ناسنامەی کتێب: هونه‌ری داستان، ده‌یڤید لاج، وەرگێڕانی د.هاشم ئه‌حمه‌دزاده، چاپەمەنیی مانگ، ۱۳۹۸.
?ناساندنی کتێبی «هونه‌ری داستان» به قه‌ڵه‌می وه‌رگێر
دوکتۆر هاشم ئه‌حمه‌دزاده
«هونه‌ری داستان»ی ده‌یڤید لاج بریتییه له شیکردنه‌وه‌ی په‌نجا چه‌مکی تایبه‌ت به هۆنه‌ری نووسینی داستان(چیرۆک و ڕۆمان). لاج بۆ ماوه‌ی بیست وحه‌وت ساڵ، له ۱۹٦۰ تا ۱۹۸۷، مامۆستای ئه‌ده‌بیاتی ئینگلیزی بووه له زانکۆی بیرمینگهام. لاج له هه‌مان کاتدا ڕۆمانووس و ڕه‌خنه‌گری ئه‌ده‌بییش بووه. له ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا چه‌ندین کتێبی له بواری ڕه‌خنه‌یی به تایبه‌تی له بواری ڕۆماندا نووسیوه. دوای خانه‌نشین بوونی، له سه‌ر داوای گۆڤاری حه‌وتووانه‌ی ئیندێپێندنت(the independent) ئه‌م کۆمه‌ڵه وتاره‌ی که دواتر له دووتوێی ئه‌م کتیبه‌دا بڵاو کرانه‌وه، ده‌نووسێت. له ساڵانی ۱۹۹۱ و ۱۹۹۲دا هه‌ر حه‌وتووه‌ی وتارێکی لاج له ئیندێپێندنتدا بڵاو ده‌بۆووه. له‌م وتارانه‌دا، لاج ڕووی قسه‌ی له خوێنهرهوهگهلێک بوو که هه‌موویان سه‌ر به جیهانی ئاکادێمی نه‌بوون. به واتایه‌کی تر ئه‌و بۆ کۆمه‌ڵێکی به‌ر بڵاوی ده‌نووسی. خوێنه‌رانی ئه‌م وتارانه پێشوازییه‌کی گه‌رمیان له کاره‌که‌ی لاج کرد زۆر که‌س هه‌ر له‌به‌ر وتاره‌که‌ی لاج هه‌موو حه‌توویه‌ک چاوه‌ڕوانی ده‌رچوونی گۆڤاره‌که بوون. ده‌گوترا که ئه‌م وتارانه ده‌روازه‌یه‌کن بۆ خوێنه‌ره‌وه، بۆ نووسه‌ر و بۆ ڕه‌خنه‌گر بۆ ئه‌وه‌ی به داواکارییه‌کی مه‌زنتره‌وه بڕواننه به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی. ئه‌م وتارانه سه‌ره‌داوی گڵوڵه‌ی هزر و باسی وردی ئه‌ده‌بی و تیۆریکیان ده‌دا به خوێنه‌ره‌وه. ئه‌م وتارانه که‌ره‌سه‌ی پێویستیان ده‌دا به خوێنه‌ره‌وه که له چلۆنایه‌تی کارکردی ئه‌ده‌ب سه‌ر ده‌رهێنی.
ده‌یڤید لاج به پشتبه‌ستنه‌وه به ڕۆمانه به‌ناوبانگ و ناسراوه‌کانی ڕۆژئاوایی، هه‌م کلاسیک وههم مۆدیڕن، شیکردنه‌وه‌ی چه‌مکه‌کان له ئاستێکی ئابستراکته‌وه ده‌هێنیته ئاستێکی ته‌واو ڕوون و به‌رچاو. ئه‌و بۆ لێکدانه‌وه‌ی هه‌ر چه‌مکێک سه‌ره‌تا ده‌چێته ناو دونیای ڕۆمانێک(هێندێک جار دوو یان سێ ڕۆمان) و به هێنانه‌وه‌ی یه‌ک یان دوو پاراگراف له ڕۆمانه‌که پێوه‌ندیێک له نێوان چه‌مک و ده‌قه‌که ساز ده‌کات. ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی خوێنه‌ره‌وه وێڕای فێربوونی چه‌مکه‌که ده‌رفه‌تی ده‌کارهێنانی چه‌مکه‌که‌ی له باری کردهوهییشهوه بۆ بڕه‌خسێ. ئه‌وانه‌ی سه‌رجه‌م وتاره‌کانی ئه‌م کتێبه‌یان هه‌ڵسه‌نگاندووه، له سه‌ر ئه‌مه ڕێکن که لاج به‌م کاره‌ی توانی به‌ستێنی چه‌مکگه‌لی تیۆریک له ژێر ده‌سه‌ڵاتی بێ ئه‌م لا و ئه‌ولای ئاکادێمیسیه‌نه‌کان ده‌رهێنێ و هه‌لی خوێندنه‌وه‌ی له‌م چه‌شنه بۆ کۆمه‌ڵێکی به‌ربڵاوتری خوێنه‌ره‌وه بڕه‌خسێنێ.
به‌ڵام بۆ «هونه‌ری داستان»ی کوردی؟ من چه‌ند ساڵێکه خولیای ئاماده‌کردنی فه‌رهه‌نگێکی شیکردنه‌وه‌ی چه‌مکه‌کانی تیۆریی ئه‌ده‌بیم. به‌هاری ۲۰۰٤ ڕۆمانووسی کورد کاک عه‌تای نه‌هایی هاتبووه سوێد، باسی ئه‌م کتێبه‌ی ده‌یڤید لاجم بۆ کرد و به یه‌که‌وه به ناو جیهانی باریک و درێژی په‌نجا چه‌مکه‌که‌یدا گه‌شتێکی کورتمان کرد. کاک عه‌تا هانی دام که هه‌ر به شێوه‌ی دانه‌ری کتێبه‌که هه‌وڵ بده‌م هه‌ر حه‌وتووه‌ی یه‌ک له چه‌مکه‌کان وه‌رگێڕم و بڵاویان که‌مه‌وه. من به‌ڵێنیم پێدا که ئه‌م کاره بکه‌م. به خۆشییه‌وه دووحه‌وتوونامه‌ی”ڕۆژهه‌ڵات” بڕیاری دا له هه‌ر ژماره‌یه‌کیدا یه‌ک له‌م چه‌مکانه بڵاو کاته‌وه. نزیکه‌ی سی به‌شی ئه‌م وه‌رگێڕانه له “ڕۆژهه‌ڵات”دا بڵاو بوونه‌وه، به‌داخه‌وه کاتێک “ڕۆژهه‌ڵات” ڕاوه‌ستێندرا پڕۆژه‌ی ته‌واوکردنی هه‌موو به‌شه‌کان به ناته‌واوی مایه‌وه.
دوای گه‌ڕانم به شوێن ناوه‌ندێکی بڵاوکردنه‌وه له کوردستان بۆ چاپ کردنی ئه‌م کتێبه، ده‌زگای موکریان ساڵی ۲۰۰۹ ڕه‌زامه‌ندیی خۆی نیشان دا که کتێبه‌که چاپ بکات. به‌داخه‌وه ئه‌م ڕه‌زامه‌ندییه به‌ری نه‌گرت و من دوای چاوه‌ڕوانییه‌کی زۆر ناچار مام به یارمه‌تیی دۆستی ئازیزم کاک نێعمه‌تی عه‌لی مورادی کتێبه‌که له سوێد چاپ بکه‌م. به‌ڵام ویستی من بۆ ئه‌وه‌ی کتێبه‌که بگاته ده‌ست خوێندکارانی کورد هانی دام دیسانه‌وه وه‌بیر ده‌زگای موکریانی بێنمه‌وه که کتێبه‌که چاپ بکه‌ن. بەڵام ھەمدیسان ئەم کتێبە ھەرگیز لە باشوور شانسی چاپی پێ نەبڕا. بۆیە دوای دەرچوونی لە سەھۆڵبەندانی سوید، ڕووی لە مانگ کرد و لە بانەی ئاربابا دەرکەوت.
لێره‌دا پێویسته چه‌ند ئاماژه‌یه‌ک به ئه‌رکی سه‌ختی وه‌رگێڕانی ئه‌م چه‌مکانه بکه‌م. گرفتی وه‌رگێڕان ولایه‌نه ئه‌سته‌مه‌کانی بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی له‌م بواره‌دا کار ده‌که‌ن ناسراون. ڕه‌نگه پێویست نه‌بێت ڕیزی ئه‌و گرفتانه‌ی که به گشتی له به‌رده‌م وه‌رگێڕان به زمانی کوردی هه‌ن، دووپات که‌مه‌وه. به‌ڵام ناتوانم له ئاماژه‌کردن به دژواریی دۆزینه‌وه‌ی بارته‌قای خودی چه‌مکه‌کان به کوردی خۆ ببوێرم. له ڕاستیدا وه‌رگێڕانی چه‌مکگه‌لی تیۆریک ته‌نانه‌ت له ناو زمانه ئوروپییهکانیشدا بوونه‌ته هۆی ده‌مه‌قاڵه و زانایانی به‌ناوبانگیش له‌م باره‌وه باس له کۆمه‌ڵێک گرفتی ئاڵۆز ده‌که‌ن. بۆ نموونه، سپیواک بۆ وه‌رگێڕانی کتێبی گراماتۆلۆژیی دێریدا له زمانی فهڕانسهوییهوه بۆ سه‌ر زمانی ئینگلیزی پتر له سه‌د لاپه‌ڕه‌ی پێشه‌کی نووسیوه و تێیدا باسی گرفته‌کانی وه‌رگێڕانی کردووه. جا ئه‌گه‌ر ئه‌مه بۆ سپیواک و بۆ زمانگه‌لی وه‌ک ئینگلیزی و فه‌ڕانسه‌وی وا بێت، ده‌بێ بۆ وه‌رگێڕی کورد و زمانی کوردی گرفته‌که بگاته چ ئاستێک؟سه‌ره‌ڕای هه‌موو گرفته‌کان ، من پێم وایه وه‌رگێڕان بۆ سه‌ر زمانی کوردی پێداویستییه‌که له ڕیزی هه‌موو پێداویستییه‌کانی تردا. ئه‌گه‌ر قه‌راره ببین به هه‌ڵگری ناسنامه‌یه‌ک، بێ گومان ده‌بێ هه‌وڵی ئافراندنی گێڕانه‌وه‌یه‌ک بده‌ین که ناساندنی خۆمان بۆ ئه‌وانی تر مسۆگه‌ر که‌ین؛ ئه‌مه‌ش به‌بێ زانینی تیۆرییه‌کانی سه‌رده‌م نابێت. ئێمه هه‌تا سه‌ره‌تا پێویسته‌کانی بواری کاری تیۆریک به کوردی وهدینههێنین ئه‌سته‌مه ببینه خاوه‌نی زمانێک که بتوانی خۆی له قه‌ره‌ی دونیای ئاڵۆزی ئه‌م سه‌رده‌مه بدات. به بڕوای من له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا، گرنگیی وه‌رگێڕان به کوردی ئه‌گه‌ر له داڕشتن و نووسین به کوردی زۆرتر نه‌بێ که‌متر نییه.
له نه‌بوونی فه‌رهه‌نگی جێی متمانه‌ی ئینگلیزی – کوردی‌دا و له نه‌بوونی فه‌رهه‌نگی شیکارییانه‌ی چه‌مکه‌کانی تیۆریکدا، وه‌رگێڕی کورد بۆ بارته‌قای چه‌مک و وشه‌کان زۆر جاران په‌نا بۆ زه‌وقی خۆی ده‌بات. ئه‌مه‌ش به‌داخه‌وه ده‌بێته هۆی گه‌ڕه‌لاوژه‌یه‌کی سه‌یر له بواری نێوی چه‌مکه‌کان به کوردی. بۆ نموونه هه‌ر له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو بۆ چه‌مکی “ستراکچرالیزم”(structuralism) که چه‌مکێکی ناوه‌ندییه له دونیای زانسته ئینسانی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا، چه‌ندین به‌رامبه‌ری کوردی داندراون: بناخهگهری، بناغهگهری، بنه‌ماگه‌ری، بنه‌ماگه‌رایی، بنه‌ماخوازیی، پێکهاته‌خوازیی، داڕشتن خوازیی، بنه‌وی، ساختارگه‌رایی و هتد. من پێم وایه هه‌تا زه‌مانێک که ئێمه نه‌توانین به هۆی پسپۆڕانی جۆراوجۆری بواره جیاوازه‌کان فه‌رهه‌نگی تایبه‌تیی بواره تایبه‌ته‌کان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین، له‌م پاشاگردانییه ڕزگاریمان نابێ. به‌و هیوایه که غه‌مخۆرانی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی کورد به دروستی فکر له پێداویستییه‌کی ئه‌وا مه‌زن بکه‌نه‌وه و به‌م ئاواته که به زوویی ببین به خاوه‌نی ئامراز و که‌ره‌سه سه‌ره‌تاییه‌کانی پێویست بۆ کورداندنی چه‌مکه سه‌ره‌کییه‌کانی زانست و تیۆریی سه‌رده‌م.
لایه‌نێکی تری گرفت خوڵقێن له وه‌رگێڕانی ئه‌م کتێبه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر سروشتی کتێبه‌که که پڕه له ئاماژه به ده‌قگه‌لی ئه‌ده‌بی. لاج بۆ شیکردنه‌وه‌ی چه‌مکه‌کانی هه‌موو جارێ به‌شێک له ڕۆمانێک یا چیرۆکێکی کورت ده‌هێنێته‌وه. وه‌رگێڕانی ئه‌م به‌شانه له‌به‌رئه‌وه‌ی که مرۆڤ ده‌ستی به کۆده‌قی به‌شه ئاماژه‌پێکراوه‌کان ڕاناگات، ئاسان نییه. بۆ نموونه کاتێک له کتێبی نۆسه‌د لاپه‌ڕه‌یی تام جۆنز ته‌نیا نیوه لاپه‌ڕه‌یه‌ک به نموونه هێندراوه‌ته‌وه، زۆر زه‌حمه‌ته مرۆڤ بتوانێ به‌بێ ئاگایی له فه‌زای کتێبه‌که وه‌رگێڕانێکی ڕێک و پێک ئاراسته بکات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ڕۆمانه‌کان به‌ر له هه‌ر شتێک له‌گه‌ڵ کاراکتێر سه‌روکاریان هه‌یه و له زمانی ئینگلیزیشدا ڕاناوی نێر و مێ هه‌یه و له زمانی کوردی‌دا ئه‌و دیارده‌یه‌مان نییه، نیشاندانی نێر و مێ بوونی کاراکتێره‌کان ئه‌و کاته‌ی به ڕاناو ده‌ست نیشان کراون گرفت خوڵقێنه. وه‌ک نموونه کاتێک له کتێبه‌که‌دا هاتووه “ئه‌و ئه‌وی ماچ کرد” زه‌حمه‌ته مرۆڤ بزانێت که کێ کێی ماچ کردووه.
وه‌رگێڕانی بابه‌تێک که له سه‌ر ئه‌ده‌به بێ گومان ئاوێته‌ی شێوازه و به واتایه‌کی تر شێواز به‌شێکی جیانه‌بۆوه له ناوه‌ڕۆکه. وه‌رگێڕ ناتوانێ به مه‌به‌ستی به‌ده‌سته‌وه‌دانی وه‌رگێڕانێکی شیاوی تێگه‌یشتن خۆی تووشی ساده‌کردنه‌وه‌ی ده‌قه‌که بکات. من هه‌وڵم داوه وێڕای ڕه‌چاوکردنی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ق به کوردی، تا ئه‌و جێگایه‌ی زانیبێتم و توانیبێتم، به شێوازی نووسه‌ر وه‌فادار بم.
هه‌روه‌ک ئاماژه‌م پێ‌کرد ئه‌م کتێبه بریتییه له په‌نجا چه‌مک. له‌به‌ر هێندێک هۆکاری تێکنیکی و گرفتی وه‌رگێڕان و هه‌روه‌ها وێک‌چوویی ئه‌م به‌شانه له‌گه‌ڵ به‌شه‌کانی تر، خۆم له وه‌رگێڕانی پێنج چه‌مک بواردووه(چه‌مکه‌کانی”۳٦بهشهکان”، “٤٤ بیره‌کان”، “٤٥ ڕۆمانی غه‌یری داستانی”، “٤٦ ئه‌وپه‌ڕ داستان” و “٤۷ شته وه‌همییه‌کان”) و به‌م پێیه سه‌رجه‌می چه‌مکه‌کان به کوردی چل و پێنج دانه‌ن.
من به‌م کاره‌وه زۆر ماندوو بوومه، به‌ڵام ده‌زانم ماندووبوون به مانای ده‌ربازبوون له هه‌ڵه و که‌م و کووڕی نییه. هه‌ر بۆیه من به دڵ ئاوه‌ڵه‌ییه‌وه پێشوازی له هه‌موو ڕه‌خنه و بۆچوونێک ده‌که‌م که له پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئه‌م وه‌رگێڕانه‌دا به‌ره‌وڕووم ده‌کرێنه‌وه. خوێندنه‌وه‌یه‌کی خۆشتان بۆ به ئاوات ده‌خوازم. دڵنیام ئه‌م کتێبه، هه‌ر نه‌بێ هێندێک له به‌شه‌کانی، پتر له جارێک ده‌خوێننه‌وه.
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.