خانه / هه‌واڵه‌کان / بۆ کۆچی دوایی مامۆستا حەکیم کاکەوەیس

بۆ کۆچی دوایی مامۆستا حەکیم کاکەوەیس

◾️ بۆ کۆچی دوایی مامۆستا حەکیم کاکەوەیس

✍? دوکتۆر هێمن خورشید

▪️….مردنی هه‌ر ئازیزێكمان به‌شێك له‌ وجوودمان له‌گه‌ڵ خۆی ده‌باته‌ ژێر گڵ، تا وای لێ دێت له‌ كۆتایی ته‌مه‌ندا، ته‌نیا جه‌سته‌یه‌كی خاڵی له‌ ڕووحمان لێره‌ ده‌مێنێته‌وه‌، بۆیه‌ زۆر به‌ئاسانی ده‌ستبه‌رداری ده‌بین و خۆیشمان به‌ره‌و لای خۆشه‌ویسته‌كانمان ڕێگه‌ی سه‌فه‌ر ده‌گرینه‌ به‌ر.
▪️خوات له‌گه‌ڵ قه‌ڵه‌مه‌ جوانه‌ بێنازه‌كه‌ی ئه‌م هه‌واره‌ بێكه‌س و بێخودانه‌.
▪️خوات له‌گه‌ڵ پیاوه‌ ئازاكه‌ی بۆ یه‌كه‌م جار جورئه‌تت كرد و به‌ چیای بیری مامۆستا مه‌سعوود محه‌مه‌ددا هه‌ڵزنایت و هێشووه‌ ترێی بیری ئه‌وت لێ كرده‌وه‌ و بۆ ئێمه‌ كردت به‌ شه‌ربه‌ت.
▪️خوات له‌گه‌ڵ ئه‌ی ئه‌و زاته‌ی به‌ئاواتی سه‌ربه‌خۆیی كه‌ركووكه‌وه‌، به‌ گه‌رووی پڕ له‌ گریان و به‌ ناخی پڕ له‌ ئاخه‌وه‌ بۆ دواكه‌وتوویی و خۆخۆریی میلله‌ته‌كه‌ت، له‌ناو جه‌رگه‌ی جێی پلان و پیلاندا سه‌رت نایه‌وه‌!
▪️هێدی هێدی مردنمان لا شیرین ده‌بێت، هه‌ر ڕۆژه‌ی كه‌سێ ده‌ڕوات و كۆڵێ یادگاریی ژیانمان لێ ده‌ستێنێت و له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یاننێژێ…
▪️دڵم هێنده‌ی (حه‌سار) ته‌نگه‌ و حه‌ساری خه‌م ده‌وری داوه‌، ناخم هێنده‌ی دووكه‌ڵه‌كه‌ی باوه‌گوڕگوڕ ته‌می ژانی لێ نیشتووه‌…
▪️تۆ ڕۆیشتی و هێشتا كوردستان بێنازه‌، تۆ ڕۆیشتی و هێشتا ماره‌كانی زووحاك داوای مێشكۆڵه‌ی نوێ ده‌كه‌ن…
▪️خودات له‌گه‌ڵ مامی شیرین، نووسه‌ره‌ بێنازه‌كه‌ی شاری بێناز…

? کورتەیەک لە ژیاننامەی نووسەر و وەرگێڕ حەکیم کاکەوەیس

▫️حەکیم کاکەوەیس، ساڵی ۱۹۴۹ لە گوندی “حەساری گەورە”ی نزیک شاری کەرکووک لەدایک بووە. قۆناغی خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە کەرکووک تەواو کردووە و بۆ خۆێندنی باڵا ڕوویکردۆتە سلێمانی. ساڵی ۱۹۷۳ بەشی بیرکاری لە کۆلیژی زانست لە زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە.
▫️دوای زانکۆ تاکوو کۆتایی شۆڕشی ئەیلوول پێشمەرگە بووە. هاوینی ۱۹۷۵ لە بەغدا وەکوو فەرمانبەری پرۆگرامسازی لە وەزارەتی پلاندادان دامەزراوە و تاکوو ساڵی ۱۹۸۰ بەردەوام بووە.
▫️پاشان لە زاخۆ کراوەتە سەربازی یەدەگ و دوای ماوەیەک کە شەڕی عێراق- ئێران دەست پێدەکات، داوای لێ دەکەن ببێتە بەعسی و ئەوێی جێ هێشتووە و لە ساڵی ۱۹۸۴ خۆی دەگەیێنێتە وڵاتی سوید و لەوێ دەگیرسێتەوە.
▫️حەکیم کاکەوەیس، لە ساڵی ۲۰۰۰ بەهۆی نەخۆشی دڵەوە خانەنشین کراوە. دوای گیرۆدەبوونی بە نەخۆشی، وڵاتی سوید جێ دەهێلێت و دەگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی لە کوردستان و لە گوندی حەسار لە کەرکووک، ژیانی خۆی بە خوێندنەوە و نووسین و وەرگێڕان بەسەر بردووە.
▫️حەکیم کاکەوەیس، زیاتر لە عەرەبی و سویدی بەرهەمەکانی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاوە. زۆربەی بەرهەمەکانی مەسعوود محەمەد کوڕی مەلای گەورەی کۆیەی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاوە.
▫️وێڕای ئەوەی چەند ساڵێک بەدەم ئازاری نەخۆشییەوە دەیناڵاند، بەڵام وەک کەسێکی پشوودرێژ و ماندوونەناس، بەردەوام سەرقاڵی وەرگێڕان و نووسین بووە، زمانزانی و وردبینی، شارەزایی و سەلیقەی لە بواری وەرگێڕان و هەستیاریی لە هەمبەر زمانی کوردی، ئەویان کردبووە کەسێکی ناسراو و خۆشەویست و بەرهەمە وەرگێڕاوەکانی بە هەند وەردەگیران.
▫️سەرەنجام شەوی ۱۸-۱۱-۲۰۱۸ لە کاتی سەردانی بۆ بەغدا بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، لە نەخۆشخانەیەکی ئەو شارەدا لە تەمەنی۶۹ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

? بەشێک لە بەرهەمەکانی بریتین لە:
– لسان الکرد. نووسەر: مەسعوود محەمەد، وەرگێڕان بۆ کوردی: حەکیم کاکەوەیس
– حەجێکی‌تر بۆ بەردەرگای (خەتێ)ی زانا، مەسعوود محەمەد، وەرگێڕانی بۆ کوردی: حەکیم کاکەوەیس
– کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بۆچی بە شێتخانە دەچێت؟، مەسعوود محەمەد، وەرگێڕانی بۆکوردی: حەکیم کاکەوەیس
– رۆمانی گورگی رووتەڵان، وەرگێڕانی لە سوێدییەوە بۆ کوردی حەکیم کاکەوەیس
– رۆمانی کۆلارەفڕێن، بەرهەمی رۆماننوسی ئەفغانی خالید حوسێنی، وەرگێڕانی بۆ کوردی حەکیم کاکەوەیس
_ ڕۆمانی بەزمی تەگەکە، نووسینی ماریۆ بارسا یووسا، وەرگیڕانی حەکیم کاکەوەیس
_ چیرۆکی مەملەکەتی سەگەکان، نووسینی حەکیم کاکەوەیس
_ پرسیارەکان هێشتا تینووی وڵامن، چاوپێکەوتن لە گەڵ حەکیم کاکە وەیس

▪️بەم بۆنە خەمناکەوە، بە ناوی ماڵی کتێبی کوردی، نووسەری بابەت و سەرجەم ئەندامانی ماڵی کتێب، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی قەڵەمی کوردی بە گشتی و كه‌س‌وكار و بنه‌ماڵه‌كه‌ی کاکەوەیس بە تایبەت دەکەین.
ڕۆحی شاد و یادی پیرۆز

❗️ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

دەستەواژەی «زمانی دایکی»

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *