خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / لێک‌دانەوەی دوو چەمکی “ڕۆیشتن” و “گەڕانەوە” دە ڕۆمانی “گوڵی شۆڕان”ی عەتا نەهایی‌دا

لێک‌دانەوەی دوو چەمکی “ڕۆیشتن” و “گەڕانەوە” دە ڕۆمانی “گوڵی شۆڕان”ی عەتا نەهایی‌دا

لێک‌دانەوەی دوو چەمکی “ڕۆیشتن” و “گەڕانەوە” دە ڕۆمانی “گوڵی شۆڕان”ی عەتا نەهایی‌دا

فەرهاد بابۆڵی

دایە گوڵێش چیرۆکی بۆ گێڕابوومەوە. چیرۆکی ژیان و سەربوردەی لاس، کوڕە گەورەی وسووئاغا، باوکی خۆم. چیرۆکی ئازایەتی و یاخی بوون. یاخی بوون و تێکشکان. زیندان و ئەشکەنجە. رڕزگار بوون و گەڕانەوە. ( نەهایی عەتا، گۆڵی شۆڕان، ل ١٧٧)

بۆ بەیانیدا دایکی پرسیبووی: ئەم ئاگره به چی دەکوژێتەوە؟؟ وسووئاغا وەڵامی دابووە: به جەڕەیەک ئاو.

لاس دوای ساڵێک له باوکی ڕاسپاردبوو: پێی بڵێن بۆ هێنانی جەڕە ئاوەکە دەڕۆم.( هەمان، ل ٩٥ و ٩٦)

چەمکی “ڕۆیشتن” و “بە‌جێ‌هێشتن”، چەمکێکی کۆنی زۆربەی ژانره ئەدەبییەکانە، بە تایبەت دە ڕۆمان و پێش سەرهەڵدانی ڕۆمانیش‌دا، دە ئوستوورەکان‌دا، دە ئەدەبیاتی زارەکی و فلکلۆریش‌دا، پاڵەوان یا کەسایەتییەک له پێناو وەدەست‌هێنانی ئاوات و ئامانجەکانی سەری خۆ هەڵدەگرێ و بەرەو شوێنی مەبەست وەڕێدەکەوێ. بۆ وێنە له ڕۆمانسە حیماسییەکانی پێش سەرهەڵدانی ڕۆمان، قارەمانەکان له پێناو دۆزینەوەی ماکەکانی خێر و شەڕ و بەرەنگار بوونەوە دەگەڵ هێزی شەڕ وڵات و زێدیان بە‌جێدەهێشت و بۆ ناشوێن دەڕۆیشتن. له بەیتی لاس و خەزاڵ‌دا، لاس به مەبەستی دۆزینەوەی گوڵی شۆڕان، خۆی هەڵوەدای چل پلەی عومانێ دەکا هەتا به ئەوینی خەزاڵی خۆشەویستی بگا و …

یەکێک له‌و چەمکانەی دە ڕۆمانی گوڵی شۆڕانی عەتا نەهاییش‌دا زۆر دووپات دەبێتەوە چەمکی “ڕۆیشتنە”. ئەو ڕۆیشتنە کە لە سەر دەستی لاس، کەسایەتی سەرەکی ڕۆمانەکە پێک دێت و بەردەوام له زمانی وی دووپات دەبێتەوە، هەوێنی بیچم‌گرتنی ڕۆمانەکەی لێدەکەوێتەوە. ڕۆیشتن دۆخێکی ناسەقامگیر ساز دەکا. وزەی کەڵەکە بوو و پتانسییەلی، بۆ وزەی جووڵەیی( حرکتی) دە‌گۆڕێ. کەواتا گێڕانەوە له کەشێکی ڕاوەستا و پەنگ خواردوو ڕزگار دەکا و حەرەکەت و سەییالییەتی پێدەبەخشێ. هەڵوێستی ڕۆیشتن له ئاکامی بە‌ئاگا بوونەوەوە سەرهەڵدەدا، بەرهەمی تێک‌هاڵانی هێزە پاڕادۆکسیکاڵەکانی زەینی و دەروونیی مڕۆڤە؛ جۆرە دیالێکتیکێکی هزرییه له نێوان هەموو ئەو بەڵگانەی سەر بە چوون و نەچوونن.

چەمکی ڕۆیشتن لە دووتوێی ڕۆمانەکە‌دا به دوو شێوە کاری بۆ کراوە و پەروەردە بووە. یەکەم بە گێڕانەوەی مێژوو و ڕووداوە مێژووییەکان. گێڕانەوەی مێژوو یا هاوتەریبیی گێڕانەوەی ڕۆمان و مێژوو وای کردووە ئازارەکان ون نەبن. وای کردووە هەوێتی ڕووداوەکان له هەناوی نابەئاگای جەمعی‌دا تووشی لێڵی نەبن و خۆڵی فەرامۆشیان بە سەر‌دا نەکرێ. لاس ڕووداوە مێژووییەکان دەبینێ، هەستیان پێدەکا، وسوو‌ئاغای باوکیشی پەیتا پەیتا دووپاتیان دەکاتەوە؛ وەک سووتانی شار له لایەن ڕووسەکان دە سەرووبەندی شەڕی یەکەمی جیهانی‌دا، گەڕانەوەی ڕووسەکان پاش ساڵانێک و پشتگیری کردن له دامەزرانی هەرێمێکی سەربەخۆ، هەرەس هێنانی ئەو دەسەڵاتە و دیسانەوە سووتانی شار و پەڕیوە‌بوون و ئاوارە‌بوونی زۆر کەس و …

لێڕە‌دا ڕۆڵی مێژوو بە‌ئاگا کردن و بەرز کردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاک و نەتەوەیەکی له سەر‌شانە. وەک پەرتووکێکی زانیاری‌بەخش و ئاگا‌کەرەوەیه. ئەو کارەساتانە دەبنە هۆی خۆ دیتنەوەی لاس دە بەستێنی کەسایەتییەکی ئەوپەڕ تاکی‌‌دا و هەڵگەڕان بۆ بیچم‌گرتنی هزرێکی دەڕوونی ـ نەتەوەیی. هەڵبەت ئێمە ناڵێین ڕۆمان مێژوویەکی ڕووتی گێڕاوەتەوە و سەرقاڵی پەروەردە کردنی بۆچوونێکی ئیدۆلۆژیکی و سواو بووە. بە‌ پێچەوانە ڕۆمان باش توانیوێتی خۆی لەو ئاهۆ و هەڵامەتانە دەرباز کات و تەنانەت بە گشتی و بە شێوەیەکی ڕەخنەییانە و داپۆشراو ئانگژای درووشم و شوعار‌دانیش بۆتەوە. لە ئاکامی ئەو وێک‌کەوتنانە، واتا ڕووداوی کارەسات و زەینی تاک ـ کەسایەتی، هزری ڕۆیشتن و گەڕانەوە به دەستی پڕ ساز دەبێت. (دیاره مەبەستی سەرەکی له ڕەخنە و گازندە داپۆشراوەکەش هەر ئەو گەڕانەوە به دەستی پڕەیه کە به ئامانج نەگەیشتووە و ئامانجی باسی بەردەست نییه و زۆرتری له سەر ناڕۆین)

فاکتۆڕی دووەم بۆ هەڵپێچانی کەسایەتی لاس بۆ گەیشتن به دەرەنجامی “ڕۆیشتن” دە نێو گەڵاڵەی ڕۆمانەکە‌دا، دەگەڕێتەوە بۆ بەرهەمێکی‌ گێڕانەوەیی ئەدەبی زارەکی، ئەویش بەیتە. خاڵە‌نایەر له سەرەتای حزووری خۆی دە ڕۆمانە‌کەدا له تەنیشت دارە توو سووتاوەکەی حەوشی ماڵی وسوو‌ئاغادا نەمامێکی چاندووە و چاوەڕێی گەڕانەوەی خانە‌خوێیە. کاتێک یەکتر دەبینن دوو منداڵی ساوا، کچ و کوڕێکیان پێیه. خاڵە نایەر ئەوان به لاس و خانزاد ناودێر دەکا و وردە وردە کە گەورە دەبن بەیت و حەقایەتییان بۆ دە‌خوێنێ. بە تایبەت بەیتی لاس و خەزاڵ کە دە ڕۆمانەکەش‌دا چەند بڕگە وەک خۆی هاتۆتەوە. بیستنی بەیتی لاس و خەزاڵ و دیتنی چارەنووسی لاسی بەیتەکە له لایەن لاسی ڕۆمان، خەریکە چەقەرەی سەرهەڵدانی هەست و سۆزێکی تێدا ساز دەکا و لە دوایی‌دا بەو ئاکامەی دەگەیێنی کە ڕۆیشتن له پێناو ئاوات و خولیاکان چاڕەنووسێکی ئەبەدییه و چ حیلاجی نییه خۆی لێ‌ببوێرێ.

کەواتا هێنانی بەشێک له ئەدەبیاتی فلکلۆر وەک بەیت بۆ نێو ڕۆمانەکە و بوون به بەشێک لە وی، ئەو دەرفەتە بۆ ڕۆمان ساز دەکا له ماکە خۆییەکان بە باشی کەڵک وەرگرێ و له کاتی خۆی‌دا، ئیرجاعی نێوان دەقێتی بۆ قایم کردنی پێکهاتەی گێڕانەوەی لێ‌بکەوێتەوە. یانی بەشێک له هزر و ئەندێشەکانی کەسایەتی لاسی گوڵی شۆڕان به ڕوونی کەوتووەتە ژێر کارتێکەری گێڕانەوەی بەیتەکان و کەسایەتییەکی چەند ڕەهەندی لێ‌‌ساز بووە.

بەڵام بۆ چەمکی “گەڕانەوە”، واتا گەڕانەوەی لاس پاش پازدە ساڵ ون بوون و بێ‌سەر و شوێنی بۆ ماڵی وسووئاغا، با دەستەو داوێنی زاراوەی “گەڕانەوەی گەوره”ی میلان کۆندرا لە ڕۆمانی‌جەهالەت‌دا بین( بێ ڕەچاو گرتنی ئەوەیکە ڕۆمانی گوڵی شۆڕان چەند ساڵ پێشتر له وەڕگێڕانە فارسییەکەی ڕۆمانی جەهالەتی کۆندرا نووسراوە). کۆندرا لەو ڕۆمانەدا بە جۆرێک تەوس و پلارەوە و وەک نەقیزە ئاوڕ له گەڕانەوەی دوو کەسایەتی ژۆزێف و ئیرێنا پاش بیست ساڵ ئاوارەیی له هەندەران بۆ وڵاتی چێک، دوای چۆل‌کردنی وڵاتەکەیان له لایەن شووڕەویی کۆمۆنیست دەداتەوە و دەگەڵ گەڕانەوەی ئۆلیسی ئۆدیسەی‌ بەراورد دەکا. له حەماسەی ئۆدیسە‌دا، ئۆلیس پاش حەوت ساڵ گەشتە دەریاییەکەی، له لایەن پەرییەکی دەریایی بە ناوی کالیپسۆ بە بارمتە دەگیرێ کە‌چی ئۆلیس بەردەوام حەولی خۆ دەرباز‌کردن و گەڕانەوەی بۆ لای هاوسەر و خێزانەکەی هەیە و لەو پێناوەش‌دا بە ئاکام دەگا. پاش گەڕانەوە گەورەکە، پێنێ لۆپێی هاوسەری و تێلماکی کوڕی دەیناسنەوە و وەری‌دەگرن. کەچی گەڕانەوەی ئیرێنا و ژۆزێف پاش بیست ساڵ بۆ زێدی بابان تەنیا شتێکی تێدایه و ئەویش هەست بە هەمان ئاوارەیی کردن و بێ‌سەر و شوێنییه کە پێشتر له هەندەران هەیانبووە؛ هیچ کەس نایانبینێ و کەس وەخۆیان ناکات هەر بۆیەش جارێکی دیکە ڕوو لە هەندەران دەکەنەوە و دە نۆستالێژیایەکی ئەبەدی‌دا نوقم دەبن.

گەڕانەوەی لاس دە ڕۆمانی گوڵی شۆڕان‌دا گەڕانەوەیەکی گەورە نییه، گەڕانەوەیەکی بێ‌ئاکام و بێ‌دەرەنجامە. ئەو نەتەنیا به هیچ دەستکەوتێک نەگەیشتووە بەڵکوو زۆر شتیشی له دەست داوە. ژنەکەی مێردی بە فەرخەی برای کردۆتەوە، یادگاری کوڕی دە ئاکامی کێشمەکێشمێکی دەروونی‌دا خۆی بۆ بینینی باوکی پێ‌ساغ نابێتەوە و هیچ پێوەندییەک لە نێوان ئاواتەکانی باوکی و خۆی هەست پێناکا و دایە‌گوڵێی دایکیشی چ ڕوویەکی خۆشی پێشان‌ نادا. کەواتا ئەو گەڕانەوەیه بە مانای داڕووخانی هەموو ژیانی دێتە بەرچاو و ئەوەندە هەوێتییەش کە پێش ڕۆیشتن بە‌جێی هێشتبوو لێی‌ دەستێندرێتەوە.

ئێستا لاس گەڕاوەتەوە و نە گوڵی شۆڕانی پێیە هەتا خانزادی پێ‌بستێنێتەوە و نە جەڕەیەک ئاو هەتا ئاگری پێ‌بکووژێنێتەوە. بە پێچەوانە ئاگرێکی هەڵگیرساندووە کە پێش هەمووان خۆی تێدا چووە. ئەو گەڕانەوەیه، بە واتا کۆندراییەکەی نۆستالێژیکە و له مانا هۆمێرییەکەی ئۆدیسە بەتاڵ کراوە.

_____________

سەرچاوەکان:

ـ نەهایی عەتا، گوڵی شۆڕان، چاپەمەنی مانگ، ١٣٩٨

ـ هیدایەتی سەید قادر، نەسری کوردی و گۆڕانی فۆڕم، خانی، ١٣٩٨

ـ مەحموودپور عەزیز، ڕەوتی گەشە کردن و گێڕانەوەی کوردی، خانی، ١٣٩٨

– ئۆسکارمان، تحفه مظفریه، وەرگێڕان و ساخکردنەوەی مامۆستا هێمن، انتشارات سیدیان مهاباد، ١٣٦٤

– کۆندرا میلان، رمان جهالت، ترجمە آرش حجازی، نشر کاروان، ١٣٨٠

ـ مقاله ” نقیضه‌های متنی در رمان جهالت نوشته میلان کوندرا”، جواد اسحاقی، وبسایت مد و مه

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «خۆبەڕیوەبەری شەنگال» چاپ و بڵاو کرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *