار ژامەکان(زەنگەکانی کلێسە) دەزرینگێنمەوە” وشەی “سێدارە”، وە بیر دێنێتەوە. کەواتە هەواڵێکی دڵتەزێن بەڕێوەیە؛ ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕ دژی ئێستای بۆژۆ و گەندەڵ. بارودۆخی ئێستا چۆنە؟

ژنیان لێڵ بە شەقامەوە

کیژیان روون بە کۆڵانەوە

هێڵی سوور بە سەر لەشی وشەی سەوزدا دێنن

دەی دەرکەوت کە ژنان و کچان لە ژێر سێبەری ڕەشی دیکتاتۆری ئایینی دا دەژین و بۆ وەچنگ هێنانی ئازادی، خوێنی خۆیان و گیانی خۆیان بەخت دەکەن. دەستەواژەی “ژنان لێڵ بە شەقامەوە”، ئاماژەیە بۆ کەسایەتی دزراو و شاراوەی ئافرەتان لە ناو چارشێو و دەسماڵ و رووبەندەی رەش دا، کە ئایین بەسەریدا سەپاندوون و چارشێو و رووبەندی لێڵ بۆتە قەبر و زیندانی وان. ئەو دەستە واژەیە تازەگەری تێ دا و ئەوە تایبەتمەندی هەر شاعیرێکی بە توانا و داهێنەرە، کە گڕامێری تایبەت بە خۆی لە زمان دا دەئافرێنێ؛ ئاوەڵناوی تازە، ناو و فرمان و ئاوەڵ فرمانی تازە، خوازە و سەمبولی تاکەکەسی خۆی. جارێکی دی سەیری ئەو لاینە بکەین:

(کیژیان) هێڵی سوور بە سەر لەشی وشەی سەوزدا دێنن

لە باری ئۆرتۆگرافی Orthohgraphy (١)سەرنجی پیتەکانی سـ س شـ ش ێـ ێ بدەی، عیسان وەبیر شۆلاوگەی خوێن دەخاتەوە.

تا ئێستا نەبوونی ئازادی و سەرکوتی ژنان و کچان، وەک بارودۆخێکی نالەبار هاتووەتە بەر چاومان، هەر لە سەرەتای شێعرەکەوە، گوێمان لە “گریان” و “هەنیسک” بووە. شاعیر ویژدانی ئینسانەکان گاز دەکا و بۆ بانگ کردن و وەخەبەر هێنان، دەبێ چ کەرەسەیەکی بە دەستەوە بێ. لە شێعری “نیما یووشیج” و “ئەحمەدی شاملوو” و “فرووغی فەڕوخزاد”دا، “کەڵەشێر” و “بەرەبەیان” هاتوون. نیما دەڵێ:

قوقولی قو قوو خروس می‌خواند

از درون نهفت خلوت دە.(٢)

شێعری “سیفری هەڵفرێن” بۆ وەئاگا هێنانەوەی مرۆ، لە زەنگی کلێسە کەڵکی وەرگرتووە. وەکی دەزانین زەنگی کلێسە جگە لە گازکردنی خاوەن بڕوایانی خاچ پەرست، بۆ نوێژ و یان شایی و شین، بۆ راگەیاندنی هەواڵی رووداوێک بەکار دەبرێ. وێدەچێ زەنگی کلێسە لە کاتی شەڕی خاچ پەرستی دا، لە بانگی موسوڵمانان وەرگیرابێ؛ گۆیا قەشەیەکی عارف و ئاشتی خوازی ئیتالی بە ناوی فڕەنسیس ئەسیسی(٣) تا کۆتایی تەمەن بانگەوازی ئەوەی دەکرد کە خاچ پەرستان بە ئاشتی و تەبا و رەبایی لە ناو موسوڵمانان دا ژیان بەرنە سەر. ئەم لەگەڵ سوڵتانی میسری بەناوی “ملک الکامل” چاو پێکەوتنی کرد لە جەنگەی شەڕی خاچ پەرستی دا. گۆیا بانگ دانی مزگەوتان، ئەمی خستە سەر ئەو بیرۆکەیە کە بە خاچ پەرستان راگەیەنێ؛ بە دەنگی زەنگی کلێسە، خاوەن بڕوایان بانگ کەن بۆ نوێژ. لەو شێعرەدا لە مووتیڤی بانگ دانیش کەڵک وەرگیراوە:

*کات نزیک نوێژی نیشتمان

*بانگ دەدەن بە گوێی چیادا

یان

*بانگ دەدەم بە گوێی کانی دا.

دەی ئەمجار کە مرۆ ئاگا بوونەوە شاعیر چی‌یان پێ رادەگەیەنێ؟ خەبات و بەرخۆدان لە جیاتی شین و ڕۆ ڕۆ:

*من لادەدەم لە هەرچی هەنیسکە

شێعرەکە ئاماژە بەوە دەکا کە لە مێژە و هەر لە زووەوە نەتەوەکەی جەنگاوەر بوون و مووتیڤی چەک و ئەسڵەحە بەکار دێنێ:

*چەقۆکانی شاردۆتەوە.

*سێ رۆژی ماوە بۆ خەنجەرێکی سەر شێت

*سێ کاتژمێری دیم ماوە ببمە کۆتر

بە مەزەندەی چەکەکان کە لە پیر بوونن

شێعرەکە خوێن و توند و تیژی و شەڕی بێ کۆتایی پێ ئامانج نییە و بە شوێن ئاشتی و تەبا و ڕەباییەوەیە:

کات هێندی نەماوە لە خوێن تێپەڕێ

دەقەکە لە سەر بنەمای ئاشتی خوازی، ناسنامەی نەتەوەکەی لە بین‌النهرین دەدۆزێتەوە:

نیلی نییە لەمەولا

گۆرانییەک بە ناو دوو رووباردا دەگوترێ

پڕاو پڕیشە لە ماسی

وەکی دەزانین رەنگی نیلی یان خومی شین، رەنگی تایبەتی تازیەباریی بووە لە رۆژگاری کەونارادا. لە شانامەی فیردەوسی دا، ئەگەر پادشایەک دەمرد، دەست و پێوەند و دەرباریی و سەربازان، شانیان لە خومی شین هەڵدەکێشا. ئەو رەسمە لە ناو کوردیش دا هەبووە و ئێستاش دەڵێن: “خۆم لە خومی شین هەڵدەکێشم”. ئەو نەریتە ئێستاش لە ناو بەختیارییەکاندا هەر باوە.

مام وەستا هێمن لە “شینی گۆران”دا دەڵێ:

هەر لە بۆتانەوە هەتا سۆران

هەموو سۆرانی شینە بۆ گۆران

یوونس رەزایی

وێدەچێ ئایینە کەوناراکانی بین‌النهرین، کە پتر لە سەر پەرستنی توتم و دیاردەکانی سرووشت بوو، ئاشتی خوازتر بووبێتن لە ئایینە پڕ توند و تیژییەکانی یەک خوایی. شاعیر لەوێوە پاڵ وە قالی نیشتمانەوە دەدا و بە نەخشی ماسییەکانی ناو فەڕش، کە وەبیر هێنەرەوەی جوانی سروشت و نیشتمانن ئۆخژنی دەشکێ.

ئەم وەک هێمن گوتەنی؛ کە ئازادی هەبێ، کەی خرمەی شەست تیر و گرمەی مینی دەوێ؟ بۆیە دەیەوێ کە جوغڕافیای ئاشتی بەرین بکا و هەر بۆیەشە وەک هێمایەک دەستەو داوێنی ئیسکیمووەکانی ئاشتی خواز دەبێ و گەرمای باشوور و بەستەڵەکی باکوور وە دەم یەک دەدا کە شاعیر، وەک ئیمپڕاتۆڕی ئاشتی و تەبایی بە سواری نەهەنگ پەیامی ئاشتی بە گوێی شەپۆلەکانی دەریا و ئوقیانووس دا ڕاگەیەنێ. جێگای سەرنجە کە دەڵێن لە قامووسی زمانی ئیسکیموەکان دا وشەکانی “شەڕ” و “مرۆکوژی” نییە.

 

***

١-وشەی ئۆرتۆگرافی Orthohgraphy بنەچەی یوونانی هەیە و لە دوو بەشی ortho بە واتای دروست و geaphos  واتە نووسین پێکهاتووە. مەبەست شێوەی نووسینی وشەکانە.

٢-کەڵەشێر دەخوێنێ

لەناو دڵی شاراوەی تەنیای گونددا

 Francis of Assisi(1181-1226)٣-

 

١٨ی سێپتامبری ٢٠٢٣

ورمێ

 

سیفری هەڵفڕین

 

لە رۆژئەژمێر هاتوومەدەر

دەیەمی مانگی زریانە

سێ رۆژی ماوە بۆ گریان

 

من لادەدەم لە هەرچی هەنیسکە

پێدەکەنم بە قەڵافەتی رابردوو

بە تەرمی راکشاوی چرکەیەک

چەقۆکانی شاردۆتەوە

لە کاتژمێری کەڤناردا

 

سێ رۆژی ماوە بۆ خەنجەرێکی سەرشێت

گاڵتە دەکا بە تەنیاییم

گەمە دەکا بە بیرەوەری داهاتووم

 

دێمە دەر لەو وەرزانەی تاریکن

ژنیان؛ لێڵ بە شەقامەوە

بسکی خەفەتێک شانە دەکەن نادیار

 

کیژیان؛ روون بە کۆڵانەوە

هێڵی سوور بەسەر لەشی وشەی سەوز دا دێنن

مەمکی زەرد

 بە دەستی نەبەدی تارمایی دەبەخشن

 

کات نزیک نوێژی نیشتمان

بانگ دەدەم بە گوێی چیادا

با سەری دانەوێنێ بۆ کچێک

سەمفۆنی شینی دەریا بوو

دەستەکانی

بانگ دەدەم بە گوێی کانی دا

با دەستی ببەخشێتە پێدەشتەکانی تینوێتی

کە کاراسکێک بە ناویاندا هەڵوەدایە

 

کات لە خاک تێپەڕیوە تەنانەت

سێ جار ژامەکان دەزرینگێنمەوە

من کلیساکان دەزانم

منارەکانیش دانە دانە بە حینجەی کۆتر

ئێستا سیفری تێپەڕینە

تێپەڕین لە کات تەنانەت

ئەو دەمەی شوێن دەبێتە من

 

ئێستا سەرەتای گوورانی گۆرانییەکە؛

نیلی نییە لەمەولا

گۆرانییەک بە نێوان دوو رووباردا دەگوترێ

و

پڕاوپڕیشە لە ماسی

 

غەزەلی غەزەلەکانی دەریا دەڵێمەوە بەردەوام

لەسەر گەمییەکان لەنگەر دەگرم

و

پاڵ وە قالییەکانی نیشتمانەوە دەدەم

کە تاراوگەی هەزار ماسی

هەواری هەزار دەستی کچ

لە تان و پۆی دا

هەزار ئایەت لە بزربوونی ئەوینیش

 

غەزەلی غەزەلەکانی شەقام دەخوێنمەوە

کە ژنە

چاوی کاتژمێری منە

کازیوە نیشان دەدا بە تەمەنی شاخەوە

 

بسکی بەسەرهاتی دوێنێم

هەم داڵدەی سەردەمی سەنگەر

هەم سەردەمێک لە تەنیاییم

 

دەیەمی مانگی شەماڵە

سێ رۆژ تێپەڕیوە لە گڕ

لادەدەم لە نەریتی شەپۆڕ

و

دارەکان کووک دەکەم

 لە سەر بەستەی هەور

 

میلۆدی چاوی کچێک دەچێنم

لەسەر پاناوکی خوێنی خۆم

شەپۆل دەڕوێ لە جەستەی زەمانم دا

کە هەر تینوویە بەردەوام

 

ئاوازێک دادەگیرسێنم

بە بنارەکانی زاممەوە

کۆفارەی هەڵفڕینە لەشی من

 

سێ کاتژمێری دیم ماوە ببمە کۆتر

بە مەزەندەی چەکەکان

کە لە پیر بوونن

 

باڵم دەبێ سەرەتای سەدەیەکی تازە بچێژێ

باڵم

رەنگە دوایین دەرفەتی دوێنێ هەڵفڕێ

کە تۆمار دەکرێ لەسەر خۆڵەمێش

 

هاتمە دەر لە چوارچێوەی بەستەڵەک

ئێستا ئوقیانووسی سەهۆڵینی باکوور جێ دێڵم

وێڕای ئیسکیمووەکان ئەوین راودەکەم

سواری سوورتمەیەک دەبم

تا کۆتایی بەفر دەچم

 

لێرە هەر کەس لەسەر ئایینی چاوێکە

هەر باڵندەیەک منارەیەکە لە سبەی

هەر پەنگوەنێک هەزار و یەک شەو لە بەستەڵەک

هەر ئاسۆیەک تا بێ سنوور بۆ تێپەڕین

 

هەر کچێکیش ئاورێک لە شمشاڵی دا

تا مرۆڤ ئاشنا کاتەوە

 بە هەرێمە گەرمەکان

هەر ژنێک نانێک لە سیمای دا شاراوە

بۆنی گەنم و

کەروێشکەی هەمیشەی زەمان

لە زمان دا

 

کات هێندی نەماوە لە خوێن تێپەڕێ

 من نەهەنگێکی بەلەسەی دەریا داژۆم

با لە شارێک بگیرسێتەوە

 ئێستا بێ

هەموو چراسوورەکان تێپەڕ دەکەین

و

لە وێستگەی یەکەمی سبەی رادەوستین

 

تێکڕای شەقامەکان خوازەیەکن لە چۆم

گشت کیژەکانیش جێناوێکن بۆ ماسی

 

کاتژمێر سیفر نیشان دەدا بە کاتی شەقام

رۆژێ نوێم هاوکاتی نەهەنگەکانە دەستپێکی

 

من کتێبی پیرۆزی دەریا لە بەر دەکەم

و

غەزەلی غەزەلەکانی نیشتمان دەڵێمەوە

وێڕای ماسییەکان

کە جوغڕافیای ئەوینمن

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

بەردینە، ڕۆمانێک ڕۆنراو له سەر بناغەکانی قایەت، مێژوو، بەیت و بن زاراوەیەکی کۆن

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *