ناساندنی کتێبی «چەند وێستگەیەکی فیکری و ئەدەبی»
ناسنامەی کتێب: چەند وێستگەیەکی فیکری و ئەدەبی، ئازاد بەرزنجی، دەزگای سهردهم، سلێمانی ۲۰۲۰.
ئازاد بەرزنجی
ئەم وتار و باسانەی لە دووتوێى ئەم كتێبەدا دەیانبینیت، نەخشەیەكى داڕێژراو كۆى نەكردوونەتەوە، بەڵكو هەر وەكو ناویشمان لێ ناون، چەند وێستگەیەكى پەڕاگەندەن كە تیایاندایە لەسەر ئەم بیرمەند، یان ئەو ئەدیب دەوەستێت و تیاشیاندایە لەسەر دیاردەیەكى ڕۆشنبیرى، یان ڕێبازێكى ئەدەبى دەدوێت.
هەر بۆیە هێڵێكى دیاریكراو پێكەوە نایانبەستێتەوە، تەنها ئەوە نەبێت كە لە دەرگاى هەندێ مەسەلە لە مەسەلەكانى مرۆڤى هاوچەرخ دەدەن، بە هەموو گرفت و ئاڵۆزییەكانەوە، هەروەها دەشێ ببنە سەرەتایەك بۆ تێگەیشتن لە جیهانى ئەو بیرمەندانە، یان ئەو مەسەلانەى خراونەتە ڕوو. دەمەوێ ئەوەش بڵێم كە زۆربەى بابەتەكان وەرگێڕدراون، جگە لەو دوو نووسینەى سەبارەت بە ئەلبێر كامۆ و ئومبێرتۆ ئیكۆن، کە خۆم نووسیومن. هیوام وایە خوێنەرى ئازیز گەشتێكى فیكریى چێژبەخش بەم وێستگانەدا بكات و هەر وێستگەیەك هەڵوەستەیەكى جیددیى لا دروست بكات، گەر ئەمەش ڕووی دا، ماناى وایە ئەم هەوڵە بچووكە ئاكامى خۆى پێكاوە، ئەگەرچى لە خەوش و كەموكووڕییش خاڵى نییە.
? لە بەشێکی ئەم کتێبەدا هاتووە:
ئومبێرتۆ ئیكۆ وەكو زانایەكى سیمیۆتیكى خۆى ڕاى وایە كە دەبێ نیشانەكانى نووسینى ئەكادیمى (باس و تۆژینەوەى فیكرى و زانستییەكان و هتد…) بە ڕوونى بگەنە خوێنەر و بە پێچوپەنا و ئاڵۆز نەبن. بەڵام لە نووسینى ئیبداعیدا نیشانەكان چڕ دەبنەوە و نهێنیئامێز دەبن و دەچنە تۆڕێكى ئاڵۆزەوە. هەر بۆیە دەبینین كەشێكى نهێنیئامێز باڵ بەسەر پانتاییەكانى جیهانى ڕۆمانى “ناوى گوڵەباخ”دا دەكێشێ.
دەكرێ بڵێین ڕۆمانى “ناوى گوڵەباخ” ڕۆمانێكى پۆلیسییە، بەڵام نەك لەو ڕۆمانە پۆلیسییانەى كە لە ڕوانین و جیهانبینى خاڵین و تەنها مەبەستیان ورووژاندنى هەستى بەدووكەوتنى ڕووداوەكانە لاى خوێنەر و ڕەهەندێكى قووڵ لەودیو ئەم بەدووكەوتنەوە نییە، بەڵكو بە پێچەوانەوە، ئەم ڕۆمانە دونیایەكى دەڵەمەند بە دەلالاتى مەعریفیى ئێستاتیكى و فیكرى و لەزۆر ڕووەوە دەشوبهێتە سەر فەزا و ڕەهەندی كارەكانى “بۆرخس” و هەندێ لە ڕەخنەنووسان تا ئەو ڕادەیە دەڕۆن و دەڵێن چاودێرى كتێبخانەى دەیرەكە (واتە یۆرج) لەسەر شێوەى كەسێـتیى بۆرخس خولقێنراوە، ئەگەرچى ئیكۆ لە ڕۆمانەكەیدا یۆرج وەكو بكوژێك دەخاتە ڕوو.
دەشى بڵێین یەكێك لە هۆیەكانى دى بۆ هەڵبژاردنى كەشوهەوایەكى پۆلیسییانە لەلایەن ئیکۆوە بۆ ئەم ڕۆمانە ئەوە بێت كە كردارى شاردنەوە و دۆزینەوە پتر لە هەر كارێكى دى، ڕەهەندێكى سیمیۆتیكییانە بەخۆوە دەگرێ. ئەمە و ئیكۆ دەڵێت كە زۆربەى ڕووداوەكانى ڕۆمانەكە خۆیان خۆیان بەسەر ئەودا سەپاندووە، نەك بیەوێ بەزۆر ئەو كەشوهەوایە بەسەر دونیاى ڕۆمانەكەدا بسەپێنێ. ئەوەتا دەڵێت “هێنانەبەرچاوى چیرۆكێك كە لە سەدەكانى ناوەڕاستدا ڕوو بدات و ئاگرسەندنەوەى تیا ڕووبدات، وەكو هێنانەبەرچاوى فیلمێكى جەنگییە كە ڕووداوەكانى لە ئۆقیانووسى ئارامدا ڕوو بدەن و كەچى فڕۆكەیەك لە فیلمەكەدا نەبینرێ.”
ڕووداوەكانى “ناوى گوڵەباخ” كە ژمارەى لاپەڕەكانى لە حەوتسەد لاپەڕە تێدەپەڕێت، دەگەڕێتەوە بۆ چاخەكانى ناوەڕاست. دیارە كە بایەخدانى ئیكۆ خۆى بە سەدەكانى ناوەڕاست و ئەو تۆژینەوانەى لەسەر ئێستاتیکا لە سەدەكانى ناوەڕاستدا نووسیونى، ڕۆڵى گرنگیان هەبووە لەوەدا كە هانى ئیكۆ بدەن تا ئەو ڕۆژگارە وەكو باكگراوەندێك بۆ ڕووداوەكانى ڕۆمانەكەى هەڵبژێرێت، بە تایبەتییش سەدەى چواردەهەم، واتە دوا ساڵەكانى چاخەكانى ناوەڕاست، كە ساڵانێكە تیایدا بەها فیكرى و مرۆییەكان ڕووەو پووكانەوەن و بەهاى مرۆیى نوێ لە شكۆفەكردن و بوژانەوەدایە، هەر بۆیەشە ڕۆمانەكە بە هەندێ ئامۆژگاریكردن بۆ قدیس تۆماس دەست پێ دەكات و بە باسكردنى ڤیتگنشتاین كۆتایى دێ.
?پێڕستی کتێبەکە بەمجۆرەیە
۱. بەر لە خوێندنەوە
۲. ئێمە كۆچەریین: سەرەتایەك بۆ فەلسەفەى نیچە
۳. میشیل فۆكۆ: چاخى نوێ، مرۆڤى نوێ
٤. كێ لە میشیل فۆكۆ دەترسێت؟
٥. ئەلبێر كامۆ: سەما لەژێر شمشێرەكەى دیمۆكلیسدا
٦. كەسى شۆڕشگێڕ كێیە؟… ئەریك فرۆم
۷. ڕۆڵى ڕۆشنبیر… ئێدوارد سەعید
۸. ئومبێرتۆ ئیكۆ: لە سەدەكانى ناوەندەوە بۆ “ناوى گوڵەباخ”
۹. ماتێریالیزمى دیالەكتیك و مێژووى ئەدەب… لوسیان گۆڵدمان
۱۰.فۆرمالیستە ڕووسەكان… بابەك ئەحمەدى
بۆ داگرتنی کۆی وتاری «ئومبێرتۆ ئیکۆ: لە سەدەکانی ناوەندەوە بۆ ناوی گوڵەباخ» لە دووتوێی ۱۸ لاپەرەدا کرتە بکە سەر داگرتنی PDF
داگرتنی فایلیPDF? ببنه ئهندامی ماڵی کتێبی کوردی:
! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.