ناساندنی کتێبی «چەشە و چەشنە ئەدەبییەکان» بەرهەمی دوکتۆر حەمە مەنتک
ناسنامەی کتێب: «چەشە و چەشنە ئەدەبییەکان»، د. حەمە مەنتک، چاپەمەنی مەم و زین، هەولێر ٢٠۱۹.
دوکتۆر حەمە مەنتک
چەشە و چەشنە ئەدەبییەکان توێژینەوەیەکی تیۆرییە لەبارەی چەشنە ئەدەبییەکان. ڕەگەز و بنەما و چەمکی هەریەک لە چەشنەکان توێژینەوەی لەبارەوە کراوە. هاوکات مێژووی پەیدابوونی هەریەک لە چەشنەکان لە ئەدەبی کوردیدا ڕوون کراوەتەوە. بەمەیش ئەم کتێبە هەوڵێکی سەرەتاییە بۆ دیاریکردنی مێژووی هەریەک لە چەشنەکان و سەرەتایەکە بۆ نووسینەوەی میژووی ئەدەبی کوردی. هەوڵەکانی دیکە بۆ مێژووی ئەدەبی کوردی هێندەی مێژووی نووسینەوەی ژیانی شاعیران، ئەوەندە هەوڵ نەبوونە بۆ نووسینەوەی مێژووی هەریەک لە چەشنەکان. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم کتێبە بەشێکی تەرخان کراوە بۆ توێژینەوە لە چەمک و بنەماکانی چەشەی ئەدەبی. چەشەی ئەدەبی چ کاریگەرییەکی لە بەرهەمهێنانی واتا لە دەقدا هەیە؟ هاوکات چەشەی ئەدەبی چ کاریگەرییەکی لەسەر خوێنەر هەیە. ئەمانە و چەند باسێکی دیکە تۆێژینەوەیان لەبارەوە کراوە.
بابەتی چەشنە ئەدەبییەکان مەودایەکی فراوانی لە مەیدانی ڕەخنەی کۆن و نوێدا گرتووە، تەنانەت هەندێک بڕوایان وایە توێژینەوە لەو بوارەدا دەچێتە ناو توێژینەوەی ڕەخنەیی، چونکە ناتوانین باسی هیچ یەکێک لە چەشنە ئەدەبییەکان، یان جۆرێک لە چەشنە ئەدەبییەکان بکەین بەبێ ئەوەی ناسنامە، توخم و ڕەگەزەکانی لە ڕووی پێکهاتە و لایەنی تیۆرییەوە کەشف نەکەین. بۆیەش هەر لەو دابەشکردنە کۆنەی کراوە و ئەدەب بۆ شیعر و پەخشان دابەش کراوە، هەوڵێکی ڕەخنەییانە بووە. دواتر بنەما و ڕێساکانی هەریەک لە چەشنەکانیان دیاری کردووە.
ئەم هەوڵەی ئێمە هەوڵێکی سەرەتاییە بۆ دیاریکردنی هەریەک لە چەشنەکان، چونکە هەر چەشنێک لە چەشنەکان دەکرێت بە کتێبێکی سەربەخۆ بەرباس بدرێت. لەم هەوڵەمدا، کۆشاوم بۆ ئەوەی لە لایەک پەیڕەوی لە لایەنی ئەکادیمی لە باسکردنی چەشنەکان بکەم، لە لایەکی دیکەوە شێوازی نووسینم لەو شێوازەی لە زانکۆکانی ئێمە بۆ نووسینی توێژینەوە، نامەی ماستەر و تێزی دکتۆرا پەیڕەوی لێ دەکرێت، دوور بێت. گوایە ئەو شێوازە ئەکادیمییە. لە باسکردنی هەر چەشنەێک لە ڕووی مێژووییەوە، هەوڵمان داوە مێژووی ئەو چەشنە لە ئەدەبیاتی کوردی بەرباس بدەین.
مادام لە کوردیدا زاراوەمان بۆ هەریەک لە ژانر و تەیست (Taste) هەیە، کوردییەکەمان پێ ڕەوانتر و جوانتر بوون. بۆ ژانر “چەشن”م داناوە، کە تا ڕادەیەکی زۆر ڕۆیشتووە و خەریکە دەچەسپێت. بۆ تەیستیش “چەشە”م داناوە، کە وەرگێڕ عەزیز گەردی لە کۆتایی ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابردوو، کتێبێکی ئاڕنۆڵد بێنێت بە ناوی چەشەی ئەدەبی وەرگێڕاوە. بە چاولێکەری ئەو چەشەمان دانا. هەرچەندە پتر زاراوەی چێژ ڕۆیشتووە، بە بڕوای منیش چەشەکە پڕ بە پێستیەتی.
لەسەر بەرگی پشتەوەی ئەم کتێبەدا هاتووە: «چەشنە ئەدەبییەکان دەچێتە بواری تیۆری ئەدبییەوە، چونکە هەوڵێکە بۆ ناساندنی زاراوە و چەمک و مێژووی گەشەسەندنی هەر یەک لەو چەشنانە. هەر یەک لەو چەشنانەیش تایبەتمەندێتی و توخمی تایبەت بە خۆی هەیە، هەمووشیان پێوەندی لە نێوانیاندا هەیە، تەنانەت هێندێکیان لە منداڵدانی ئەوی دیکەوە لە دایک بوون. بۆ نموونە جۆرەکانی شیعر، شانۆ هەموویان لە منداڵدانی شیعرەوە هاتوون، دواتر هەر یەکەیان تایبەتمەندێتی وەرگرتووە.»
?پێڕستی کتێبەکەش بەمجۆرەیە:
بەشی یەکەم: دەروازەیەک بۆ چەشنە ئەدبییەکان
ئەدەب چییە؟
چەمکی گەشەی ئەدەبی
زاراوە و چەمکی چەشنە ئەدەبییەکان
چەشنە ئەدەبییەکان وەک داهێنان
بەشی دووهەم: دابەشکاریی چەشنە ئەدەبییەکان
شیعر
پەخشان
بەشی سێیەم: چەشنەی ئەدەبی
زاراوە و چەمکی چەشنەی ئەدەبی
پێکهاتەکانی چەشنی ئەدەبی
خوێنەر و چەشنەی ئەدەبی
? ببنه ئهندامی ماڵی کتێبی کوردی:
! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.