خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / پێکهاتەی ئەفسانەی پەریانی کوردی بڵاو کرایەوە

پێکهاتەی ئەفسانەی پەریانی کوردی بڵاو کرایەوە

پێکهاتەی ئەفسانەی پەریانی کوردی بڵاو کرایەوە

ئەدەبی زارەکی، شان بە شانی بەرهەمی پڕبایەخی ئەدەبی فەرمی و نووسراوە، لەمێژ ساڵە فەرهەنگ و بیر و باوەڕی کۆنی باوباپیرانمانی لە سینگ و زەینی ژنان و پیاوانی ئەم نیشتمانەدا پاراستووه و گەیاندوویەتی بە ئێمە. ئەفسانەی زارەکی، یەکێ لە ژانرەکانی ئەدەبی زارەکییە. گەنجینەیەکی گەورە و کۆنی لە بیر و بڕوا و داب‌ونەریتی کوردی ‌ـ‌کە زۆرێکی لە بیر چووەتەوە‌ـ‌ لە دڵی خۆیدا شاردووەتەوە. بۆ گەیشتن بەم پاشخانە پڕبایەخە، پێویستە بە وردی لێکۆڵینەوەی زانستی لە سەر پێکهاتە و ناوەرۆکی ئەم ئەفسانانە بکرێ. ئەفسانەی جادوویی یان ئەفسانەی پەرییان چیرۆکێکە لە دنیای خەیاڵیدا ڕوو دەدات، بەڵام ئەم ڕووداوە خەیاڵییە بۆ پاڵەوانی ئەفسانە بە بابەتێکی ڕاستەقینە و ئاسایی دێته ئەژمار. «ولادیمیر پراپ» لێکۆڵەری ڕووس لە پێکهاتەیەکی داهێنەرانە و نو‌ێدا دەستی کرد بە لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی ئەفسانەی ڕووسی. بە گوێرەی پێناسەی پراپ پێکهاتەی ئەفسانە ناساندنی ئەفسانەیه لە سەر بناخەی بەشە پێک‌هێنەرەکانی و، پێوەندیی ئەم بەشەیە لەگەڵ یەکتردا یان لەگەڵ تەواوی چیرۆکەکەدا (پراپ، ۱۳۶۸: ۸).

یەکێ لەو شێوە بەکەڵکانە بۆ ناسینی تایبەتمەندیی چیرۆک، لێکدانەوەی پێکهاتەی چیرۆکە. پێکهاتەخوازان هەمیشە بە لێکدانەوەیەکی ورد و بە شێوەی تایبەت خۆیانیان خەریک کردووە و هەوڵیان داوە بەشە پێک‌هێنەرەکانی دەقی ئەدەبی دەستنیشان بکەن. «ولادیمیر پراپ»، «لویی شتراوس» و «ئالێن داندس» لە بواری لێکدانەوەی چیرۆکی زارەکیدا، بۆ لێکۆڵەران و چیرۆک‌ناسان ناسراون.

سەرەتا لێکۆڵەران دەیانویست تەواوی چیرۆکەکانی جیهان لە یەک پێکهاتەدا ببینن و دەیانگوت ئەمانەوێ لە هەر چیرۆکێک، نموونەیەک دەربهێنین؛ دوایی لەم نموونانە پێکهاتەیەکی گەورەی گێڕانەوە دروست دەکەین و دەیکەینە پێوەرێک بۆ هەموو چیرۆکەکان (ئیسکۆلز، ۱۳۸۳: ۲۰۹) پراپ بە لێکدانەوەی کارکردەکان سەبارەت بەم چیرۆکانە گەیشته چوار بناخەی گشتی:

۱‌ـ‌ کارکرد، پێکهاتەی بنەڕەتی و ماکی نەگۆڕی چیرۆک، جیاوازن لە وەی چ کەسێ و چلۆن ئەوانە بەرێوە دەبات.

۲‌ـ‌ ڕێژەی کارکردەکان لە چیرۆکی پەرییاندا سنووردارە.

۳‌ـ‌ بە شوێن یەکدا هاتنی ئەم کارکردانە هەمیشە یەکسانه.

۴‌ـ‌ هەموو چیرۆکی پەرییان لە باری پێکهاتەوە سەر بە یەک تیپن.

لە سەر ئەم بنەما بنەڕەتییە، ئێستا تەواوی چیرۆکی ڕووسی یەک پێکهاتەی کورتیان هەیە و ئەتوانین هەموویان لە پەیکەرەی یەک چیرۆکدا کۆ بکەینەوە.

پراپ حەوت کەسایەتیی لە ناو چیرۆکەکاندا ناساندووە:

۱‌ـ‌ شەڕانی ۲‌ـ‌ بەخشنده ۳‌ـ‌ یاریدەر ۴‌ـ‌ شازادەخانم ۵‌ـ‌ ڕەوانەکەر ۶‌ـ‌ پاڵەوان ۷‌ـ‌ دژەپاڵەوان (پراپ، ۱۳۸۶: ۱۶۲ و ۱۶۱). پراپ لە لێکۆڵینەوەکەیدا، تەنیا چیرۆکی ڕووسی لە بەر چاو گرتبوو، بەڵام دەکرێ دەسکەوتی لێکۆڵینەوەکانی، هەموو چیرۆکەکانی نەتەوەکانی دنیا لە خۆ بگرێت. کەوا بوو، چیرۆکی کوردیش لەم چوارچێوەیە بەدەر نییە. ئەگەرچی چیرۆکی کوردی لەگەڵ نموونەی‌ کاری پراپدا له سەداسەد ناگونجێ و تایبەتمەندییەکی جیاوازی تێدا بەدی دەکرێ و بێ‌گومان لە ژێرلقەکانیدا جیاوازیگەلێ دەبینرێت. سی‌ویەک کارکرد که پراپ بۆ ئەفسانەی پەرییان ئاماژەیان پێ دەکا بریتین لە:

۱‌ـ‌ دەستپێک ۲‌ـ‌ ون‌بوون ۳‌ـ‌ نەهێشتن ۴‌ـ‌ لابردنی نەهێشتن ۵‌ـ‌ هەواڵگیری شەڕانی ۶‌ـ‌ هەواڵ‌گرتن ۷‌ـ‌ فریوکاری ۸‌ـ‌ شەڕەنگێزی ۹‌ـ‌ ناوبژیوان ۱۰‌ـ‌ بەرەنگاریی سەرەکی ۱۱‌ـ‌ سەفەر ۱۲‌ـ‌ کارکردی یەکەم بەخشندە ۱۳‌ـ‌ دژکردەی پاڵەوان ۱۴‌ـ‌ وەرگرتنی هۆکاری جادوویی ۱۵‌ـ‌ شوێن‌گوڕکێ ۱۶‌ـ‌ ململانێ ۱۷‌ـ‌ داخ‌کردن ۱۸‌ـ‌ سەرکەوتن ۱۹‌ـ‌ چارەی کێشه ۲۰‌ـ‌ گەڕانەوه ۲۱‌ـ‌ شوێن‌گێڕی ۲۲‌ـ‌ ڕزگاری ۲۳‌ـ‌هاتنەوەی نهێنی ۲۴‌ـ‌ وتەی بێ‌بنەما ۲۵‌ـ‌ کاری دژوار ۲۶‌ـ‌ ئاکامی کاری دژوار ۲۷‌ـ‌ ناسینەوه ۲۸‌ـ‌ ڕسوایی شەڕانی ۲۹‌ـ‌ خۆگۆڕین ۳۰‌ـ‌ سزای شەڕانی ۳۱‌ـ‌ زەماوەند.

ئەم سی‌ویەک کارکردەی پراپ ئەگەرچی چیرۆک بە بچووک‌ترین پاژ دابەش دەکەن، بەڵام بەربڵاویی کارکردەکان و پێویست‌نەبوونی بەکارهێنانی هەندێکیان، لە جیهانی‌بوونی شێوەی کاری پراپ کەم دەکاتەوە. هەر بەم بۆنەوە، لێکۆڵەران هەوڵیان‌داوه ژمارەی ئەم کارکردانە کەم بکەنەوە و پێکهاتەیەکی هەمەلایەنە دابهێنن کە ببێتە پێوەرێک بۆ لێکدانەوەی هەموو چیرۆکێک و لە لێکۆڵینەوەکانی ئەدەبی، مرۆڤ‌ناسی، کومەڵ‌ناسی، دەروون‌ناسی و ناسینی بیروباوەڕی خەڵکدا کەڵکی لێ وەربگیردرێت (بۆ نموونه: «گرماس» کارکردەکانی پراپی کرد بە ۲۰ و «برمون» کردی بە ۳؛ «والن» کردی به ۸ و «پیتر جیلت» کردی بە ۵ و «ساتۆ ئاپۆ» کردی بە ۴ کارکرد و کەمیان کردەوە. هەروەها، ماکی نوێیان بە پێکهاتەی چیرۆکەکان زیاد کرد).
باس‌کردن لە هەموو کارکردەکانی پراپ بۆ هەر چیرۆکێک پێویست نییە. هەشت کارکردی سەرەکیی پراپ بریتین لە:

۱‌ـ‌ ون‌بوونی یەکێک ۲‌ـ‌ نەهێشتن، دوورکردنەوە و بەرگری لە شتێک ۳‌ـ‌ هەڵوەشاندنەوەی کارێک یان ڕەوتێک ۴‌ـ‌ هەواڵگیری شەڕانی ۵‌ـ‌ ئاگادارکردنەوە ۶‌ـ‌ فێڵبازی ۷‌ـ‌ هاودەستی ۸‌ـ‌ ئاژاوەگێڕی یان نەداری (پراپ، ۱۳۸۶: ۶۰) کە ئەتوانین هەموو ئەمانە بە یەک کارکردی گرنگ دابنێین و بە «سەرهەڵدانی کێشه» ناوی ‌بنێین بێ‌ئەوەی لە دیاری‌کردنی پێکهاتەی چیرۆکدا دژوارییەکی تایبەت پێک بهێنێ. لە چیرۆکی جادووییدا کێشە ڕوو دەدا، چیرۆک دەکەوێتە جووڵان و بۆ نەهێشتنی کێشە، ڕووداو دێتە پێش. هەروەها لێکۆڵینەوەی پراپ بەبێ کەم‌وکووڕی نییە. گرنگترینیان ئەمەیە کە باوەڕی بە جیاوازیی نێوان ڕواڵەت و ناوەرۆکی چیرۆک بوو. تەنیا بایەخدان بە ڕەخنەی پێکهاتەیی بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕاڤەکردنی واتایی چیرۆک و ڕوانینی پێکهاتەناسانە، ڕەخنەگر لە تێگەیشتنی مانایی چیرۆک بێ‌بەری دەکات. ڕەخنەگر ئەتوانێ هەم لێکۆڵینەوەی پێکهاتەناسانە و هەم تایبەتمەندیی هێمایی و بابەتگەلی وەک نیشانەناسی، دەروون‌ناسی و کۆمەڵ‌ناسی لە بەر چاو بگرێت. «دلاشۆ» دەڵێت: «جگە لە ڕواڵەتی چیرۆک، بڕوانن بۆ مەبەستی هێمایی ناو چیرۆکەکان و واتای نهێنی تێدا بدۆزنەوە.» بەر لە دلاشۆ کەسانێ وەک فرۆید و یۆنگ بە پێی ڕەخنەی دەروون‌ناسی خەریکی کردنەوەی ڕەمزی ناو ئەم چیرۆکانە بوون و گەلێ ڕوانگەی بایەخداریان لە سەر ئەو بابەتانە نووسیوە.

نووسەری ئەم دێڕانە بە کەڵک‌وەرگرتن لە کتێبی جیهانی گێڕانەوەیی چیرۆکی فیلاندی کە بەرهەمی لێکۆڵینەوەی پێکهاتەناسانەی ساتۆ ئاپۆی فولکلۆریستە و هەروەها، بە لەبەرچاوگرتنی پێکهاتەی پێشنیارکراو بۆ کارکردەکانی ئەفسانەی پەرییان لە کتێبی پێکهاتەناسی ئەفسانەی جادوویی (خەدیش، ۱۳۸۹: ۷۸۲) گەڵاڵەیەکی گشتی بۆ پۆلێن‌بەندیی ئەفسانەکان داڕشتووە و ئەم گەڵاڵەی گێڕانەوەیی چیرۆکی پەرییانەی بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی سەرەتایی و کۆتایی چیرۆکەکان و هەڵسەنگاندنیان لەگەڵ یەکتردا داڕشتووە. کتێبی پێکهاتەی ئەفسانەی جادوویی، شەش جووت‌کارکردی لە بەر چاو گرتووە کە بە گرنگترین و بنەڕەتی‌ترین کارکرد دادەنرێن و زۆرتر لە ئەفسانەکاندا بەر چاو دەکەون. منیش بۆ پێکهاتەی ئەفسانەی کوردی شەش جووت‌کارکردم کردووەته سەرچاوە و بنەمای کارەکەم و بۆ هەموو کارکردەکان نموونەم لە ئەفسانەی ناوچەکانی کوردەواری و لەیلاخ هێناوەتەوە و ژمارەی چیرۆکەکانی لەیلاخم لە دوو کەواندا نووسیوە. پوختەیەک لەم شەش جووت‌کارکردە لە خوارەوه خراوەتە بەر چاو.

۱‌ـ‌ دۆخی سەرەتایی: ڕوودانی کێشە (A)

ئەلف) ئاژاوەگێڕی (V)

ب) نەبوون (L)

۲‌ـ‌ دیدار لەگەڵ یاریدەردا – وەرگرتنی کەرەستەی جادوو (D‌ـ‌F)

۳‌ـ‌ ململانێ – سەرکەوتن (H‌ـ‌I)

۴‌ـ‌ شوێن‌کەوتن – هەڵاتن (PR‌ـ‌ RS)

۵‌ـ‌ کاری دژوار و ئاکامی (M‌ـ‌N)

۶‌ـ‌ هاتنی نەناس – ناسینەوە (O‌ـ‌Q)

۷‌ـ‌ دۆخی کۆتایی: نەمانی کێشە (Z)

ئەلف) نەمانی نەبوونی (K)

ب) تەمێ‌کردنی کەسایەتیی شەڕانی (U)

ج) زەماوەند (W)

لە ناو ئەم کارکردانەدا دۆخی سەرەتایی (A) و دۆخی کۆتایی (Z) یەک جووت پێک‌دەهێنن.

لە کۆتاییدا، هیوادارم توانیبێتم کەلێنێکم لە جەستەی دواکەوتەیی ئەم بوارە پڕبەهایە بۆ نەتەوەکەم پڕ کردبێتەوە و ڕچەیەکم شکاندبێ. داوا دەکەم لە لێکۆڵەرانی ئەم بوارە بە سەرنجی ورد و دڵسۆزانەی خۆیان بەرهەمەکەم شەن‌وکەو بکەن و هەڵە و کەم‌وکورتییەکانم بخەنە پێش چاو. بەرهەمی بەپێز بەبێ ڕەخنە و هەڵسەنگاندن، چەکەرە ناکات و لق‌وپۆ ناهاوێژێ.

ئیبراهیم ئەحمەدی

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

بایسته‌های حمایت از کودکان قربانی مین

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *