خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / نوزهەتولقولووب بۆچی بە کوردی؟

نوزهەتولقولووب بۆچی بە کوردی؟

نوزهەتولقولووب بۆچی بە کوردی؟

د. نەجاتی عەبدوڵڵا

مێژوونووسیی کورد بە بەراورد بە مێژوونووسیی گەلانی هاوسێی تا دواڕادە هەژار و کەم‌سەرچاوەیە و زۆریش لە دواوەیە. لە هەموو مێژووی کوردا بەدەر لە شەرەفنامە و چەند دەستنووسێکی ئەمارەتی ئەردەڵان و تاک‌وتەرا چەند لاپەڕەیەکی ئەم‌لاوئەولا هیچ نووسراوەیەکی دیکەی مێژووییمان لە بەردەست‌دا نییە کە بە قەڵەمی خودی کوردان نووسرابێتەوە؛ بۆیە لەم هەژاری و کەمیی سەرچاوەدا بۆ مێژووی کورد کارێک کە دەستگیرۆییمان بکات ڕەنگە بە پلەی یەکەم هەر ئەو دەستنووس و سەرچاوانە بن، کە مێژوونووسانی هاوسێی ئێمە نووسیویانە. هەر بۆیە وەک چۆن خاک و نیشتمانی ئێمە بەبێ ویست و دەسەڵاتی خۆمان وەک بەشێک لە قەڵەمڕەوی حوکمڕانان و سوڵتانان و پادشاهانی گەلانی هاوسێ حسێو کراوە و ئەوانە هەمیشەش هاوسنوور و حوکمڕانی ئێمە بوون، لەسەر ئەم بنەوانە کرۆنیکی نووسراوی مێژوویی ئەو گەلانە، بەبێ هیچ گومانێک – بە باش یان بە خراو، بە دروست یا بە چەواشە -کەم‌وزۆر بەشێکی مێژووی ئێمەشی بە خۆوە گرتووە. بەڵام پرسیارە دروستەکە لێرەدا ئەوەیە بۆچی مێژوونووسیی ئێمە ئاوڕی لەم دەستنووس و سەرچاوە گرینگە مێژوویی‌یانە نەداوەتەوە، کە سەرچاوەی سەرەکیی مێژوونووسینی ناوچەکەن؟ من پێم وایە هۆکارەکەی ڕەنگە هەر ئەوە بێ کە مێژوونووسیی ئێمە هێشتا وەکوو پێویست وەسەر پێ نەکەوتبێ و هەنگاوەکانی وا پتەو و توند نەبووبن. لەم گۆشەنیگایەوە وەرگێڕانی نوزهەتولقولووب بە هەموو پێ‌ودانێک بۆ سەر زمانی شیرینی کوردی دەبێ وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژوونووسیی کورد چاوی لێ‌ بکرێ، لەبەر ئەوە نا کە داخۆ دەقەکە چەندە گرینگە بۆ مێژوونووسیی کورد و وەرگێڕانەکەی چەندە بە کوردییەکی پوخت و پاراوە، بەڵکوو زیاتر لەبەر خاتری ئەوەی کە ئیدی مێژوونووسیی کورد لێرە بەدواوە ناچارە ئاوڕ لە دواوەی خۆی بداتەوە و زیاتر پێیەکانی لەسەر خاک‌دا بچەقێنێ.

سەلاحەددینی ئاشتی

بۆیە بە بڕوای من کەس پێش کاک سەلاحەددینی ئاشتی دەستی بۆ وەرگێڕانی سەرچاوەیەکی ئاوها نەبردووە و کارەکەی ڕچەشکێن و گەلێک سەردەستەیە. هەر بە بیانووی گرینگیی وەرگێڕانی کارێکی لەم چەشنە لێرەدا پرسیارێکی زۆر بەجێ و مەنتیقی خۆی دەهێنێتە پێشەوە، بۆچی پێویستە مێژوونووسێکی کورد لە ڕێگەی مێژوونووسێکی ئەورووپییەوە، کە سوودی لە وەرگێڕانە ئینگلیزییەکەی نوزهەتولقولووب وەرگرتووە، دەبێ بێ و سوود لە کارەکەی ئەو وەربگرێ، لە کاتێک‌دا سەرچاوە ڕەسەنەکە خۆی لە بەردەستمانە و کانیاوەکە لە بەردەم ماڵی خۆمانە، کەچی ئێمە بێین ئەو کانیاوە نزیکە فەرامۆش بکەین و دەست بۆ قومێ ئاوی حەوت کیشوەری دوور ببەین، کە لە بنەوان‌دا هەر لە سەرچاوەکەی نزیک ماڵی خۆمان وەرگیراوە؟ ئەگەر تا ئێستا کتێبخانەی مێژوونووسینی ئێمە ئاوڕی لەم جۆرە کارانە نەداوەتەوە، ئەوا ئیدی لەمڕۆ بەدواوە پێویستە هەموو ئەو سەرچاوە مێژوویی و ڕەسەنانەی گەلانی هاوسێ بە زمانی کوردی بڵاو بکرێنەوە، بەڵام بە وەرگێڕانێک کە وەرگێڕانە کوردییەکە زۆر لە دەقە ئەسڵییەکە پوختتر و وردتر بێ، بە پەڕاوێز و پێشەکی و ڕاستکردنەوەی پێویست وەک ئەوەی ڕێک چۆن ئەم کارە بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە کراوە. من لەم کورتەباسەدا هەر هێندە دەرفەتی ئەوەم بۆ هەڵکەوت کە باسی گرینگیی وەرگێڕانی ئەم کارە بکەم و بەس. بۆیە ئەم وەرگێڕانانە جۆرە کارێکن هێندەی دیکە دیواری مێژوونووسیی کوردی پتەوتر دەکەن و بەبێ دوودڵی ڕێگە بە خۆم دەدەم بڵێم ئەگەر وەرگێڕانی «شەرەفنامە» لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بۆ سەر زمانی کوردی هەنگاوێکی ڕچەشکێن بوو، ئەوا نیوسەدە دواتر وەرگێڕانی «نوزهەتولقولووب» شەرەفنامەئاسا لەو جۆرە وەرگێڕانانەن کە بۆ کتێبخانەی کوردی لە وەرگێڕان زیاترن، لە مێژووش زیاترن و لەگەڵ خۆشیان‌دا کارێکی دیکەش دەکەن، ئەویش ئەوەیە کە کۆشکی بڵیندی زمانی کوردی هێندەی دیکە ڕازاوەتر دەکەن. ئێستا دوای وەرگێڕانی ئەم کتێبە دەرگەیەکی دیکە بەرەوڕووی کتێبخانەی کوردی ئاوەڵا کرا، دەرگەی ئەو سەرچاوە ڕەسەنانەی کە بۆ مێژوونووسیی کوردی پێویستن و پێویستە لەنێو کتێبخانەی کوردی بە ناوازەترین وەرگێڕان بکرێنە کوردی. وەرگێڕانی ئەو کتێبە خەونێکی چەند ساڵەی من بوو کە لەگەڵ خۆم‌دا هەڵمگرتبوو، ماڵی کاک سەلاحەددینی ئاشتی ئاوا بێ، هەم بە قسەی کردم و هەمیش خەونەکەی منی وەدیهێنا. بۆیە لەگەڵ وەرگێڕانی نوزهەتولقولووب بۆ سەر زمانی کوردی، دەڵێم ئێستا ئێمە واین لە ئاستانەی سەردەمێکی نوێ لە مێژوونووسیی کوردی و هیوادارم کتێبخانەی کوردی ئاوڕ لە زۆر سەرچاوەی گرینگی مێژوویی دیکە بداتەوە، بەتایبەت ئەو سەرچاوانەی کە بەشێکی زۆری مێژووی ئێمەشیان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتووە. ئێستا ئیدی کاتی ئەوەیە سەرچاوە ڕەسەنەکانی مێژووی گەلانی هاوسێ: «فارس، عەرەب، تورک، ئەرمەن، ئاسووری و کێ و کێی دیکەش» هەموویان بکرێنە کوردی تا باڵەخانەی مێژوونووسیمانی بەرزتر پێ هەڵچنین.

د. نەجاتی عەبدوڵڵا
هەولێر، ۲۹ی نیسانی ۲۰۲۳

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

بەردینە، ڕۆمانێک ڕۆنراو له سەر بناغەکانی قایەت، مێژوو، بەیت و بن زاراوەیەکی کۆن

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *