خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / فەرهەنگی زارەکیی موکریان پڕۆژەیەکی دوورودرێژی زمانی و کلتووری

فەرهەنگی زارەکیی موکریان پڕۆژەیەکی دوورودرێژی زمانی و کلتووری

فەرهەنگی زارەکیی موکریان پڕۆژەیەکی دوورودرێژی زمانی و کلتووری

بە بۆنەی تەواو بوونی پازدە بەرگ فەرهەنگی زارەکیی موکریانی مامۆستا سەلاح پایانیانی

فەرهاد بابۆڵی

فەرهەنگی زارەکیی موکریانی سەلاح پایانیانی، ئەو پڕۆژە گەورەیەیە کە ماوەی دوو دەیە و نیو، کاری له سەر کراوە و ١۵ بەرگی لێ‌بڵاوبۆتەوە و بۆ تەواوکەر چەندین لک و وەچی تریشی لێ‌بۆتەوە وەک: ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان ـ بەشی منداڵان (دوو بەرگ)، ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان – بەشی ژنان، فەرھەنگی جلوبەرگ و خشڵی ژنانی موکریان، فەرھەنگی زارەکیی موکریان – بەشی خورد و خۆراک و کانی مرادان (کۆمەڵێک بەند و باوی فلکلۆری کوردەواریی).

جێگە و پێگەی “وشه” له زمان‌دا جا چ له زمانی نووسیاری و چ له زمانی زارەکی تا ئەو جێگایە گرینگە کە بە بێ ئەو، ناکرێ و نالوێ هیچ پێوەندێکی زمانی له نێو ئاخێوەرانی ساز کرێ. وشه بەشێکی گرینگی زمانە کە له واجەکان و کەرتەکان پێک دێت و تێکەڵ بە کۆمەڵە وشەی‌تر رستە ساز دەکەن و پەیام بە هۆی وانەوە ڕادەگوێزرێ.

زمانی هەموو نەتەوەیەک به پشوودرێژی و دە بەستێنێکی هەراوی مێژوویی‌دا بەرەبەبەره بیچم دەگرێ و بەرەو بلووغ و باڵغ‌بوون هەنگاو دەنێت. هەرچی زمانێک پتر بتوانێ وشە کەون و دێرینەکانی خۆی له بواری جوداواز‌دا بدۆزێتەوە و کاریان پێبکا ئەوە ڕەسەنایەتی خۆی زۆرتر و قوڵ‌تر پێشان داوە. زۆر حاشاهەڵنەگرە کە بۆ زمان به تایبەت زمانی نووسیاری‌، ڕێزمانی کارای رستە‌سازی و چۆنێتی بە سەریەک لکاندنی وشەکان بۆ ساز بوونی رستەیەکی مانایی هەستیارترین کاری پێویستە بەڵام دەگەڵ ئەوەیکە نووسەری کورد دەبێ به دابی ڕێزمانەکەی خۆی ڕستە و پاڕاگڕاف و دەق بخولقێنی نابێ ئەوەشی له بیر بچێتەوە “وشە‌” و دەکارکردنی وشەی ڕەسەنی زمانەکەی دەنگ و دەوری کارای له زیندووڕاگرتنی کلتوور و وێژە و زمانی نەتەوەکەی‌دا هەیه. ئەو وشانە دەچوارچێوەی چەندین بەشی جیاوازدا دە نێو فەرەنگی زارەکیی موکریان کۆ کراونەتەوە دەگەڵ ئەوەیکە وشەکان ئارشیو کراون زۆر مەسەل و مەتڵ و بەند و باو و نوکتە و قسەی خۆش و نەستەقیش بە داکۆمێنت بوونە و بۆ هەمیشه دەپارێزرێن.

هەرچەند کاری فەرهەنگ نووسی کارێکی تیمی و گرووهییه و پێویستە دە زەمەنێکی مێژوویی و به شێوازێکی مەیدانی بکرێ تا چ شت له چاوان ون نەبێ و چ کەلێن نەمابێ له جێگای خۆی‌دا پڕ کرێتەوە، بۆیەش له وڵاتانی پێشکەوتوو و خەمخۆر‌دا بە ستایلێکی سەردەمیانە و له سەر شانی زانستگاکان و کۆلێژەکانی بەشی زمانی زانکۆکان‌دا و له ژێر چاوەدێریی پسپۆڕانی چازان و لێزان بەڕێوە‌دەچێ. کەچی داخی گرانم لێره و له نێو جیهانی ڕۆژهەڵاتی‌دا و لە نێو ئەو بیر و ئەندێشانەی چ بڕوا و باوەڕێکی ئەوتۆیان بە جۆراوجۆریی زمانی نییه بە تایبەت بۆ زمانێکی وەکوو زمانی کوردی، هیچ ڕێکخراو و کۆلێژ و تێچوویەک تەرخان ناکرێ کارێکی ئاوا قورس و پڕبایەخ لە دووی درێ. بەڵام بەو حاڵەش، دەست ڕانەگیراوە و کار دەوامی هەبووە و چەندین فەرهەنگ و وشەدان و هەمبانەی وشەیی لەو ساڵانەدا له بواری جۆراوجۆر نووسراوە و تۆمار کراوە کە دەتوانین وەک گوڵی سەر سەوەتەی هەمووان چاو له فەرهەنگی زارەکیی موکریان بکەین. ئەو فەرهەنگە دە دووتوێی پازدە بەرگ‌دا و بە شێوەیەکی مەیدانی و به شێوازێکی پسپۆڕانە کاری بۆ کراوە و بۆتە بناغەیەکی قایم و پتەو بۆ کۆ کردنەوەی سامانێکی بە نرخی زمانی.

زەرفییەت و پتانسییەلی زمانی کوردی له چوارچێوەی زمانی زارەکی‌دا بۆ دۆزینەوەی وشەی هەمەڕەنگ و ژیکەڵە یەکجار زۆر بەرین و بەربڵاوە. سەرچاوە و سەرینچاوەکانی وەک بەیت و حەیران، پەندی پێشینیان، قسەی نەستەق، نەقڵ و قایەت، مەتەڵ و مەسەل وای‌ کردووە بە درێژایی مێژووی بوونی مڕۆڤی کورد وشەگەلێکی حەسڵ و نەسەبه و خۆماڵی و خۆجێیی بدرکێندرێن و دەکارکرێن و له سەر زاران بمێننەوە و هەرمان بن. له پاشان ئەوە ئەو زمانە زارەکییەیه دەبێتە خزێنە و گەنجینە بۆ دەوڵەمەند بوونی زمانی نووسیاری، ئەویش له هەموو ڕووبەرەکانی خۆێ‌دا وەک زمانی زانست، زمانی وێژە، زمانی ڕۆژنامەگەری و …

فەرهەنگی زارەکیی موکریان جگە له کۆ کردنەوەی وشە و ئەسپاردەکردن و ڕادەستکردنی ئەو وشانە بۆ پڕۆژە زمانییەکان، له باری کلتووریشەوە زۆری حەول داوە هەتا تەپ و تۆزی فەرامۆشی لەو بەشەش‌دا وەک پێناسەیەکی گرینگی نەتەوەیی بسڕێتەوە و بە زیندوویی‌ ڕایگرێت و بە ئەمانەتەوە ڕادەستی بەرەی ئێستا و داهاتووی کات. فەرهەنگی خورد و خۆراک، فەرهەنگی جل و بەرگ و پۆشاک و خشڵ و خاڵی ژنان، وشە و زاراوەی سەر به کلتووری ئاژەڵداری و وەرزێڕی و … به تێکڕا له کنار ئەوەیکە کارێکی هەرمانی زمانین، کارێکی پیرۆزی کلتووریشن.

لەو فەرهەنگە پیرۆزە‌دا بێ جیاوازیی ڕەگەزایەتی، حزوور و ڕەنگی ژنی کورد له سەر وشه، زمانی ئاخاوتن، داب و نەریتی خشڵ و بەرگ و ئەدەبیاتی ژنانە پێشان دراوە و کاری بۆ کراوە و وەک بەشێکی گرینگی زمانی ـ کلتووری ئاوڕی لێدراوەتەوە.

زمانی ژنانە له نزا و پاڕانەوە و توک و دوعا و شین‌گێڕی و …وەک جل و بەرگەکەی سەربەخۆیە و ئەوەش پێشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە تاکی ژن له کۆمەڵگای کوردی‌دا هەوێتی سەربەست و سەربەخۆی هەیه و پێویستە لە بواری زمانی و کلتووریشەوە ئاوڕی تایبەتی لێبدرێتەوە؛ کارێک کە فەرهەنگی زارەکی موکریان خۆی لێ‌نەبواردووە و وشیارانە پڕژاوەتە سەری.

تەواوبوونی ئەو پڕۆژه زمانییه کە دەکرێ وەک تێکنۆلۆژیایەکی زمانیش چاوی لێبکردرێ پێشان‌دەری ئەو ڕاستییەیه کە هەم زمانێکی دەڵەمەند و فرەڕەنگمان هەیه و هەمژی پسپۆڕانێکی کۆڵنەدەر و پەرۆشن هەیه کە سەرەڕای ئەو هەمووە گیر و گرفت و بەربەستە، بەردەوام بۆ گەشەی زمان و کلتوورەکامان قۆڵی هیمەتیان لێهەڵماڵیوە و نەیانهێشتووە ڕەوتی پێشکەوتن و سەرکەوتنی سامانێکی فەرهەنگی له وەستان بکەوێ و بەردەوام حەولی وەسەریەک‌نانی ئەو سەروەت و سامانەیان بۆ بەرەکانی داهاتوو کردووە.

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است. 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

نیشانه‌ناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌ چیرۆکه‌کانی “سنوور” و “نوشتوو”دا

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *