خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ڕۆمان و گەڕان بە شوێن شتە ونبووەکاندا

ڕۆمان و گەڕان بە شوێن شتە ونبووەکاندا

ڕۆمان و گەڕان بە شوێن شتە ونبووەکاندا

ناسنامەی کتێب: ناسنامەی کتێب: «دەستنووسی پیترسبۆرگ: ژیانی ژابازیدی»، جان دۆست ، وەرگێڕانی سەباح ئیسماعیل ماڵی وه‌فایی، هه‌ولیر ۲۰۲۰.

دوکتۆر هاشم ئه‌حمه‌دزاده‌

ڕۆمان و گەڕان بە شوێن شتە ونبووەکاندا

پێشەکی

وێدەچێت گێڕانەوە ئامراز و بەستێنێکی لەبار بێت بۆ گەڕان بە دوای ڕاستیی ڕووداوەکاندا. لە گێڕانەوەدا دەرفەتی دۆزینەوەی ونبووەکان و هەڵگرتنی شوێنپێی ڕووداوەکان بۆ وەگێڕ دەڕەخسێت. خوێنەریش بە شۆپاندنی جیهانی گێڕانەوەکە ئەزموونی خۆی و وەگێڕ و کەسەکانی نێو گێڕانەوەکە ئاوێتەی یەکتر دەکات و دەبێتە بەشدارێکی چالاکی ڕەوتی گەڕان و شادیی سەرکەوتن و هەڵبەت هێندێجار غەمی بنکەوتن. 

ئافرێنەری دەق، بۆ خۆی بەرهەمی زەمەن و گوتاری سەردەمی خۆیەتی. ئەو لەو دیوی سەدان فاکتۆری کولتوری و مێژوویی و پەروەردەیی، هەوڵی بەرهەمهێنانەوەی ئەزموونەکانی خۆی لە نووسیندا دەدات. لەنێوان دەق و ئافرێنەرەکەیدا پێوەندییەکی خورت و دیالێکتیکی هەیە. ئەگەر دەق دواجار ئەنجامی تێگەیشتن و ئەزموون و توانایی نووسەرە، نووسەریش لە ڕەوتی گێڕانەوەدا دەبێت بە خاوەنی هێزێکی ئەوتۆ کە یارمەتیدەری دەبێت لە دۆزینەوەی وەڵامی شیاو بۆ پرسیارەکانی.

کە ماری شێلی لە تەمەنی نۆزدە ساڵیدا دەستی بە نووسینی فرانکێنشتاین کرد، ئەزموونی کتێبفرۆشییەکەی باوکە فەیلەسوفەکەی لەلایەک و توانایی خۆی لەلایەکی دیکەوە، بوونە بەستێنێکی لەبار بۆ ئەزموونی هاوژینیی ئەڤیندارانەی لەگەڵ شاعیرێکی نوێخوازی توانا، پێرسی شێلی. زەمینەی زانایی سەردەمیش هەر چۆن یارمەتیی سەرهەڵدانی زانستباوەڕی و لێکۆڵینەوەی زانستی دەدا، یارمەتیدەری ئەو بوو بۆ ئافراندنی گێڕانەوەی بەسەرهاتی مرۆڤی ئافرێنەر، دکتۆر ڤیکتۆر فرانکێنشتاین یان پرۆمیتەی مۆدێرن. دکتۆر فرانکێنشتاین تەنیا لە ڕەوتی نووسینی ماری شێلیدا دەبێتە ئافرێنەری “بوونەوەر”ە زەبەلاحەکە.

دەستنووسی پیترسبۆرگ: ژیانی ژابازیدی

جان دۆست لە درێژەی گەڕانی بە کۆڵانەکانی مێژوودا ئەمجارەیان سەردانی دوو کەسایەتیی نووسەر و هاوکار لە دوو بەستێنی جیاوازدا دەکات. ئەمجارەیان ئەو ڕۆمان و گێڕانەوە دەکات بە پۆلیسێک کە دەتوانێت شوێنپێی دەقێکی ونبووی دیرۆکی کوردان هەڵبگرێت و پەردە لەسەر چارەنووسی ڕەشی بەرهەمی دیرۆکزانێکی کورد لادات و خوێنەرانی هەتا دوا هەناسەکانی مێژوونووس و ڕۆژهەڵاتناسێک بەرێت کە بەری هاوکارییان لە جادەیەکی چۆڵی بەرەو بەندەری ترابزۆنی ئیمپراتۆریی عوسمانی بوو بە دەستەچیلەی چەند ڕێگری کورد.

دەستنووسی پیترسبۆرگ بەسەرهاتی ژیانی دوو مرۆڤی ڕاستەقینە، ئەلێکساندر ژابا و مەلا مەحمودی بایەزیدییە. نووسەر بە تێکهەڵکێشکردنی پاشناوی هەر دوو کەسەکە ناوێکی لێکدراوی سرنجڕاکێشی مۆسیقایی ئافراندووە کە خاوەنی جوانیناسییەکی وشەییانەی ناوازەیە. هەبوونی بە هەڵکەوتی دوو بڕگەی هاوچەشن لە هەر دوو ناوەکەدا واتا “با’، یەک لە کۆتایی ناوی ژابادا و “با” یەکیش لە سەرەتای پاشناوی بایەزیدیدا، دەرفەتی ئەم یارییە وشەییەی بۆ نووسەر باشتر ڕەخساندووە. بەم شێوەیە ‘ژابازیدی’ بووەتە ناوێکی لێکدراوی لە زاران خۆش و لە هەمان کاتدا مانادار.

لە پێشەکییەکی کورتدا بۆ ڕۆمانەکە، جان دۆست دەنووسێت کە ئەم ڕۆمانە بەسەرهاتی دوو کەسایەتیی ناوبەدەرەوەیە کە پێوەندیی بەرچاویان لەگەڵ زمان و دیرۆکی کورددا هەبووە. ئەم دوو کەسایەتییە بریتین لە ئەلێکساندر ژابا (١٨٩٤-١٨٠٣) لەدایکبووی کراکۆی پۆلۆنیا و کۆنسولی ئیمپراتۆریای ڕووسیا لە ئەرزەرۆم و کەسایەتیی ئایینی و کۆمەڵایەتیی ناسراوی کورد مەلا مەحمود بایەزیدی (١٨٦٧-١٧٩٧) لەدایکبووی بایەزید لە جۆغرافیای ئیمپراتۆریای عوسمانیدا. ئەوان لە ئەرزەرۆم یەکتر دەبینن و ژابا وەک تۆێژەرێکی بواری کوردەکان، بۆ وەدەستخستنی هێندێک سەرچاوە لەسەر کوردان، داوای یارمەتی لە مەلا مەحمود دەکات. ئەوان بۆ ماوەی شەش ساڵ لەگەڵ یەکتر کاریان کرد. لە ئەنجامی یارمەتیی دارایی ژابادا، مەلا مەحمود چەند بەرهەم بە زمانی کوردی بۆ ئەو دەنووسێت. لەنێو ئەم بەرهەمانەدا کتێبێک لەسەر مێژووی کوردان بوو. نووسینی ئەم کتێبە دوو ساڵ دەخایەنێت. مەلا مەحمود دەستنووسەکە بۆ ژابا دەنێرێت کە ئەویش بۆ ئاکادێمیای رووسیا لە پیتسبۆرگی بنێرێت. بەڵام لەبەر هێندێک هۆکاری نادیار دەستنووسەکە هەرگیز ناگاتە ئاکادێمیای پیتسبۆرگ. ئەم ڕۆمانە، لەڕاستیدا، گێڕانەوەی بەسەرهاتی ئەم دەستنووسەیە. بە واتایەکی دیکە ئەمە گێڕانەوەیەکی خەیاڵییە کە هەوڵ دەدات وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە کە “دەستنووسەکە چی بەسەر هات؟” نووسەری ڕۆمانەکە باس لەو مێتۆدە دەکات کە ئەو وەک ڕۆماننووسێک بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ژیانی ئەلێکساندر ژابا کەڵکی لێ وەردەگرێت. بە ئاماژەدان بەو بیرەوەرییانە کە لە زمانی شاری ڤیلنووسەوە دەگێڕدرێنەوە، نووسەر دەڵێت کە چۆن ڕۆماننووسان لە نووسینی ڕۆمانەکانیاندا واقیع و خەیاڵ تێکهەڵکێشی یەکتر دەکەن:

ئێمەی ڕۆماننووس […] لە خەیاڵی خۆماندا ئەو بوویەرانە دەئافرێنین مێژوونووسان و بیۆگرافینووسان بەلایدا نەچوونە. خەیاڵی ئەفرێنەر کون و کەلەبەرەکانی مێژوو یەک یەک نۆژەن دەکاتەوە. ئەودەمی خەیاڵ و مێژوو کۆدەبنەوە ڕۆمان دێتە کایەوە.[۱]

شێوازی ئەم ڕۆمانە لە شێوازی ڕۆمانەکانی دیکەی جان دۆست جیاوازە. لە بەشی یەکەمی ڕۆمانەکەدا نووسەر باسی سەفەرەکەی خۆی بۆ پیترسبۆرگ و سەردانی کتێبخانەی نیشتمانیی ڕووسیا دەکات. بە یارمەتیی هاوڕێیانی، ئەو دەتوانێت کتێبخانەکە بدۆزێتەوە کە دەستنووسەکانی مەلا مەحمودی پارێزراون. بەڵام دەستنووسەکەی مەلا مەحمود لەسەر مێژووی کوردەکان لەنێو ئەم دەستنووسانەدا نییە. دەگوترێت مەلا مەحمود ئەو دەستنووسەی لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەهەمدا نووسیوە. نووسەری ڕۆمانەکە، جان دۆست، تەنانەت هەڵسەنگاندنی پیتڕ لێرخ لەسەر وەرگێڕانی پێشەکیی فەڕەنسیی دەستنووسەکە بە قەڵەمی ئەلێکساندر ژابا دەدۆزێتەوە. بە باوەڕی لێرخ پێشەکییەکە نیشانی دەدات کە دەستنووسی “تەواریخ جەدید کوردستان” هەڵگری شتێکی نوێ نییە، جگە لە هێندێک زانیاریی تازە سەبارەت زاراوە کوردییەکان. بەپێی ئەم هەڵسەنگاندنە، نووسەری ڕۆمانەکە، واتا جان دۆست، دێتە سەر ئەم باوەڕە کە دەستنووسەکە بە سڵامەتی گەیشتووەتە شوێنی تازەی نیشتەجێبوونی ژابا لە ئیزمیر، دوای ئەوەی خانەنشین دەبێت.

سەرنەکەوتن لە دۆزینەوەی دەستنووسەکەدا وا لە نووسەر دەکات پەنا بۆ خەیاڵاتی خۆی بەرێت: “بە خەیاڵ دەگەڕێمەوە سەدە و نیوێک لەمەوبەر. لە سۆنگەی بێزارییەکەمەوە گەلێک شیمانە بۆ چارەنووسی دەستنووسەکە دادەدەنێم.”[۲] ئەو بیر لەوە دەکاتەوە ڕەنگە دەستنووسەکە لە جێگەیەکی دیکەدا شاردرابێتەوە. ڕەنگە هێندێک دەستە و تاقمی خراپکار دەستنووسەکەیان دزی بێت و بێ ئەوەی لە گرنگییەکەی بگەن فڕێیان دابێت. ئەو هەروەها فکری بۆ ئەوە دەچێت کە ژابا هەتا کاتی مردنی لە ساڵی ١٨٩٤ دەستنووسەکەی لای خۆی لە ئیزمیر ڕاگرتبێت. لەوانەیە دوای مردنی ژابا، ژنەکەی دەستنووسەکە بە هێندێک بازرگان فرۆشت بێت، یان ڕەنگە هەر فڕێی دابێت. خراپترین سیناریۆ کە بە زەینی دەگات ئەوەیە کە ئاگریان لە دەستنووسەکە بەردابێت. لە کاتێکدا لە فڕۆکەخانەی پیتسبۆرگ دەچێتە نێو فڕۆکەوە، بیر لە ئیمکانی ڕووداوێکی زۆر سەیر دەکاتەوە:

ڕەنگە دەستنووسەکە لە ڕۆمانەکەدا ببینمەوە. لەوانەیە ڕووپەلێن ڕۆمانی من، کە لەبارەی چارەنووسی دەستنووسەکەوە دەینووسم، سەرەنجامی دەستنووسەکەم بۆ ڕوون بکەنەوە. کێ دەزانێت لە هەندێک ڕۆماندا بەرسڤی گەلەک پرسان هەنە، کە مێشکی مرۆڤ دەشێوێنن.[۳]

تا ئەو جێگەیەی دەگەڕێتەوە سەر شێوازی گێڕانەوە، هەر بەشێک لە ڕۆمانەکە وەگێڕێکی تایبەتیی خۆی هەیە. هەر لەسەرەتاوە لە زمانی سەمەرقەندەوە کە ناوی کاغەزێکە دەستنووسەکەی لەسەر نووسراوە، گوێمان لێ دەبێت کە ئەو چۆن گەیوەتە دەستی مەلا مەحمود و چۆن نزیکەی حەوتسەد ڕۆژیان لەگەل یەکتردا گوزەراندووە. ئەمە جۆرێک لە شێوازی سوررێئالیستیانەی گێڕانەوەیە کە تێیدا بەشە جۆراجۆرەکانی ڕۆمانەکە لە ڕوانگە و سیلەی دیاردەیەک یان کەسێکەوە دەگێڕدرێنەوە. کاغەزی سەمەرقەندی دەڵیت کە ئەو دەیەوێت هەلومەرجی مەلا مەحمود لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی خەریکی نووسینی کتێبەکە بوو، بگێڕێتەوە. بۆ نموونە کاغەزەکە ئاماژە بە چیرۆکێک دەکات لەبارەی سەرهەڵدانێک بە ڕێبەرایەتیی کوردێکی گەنج کە مل بۆ باجدان بە عوسمانییەکان، دوابەدوای پڕۆژەی ڕێفۆرمی تەنزیمات، نادات. ئەگەرچی ئاماژە بە ناوی ئەم سەرهەڵدان و ئەم ڕابەرە کوردە ناکرێت، بەڵام ئەوە کارێکی زۆر زەحمەت نییە کە مرۆڤ بزانێت مەبەست لەم ڕاپەڕینە سەرهەڵدانی بەدرخان پاشایە لە چلەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا.

بۆ ناساندنی پێشینەی کەسایەتیی مەلا مەحمود ئەرکی گێڕانەوە دەسپێردرێتە سەر زمانی قەڵای ئیسحاق پاشا. قەڵاکە باسی لەدایکبوونی مەلا مەحمود و عەشیرکەییمان بۆ دەکات. قەڵا زۆر دوورتر دەڕوات و ئەو ڕووداوە مێژووییانە دەگێڕێتەوە کە دواجار دامەزرانی ئیمپراتۆریای عوسمانی لێ دەکەوێتەوە و کێبەرکێی هۆزە جۆراجۆرە تورکەکان لەم دەڤەرەدا  تێکهەڵکێشی ناساندنی مێژووی ناوچەکە دەکات. بۆ نموونە ئاماژە بە هاتنی سپای تەیموری شەل بۆ دەڤەرەکە دەکات و هەروەها سەرهەڵدانی میرنشینە کوردەکان دەگێڕێتەوە. بەڵام جەنابی قەڵای ئیسحاق پاشا لە ڕوانگەیەکی زۆر ستریۆتایپیانەوە[۴] ئەم کارە دەکات و کوردەکان وەک خەڵکانێکی ساکار و هەستەکی پێناسە دەکات و دەڵێت کە ئەوان کێشەکانیان تەنێ بە توندوتیژی چارەسەر دەکەن.

لایەنێکی دیکەی شێوازییانەی ڕۆمانی دەستنووسی پیتسبۆرگ بریتییە لە کەڵکوەرگرتن لە تێکهەڵکێشکردنی سێ ڕوانگە و سیلەی بینینی جیاواز بۆ گێڕانەوەی هەر بەسەرهات و ڕووداوێک.  لە کاتێکدا هەر بەشەی وەگێڕێکی تایبەتیی خۆی هەیە و شتێک یان کەسێک ئەم ئەرکە بەجێ دێنێت، وەگێڕی سەرەکی، بۆ لە مەحەکدانی ئەم گێڕانەوانە، جارێک دەستەودامێنی دەنگۆکان دەبێت و جارێکی دەستەودامێنی مێژوو. بەمجۆرەش گێڕانەوەکە دەبێتە خاوەنی شێوازێکی سێ ڕەهەندی. ئەمەش زیاتر لە دەنگ و ڕەهەندێک بە گێڕانەوەکە دەبەخشێت و دەبێتە هۆکاری فرەدەنگیی سەرتاپای گێڕانەوەکە و قوتارکردنی لە چنگی دەنگێکی زاڵ.               

نووسەر ئاگاداری شێوازی ڕەنگدانەوەی شەڕی کریمەی نێوان عوسمانییەکان و ڕووسەکانە لە بەرهەمەکانی لێڤ تۆلستۆیدا. لە گێڕانەوەی لاپەڕەیەکی دەستنووسەکەی مەلا مەحموددا دەبیسین ئەو شەڕە چۆن کار دەکاتە سەر ژیانی مەلا مەحمود و دەبێتە هۆکاری کوژرانی براکەی. بەدوای ئەم ڕووداوە تاڵەدا مەلا مەحمود پاش سی ساڵ ژیان لە ئیزمیر، ئەم شارە بەجێ دێڵێت و دەگەڕێتەوە زێدی لەدایکبوونی خۆی، بایەزید. لە ڕەوتی گێڕانەوەکەدا زۆر جاران ئاماژە بە هێندێک لە نووسینەکانی مەلا مەحمود دەکرێت و باسی ژیان و سەردەمی مناڵی و خوێندنی مەلا لە دوو بەشی کوردستانی عوسمانی و قاجاریدا دەکرێت. ئەو کاتەی ژابا پێشنیاری هاوکاری دەدات بە مەلا مەحمود و داوای لێ دەکات چەند شتی بۆ بنووسێت، مەڵا سەرەتا دەپرینگێتەوە و دەڵێت ئەو ناتوانێت لەگەڵ ڕووسێک هاوکاری بکات، ئاخر ڕووسان برایەکی ئەویان لە شەڕدا کوشتووە. لێرەدا ژابا هەوڵ دەدات مەلا تێبگەیەنێت کە ئەو بە ڕەچەڵەک ڕووس نییە، بەڵکو پۆلۆنییە و لەڕاستیدا سەرەتا ناوی ئاگۆست بووە و کە چووەتە ڕووسیا ناوی گۆڕدراوە بە ئەلێکساندر. بەمجۆرە ژابا دڵی مەلا مەحمود نەرم دەکات و ڕازیی دەکات ببێتە هاوکاری. ئەنجامی ئەم هاوکارییە ئەو بەرهەمە بەنرخانەی مەلا مەحمودی لێ دەکەوێتەوە کە هێشتاش دوای نزیکەی دوو سەدە هەر خاوەنی گرنگایەتیی تایبەتی خۆیانن. لێرەدا ڕۆڵی هاندەرانەی پشتیوانیی دارایی لە نووسەرێک دەردەکەوێت و مرۆڤ تێدەگات چۆن بەرهەمی ئەدەبی و لێکۆڵینەوەیی وەک زانستێک گرێدراوی دەسەڵاتە. ئەگەر ئەو ڕۆڵەی ژابا لە ژیانی مەلا مەحموددا دەیگێڕێت دەسەڵاتێکی خودی گێڕابای، ئەوە بێگومان ژمارەی مەلا مەحمودەکان زیاتر دەبوو و بەرهەمهێنانی ئەدەبی و زانستی زۆر گەشەی دەکرد.

سەبارەت ژابا و بەسەرهاتەکەی، وەگێڕی جیاواز ئەرکی گێڕانەوەکە وەئەستۆ دەگرن. ڕووبارێکی نزیک پیترسبۆرگ، بە ناوی نەڤا باس لە سەردەمی خوێندنی ژابا لە زانکۆی پیترسبۆرگ دەکات لە ساڵی ١٨٢٤دا. ڕێک لێرەدایە کە ژابا زمانی کوردی لەنێو زمانە ڕۆژهەڵاتییەکاندا هەڵدەبژێرێت و دەخوازێت کار لەسەر ئەم زمانە و ئاخێوەرەکانی بکات. دیار نییە بۆچی ژابا لەنێو ئەو هەمووە زمانانەی ڕۆژهەڵاتی، زمانی کوردی هەڵدەبژێرێت. تۆ بڵێی ئەمە لەبەر خاڵی هاوبەشی نێوان کوردستان و پۆلۆنیا بێت کە هەردووک لەو سەردەمیدا ژێرچەپۆکەی ئیمپراتۆرییەکانی بوون؟ ڕاستییەک کە حاشای لێ ناکرێت هەڵکەوتەی ژێئۆپۆلیتیکی کوردستانە وەک دیوارێک لەنێوان ئیمپراتۆریای ڕووسیا و عوسمانیدا. شک لەوەدا نییە کە کاربەدەستانی بۆرۆی کاروباری دەرەوەی ڕووسیا زۆر هۆگری لێکۆڵینەوە لەسەر کوردەکان بوونە و حەزیان لێ بووە لە دژی عوسمانییەکان کەڵکیان لێ وەرگرن. ئەمەش دواجار بووەتە هۆکارێک بۆ دەستنیشانکردنی زمانی کوردی وەک یەک لە زمانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ خوێندن و لێکۆڵینەوە لە ئەنستیتوی ڕۆژهەڵاتناسیی زانکۆی پیترسبۆرگی ڕووسیا. خوێنەری ڕۆمانەکە لە ڕەوتی خوێندنەوەیدا بەسەر زۆر زانیاریی ورد لەسەر مێژووی پێوەندیی قاجار و عوسمانی و ڕووسەکاندا دەکەوێت و دواتر کارتێکەریی ئەم پێوەندییانە لەسەر ڕەوتی گەشە و گۆڕانکاریی کەسایەتییە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە، واتا ژابا و مەلا مەحمود، و بەستێنی ڕووداوەکان دەبینێت. بۆ نموونە لە ڕەوتی ئەرک و بەسەرهاتەکانی ژابادا دەبینین کە ئەو لە ١٨٢٩دا ڕێی کەوتووەتە حەیفا. هەر لێرەدایە ئەو تووشی خانمێکی ئۆرتۆدۆکس دەبێت بە ناوی ژۆسێفین و دواتر زەماوەندی لەگەڵ دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێوەندیی هاوسەریی لەنێوان کاتۆلیکێک و ئۆرتۆدۆکسێک لە ڕوانگەی بنەماڵەی هەردووک لاوە شتێکی ئیزنپێدراو نییە. بەڵام بۆ ژابایەکی تیژبیری لێکۆلەرەوە و عاشق ئەم لەمپەرانە ناتوانن ڕێگری وەدیهاتنی ئاواتەکانی بن.

لەنێو دیاردەکانی دیکەدا کە گێڕانەوەی بەشەکانی ڕۆمانەکەیان وەئەستۆ گرتووە و زیاتر لەگەڵ کەسایەتیی ئەلێکساندر ژابا شارەزامان دەکەن دەکرێ ئاماژە بە ڕووبارێ دڤینا بکەین. ئەم ڕووبارەیە کە پێمان دەڵێت کەی و چۆن ژابا لە باژێری کراکۆ لەدایک دەبێت. شێوازی گێڕانەوەکە لێرەدا وەک چیرۆکی پەرییانی لێ دێت و زەینی خوێنەر تژی دەکات لە دیمەنی ڕازاوەی جوانی خەیاڵاوی. وەگێڕ لێرەشدا بە کۆڵانەکانی مێژووی پۆلۆنیادا شۆڕ دەبێتەوە و باسی پێوەندییەکانی ئەم وڵاتە لەگەڵ ڕووسیا و بنەما ئایینی و فەرهەنگییە هاوبەشەکانیان دەکات. بۆ ناساندنی زیاتری کەسایەتیی ژابا وەگێڕ شارێکی دیکە، کراسلاڤا، وەدەنگ دێنێت و لە زمانی ئەوەوە پێشینەی زەنگینیی ماڵباتی ژابامان بۆ دەردەخات. کراسلاڤا قسە لە دیرۆکی دابەشبوونی پۆلۆنیا لەنێوان هێزە ناوچەییەکانی سەدەی هەژدەهەمدا دەکات. بابوباپیرانی ژابا سەر بەو پۆلۆنیاییانە بوون کە حەزیان دەکرد کە ناپۆلیۆنی فەڕەنسی لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەهەمدا بەسەر ڕووسیادا سەر کەوێت و بەمجۆرە ببێتە هۆکاری ڕزگاریی پۆلۆنیا لە چنگ ڕووسیا. بەڵام ڕێک بەپێچەوانەوە، لەم شەڕەدا کە پێنج مانگ و دو حەوتوو و شەش ڕۆژ دەخایەنێت ناپۆلیۆن شکست دەخوات و بەمجۆرە ڕووسیا لە جاران بەهێزتر دەبێت و ئەمەش دەبێتە هۆکاری لاوازیی زیاتری پۆلۆنیا لە خەبات بۆ ڕزگاریی خۆی.        

گرفتێک کە لە سەرجەم گێڕانەوەکەدا ئازاری خوێنەری وردبین دەدات هەبوونی هێندێک چەمکی دەکارهاتوو لە ڕۆمانەکەدایە کە ناتوانێت لە چوارچێوەی پارادیگمی گوتارییانەی سەردەمی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانەدا بگونجێت. بۆ نموونە کاتێک مەلا مەحمود پاساو بۆ هاوکاریی خۆی لەگەڵ ژابا دێنێتەوە ئاماژە بە گرنگیی نووسینەوەی مێژووی “نەتەوە” دەکات. ئەو بێ هیچ پێچوپەنایەک کوردەکان وەک نەتەوەیەک ناوزەد دەکات و دەلێت کە دەیهەوێت مێژووی نەتەوەی خۆی بنووسێتەوە و لە کتێبێکدا تۆماری بکات و بیداتە دەست ژابا هەتا چاپ و بڵاو بکرێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە سەرەتاکانی نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەهەمدا پڕۆسەی نەتەوەسازی دیاردەیەکی زۆر نوێ بوو و تەنانەت تورکەکانیش وەک نەتەوەیەک دەئەژمار نەدەهاتن و تەنیا وەک لایەنێکی ئێتنیکیی زاڵی بەڕێوەبەرایەتیی ئیمپراتۆریای عوسمانی بوون. هەر وەک چۆن پێکهاتە و ناوی قەوارە سیاسییەکانی ئەو سەردەم نیشان دەدات هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە هێشتا زۆر دوور بوون لەوەی بە نەتەوە پێناسە بکرێن و ناوی ئیمپراتۆریاکانی قاجار و عوسمانی و ڕووس پڕ بە پێستی شێوازی بەڕێوەبەریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ناسنامەیی ئەو سەردەمە بوون. دەبوایە چەند دەیەی دیکە  تێپەڕ ببا و لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا شۆڕشی دێمۆکراتیکی ڕووسیا لە ١٩٠٥ و شۆڕشی دەستووریی ئێران لە ١٩٠٦ و شۆڕشی تورکە گەنجەکان لە ١٩٠٨دا ڕووی دابا و بنەماکانی سازبوونی نەتەوەی ڕووس و ئێرانی و تورک ساز کرا بان. لەڕاستیدا ئەمە ئاکامی ئەو شۆڕشانەیە کە دواتر شەڕی یەکەمی جیهانی دەبێتە هۆکاری هەڵوەشانەوەی هەر سێک ئیمپراتۆریا لە کۆتا ساڵەکانی دووهەمین دەیەی سەدەی بیستەمدا. پێداگرییەکانی مەلا مەحمود لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی کوردەکان لەو کاتیدا وەک دیاردەیەکی زەمەنپەرێشانە (anachronism) خۆیا دەکات و وێدەچیت زیاتر ویست و ئاواتی نووسەری ڕۆمانەکە بێت هەتا واقیعی سەردەمی مەلا مەحمود. ئەوە بەو مانایە نییە کە هیچ نیشانەیەکی جیاوازیی ناسنامەیی لەنێوان پێکهاتەکانی ئەم ئیمپراتۆرییانەدا لەئارادا نەبووبێت. بەڵام لەڕاستیدا ناسنامەی سەرەکیی گوتارییانەی ئەو سەردەمی بە پلەی یەکەم ناسنامەیەکی ئایینی بووە. هەر بۆیە ئیمپراتۆریای ڕووسیا وەک پێکهاتەیەکی ئۆرتۆدۆکس، ئیمپراتۆریای عوسمانی وەک ناسنامەیەکی ئیسلامی سوننی و هی قاجارەکانیش وەک ناسنامەی ئیسلامی شیعی، دەناسران. ئاگایی ئێتنیکی هێندێک لە پێکهاتەکانی ئەم ئیمپراتۆریانە تەنیا زەمینەیەک بوو بۆ گۆڕانکارییەکانی دواتر و هاتنە کایەی نەتەوەکان لە قەوارەی دەوڵەت نەتەوەکاندا لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا. هێندێک جار قسە و باسەکانی مەلا مەحمود لەگەڵ نەوەکانی، لە کۆتا ڕۆژەکانی ژیانیدا، تا ڕادەیەکی زۆر لە گوتاری سەردەمی خۆی جیاوازن. لێرەدا هەست دەکەی وەگێڕی بەسەرهاتەکان بە شێوەیەکی دەستکردانە باسوخواستێک دەئافرێنێت کە ناتوانێت بەری گوتاری فەرهەنگی و سیاسیی سەردەمی مەلا مەحمود بێت و ئەستەمە بەپێی بەڵگە مێژووییەکان ئەم جۆر و ئاستە لە تێفکرین بسەلمێندرێت.

لە بەشیکی ڕۆمانەکەدا دەستنووسەکە بۆخۆی وەدەنگ دێت و بەسەرهاتی خۆی دەگیڕێتەوە کە چۆن لە ئەرزەرۆم نووسراوە و دواتر بە فایتونێک نێردراوە بۆ ترابزۆن تاکو لەوێوە بنێردرێتە کتێبخانەی قەیسەریی ڕووسیا لە پیترسبۆرگ. خاڵێکی بەرچاوی ڕۆمانەکە گێڕانەوەی پێوەندیی نێوان مەلا مەحمود و ژابا و گەشەی ئەم پێوەندییەیە. دۆستایەتیی ئەم دوو کەسایەتییە زۆر زیاترە لە پێوەندیی پیشەیی ئەوان. ‌هەڵسوکەتی ئەوان زۆر دۆستانە و دلۆڤانانەیە. وێنای دوادیداری بایەزیدی و ژابا نموونەیەکی سرنجڕاکێشی پێوەندییەکی گەرموگوڕ و مرۆڤانەیە. لەو دیدارەدا ژابا چاپی وەرگێڕانی فەڕەنسیی کتێبێکی بایەزیدی بە ناوی ئاداب و ڕسوومی کوردانە کە لە ساڵی ١٨٦٠ لە پیتسبۆرگ چاپ بووە، نیشانی مەلا مەحمود دەدات. هەر لەم دیدارەیدایە کە ژابا تەسبیحێکی تایبەت وەک دیاری پێشکەشی مەلا مەحمود دەکات. دیمەنی ئەو کاتەی مەلا چاوی بە کتێبی چاپکراوی خۆی دەکەوێت پڕە لە سەرمەستی و دڵخۆشی و شاگەشکەبوون. ئەمەش دیاردەیەکی ناسراوە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە بۆ یەکم جار وتارێک یان کتێبێکی خۆیان بە چاپکراوی دەبینن. دەکرێ مرۆڤ دەگمەنیی دیاردەیەکی لەم چەشنە لە ساڵی ١٨٦٠دا زیاتر هەست پێ بکات کاتێک بیر لە چیرۆکی چاپ و بڵاوکردنەوە لە ئیمپراتۆریای عوسمانیدا دەکاتەوە. ئاخر لەبەر هۆکاری ئایینی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دیاردەی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب لەم ئیمپراتۆریایەدا سێسەد ساڵێک لە جیهانی ڕۆژاوا دوا کەوتبوو. ڕەنگە لەنێو هەموو هۆکارەکانی چارەنووسی دواکەوتوویی ئیمپراتۆریای عوسمانی و قاجاردا ڕێگرتنە لە تەشەنەکردن و پەرەگرتنی –دیاردەی چاپ فاکتەرێکی سەرەکی بووبێت.

دوای بیستنی چەندین گێڕانەوە لە زمانی چەندین سەرچاوەوە، وردەوردە لە کۆتاییەکانی ڕۆمانەکەدا وەڵامی چارەنووسی دەستنووسەکە ئاراستە دەکرێت. سێ پیاوی لاز و چەرکەس و ئەرمەنی خەریکی ئاژۆتنی فایتونێکن بەرەو بەندەری ترابزۆن. دەستنووسی گۆرین لە سندووقێکی ڕیکوپێکدا تاقەت کراوە و لەسەر پشتی ئەو تۆربەیەی دەستنووسەکەی تێدایە ئادرێسی کتێبخانەی قەیسەریی ڕووسیا لە پیتسبۆرگ نووسراوە. ژابا لە دوایین ڕۆژەکانی ژیانیدا دەستنووسەکە بەم شێوەیە بۆ شوێنی دیاریکراوی خۆی پۆست دەکات. بەڵام جەخار و مخابن، لە ڕووداویکی دڵتەزێندا هەموو هەوڵەکانی مەلا و ژابا بەفیڕۆ دەچن. فایتونی پۆستەچییان لە ڕێگەدا کاتێک بۆ حەسانەوە لە کاروانسەرایەک ڕاوەستاوە، دەکەوێتە بەر پەلاماری دەستەیەک چەتەی کورد. ئەوان بەشوێن پارە و زێڕ و شتی بەنرخدان. کاتێک دەستنووسی وەرپێچراو لە قوماشێکی سووردا دەبینن، دەپرسن ئەوە چییە. پۆستەچییەکان دەڵێن ئەمە دەستنووسێکی مێژووییە. دەستنووس و مێژوو ئەو پەیڤانەن کە دەبنە هۆکاری قاقای شێتانەی چەتەکان. ئەوان بە نەزانی و بێڕەحمی دەستنووسەکە ئاگر تێ بەردەدەن و بەمجۆرە تراژێدیای گێڕانەوەکە دەگەیەننە لووتکە. دڕدۆنگی و نامۆیی و پەژارەی قووڵی وەگێڕی ڕۆمانەکە لە کاتی گێڕانەوەی ئەم دیمەنەدا تژییە لە ئێش و ئازار. پیشتر مەلا مەحمود لە باس لەگەل نەوەکەیدا لە دەردی هاوکاریی میرانی کورد و دوژمنان دوا بوو. ئەو باسی لە دووبەرەکیی کوردەکان و دوژمنایەتییە هەمەلایەنەکانی ئەوانی لەگەڵ یەکتردا کردبوو. گێڕانەوەی ئەم دەردەکوردە لەبەر ئەوەی لە ئێستاشدا هەر بەردەوامە کارتێکەرییەکی زۆر تێکدەرانەی لەسەر خوێنەری کورد هەیە. هەست دەکەی شتەکان دوای سەدە و نیوێک هەر وەک خۆیان ماون و دووبەرەکیی و دوژمنایەتیی نێوان کوردان هەر لە پەرەئەستاندندا بووە. بۆیە کاتێک مەلا لەگەڵ نەوەکەی قسە دەکات پڕ بە دڵ ئاواتەخوازە کوردەکان لە گرنگیی کتێب و کتێبخانە تێ بگەن:

“خۆزگە کەسێك لە قەومی خۆمان ئاوڕی لەم شتانە دەدایەوە، کتێبخانەیەکی مەزنی لە شارێک لە شارەکانماندا ئاوا بکردایا، تاکو کتێبەکانمان، دەستووسەکانمان لە ونبوون ڕزگار بوونایە.

ئەز چوومە خزمەتی گەلەک میری کورد کوڕی خۆم، لە کۆشکی هیچیاندا ڕەفەی کتێبانم نەدیت. تەنانەت کتێبێکیش. ئەوان تەنیا دەنگبێژیان دەهێنایە جڤاتەکانیان.”[۵]

ئەو دەردەدڵەی باپیرە لەگەڵ نەوەکەیدا دەیکات وێدەچێت هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆش درێژەی هەبووبێت. پرسیار ئەمەیە ئایا دەنگی مەلا مەحمود گەیشتووەتە ئەو دیوی حەوشەی ماڵەکەی خۆی؟ ئایا ئەمە تەنێ باوەڕێکی قەتیسماوی خەیاڵاتی مەلا مەحمود بووە؟ بە باوەڕی من وەڵامی پرسیاری یەکەم ئەرێنییە و هیی پرسیاری دووهەمیش نەرێنی. هەلومەرجی ئێستای کۆمەڵگەی کوردی ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئێمە هێشتا لە پەراوێزی مێژوودا دەژین. لەنێو هەموو هۆکارە جیاوازەکانی ئەم مانەوەیە لە پەراوێزدا، نەبوونی کتێب و کتێبخانە ڕۆڵێکی زۆر سیمبۆلیک و بەرچاویان گێڕاوە.

لێکدانەوە و ئەنجام

جان دۆست لە دەستنووسی پیترسبۆرگدا بە شوێن دۆزینەوەی کتێبێکی ونبووی مەلا مەحمودی بایەزیدیدایە. ئەو سەردانی کتێبخانەی دەستنووسەکانی پیترسبۆرگ دەکات، بەڵام دەستنووسەکە نادۆزێتەوە. بە شوێن سەرچاوە مێژووییەکاندا دەگەڕێت و شوێنپێیەک لە چارەنووسی ئەم کتێبە نادۆزێتەوە گۆیا مەلا مەحمود بە خواستی ئەلێکساندر/ئاگۆست ژابای کۆنسولی ڕووسیای قەیسەری لە ئەرزەڕۆم نووسیوێتی،

وەگێڕی ژیر ناهومێد نابێت و دەڵێت لەوانەیە لە ڕەوتی نووسینی گێڕانەوەکەدا سۆراغێکی دەستنووسەکە بکات. لەڕاستیدا وەگێڕ بە هەڵە نەچووە. ڕاستییەکان لە هەناوی گێڕانەوەکاندا خۆیان حاشار داوە و دۆزینەوەیان ئاکامی لێگەڕانی وردە لەنێو دێڕی گێڕانەوەکاندا. هەرواشی لێ دێت و دواجار بەسەرهاتی دەستنووسەکە ئاشکرا دەبێت. بەڵام بەسەرهاتێکی تاڵ دەبێتە دیاریی گێڕانەوەکە بۆ وەگێڕەکەی. جان دۆست هەر لەسەرەتاوە بە بۆچوونێکی جوانیناسانەی ئەدەبیی بێوێنەوە ناوەکانی ژابا و بایەزیدی تێکهەڵکێش دەکات و مژابادانە پەردە لەسەر بەسەرهاتی دوو کەسایەتیی ئاوێتەکراو، ژابازیدی، لا دەدات،

بەڵام ئاکامی ئەم گێڕانەوەیە و ئەوەی دواجار وەک چارەنووسی دەستنووسەکە ئاشکرا دەبێت، زۆر ئازاربەخشە و دەردەکورد لەو دیو زەمەنی گێڕانەوەکەدا سەری قوت دەکاتەوە و هەمدیسان وەک مۆتەکەیەک دێتە سەر سنگی خوێنەر و تەمای خنکاندنی دەکات. ئەو ڕۆژەی ژابا دەستنووسەکە لە قەدیفەیەکی سووردا دەپێچێتەوە و دەیخاتە نێو سندووقێکی دارین و دەیداتە دەست پۆستەچییان کە لە ئیزمیرەوە بیبەن بۆ بەندەری ترابزۆن و لەوێوە بۆ کتێبخانەی قەیسەریی پیترسبۆرگ، هەموو ئاواتی ئەوە بوو ئەم دەستنووسە مێژووییە دووسەد لاپەڕەییە بگاتە شوێنی مەبەست و ببێتە بەڵگەیەکی سەرەکیی پاراستنی مێژووی کوردان لە دوای شەڕەفنامەکەی خانی بتلیسی. بەڵام سەد مخابن ئەو ئاواتەی مەلا مەحمود و هاوکارە پۆلۆنییە زاناکەی، ژابا، هەرگیز وەدی نەهات. سێ ڕێگری کورد پێش بە فایتونی پۆستە دەگرن و ڕووتیان دەکەن. کاتێک شتی دڵخوازی خۆیان نادۆزنەوە دەست بۆ پۆستەکان و دەستنووسەکەی مەلا مەحمود دەبەن و دەپرسن “ئەوانە چین”. پۆستچییە چەرکەس و لاز و ئەرمەنییەکە وەڵام دەدەنەوە ئەوە “پۆستە”ن و دەستنووسی “مێژوو”یین. ڕێگرە کوردەکان بە سەریاندا دەقیژێنن و دەنەڕێنن، “پۆستە چییە؟” و “مێژوو چ گوویەکە؟” دواجار بەدەم گاڵتە و شیڕەشیڕەوە، دەستنووسەکەی مەلا دەسووتێنن و خۆی لەبەر گەرم دەکەنەوە.

ئەمە وەڵامی تاڵی گێڕانەوەیە بە وەگێڕێک کە ڕووبار و شار و مزگەوت و گوڵ و دار و کتێب و فایتون و دەنگۆ و بەڵگە و عەردوئاسمان دەخاتە خزمەت گێڕانەوەی بەسەرهاتی کتێبی مێژووی کوردان لە نووسینی مەلا مەحمودی بایەزیدی. پرسیار ئەوەیە ئایا ئەمە بە ڕێکەوتە کە نزیکەی سەد و پەنجا ساڵێک بەر لە ئێستا لاز و ئەرمەن و چەرکەس پۆستچی بن و ڕێگرەکانیان سێ کورد کە بە نەزانیی خۆیان گرنگترین بەڵگەی مێژووی کوردان لە دوای شەڕەفنامە لەنێو بەرن؟ لەبیرمان بێت ڕاستییەکی تاڵ لێرەدا خۆی حاشار داوە. شەڕەفخان مێژووی کوردانی بە زمانی فارسی نووسی و مەلا نزیکەی ٢٥٠ ساڵ دواتر وەری دەگێڕێتە سەر زمانی کوردی. دواتر ڕووداوەکانی مێژووی کوردستان لە مەودای زەمەنیی نێوان کتێبەکەی شەڕەفخان و سەردەمی خۆیشی بە کوردی دەنووسێتەوە. شەڕەفنامەی بە فارسی نووسراو ئێستایش ماوە و مێژووە کوردییەکەی مەلا مەحمود بۆ هەمیشە تێدا چوو. چ مێژوویەکی تاڵە ئەم بەسەرهاتە!

جان دۆست لەم ڕۆمانەشدا وەک هەموو ڕۆمانەکانی دیکەی دەتوانێت سەرەدمێکی مێژوویی بۆ خوێنەری ئەمڕۆی کورد زیندوو بکاتەوە. خوێندنەوەی من لە سەرجەم ڕۆمانەکانی جان دۆست نیشان دەدات کە هەتا مەودای ئێستا و بەسەرهاتە مێژووییەکانی ئەو دەیان گێڕێتەوە زیاتر دەبێت، واقیعبینیی ئەو زیاتر دەبێت و تێوەگلان لە هەلومەرجی سیاسیی ڕۆژانە نابێتە هۆکاری دەمارگرژی سیاسی و ئایدۆلۆژییانەی نووسەر. بەراوردێکی خێرا لەنێوان ئەو ڕۆمانانەی لە کاتی ژیانی نووسەر نزیکن و نووسەر بۆ خۆی ئەزموونی کردوون لەگەڵ ئەو ڕۆمانانەی باس لە سەردەمی کۆنتر دەکەن، نیشنا دەدات نووسەر لە ڕۆمانەکانی دەستەی دووهەمدا سەرکەوتووترە. ئەمەش ئەم باوەڕە جێگرتووەی تیۆری ئەدەبی دەسەلمێنێت کە دەبێ لەنێوان سەردەمی نووسەر و ڕۆمانی مێژووییدا زەمەنێکی بە لانی کەم بیست و پێنج ساڵی هەبێت. بە باوەڕی من میرنامە، عەشیقی وەرگێڕ، زەنگەکانی ڕۆما، مارتینی بەختەوەر، سێ هەنگاو و سێدارەیەک و دەستنووسی پیتسبۆرگ لە بواری ئافراندنەوەی مێژووییەوە زۆر کاریگەرترن لە ڕۆمانەکانی مژاباد، خوێنێک بەسەر منارەوە، کۆبانی و عەفرین ڕێرەوی ئارام.[۶] بەدەر لە شوێنپێی هێندێک دیاردەی زەمەنپەرێشانە (anachronism) ڕۆمانە مێژووییەکانی جان دۆست دەروازەیەکی ئەدەبیی پڕبایەخن بۆ چوونە نێو داڵانەکانی مێژووی کورد.

ناکرێ قسە لەسەر ڕۆمانەکانی جان دۆست بکەی و ئاماژە بە ڕۆڵی کاریگەری مامۆستا سەباح ئیسماعیل نەکەی. لەڕاستیدا توانایی گێڕانەوەی جان دۆست بەبێ هەبوونی وەەرگێڕانە ڕەوان و ناسکوێژ و بێ گرێوگۆڵ و هەمەڕەهەندەکانی سەباح ئیسماعیل، هەرگیز بۆ خوێنەری کوردیی ناوەندی/ناوەڕاست/ناوین/سۆرانی دەر نەدەکەوت. پێشوازیی بەرچاوی خوێنەری کورد لە ڕۆمانەکانیی جان دۆست، تا ڕادەیەکی بەرچاو کاریگەریی قەڵەمی سەباح ئیسماعیلە.  

دەستنووسی پیترسبۆرگ تەنێ گێڕانیەوەیەکی ئەدەبیی مێژوویی چێژبەخش نییە. دەستنووسی پیترسبۆرگ لەڕاستیدا هەڵگری تایبەتمەندییەکی سەرەکیی هونەری گێڕانەوەیە کە تێیدا مرۆڤ دەتوانێت شوێنپێی شتە ونبووەکان هەڵ بگرێت و بە یارمەتیی فانتێزیا و تێکهەڵکێشکردنی واقیع و خەیاڵ بیاندۆزێتەوە، یان لانی کەم بزانێت چیان بەسەر هاتووە.    

داگرتنی PDF

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ بەشێک لە ئاڵۆزییەکانی کتێب و وتاری کوردی