خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ده‌قی وته‌کانی بەرپرسی دووهەمین خەڵاتی کتێبی ساڵی کوردستان

ده‌قی وته‌کانی بەرپرسی دووهەمین خەڵاتی کتێبی ساڵی کوردستان

ده‌قی وته‌کانی ڕەزا شەجیعی له مه‌راسمی کۆتایی دووهەمین خەڵاتی کتێبی ساڵی کوردستان

هێرمان هێسه دە‌ڵێت: له نێو هه‌موو ئه‌و چشت و بابەتانەی سروشت پێشکه‌شی مرۆڤی نه‌کردووه و زادەی بیر و ئه‌ندێشه‌ی خودی مرۆڤن، جیهانی کتێب ئاستی له هه‌موویان به‌رزتره. ‌بێ وشه و ‌بێ نووسینی کتێب، هیچ مێژوویه‌ک و هیچ مانایەک بۆ مرۆڤ بەدی ناکرێ.

هێسه پتر له حه‌فتا ساڵ له‌مه‌‌وپێش بەم شێوە باس له گرینگایه‌تی و ده‌وری کتێب ده‌کا و ئەوکات هێشتا مودێرنیته رووه سه‌یر و سه‌رسووڕهێنه‌ره‌که‌ی خۆی  بە دیار نەخستبوو که ئه‌ویش دونیای مانگۆکه‌ و ئینته‌رنه‌ت و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه.

بێ‌گومان له‌م سه‌رده‌مه سه‌یره‌دا کتێب که یه‌که‌م وێستگه و گرینگترین ئاخێزگه‌ی ئاوڕدانه‌وه‌ی مرۆڤ له بوونیی خۆی و هه‌روه‌ها سه‌ره‌کیترین ناسنامه‌‌شیه‌تی بۆ ئاماده‌بوون له داهاتوودا، که‌وتووه‌ته به‌ر په‌لاماری ده‌رکه‌وته بریقه‌داره‌کانی دونیای مودێرن و تەنگی پێ ­هەڵچنیوە. ئه‌مه ئه‌و دیارده مه‌ترسیداره‌یه که به‌ئارامی بوونیی مرۆڤ ته‌سلیمی شاڵاوی فه‌رامۆشی ده‌کات و ژیان له هه‌موو به‌ها مرۆیی و ئه‌خلاقییه‌کانی داده‌ماڵێت. ده‌بێت ئاگادار بین به ته‌واوی خۆمان نه‌ده‌ینه ده‌ست ئه‌م وه‌همه. تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به گشتگیرکردنی نووسین له غیابی بیرکردنه‌وه‌دا و به دروستکردنی ده‌ریایه‌ک له ده‌قی کورت و نه‌هزراو، ته‌نها وه‌همی هزر و زانین ده‌خولقێنن و تۆڤی بێ‌ئاگاییه‌کی گشتی ده‌چێنن.

ئه‌م دۆخه پڕمه‌ترسییه به تایبه‌ت بۆ ئێمه که زمان و ئه‌ندێشه‌مان تازه له ماڵزارۆکی بێ‌ڕوحمی مێژووه‌وه سه‌رده‌ردێنێ و له هه‌موو لایه‌که‌وه پێویستی به پێ‌ڕاگه‌یشتن و به‌خێوکردنه، رەشەخەونێکی بێ­بەزەییە. ره‌نگه هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک به ئه‌ندازه‌ی ئێمه پێویستی به خوێندنه‌وه و به‌رهه‌مهێنانی کتێب نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌م ده‌شته کاکی به کاکیه‌ی وەهم و ترسەدا خۆی باشتر بناسێ و سنووری شۆناس و بوونی خۆی سه‌ر له نوێ بکێشێتەوە. هه‌ر بۆیه له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی نابێت خۆمان نه‌بان بکه‌ین له ده‌سکه‌وت و لایەنە ئه‌رێنییه‌کانی دونیای مودێڕن، دەبێ هاوکات بترسین له هڵۆڵ‌بوونه‌وه‌ی بونیادی هزر و ئه‌ندێشه‌ و هه‌وڵ بده‌ین بۆ به‌هێزکردنی بنه‌ما  سه‌ره‌کییه‌کانی بوون و ناسنامه‌.

دیاره ئه‌مه هه‌مووی به ته‌نها به کتێب ناکرێت به‌ڵام بێ‌گومان به‌بێ کتێب هه‌ر ناکرێت. هه‌م کتێب ده‌بێت خۆی بئاخنێته نێو هه‌موو جومگه‌کانی ژیانمانه‌وه و هه‌م سەرجەم ره‌هه‌نده‌کانی ژیانمان رۆ بچێته نێو کتێبه هەرمان و هه‌تاهه‌تاییه‌کانه‌وه؛ له مێژوو و فه‌لسه‌فه‌وه تا سیاسه‌ت و ئه‌ده‌ب و هه‌موو لقه‌کانی زانستیش. پێویست به دووپات کردنه‌وه ناکات که چۆن له غیابی کتێبه‌کاندا بووین به گه‌وره‌ترین بزر بووی مێژوو و هه‌ر کتێبشه ده‌توانێت جارێکی‌تر بمانباته‌وه نێو ئه‌م ره‌وته چاره‌نووس‌سازه‌.  دیاره ئه‌مه رێگایه‌کی درێژه هه‌ر بۆیه هه‌وڵێکی گه‌وره‌ و له‌خۆبردووییه‌کی میژوویی پیویسته.

بە خۆشحالییەوە ئەمرۆ بە هیزی قەڵەمی کوردی، زمانی کوردی دووەمین زمانی نووسینە لە ئێران بەڵام بە داخێکی زۆرەوە بە پێی قورسایی و ئەو واقیعەی خولقاندوویەتی مامەڵەی لە گەڵ ناکرێ و ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە. ئێمە وەک نووسینگەی دوومین خولی فیستیڤالی کتێبی کوردستان لەم مینبەرەوە ئەم دەنگە بەرز دەکەینەوە کە چی تر  شیاو نییە بەم شێوە لە گەڵ ئەم دەسەڵاتە واتە زمانی کوردی مامەڵە بکرێ و دەبێ هاوشانی زمانی فارسی گرینگی پێ بدرێ و لە هەموو بوارێکدا بۆ گەشەکردنێکی گشتگیر پشتیوانی لێ بکرێ.

 نووسەران، وەرگێڕان، رۆشنبیران، ئامادەبووانی هێژا؛ ئه‌م کۆڕ و کۆبوونه‌وانه ته‌نیا بیانوویه‌کن بۆ بیرخستنه‌وه‌ی ئه‌م زه‌رووره‌ته و ده‌توانن هانمان بده‌ن تۆزێک خێراتر هه‌نگاو هه‌ڵگرین و تا راده‌یه‌ک وردتر و قووڵتر بڕوانین. ئه‌گه‌رچی به خۆشحاڵییه‌وه هه‌م نووسه‌ران و بیرمه‌ندانی کورد به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ رابردوو به نه‌ترسییه‌کی زیاتره‌وه ده‌ستیان داوه‌ته ئه‌م ئه‌رکه و هه‌م ده‌زگا و ناوه‌نده‌کانی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبیش له زیادبووندان به‌ڵام ئه‌بێت ئاگادار بین نه‌که‌وینه داوی زۆر و بۆر بوون و به‌ر له هه‌موو شتێک کار بکه‌ین بۆ گه‌شه­کردنی فه‌رهه‌نگی خوێندنه‌وه. نامه‌وێ بڵێم ئه‌و کتێبانه‌ی له لیستی هه‌ڵبژێردراوه‌کانی ئه‌م بۆنانه‌دا نین کاریگه‌ر و سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون که به‌ڕاستی ئه‌مه غه‌درێکی گه‌وره‌یه له کتێب و له نووسینیش به‌ڵکوو ئه‌مه‌وێت ئه‌مه وه‌بیربێنمه‌وه که له نێو ئه‌و کتێبانه‌دا لە چەند ساڵی رابردوو له پارێزگای کوردستان چاپ و بڵاو کراونه‌ته‌وه هه‌م کتێبی سه‌رکه‌وتوو و کاریگه‌ر زۆر بوون و هه‌م هه‌ڵبژاردن به‌ڕاستی ئه‌رکێکی دژوار بوو. ئه‌گه‌رچی داوه‌ره رێزداره‌کان له بواره جیاجیا و ده‌ستنیشانکراوه‌کاندا هه‌وڵیان ‌دا به‌و‌په‌ڕی دڵفراوانی و وردبینییه‌وه ناسکترین سنووره‌کانی هه‌ڵبژاردنی چاکترینه‌کان دیاری بکه‌ن و بیپارێزن به‌ڵام دیسان ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه کتێبی باش له‌قه‌ڵه‌م که‌وتبێت. بۆیه بێگومان ئه‌مه خاڵی کۆتایی و بێ سێ‌و‌دووی ده‌ستنیشانکردنی باش و خراپ یان سه‌رکه‌وتوو و ناسه‌رکه‌وتوو نییه بۆیه له ئه‌نجامدا ئه‌مه خوێنه‌ری راسته‌قینه‌یه که بڕیاری کۆتایی ده‌دات. 

رەزا شەجیعی

بەرپرسی فیستیڤاڵی کتێبی کوردستان

۱۳۹۸/۵/۳ سەقز

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

خوانش زن‌محورانه‌ی “دختران کوبانی: حکایتی از شورش، شهامت و عدالت‌خواهی”

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *