خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / هەڵە سەیروسەمەرەکانی وتاری “گۆڕەشار وەک قوربانی”

هەڵە سەیروسەمەرەکانی وتاری “گۆڕەشار وەک قوربانی”

ڕەخنەکاریی ڕەخنەیەکی نادروست: هەڵە سەیروسەمەرەکانی وتاری “گۆڕەشار وەک قوربانی” نووسینی ئارام محەمەد

محەمەد ڕەسووڵنژاد

لە کاناڵ و ماڵپەڕی ماڵی کتێبی کوردیدا نووسراوەیەک سەبارەت بە ڕۆمانی “گۆڕەشار” بەرهەمی سەیدقادر هیدایەتی بە ناوی “گۆڕەشار وەک قوربانی” لە لایەن ئارام محەمەد-ەوە بڵاوکرایەوە کە بە باوەڕی من لێوانلێوە لە هەڵەی زانستی و ئاکادمیک. هەر کەسێ تۆزێ بە جیدی خەریکی خوێندنەوەی بابەتی پێوندیدار بە زمان و ڕۆمان و ڕەخنەوە بێ ناتوانێ لە هەمبەر ئەو هەڵە زەق‌وزۆپ و سەیروسەمەرانەدا چاوی ببەستێ و هیچ نەڵێ. لێرەدا زۆر بە کورتی هەر تەنیا کۆمەڵێ سەرنج لەسەر ڕوانینە نادروستەکانی نووسراوەکەی بەڕێز ئارام محەممەد دەخەمە ڕوو:

۱. بەراوردی شاعیری کۆچکردوو ئەنوەر مەسیفی و سەید قادر هیدایەتی ڕۆماننووس بە بێ ئەوەی هیچ فاکت و لێکدانەوە و نموونەیەک بهێنرێتەوه یەکێکە لەو هەڵە سەمەرانەن کە ناکرێت بە بێ سەرسووڕمان لێی تێپەڕین. ئەمەش بێجگە لەوەی ئەو دوو دانەرە، واتە مەسیفی و هیدایەتی، نەک لە دوو دنیای جیاوازدا و بەڵکوو سەر بە دوو پارادایمی تەواو جیاوازن لە ڕووی چەشنی بیرکردنەوە و لەونی داهێنەرێتییەوە.

۲. هێنانەوەی نێوی کتێبی “نەسری کورد و گۆڕانی فۆرم” و ئەوەی کە نووسەر پێیوایە سەید قادر هیدایەتی باسەکانی ئەو کتێبەی کردووەتە پاڵپشت بۆ نووسینی “گۆڕەشار” و ئەو ڕۆمانەی لە ڕووی وتەکانی خۆیەوە نووسیوەتەوە، نیشاندەری خوێندنەوەی مام‌ناوەندیی کاک ئارام محەممەدە. بەڕێزیان ئەیتوانی بە کەمێک هەوڵ و خۆماندووکردن سەرچاوەی باشتر بۆ ڕەخنەکەی ببینێتەوە. گۆڕەشار و نەسری کوردی وەک دوو کتێبی جیاواز هیچ پێوەندییەکیان پێکەوە نییە بێجگە لەوەی بەرهەمی یەک کەسن! ئەگەر هیدایەتی لە ڕووی تیۆرەکانی کتێبی نەسری کوردییەوە گۆڕەشاری نووسیبێت، ئەوا دەبێت ئەو ڕۆمانە بەرهەمێکی زۆر دەستکرد و نالەبار و لاواز بێت. بەستنەوەی ڕۆمانی گۆڕەشار به لێکۆڵینەوەیەکی نووسەرەکەیەوە کە لەسەر پەخشان و شێوازەکانی نووسراوە، غەدرە لە ڕۆمانەکە و لە لێکۆڵینەوەکەش.

۳. ئەو ڕستەیەی کە سەیدقادر هیدایەتی باسی ڕۆمانی “تریسترام شاندی” دەکات، قسەی لارێنس ستێرن نییە و بەڵکوو نێرینی هیدایەتی-یە لەسەر ڕیتمی گێڕانەوەی ڕۆمانی تریسترام شاندی. خاڵی سەیر ئەوەیە تەنانەت ئەگەر ئەوە ڕستەی لارێنس ستێرنیش بێت،کە نییە، بە هیچ جۆرێک ئەو ڕستەیە بە ڕۆمانی “گۆڕەشار”ەوە نالکێت و ئەوە پێکەنینی‌ترین و سەمەرەترین هەڵەیە کە ڕەخنەگر یان نووسەرێک دەتوانێت بیکات. هەروەها، نیشاندەری ئەوەشە بەڕێز ئارام محەمەد ئاگاداری باسی ڕیتم و گێڕانەوە نییە لە ڕۆماندا. ئەو ڕستەیەی کە لە “تریسترام شاندی”دا گێڕانەوە تا ئاستی نەگێڕانەوە و خێراییی سفر ڕادەگیرێت، هیچ پێوەندییەکی بە گۆڕەشارەوە نییە. بە پێچەوانەوە، گێڕانەوە و ڕیتم لە گۆڕەشاردا زۆر خێرا و بەلەزە. تریسترام شاندی و گۆڕەشاریش هیچ خاڵێکی هاوبەش و هاوشێوەیان لە هیچ ڕوویەکەوە نییە.

٤. مەسعوود محەمەد، زەبیحی و هەژار لە کوێ و چۆناوچۆن سەرکێشییان بەرامبەر بە زمان هەبووە؟! ئەمە چ خوێندنەوە و بەراورد و ڕەخنەیەکە بەبێ هیچ بەڵگە و نموونەیەک چەندین بابەتی زۆر لێک‌جیاواز پێکەوە تێکەڵ بکەیت و چێشتی مجێورێک سازبکەیت و بە نێوی ڕەخنەوە دەرخواردی خوێنەری بدەیت؟!

۵. ئەوەی کە هیدایەتی لە لێکۆڵینەوەیەکدا لەسەر هەژار دەڵێ زمانێکی زبر و زۆپ و پیاوانەی هەیە، کوێی نیشاندەری بوێری گەورەی زمانیی هەژارە و لەوەش سەیرتر چ پێوەندییەکی بە گێڕانەوە و ڕۆمانەوە هەیە؟! و چ پەیوەندییەکی بە گێڕانەوە و زمانی گۆڕەشارەوە هەیە؟!

٦. شێوازی ڕستەسازیی و تێکشکاندنی ڕێزمان لە “گۆڕەشار” چ پەیوەندییەکی بە ڕستەکانی کتێبی “مرۆڤ و دەوروبەر”ی مەسعوود محەمەد-ەوە هەیە و مەسعوود محەمەد و هەژار و زەبیحی لە کوێدا خاڵبەندییان لەبەرچاو نەگرتووە؟! تەنانەت ئەگەر ڕەچاویشان نەکردبێت، چ پێوەندییەکی بە “گۆڕەشار”ەوە نییە. نەسر و پەخشانی زانستی و مەعریفیی ئەوان لە کوێ و ڕۆمان و گێڕانەوە و تەکنیک و گوزارەی گێڕانەوەیی لە کوێ؟!

۷. بەراوردی ڕستەی هەژار و مەسعوود محەمەد لەگەڵ یەکەکانی گێڕانەوە لە “گۆڕەشار”دا، ئەوپەڕی دووری و بێ‌ئاگایی دەرهەق بە گێڕانەوە و ڕۆمان و تێکەڵکاری پیشان دەدات و، هیچ نییە بێجگە لە بەستتنەوەی ئاسمان و ڕیسمان پێکەوە. لە پاڵ ئەمەشدا، ئەمە سووک‌کردنی خوێندنەوەیە، بە بەرهەمی ئەو مامۆستایانەشەوە!

٨. ئارام محەمەد لە کۆتاییدا نووسیویەتی “زمان لەو ڕۆمانە بستێنییەوە، لاپەڕەی سپی دەمێنێتەوە.” ئەم بۆچوونە هێندە گشتی‌بێژانەیه کە ڕواڵەتێکی بێ‌مانا و پووچ دەبەخشێتە کۆی نووسینەکەی. دیارە هەمووان بۆ هەموو ڕۆمان و نووسراوەیەک دەتوانن ئەو قسەیە بدرکێنن! تەنانەت بۆ نووسراوەکەی بەڕێز ئارام محەممەدیش دەتوانین بڵێین هەڵەکان و زمانی لێ بستێنییەوە هیچی پێ نامێنێ.

۹. جیا لەو هەڵە سەیروسەمەرانە، نووسراوەکەی بەڕێز ئارام محەمەمەد لە باری زانستییەوە زۆر لاواز و بگرە شپرزەیشە. ئەو نووسینە بە گوێرەی هیچ مێتۆدێکی زانستی نەنووسراوە و تەنیا کۆمەڵێک ڕستەیە کە پڕە لە هەڵەی پارادایمی و، نووسەر ئاگاداری جیاوازیی بەستێنەکان و دابڕانی بوارەکان نییە.

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ڕاگەیەندراوی خەڵاتی ئەدەبیی کاڵ

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *