خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «پێشەکییەک لەسەر مەقامەکانی مۆسیقای کوردی» بڵاوکرایەوە

کتێبی «پێشەکییەک لەسەر مەقامەکانی مۆسیقای کوردی» بڵاوکرایەوە

کتێبی «پێشەکییەک لەسەر مەقامەکانی مۆسیقای کوردی» بڵاوکرایەوە

شارام کەمانگەر

ژمارەی ئەو کەسانەی بە دوای فێربوونی مۆسیقای کوردیدا دەڕۆن زۆرن، بەڵام نەبوونی بنەمایەکی زانستیی بۆ فێربوونی مۆسیقای کوردی، بەردەوام وەکوو بەربەستێک لە بەر دەم ئەم فێرخوازانە بووە. نەبوونی بنەما و کتێبی ئاکادێمیکی مۆسیقای کوردی، بووەتە هۆی ئەوەی لایەنگرانی یان بە شوێن مۆسیقای گەلانی تردا بڕۆن و بەرهەم و هونەری ئەوان دەوڵەمەند بکەن، یان بە تەواویی هیوایان بە مۆسیقای زانستیی کوردی نەمێنێت و لێی دوور کەونەوە. ئێمەی گەلی کورد دەبێت پاراستنی کەلتوور و کەلەپووری نەتەوەی خۆمان بەردەوام لە بەر چاومان بێت و بۆ مانەوە و دەوڵەمەندکردنی مۆسیقای کوردی، وەکوو بەشێک لەو کەلتوورە، هەوڵ بدەین؛ جا چیمان پێ‌ دەکرێت زۆر و کەمی گرینگ نییە، بەڵکوو ئەوەی گرینگە کۆکردنە و لێکۆڵینەوە لەسەر بنەماکانی مۆسیقای کوردی و پاراستتنی لە فەوتان و نەمانە. ئەم کتێبەش هەوڵێکە لە لایەن نووسەرییەوە بۆ ئاشناکردنی فێرخوازی مۆسیقای کوردی و نووسەریش لەم کتێبەدا ئەوەی کە توانیبێتی هێناویە و هەوڵی داوە بابەتەکان بە شێوەیەکی کورت و لە هەمان کاتیشدا هەمەلایەنە شی بکاتەوە. پێش پۆلێنبەندیی و باس لەسەر مەقامەکان، وەکوو پێویست چەند خاڵ سەبارەت بە بارودۆخ و بە‌سەرهاتی مۆسیقای ئێمەی کورد و گەلانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەبێت ڕوون بکرێنەوە:

١. مۆسیقای کۆنی کوردی لە سەر چوار پلەی دەنگیی پێک ‌هاتووە کە لە زمانی کوردیدا «ڕەگەز» یان «چواریلە»، لە عەرەبیدا «جنس» و لە زمانە لاتینەکاندا «تێتراکۆرد»ی پێ ‌دەوترێت و هەروا کە دواتر باسی دەکەین، جیاوازیی مۆسیقای ڕۆژهەڵاتی ناوین و ڕۆژئاوا لە ژمارەی پلەدەنگییەکاندایە، کە لە ڕۆژئاوا لە هەشت پلەی دەنگیی پێک‌ دێت و ناوی «گام»ـە. بۆ نموونە پلە‌دەنگییەکانی مەقامێکی وەکوو ڕاست (کە چوار پلەی دەنگیی هەیە) بەم شێوەیە دەبێت: «دۆ، ڕێ، می، کاربیمۆل، فا». لە چواریلەی دووهەمدا لە سەر هەمان مەقامی ڕاست، پلە‌دەنگییەکانی مەقامێکی ترمان هەیە و ناوی نەهاوەندە، بەڵام پێکەوە مەقامی ڕاستی پێ ‌دەوترێت، لەبەر ئەوەی چواریلەی یەکەمی لە سەر پلە‌دەنگییەکانی مەقامی ڕاست دانراون و لە کۆنەوە مەقامی ڕاست بە ئەم پلەدەنگییانە ساز بووە. ئەگەر دوای پلەی چوارم، چواریلەیەکی تر جیا لە دوو چواریلەی ڕاست بێت، ناوی مەقامەکە ئیتر ڕاست نییە. بۆ نموونە ئەگەر چواریلەی یەکەم ڕاست بێت و چواریلەی دووەم حیجاز بێت، ناوی مەقامەکە «سۆزناک»ـە. بەپێی ئەم بنەمایە کە باس کرا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا بەم شێوەیە باسی زانستیی و تیۆریکی مۆسیقای کوردی دەکەن و هەروا کە دیارە، جیاوازیی هەیە لەگەڵ ڕوانینێک کە لە ڕۆژئاوادا بە بابەتی تێۆریکی مۆسیقا هەیە. هەر بەم بۆنەوە دەبێت ئاگاداری ئەوە بین کە خوێندن و فێربوونی تێۆری مۆسیقای ڕۆژئاوا پێویست و کاریگەرە، بەڵام بە لە بەر چاو گرتنی جیاوازییەکانی ئەم دوو مۆسیقایە.

٢. جیاوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردەواریدا لەوە‌دایە کە زۆربەی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە بۆ فێربوونی مۆسیقا بە شێوازێکی زانستیی، چاویان لە مۆسیقای فارسییە و پێش لە مۆسیقای خۆیان فێری مۆسیقای فارسی دەبن. بەو بۆنەوە لە بواری تیۆری و زانستیی مۆسیقای کوردییەوە تووشی هەڵە دەبن و مۆسیقای فارسی وەکوو بنەما دەبینن و مۆسیقای خۆیان بەپێی ئەو بنەمایانە هەڵدەسەنگێنن. بێگومان ئەگەری ئەوەش هەیە فێرخوازێکی مۆسیقای کوردی بەو ئاکامە بگات کە گەلی ئێمە بەپێچەوانەی گەلانی تر، خاوەنی مۆسیقایەکی زانستیی نییە و دوای ماوەیەک واز لە فێربوون و بەدواداچوونی مۆسیقای کوردی بێنێت. هەروەها دەبێت ئەوەش بزانین کە لە نێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، هەموویان مۆسیقای خۆیان لە سەر مەقام داناوە و تەنیا لە ئێراندایە کە مۆسیقای زانستیی لە سەر کۆمەڵێک مێلۆدی گەلانی نێو ئەو وڵاتە ساز کراوە و ناوی «ردیف»یان لێ ‌ناوە و بۆ خۆشیان نازانن چۆن وای لێهاتووە و سەرچاوەی پێکهاتنی ئەم مێلۆدییانە بۆ کوێ دەگەڕێتەوە. ئەڵبەت شایانی باسە کە بەشێکی زۆری ئەم مێلۆدییانە لە هێندییەکان، بەلووچەکان، باکووری ئێران و ناوچەی زاگرۆس وەرگیراوە و ئەو مێلۆدییانەی ڕیشەیان لە زاگرۆسدایە بە ڕوونی دیارن ، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت سەرچاوەی زۆرێک لەو مێلۆدییانەی کە ئێستا بە مۆسیقای ئێرانی ناوی لێ ‌دەبەن دیار نییە. هەروەها دەبێت ئەمەش بڵێین کە بەپێچەوانەی ئەو باسانە کە دەکرێت و ئەو هەوڵانە کە بۆ سەلماندنی دەدرێت، مۆسیقای ئێمەی کورد لە مۆسیقای ئێرانەوە زۆر نزیک نییە، بەڵکوو لەگەڵ مۆسیقای ئەو وڵاتەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوین لێکچوونیان زۆرترە و پێکەوە یەک بنەماڵەی مۆسیقایی پێک‌ دێنن.

٣. مۆسیقای کوردی لە سەر مەقام بنیاد نراوە؛ گۆرانیبێژ و ژەنیاری کورد بەپێی مەقامە دیاریکراوەکان مەقامیان خوێندووە، سازیان ژەندووە، گۆرانی و مێلۆدی جۆراوجۆریان دروست کردووە و لەم ڕێگاوە هەستی خۆیان دەربڕیوە؛ بەڵام ئێستا و لە دنیای ئەمڕۆدا پێویستە ئێمەی کوردیش وەکوو وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ڕوانگەی تیۆریی مۆدێرنەوە بۆ مۆسیقی خۆمان بڕوانین.

 بنەمای زانستیی مۆسیقای کۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا و بڵاوبوونەوەی فۆرم و شێوازی ئەو مەقام و مێلۆدییانە بەم شێوە کە ئێستا ماون دەگەڕێتەوە بۆ «زەڕیاو»، کە ژەنیاری عوود و لە کوردەکانی شاری مووسڵ بووە و لە سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکان (٧٨٨ز، ٢٤٦ق) دەچێتە بەغداد. لەو سەردەمە بەدواوە ئەم مەقامانە وا باسیان دەکەین بە «مقامات الزریاب» دەناسرێن و ماوەی کەمتر لە سەد ساڵە لە لایەن موزیسیەنە ڕۆژهەڵاتییەکانەوە گۆڕدراوە بە «مەقاماتی عەرەبی».

 زەڕیاو دوای ماوەیەک ناچار دەبێت لە بەغداد هەڵبێت و ڕێگەی غەریبیی بگرێتە بەر و سەرەتا دەچێتە باکووری ئەفریقا و دوایی ئێسپانیا و لەو دوو جێگەیەدا موزیک و مێلۆدییەکانی دەڤەری خۆی بڵاو دەکاتەوە و لەبەر ئەوەی ژەنیارێکی زۆر بەتوانای ئامێری عوود بووە، دەتوانێت لەم وڵاتە پەرە بە ئامێری عوود بدات و دوایی ئامێری لووت و گیتار لە وڵاتانی ئەورووپی، بە کەڵک وەرگرتن لە عوودی زەڕیاو، دروست دەبێت و تاکوو ئێستاش بە شێوازێکی مۆدێرن لە نێو خەڵکدا ماونەتەوە. هەروەها کە لە سەرەوە ئاماژەی پێ‌ درا، ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە وڵاتانی عەرەبیدا دەستەواژەی «مەقامی زەڕیابی» لە نێو خەڵک و تەنانەت موزیسیەنەکاندا بە کار دێت و زۆر بە دەگمەن لە «مەقامی عەرەبی» کەڵک وەردەگرن. لە ماوەی ئەم چەند سەدەیە و دوای ئەوەی زەڕیاو مەقامەکانی پۆلێنبەندی کرد، ناوی هەندێک لە مەقام و مێلۆدییەکان گۆڕدراون، بەڵام زۆربەی ئەو مەقامانە ئێستاش ناوە کۆنەکانی خۆیان پاراستووە، بۆ نموونە یەک‌گا، دووگا، سێ‌گا، ڕاست و هتد. هەموو خەڵکی ئەم ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوینە لە مۆسیقای ئێمە کەڵکیان وەرگرتووە و بنەمای زانستییان بۆ مۆسیقای گەلی خۆیان پێکهێناوە و تەنیا گەلی کوردە کە هێشتا لە هەنگاوە سەرەتاییەکاندایە؛ بۆیە ئێمەی کوردیش دەبێت لە ڕێگەی زانستییەوە فێری مۆسیقای خۆمان بین و هەوڵ بدەین ئەم باسانە بگوازینەوە بۆ کۆڕە ئاکادێمیکەکان و زانستگاکانمان.

 کتێبی الادوار فی الموسیقی سەفییەدینی ئۆرمەوی (١٢١١ز، ٦١٣ق) کە بە ڕەگەز کوردە و ئەویش وەکوو زەڕیاو لە کاتی دەسەڵاتی عەباسییەکاندا دەچێتە بەغداد و ئەم کتێبە و کتێبێکی تریش بە ناوی رسالە الشرفیە بە زمانی فەرمیی ئەو کات، واتە عەرەبی، دەنووسێت. پێش لە ئۆرمەوی چەند کەسێکی تر وەکوو فارابی، کتێبیان لە سەر بنەمای مۆسیقای ڕۆژهەڵات نووسیوە و ئەگەر بۆ دواتر، واتە سەردەمی هاتنی ئیسلام و پێش لەوە، بڕوانین، لە سەردەمی شارستانییەتی ساسانییەکاندا، هیچ کتێب و بەڵگەیەکمان سەبارەت بە مۆسیقی کە بە شێوەیەکی جیددی لەسەر ئەم بابەتە باسی کردبێت، لە بەر دەستمان نییە و دیارە بە هاتنی ئیسلام و لەبەر هۆکارە جۆراوجۆرەکان فەوتاون و لە ناو چوون. بەڵام ئەو دوو کتێبەی لە سەرەوە ناو بران، لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناویندا وەکوو تیۆرییەکی بنەڕەتیی چاوی لێ ‌دەکرێت و لە سەرچاوەکانی بەشی مۆسیقای کۆن و کلاسیکی زانکۆوەکانی ئەم وڵاتانەن. ئەڵبەت لە ئێراندا بەپێچەوانەی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە ئەو چەشنە لە دابەشکارییە، کە خۆیان «ردیف موسیقی ایران»ی پێ‌ دەڵێن، بە بنەڕەت دادەنێن و چە لە بەشی ژەنیاریی و چە لە ئاوازدا، ئەم پۆلێنبەندییە ڕەچاو دەکەن.

٤. لە ئەم بارودۆخەی ئێستای مۆسیقی کوردیدا گرینگ و پێویستە بزانین کە فۆرم و مەقام و تەنانەت مێلۆدییە کۆنەکانمان لە سەرتاسەری کوردەواریدا، ڕێک هەمان فۆرم و مەقام و مێلۆدییانەن کە سەفییەدینی ئۆرمەوی و زەڕیاوی مووسڵی دەیبەنە بەغداد و دواتر بە مەقاماتی بەغدادیش ناوبانگ دەر دەکات و باشترە ئێمەش لە ئەو دابەشکارییە کەڵک وەربگرین. پێویستە ئاماژەش بەم خاڵە بدەین کە تەواویی مۆسیقای کوردی لە بەر دەست نییە و ئەو دەنگبێژ و مەقامبێژانە وا هەلیان بۆ ڕەخساوە و توانیویانە لە ئێستدیۆی ڕادیۆکانی عێراق و ئێران و تورکیە و ئەرمەنستان و باقی وڵاتەکان دەنگی خۆیان تۆمار بکەن، بەشێکی زۆر بچووکن لە سەدان دەنگبێژ و هونەرمەندی کورد کە لە ناوچە جیاکانی کوردەواری، دەنگی گۆرانی و مێلۆدیی ڕەسەنی کوردیی تایبەت بە ناوچەی خۆیان بڵاو کردووەتەوە و ئەوەی ئێستا لە بەر دەستی ئێمەدایە تەنیا دەنگی ئەو دەنگبێژانەیە کە شانسی تۆماریان‌بوونیان، ئەوەش بە کوالیتییەکی نزمەوە بووە؛ بەڵام پێویستە هەر ئەمانەش لە سەر بنەمایەکی نوێ و مۆدێرن بۆ ئێستا و داهاتوومان بپارێزین.

مۆسیقای کوردەواری زۆر ڕەنگینە و ئەمەی کە وا لەم کتێبەدا هاتووە تەنیا دەستپێکێکە بۆ فێربوونی لقە گرینگەکانی مۆسیقای کوردی و ئەوەی ئێستا خەڵکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین خۆیان بە خاوەنی دەزانن تەنیا بەشێکە لە مۆسیقای کوردی کە توانیویانە لاسایی بکەنەوە؛ چونکە بە خۆشحالییەوە و لەبەر هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی مەقامەکان، زۆر مەقام و فۆرمی مۆسیقامان هەیە کە نەیانتوانیوە بیخوێنن و بیکەن بە مڵکی خۆیان. بۆ نموونە؛ هۆرە، سیاچەمانە، مۆر، بەیت، لاوک و حەیران، کە هەر یەکیان بە دەیان لق و شێوازەوە ئێستاش ماون و تایبەتمەندیی و فۆرمی هەمووشیان بە شێوەیەکە کە تەنانەت خوێندنیان بۆ گۆرانیبێژە کوردەکانیش کارێکی زەحمەتە. بۆ نموونە کوردێکی باشووری کوردستان دەتوانێت هۆرە و مۆر باش بخوێنێت، یان لاوک لە باکووردا باشی لێ ‌ئەزانن و سیاچەمانە بۆ کوردی هەورام و جاف وەکوو قسەکردن هاسانە، بەڵام کوردێکی باکووری کوردستان ناتوانێت هۆرە و سیاچەمانە بخوێنێت و خوێندنیان تایبەت بە ناوچەیەکی دیاریکراوە.

٥. پێویستە ئاماژە بەم خاڵە بدەین کە زۆربەی مەقامە بنەڕەتییەکانی کوردی‌، بە چەند شێواز بوونیان هەیە و میانەدەنگییەکانی ئەو مێلۆدییانە لە ناوچەکانی کوردستان یەک جۆر نین؛ بەڵام دەبێت بە لە بەر چاو گرتنی جیاوازییە بچووکەکان، وەکوو پێوەر بنەمایەک بۆ شرۆڤەی مەقامەکان ڕەچاو بکەین. کێشەی سەرەکیی مۆسیقای کوردی لە بەشی فێرکاریدا ئەوەیە کە هێشتا بۆ بنەما گەورەکانیش خاوەنی رێپۆرتوارێکی زانستیی نییە و بەو هۆیەوە نووسەر وەکوو ئەرکێکی تایبەت زۆرتر چاوی لە بنەما سەرەکییەکان بووە. ئەم شێوە ڕوانینە بە مانای بێبایەخ زانینی جیاوازییە زاراوەییەکانی مۆسیقای کوردی نییە، بەڵکوو باشتر ئەوەیە ئەم شێوازە وەکوو دەلاقەیەک چاو لێ‌ بکەین بۆ فێربوونی هاسانتری بنەڕەتەکانی مۆسیقا کوردی و دوایی بڕۆین بە دوای جیاوازیی لەحن و زاراوەکاندا. بۆ نموونە لاوک و حەیران و سەفەر و چەند لقێک لە هۆرە و مۆر و سیاچەمانە و ئۆرفا، لە سەر ڕەگەزی مەقامی بەیات پێک ‌دێن و بمانهەوێت زانستیی باسی لێ ‌بکەین، دەبێت لە دەستپێکدا گرنگیی بە فێربوونی مەقامی بەیات، وەکوو ڕیشە و بنچینەی مەقامەکە بدەین و دوایی باسی لق و پۆوەکانی بکەین.

٦. خاڵێکی تر کە دەبێت باسی لێ ‌بکرێت ناوی مەقامەکانە. چۆنیەتی هەڵبژاردنی ناوی زۆربەی مەقام و مێلۆدییەکانی مۆسیقای کوردی ڕوون نییە؛ بۆ نموونە کاتێک کوردێک ناوی مەقامی «حیجاز» دەبیستێت، بیری بۆ وڵاتی سعوودیا دەڕوات، لە حاڵێکدا ناتوانین هیچ پێوەندییەک لە نێوان ئەو مەقامە و ئەو وڵاتە بدۆزیننەوە. لە لایەکی ترەوە پێویستە ئەوەشمان لە بیر نەچێت کە ناوی مێلۆدی و مەقامە کوردییەکان گۆڕینی زۆریان بە سەردا هاتووە و مەقامی وامان هەیە تەنانەت لە کوردەواریدا چەندین ناوی هەیە. بۆ نموونە مەقامی «سەفەر» کە ڕێک لە سەر پەیژە و پلەکانی بەیاتە، بەڵام شێوازی خوێندنی لە ناوچەی شارەزوور و ئەو دەڤەرە لەحن و تامێکی جیاوازی هەیە، بەلام لە سلێمانی «سەفەر»ی پێ ‌دەڵێن و هەروەها مەقامی حیجازیش کە لە باشوردا «نیوەشەو»ی پێ دەڵێن، یان مەقامی هیجرانی لە تەموورەدا کە بە مەقامی ئەڵڵاوەیسییەوە دەست پێدەکات. لە ڕاستیدا چۆنیەتی هەڵبژاردنی زۆربەی ئەم ناوانە ڕوون نییە و لەوانەیە ناوی تریان بووبێت و ڕەنگە لە سەردەمێکدا ئەو ژەنیارەی وا لە بارەگای پاوشایەک بووە بۆ دڵی پاوشا و دەسەڵاتدارەکان ناوێکی تری لە مێلۆدییەکان نابێت. ئەگەری ئەوەش هەیە هۆکاری دیکەشیان بووبێت کە ئێستا لە ئێمە ڕوون نییە.

 ٧. هەندێک لە مەقامەکان وەکوو بەیات و نەهاوەند لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لق‌وپۆ و شێوازی ژەندن و خوێندنی زۆریان هەیە، بۆیە لەبەر تێکەڵ نەبوونیان و بۆ هاسان‌کاریی، لە دەقی ئەم کتێبەدا مەقامە سەرەکییەکان بە مەقامی «دایک» و باقی شێوازە جیاکان بە ناوی تایبەتی خۆیان ناویان هاتووە.

۸. پولێنبەندیی و نۆتاسیونی مەقامەکانی مۆسیقا لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا لە لایەن دوو ڕۆژهەڵاتناسی فەرانسییەوە کراوە. یەکەمیان بارۆن ڕۆدۆڵف[۱]، کە ۱۹۴۹ لە توونس و میسردا مەقامە ڕۆژهەڵاتییەکانی لە سەر نۆت و پەیژەی زانستیی بە شێوازی ڕۆژئاوایی نووسیوە؛ بە واتایەکی تر شرۆڤەیەکی زانستیی لە سەر کتێبی «الادوار»ی سەفییەدین ئۆرمەوی کردبوو. هەروا کە پێشتر ئاماژەی پێ ‌درا، سەرجەم ئەو باسانەی لە وڵاتانی عەرەبی و تورکی و فارسیدا لە سەر مۆسیقی دەکرێت و وەکوو بنەمای فێربوون جێگیر بوووە لە زەڕیاوەوە وەرگیراوە و دواییش ئۆرمەوی لەو کتێبانەی وا ناو بران پەرەیان پێ ‌دەدات. بەداخەوە و لەبەر چەند هۆکارێک ناوی مەقامی عەرەبی لێ‌ نراوە و جیهانی ڕۆژئاواش تا ئێستا بەو ناوەوە دەیناسن.

۹. باس لە سەر مەقامەکان لەم کتێبەدا لە سێ بەش پێکهاتووە؛ بەشی یەکەم باسی تێۆری مەقامە و بەشی دووهەم شرۆڤەی لە سەر ئامێری عوودە و لە بەشی سێهەمدا نموونەی نۆتی مەقامەکان لە نۆتاسیۆنی بارۆن ڕۆدۆلف بۆ ڕاهێنان و ئاشنابوونی خوێنەری ئەم کتێبە وەکوو تەنیا نموونە نۆتی مەقامەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا هێنراوە.

ژان دوورینگ[۲] دووهەمین نووسەرێکە کە لەسەر نۆتاسیۆنی مۆسیقای ڕۆژهەڵاتی ناوین بەتایبەت مۆسیقای ئێران، ئەوەی کە ئێستا بە مۆسیقای نەتەوەیی ئێران و لە ژێر ناوی «ردیف موسیقی ایران» دەناسرێت، کاری کردووە. ئەو مێلۆدییانەی ژان دوورینگ کۆی کردووەتەوە بە زۆرینە ئەوانەن کە لە سەردەمی دەسەڵاتی قاجارەوە لە ئێراندا باو بووە و بە ئامێری «تار» لە لایەن عەلی‌ئەکبەری فەراهانی و کوڕەکانی و دوایی قوتابییەکانی دەژەندرا و لەبەر ئەوەی فەراهانی خۆی ژەنیاری پاوشای قاجار بوو، کۆمەڵێک مێلۆدیی ئەو سەردەمەی دەسەڵاتی قاجارەکانی تێدایە و زۆربەی ئەو مێلۆدییانە بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوین، تەنانەت موزیسیەنە ئێرانییەکانیش نامۆن و تەنیا فارسەکان بایەخی پێ ‌دەدەن و ئەگەر بە وردی چاوی لێ‌ بکەین، شوێن پێی هەندێک مەقام و مێلۆدیی کوردی پێوە دیارە؛ لەوانەیە مەقامی قەتار و بەیاتی کورد و دەشت و هەندێک مەقامی تەموورە لە مۆسیقای کوردە یارسانەکان. خاڵێکی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لە ئێرانیشدا تیۆری کۆن و بنەڕەتیی لە سەر مەقامەکانی زەڕیاو و کتێبەکانی ئۆرمەوییە؛ بەڵام لە بەشی ژەندن و ئاواز خوێندندا دەچنە سەر ئەو شتەی وا باس کرا و ئێستا بە نێوی ڕەدیفی مۆسیقای ئێران ناسراوە و بەداخەوە زۆربەی کوردی رۆژهەڵاتیش لە سەر هەمان ڕێپۆرتوار کار دەکەن.

کتێبیەکەی بارۆن ڕۆدۆڵف ئەگەرچی لە ژێر ناوی مۆسیقای عەرەبی‌ نووسراوە، بەڵام هەر ئەو جۆرە کە لەم پێشەکییەدا باس کرا، لە سەر هەمان مەقام و مێلۆدییە کۆنانەی زاگرۆس و مێزۆپۆتامیا نووسراوە کە لە لایەن زەڕیاوەوە پەرەی پێ ‌درا و دواتر ئۆرمەوی کردی بە نووسرراوە و لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا بڵاو بوونەوە و ئێستاش هەموو وڵاتانی ئەم دەڤەرە لە سەر ئەو مەقامانە مۆسیقای نەتەوەیی خۆیان ساز کردووە و کەڵکی لێ‌ وەردەگرن.

 دیارە ئێمەی کورد ئەگەر بمانهەوێت ڕێپورتوارێک فەرمیی بۆ مۆسیقای خۆمان دابمەرزێنین، دەبێت پێش لە هەموو شتێک بیر لە ڕیشە و ڕەگەزی مۆسیقای نەتەوەی خۆمان بکەین و بە باشی بیناسین، بەو بۆنەوە لەم کتێبەدا و لە دوای شرۆڤەی هەر مەقامێک، نموونەی نۆتی مەقامەکە (وەرگیراو لە کتێبەکەی ڕۆدۆڵف) بۆ شیکاری زۆرتر هێنراوە.

۱۰. هەمووان دەزانن هیچ کتێبێک بێ‌ کێشە نییە و هەر بەرهەمێک کەم‌وکۆڕی تایبەت بە خۆی هەیە، بۆیە بە سپاس و پێزانینەوە لە خوێنەر و بەردەنگی ئەم کتێبە داوا دەکرێت هەر ڕەخنە و پێشنییارێکیان هەیە، پێمان ڕابگەیەنن[۳].

لە نووسینی ئەم کتێبەدا هاوڕێیان سەحەر موعێزی، ئومید حسەینی و کارزان سەنایی زەحمەتیان کێشاوە کە لێرەوە دەستخۆشییان لێ دەکرێت.

_____________________

[۱]. Baron Rodolphe

[۲]. Jean During

[۳]. Sharamkamangar4@gmail.com

داگرتنی تەواوی بابەتەکە

 

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ڕۆمانی «چوار وەرز و ساڵێک» بەرهەمی خالق تەوەکولی بڵاوکرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *