خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی کتێبی زانستی بەراوردکردنی پێوانەیی لە زمانە هیندۆروپییەکاندا

ناساندنی کتێبی زانستی بەراوردکردنی پێوانەیی لە زمانە هیندۆروپییەکاندا

ناساندنی کتێبی زانستی بەراوردکردنی پێوانەیی لە زمانە هیندۆروپییەکاندا (میتۆدێک بۆ دیاریکردنی بنەچەی زمانی کوردی)

شاسوار هەرشەمیی

ئەم کتێبە، ھەوڵدانێکە بۆ پێناسەکردنی زانستی بەراوردکردنی پێوانەیی بە گشتیی و ئەو زانستەش لە بواری جێبەجێ کردندا، لە زمانەکانی خێزانی زمانی گەورەی هیندۆروپیی، کە زمانی کوردیش دەگرێتەوە. لە هەمان کاتیشدا، هەوڵێکە بۆ ڕوون کردنەوەی بیردۆزەکانی. ھاوکات شان بە شانی ھێنانەوەی نمونەی جۆراوجۆری داڕشتنەوەی وشە و بابەتی ڕێزمانی و ڕسته‌ناسی لە زمانە کلاسیکیەکان و زمانە ھاوچەرخەکانی هیندۆروپیدا، ویستومانە جێگایەک بۆ زمانی کوردییش بدۆزینەوە و بتوانین بە میتۆدێکی زانستیی خەمڵێندراو، شوێنی زمانی کوردیی لە پڕۆسەی گەشەی زمانە هیندۆروپییەکاندا بیدۆزینەوە و دیاری بکەین. بابەتەکە چڵ و پۆپی زۆری لێ دەبێتەوە، من لە جیاتی قوڵبوونەوە لە یەکێک لەو چڵ و پۆپانە، یان ئەو بوارانەدا، دەمەوێت بە گشتی کاری زانایان لەو مەیدانەی زانستدا بخەمە ڕوو. دیارە مەبەستم لەو کارانەیە، کە ئەوان لەو دوو سەت ساڵەدا پێیگەیشتون و ئەنجامیان داوە. خستنە ڕووەکە، ھەر ئەو درەختە بە چڵ و پۆپەی زمان ناگرێتەوە، بەڵکو ئەو بیرۆکە و بیردۆزانەش دەخەینە ڕوو، کە پێ بە پێ و شان بە شانی زانستەکانی دی، وەک شوێنەوارزانی، ئه‌فسانه‌زانی و میتۆلۆژیا، مێژوی گەشەی باوەڕ و ئایین، زانستی ژیانی بە بەرد بوو، خۆی ڕەپێش دەکات. سودیش لەو ھەموو بەرەنجامە زانستیانەی سەرەوە وەردەگرێت، کە ئەو لکە زانستانەی لە سەرەوە ناومان ھێنان پێیگەیشتوون، بۆ سەلماندنی ڕاستی و دروستی بەرنجامەکانی خۆی، بێ ئەوەی لە مەیدانە بنەڕەتیەکەی خۆی، کە زانستی زمانە دووربکەوێتەوە.

سەرەڕای بوونی چڵ و پۆپی جۆراوجۆر و لێکدانەوەی ئاڵۆزی فیلۆلۆژی و مۆرفۆلۆژی و بابەتە لینگیستیەکان. سەرەڕای ئەوەش کە زانستەکە لەم سەردەمەی ئێستادا، زۆر جاران پشت بە شوێنەوارزانی (ئەرکیۆلۆژی) و بەبەردبووزانی (پەلیۆنتۆلۆژی) و مێژوی نوسراو و داب و نەریت و ئایین و ئه‌فسانه‌ناسیی دەبەستێت، بۆ گەیشتن بە ئامانج و سەلماندنی سەرەنجامە بەدەستھاتووەکانی خۆی، بەڵام بنچینە سەرەکیەکانی زانستی بەراوردکاری زمانە هیندۆروپییەکان، گۆڕانێکی بنچینەیی ئەوتۆیان بەسەردا نەھاتووە.

زانستی بەراورد کردنی پێوانەیی و دیسان داڕشتنەوەی وشەی بنەچەی ھاوبەشی زمانان، تەمەنی کورتە. سەرەڕای ئەوەش، زانستەکە لە ماوەی تەمەنی دووسەت ساڵەی خۆیدا، تا ئەو ئاستە گەشەی کردووە کە دەکرێت بڵێین ئەمڕۆ بە نرخترین و پڕ هه‌ڕمێنترین زانستی زمانە و زۆرترین توێژینەوەش لە سەر میتۆد و بەرەنجامەکانی دەکرێت. ئەو زانستە، لە پاڵ پێشکەوتنە گەورە و خێراکانی ئەم دواییەی، دەستکەوتێکی زۆر و زەوەند و گەورەشی، بۆ زانستی زمان بە گشتیی و زمانە ھیندۆروپیەکان بەتایبەتی، بە دەستھێناوە. دەستکەوتەکانی ئەم زانستە، زۆر بواری گرتۆتەوە، وەک ساغکردنەوەی ڕه‌گی وشە. دۆزینەوەی بنەچە و چاوگە ھاوبەشەکانی وشە، لە نێوان چەند زمانێکی سەر بە یەک بنخێزان. دیاری کردنی مێژوی گەشەی زمان و پەره‌سه‌ندن و گۆڕانەکانی ھەر تاکە زمانێک بە جیا، لە سەردەمانێکی زۆر زووی نادیار و نەنوسراوی مێژوی زمانەکانەوە، تا سەردەمی ھاوچەرخ. دۆزینەوە و دەرخستنی ئەو یاساو ڕێسایانەی، کە کۆنتڕۆڵی گۆڕانی دەنگ و گۆ کردن لە زمان دەکەن. تا کار گەیشتۆتە سەر ئەمەش، کە لە ڕێگای داڕشتنەوەی دووبارەی وشەی ھاوبەشەوە، زانیارییەکی زۆری ژیاری و فەرھەنگی و داب و نەریت و باوەڕ و ئایینی ھاوبەشی گەلانمان بۆ دەربکەوێت. مه‌به‌ستم ئه‌و توخم و دیارده‌ گیانی و کۆمه‌ڵایه‌تی و باوه‌ڕیانه‌یه‌، کە بۆ سەردەمانێک دەگەڕێنەوە، ھێشتا مێژو دانەھاتبوو تا بۆمانی تۆمار بکات و بینوسێتەوە. زمان ئەو توخمە سەرنجڕاکێشەی بەرھەمی بیری مرۆڤە، کە بە ھەزاران نھێنی، ھەزاران ساڵ پێش ئێستای، نەوە لە دوای نەوە بۆ پاراستوین. ئەمڕۆ توێژەرەوان خەریکن بە زانستی بەراورد کردنی پێوانەیی و دیسان داڕشتنەوەی وشەکانی زمانان (مەبەست لە زمانانی جۆراوجۆری، سەر بە یەک خێزانی زمانە)، سەری ئەو گەنجینەیە ھەڵدەدەنەوە و شتی چاوەڕوان نەکراوی تێدا دەدۆزنەوە.

زمانی کوردی نەک ھەر لەو زانستە بێبەشە و ھیچی لە سەر نەنوسراوە، بەڵکو لەوەش خراپتر، پشکی خۆی وەک زمانێکی ڕه‌سه‌ن و کۆنەپارێزی ھیندۆروپی، لە توێژینەوەکانیش بەرنەکەوتووە و پشتگوێ خراوە. لەسەر زانستی بەراورد کردنی پێوانەیی زمان، لە کتێبخانەی کوردیدا، تاکە گوتارێکیش بەرچاو ناکەوێت. چ جای بەکارھێنان و سود وەرگرتن لەو میتۆدە زانستیە، بۆ ساغ کردنەوەی دەیان نھێنی نەزاندراو لە زمانی کوردیدا. زانایانی ئەم بوارە، بە دەگمەن زمانێکی مردوو یان زیندوویان لە توێژینەوەکانیان پەراوێز خستوە. ھەرچی نوسراوەیەک کە دۆزراوەتەوە، ھەر لە تابڵۆی قوڕینی چەند ھەزار ساڵەوە، تا زمانە کلاسیکیەکان و زمانانی ھاوچەرخی ھیندۆروپی، ھەر ھەموویان شەن و کەو کردوون و کاری بەراورد کردنی پێوانەیی تێر و تەسەلیشیان بۆ کراوە. تەنیا زمانی کوردییە پشکی خۆی لەمە بەرنەکەوتووە. بەمەش، نەک ھەر کوردیی زیانی زۆری بەرکەوتووە، بەڵکو خودی زانستەکەش، به‌ بێ لە بەر دەستدابوونی کوردی، زیانی پێکەوتووە. لەبەردەستدا نەبوونی زمانی کوردیی، زانایانیشی تووشی ھەڵە و دره‌نگ دۆزینەوەی زۆرێک لە دیاردە زمانه‌وانییه‌کان کردووە. (ئێمە لە دووتوێی ئەم کتێبەدا ئاماژە بە ھەندێکیان دەکەین). ئەگەر زمانی کوردیی لەبەردەستی توێژەرەوان با، دەتواندرا سود لە داڕشتنی وشە و گۆڕانەکانی دەنگ و گەشەکردنی وشە لەو زمانە وەربگیرێت، کە بە گوێرەی ئاستی شارەزایی و تێگەیشتن و بۆچوونی من، زمانی کوردیی تا ئەندازەیەکی زۆر کۆنەپارێزە و زۆر لە دیاردە کۆنە بە میرات بۆماوەکانی، لە زمانانی دی ھاوچەرخی ھیندۆروپی باشتر پاراستووە.

بە ھۆی کاریگەریەکانی بوونی ئەو سەرچاوە ھاوبەشەوە، کاتێک کە ئێمە دەڵێین (تۆ، تە، تو)، سەیر دەکەین بە زمانە دەستە خوشکەکانیشمان ھەر ئەمەیە: فارسیی (تو)، گالیی (تو)، تۆخاریی (توێ)، ڕووسیی (تی)، دۆری گرێکیی یان یۆنانی کۆن (تی)، سانسکریتیی (تڤام)، لاتینیی (تو)، ئەلمانیی (دو)، سویدیی (دو) لیتاویی tu (تو). ئیرلەندیی tū (توو). ڕومێنیی tu (تو). فەرەنسیی tu (تو) و زۆر زمانی دیش ھەر بەو شێوەیەیە. ھەموو ئەو وشانەی سەرەوە، چ له‌ وێنا و چ لە داڕشتن و گۆ کردنیشدا، زۆر زۆر لەیەکدی دەچن، سەرەڕای ئەوەش، کە لە پانتاییەکی جوگرافی زۆر گەورە و لێکدووردا ئاخاوتنیان پێدەکرێت، ھەر لە سنووری چینەوە (تۆخاریی) تا ئەوپەڕی ڕۆژئاوای گۆی زەوی (ئیرلەندیی). لەکاتێکدا ھەمان وشە و جێناو، لە خێزانە زمانێکی دی، لە ڕووی جوگرافییەوە ھاوسێ و زۆر نزیکیش، ھەر لە چاوگەوە لەگەل وشەکەی لەمەڕ ئێمەوە جیایە و بە ھیچ جۆرێک لێی ناچێت، چ لە داڕشتن و چ لە گۆکردن و دەربڕینیشدا. وەک دەبینین (تۆ) لە زمانی عیبریی atta (ئەتتایە). بە عەرەبی ante، (ئەنتە). لە قیپتی یان کۆپتی (میسریی کۆن) ntok (نتۆک). ژاپۆنیی anata (ئەناتە)، تورکیی sen (سەن).

ھەر ئەو خزمایەتیە و بنەما ھاوبەشانەیە، کە وای کردووە وشەی کوردیی (پا، پێ) لە زمانە دەستە خوشکەکانی دیشیدا بدۆزرێتەوە و بە ئاسانی بناسرێتەوە. وەک لە زمانی ھەرە کۆنی ھیندۆروپی: هیتی pada (پادە)، سانسکریتیی pad (پاد)، فارسیی pa (پا)، گرێکیی pous (پۆوس)، لاتینیی pés (پاس) ئیتالی piede (پێیدە)، لیتاویی péda (پێدە)، پورتوگالیی pē، (پێ)، فەرەنسیی pied (پیێد)، ئیسپانیی pie (پیێ) تا ڕومێنییش picior (پی- سیۆر) و زۆری دیش لە زمانە دەستەخوشکەکان. لە زمانە گێرمانییەکانیشدا ھەمان دیاردە دەبیندرێت، بەڵام بەھۆی ڕێسایەکی گۆڕانی دەنگ لەو زمانانەدا، جارێ لە foot (فوت) و شێوەکانی دی نادوێین، کە ھەر لە ھەمان چاوگی وشەوە ھاتوون.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ڕۆمانی «چوار وەرز و ساڵێک» بەرهەمی خالق تەوەکولی بڵاوکرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *