خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ رۆمانی سه‌لارخان
به‌كر ده‌روێش
جاری واهه‌یه رۆمانێك ته‌نیا چه‌ند كه‌سێك ده‌یخوێننه‌وه، هی واش هه‌یه به سه‌دان و هه‌زاران ده‌یخوێننه‌وه و پێی سه‌رسام ده‌بن، ئه‌و شته چییه وا ده‌كات پێی سه‌رسامبن، خاڵی هاوبه‌ش چییه كه ئه‌و هه‌موو خوێنه‌ره له ده‌وری خۆی كۆده‌كاته‌وه؟ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م خاڵه زۆر گرنگه، چونكه ئه‌وه خاڵی به‌هێزی ئه‌و رۆمانه‌یه، هه‌ڵبه‌ت هه‌ر رۆمانه و خاڵێك یان چه‌ند خاڵێكی به‌هێز و جوانی هه‌یه، دۆزینه‌وه‌یان ئه‌ركی خوێنه‌ری جدی و ره‌خنه‌گری به ئه‌زموونه، به هه‌مان ئاڕاسته‌شدا ده‌توانرێ خاڵه لاواز و ناشیرینهكانیش دیاری بكرێ، ئه‌مه وا ده‌كات كاری جوان و باش له كاری لاواز و ناشیرین جیا بكه‌ینه‌وه، به‌م جیاكارییهش هه‌ركه‌س و پاداشتی خۆی وه‌رده‌گرێ.
چونیه‌تی خوێندنه‌وه‌ی رۆمانه‌كه
له‌م رۆژانه‌دا رۆمانی سهلارخانم خوێنده‌وه، ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه وای لێكردم ئه‌م كورته وتاره‌ی له‌سه‌ر بنووسم، نووسینێك ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و چێژه بێت كه وه‌ك خاڵێكی به‌هێز و جوانی خوێندنه‌وه پێتی ده‌به‌خشێ، ئه‌مه خوێندنه‌وه‌یه‌كی ره‌خنه‌یی نییه بۆ شیكردنه‌وه‌ی بونیادی هونه‌ری رۆمانه‌كه، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی كاردانه‌وه‌یه‌كه له‌سه‌ر كارتێكردنی ئه‌ده‌ب له‌سه‌ر خوێنه‌ر، بۆیه زۆر به قووڵی ناچمه ناو ورده‌كارییه‌كانی رۆمانه‌كه‌وه، چونكه ئه‌مه پێویستی به‌لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه، كه لێره‌دا جێگای نابێته‌وه، ته‌نیا بایه‌خی زیاترم به زمان و رۆڵی زمانداوه له‌م رۆمانه‌دا، چونكه پێموایه ده‌كرێ له‌م رێگایه‌وه كه‌م و زۆر لایهنهكانیتریش هه‌ڵسه‌نگێنین، چونكه زمان به‌شی هه‌ره گرنگی هونه‌ر و ئستاتیكیای كاری ئه‌ده‌بییه.
ناوه‌ڕۆكی رۆمان
رۆمانه‌كه دوو پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی تیایه ئه‌وانیش سه‌لار و ماكۆسانه، شوێنی سه‌ره‌كی رووداوی رۆمانه‌كه سلێمانییه، بابه‌تی رۆمانه‌كه باسی خۆشه‌ویستی نێوان هه‌ردوو پاڵه‌وانه‌كه‌یه، وێڕای كۆمه‌ڵێ ورده بابه‌تی تری لاوه‌كی، كه زۆربه‌یان ره‌خنه‌ن له بارودۆخی سیاسی ئێستای سلێمانی و كوردستان.
شوێنكات له‌م رۆمانه‌دا
شوێن به‌گشتی شاری سلێمانییه، به‌تایبه‌ت هه‌ردوو گه‌ڕه‌كی تووی مه‌لیك و سه‌رچناره. كاتی رۆمانه‌كه بێجگه له كاتی ده‌روونی پاڵه‌وانه‌كان، بریتییه له كاتی رابردووی دوور، رابردووی نزیك، ئێستا، رابردووی دوور. سه‌رده‌می پاشایه‌تی و نوری سه‌عیده، راپه‌ڕین و خۆپیشاندانی سابوونكهرانه. رابردووی نزیك هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه، سه‌رده‌می به‌عس و ملازم موحسینی جه‌لاده و شه‌ڕی عیراق- ئێرانه، ئێستاش سه‌رده‌می كۆرۆنا و ده‌سه‌ڵاتی چڵێسی كوردییه.
چنین و بونیادی هونه‌ری رۆمانه‌كه
ئه‌م رۆمانه به ته‌وژمی هۆش نووسراوه (تیارالوعی) ئه‌گه‌ر ده‌ربڕینه‌كه گونجاوبێت، خاڵبه‌ندی رۆمانه‌كه ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێ كه هه‌موو رووداوه‌كان له مێشكی پاڵه‌وانه‌كاندا ره‌نگده‌ده‌نه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌و گفتۆگۆیانهش كه به‌خه‌تی ره‌ش نووسراون و هی كه‌سانی به‌رانبه‌رن، ئه‌وانه‌ش به مێشكی ئه‌واندا گوزه‌ر ده‌كات، ئه‌مه‌شمان له شێوازی خاڵبه‌ندی رۆمانه‌كه‌وه بۆ ده‌ره‌كه‌وێ، كه به‌یه‌ك نه‌فه‌س نووسراوه، بڕینی تیا نییه، بێگومان خاڵبه‌ندی به‌شێكی گرنگی نووسینه، چونكه به ته‌واوكه‌ری شێواز و داڕشتن هه‌ژمار ده‌كرێ، ئه‌م رێبازه كۆنه، سه‌ره‌تا له بواری ده‌روونشیكاریدا فرۆید به‌كاری هێنا، دواتر هاته بواری ئه‌ده‌به‌وه، گه‌لێك له رۆماننووسه ناوداره‌كانی دنیا به‌كاریان هێناوه، له‌وانه‌ش جه‌یمس جۆیس، ڤێرجینیا وۆڵف، ولیه‌م فۆكنه‌ر… ته‌وژمی هۆش ئازادییه‌كی زیاتر به كه‌سایه‌تییه‌كان ده‌دات، له ده‌ره‌وه‌ی ویست و ئاره‌زووی رۆماننووس گوزارش له خۆیان بكه‌ن و ئه‌وه‌ی له ناخیاندا په‌نگی خواردۆته‌وه ده‌ریبڕن، ئه‌م ده‌ربڕینه راستگۆتره له‌وه‌ی كاتێك رۆماننووس به ئاره‌زووی خۆی پاڵه‌وانه‌كانی بجوڵێنێ و چاره‌نووسیان دیاری بكات، به‌تایبه‌تی له بارودۆخی نائاساییدا، كاتێك پاڵه‌وان تووشی شڵه‌ژانی ده‌روونی ده‌بێته‌وه، له كۆمه‌ڵگه داده‌بڕێ و نزیك ده‌بێته‌وه له شێتبوون، ئه‌وكات باشترین شێواز بۆ ده‌ربڕینی هه‌ست و سۆز، ته‌وژمی هۆشه، چونكه گونجاوترین رێبازه بۆ گوزارشتكردن له‌خۆ، به‌تایبه‌تی وه‌ك وتم كاتێك مرۆڤ تووشی نامۆبوون و دابڕانێكی ده‌روونی ده‌بێت له‌گه‌ڵ واقیع و ده‌وروبه‌ره‌كه‌یدا، ئه‌وكات وه‌ك نیوه شێتێكی لێدێت، بۆیه زۆر گوێ به خه‌ڵك نادات و زیاتر بۆناخی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه، لێره‌وه هه‌میشه مێشكی له‌لای شتێكی تایبه‌ته و گوێ به‌شته‌كانی تر نادات، ئه‌مه حاڵی هه‌ر دوو پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌یه (سه‌لار و ماكۆسان)، ماكۆسان، فیراره له سوپا، ته‌نزیمی حیزبه و له شاردا كاری نهێنی حیزبی ده‌كات، په‌یوه‌ندی به شۆڕشگێڕه‌كانه‌وه هه‌یه، ناوی ئامانجه، بۆ كاری نهێنی ناوی نراوه ماكۆسان، سه‌لاریش مامۆستایه له یه‌كێك له قوتابخانه‌كانی سلێمانی لە گه‌ڕه‌كی گۆیژه، له دیدارێكی كورتدا به‌یه‌ك ده‌گه‌ن و عاشقی یه‌كترده‌بن، دوای ئه‌وه ئیتر یهكترنابیننهوه، هه‌ر به ئاوات و ئاره‌زووی یهكتربینینهوه سه‌رده‌نێنه‌وه، ئه‌م دوو پاڵه‌وانه به‌رجه‌سته‌ی خه‌یاڵ و كرانه‌وه‌ی هۆشن، زیاتر له‌وه‌ی به‌رجه‌سته‌ی واقیعێكی رووت و قوتبن، نۆستالێژیا و هاتوچۆ له نێوان ئێستا و رابردوودا، به‌ڵگه‌ی نائارامی و دڵه‌ڕاوكێیه، ئۆقره نه‌گرتنه، ره‌تكردنه‌وه‌ی ئێستا و ترسه له ئاینده، دوو كه‌س كه ئه‌وینێكی نادیار و نا روون به‌یه‌كیان ده‌به‌ستێته‌وه، دوور به دوور تاسوقی یه‌كن و به خه‌یاڵ یه‌كیان خۆشده‌وێ و بۆ یه‌كتر ده‌گه‌ڕێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای پرسیاره بۆ خوێنه‌ر ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌وان هه‌ر به‌ڕاست یه‌كیان بینیوه و ئاشقی یه‌كتربوون، یان پرۆسه‌كه ته‌نیا خه‌یاڵ و وڕێنه و وه‌سوه‌سه‌یه، ته‌نانه‌ت كه‌سوكاره‌كانیشیان پێیان ده‌ڵێن ئێوه شێتبوون، وڕێنه ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی بۆی ده‌گه‌ڕێن نییه، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه، ده‌بێ به‌وردی رۆمانه‌كه بیخوێنیته‌وه، چونكه گه‌ڕان له نێوان ئێستا و رابردوودا زۆرجار سه‌ر له خوێنه‌ر ده‌شێوێنن، ئایا ئه‌م دوولهتبوونه له چییه‌وه هاتووه، تا نه‌گه‌ی به كۆتاییه‌كه‌ی مهبهستهكهیت بۆ روون نابێته‌وه (ئه‌مه چاره‌نووسی دواساته‌كانی دوو عاشقی شاره، ئه‌وانیش وه‌كو تایه‌ر به‌گ و گۆڵچین كۆتاییه‌كی غه‌مگین و تاڵیان هه‌یه ل ۱۵۴) تێمه‌ی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه باسی خۆشه‌ویستییه، له هه‌مانكاتیشدا هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێ مانا و مه‌به‌ستی جیاجیایه، چ له بواری بونیادی هونه‌رییدا بێت، یان له‌سه‌ر ئاستی شێواز و زمان، پێمان ده‌ڵێت سلێمانی سه‌ره‌ڕای ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی له بواری بیناسازی و شارستانییه‌تدا به خۆیه‌وه بینیویه‌تی، هێشتا له‌سه‌ر ئاستی مافی مرۆڤ و هۆشیاربوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا وه‌ك سه‌د ساڵی پێش ئێستایه و هیچ پێشكه‌وتنێكی ئه‌وتۆی به‌خۆیه‌وه نه‌بینییه‌وه، هه‌ر وه‌ك چۆن تایه‌ربه‌گ و گۆڵچین به‌یه‌ك نه‌گه‌یشتن و بۆیه‌ك نه‌بوون، ئاواش له‌م سه‌رده‌مه تازه‌یه‌دا سه‌لار و ماكۆسان به‌یه‌ك ناگه‌ن و له‌ژێر پێی داب و نه‌رێتی ره‌قی كۆمه‌ڵایه‌تیدا رۆحیان ده‌رده‌چێ و ده‌مرن، بۆ ئه‌به‌دیش ئهوینهكهیان به‌ناكامی ده‌مێنێته‌وه، ئه‌مه‌ش ره‌خنه‌ی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌یه له ئێستای سلێمانی، وێڕای ئه‌و ره‌خنه و ناڕازییانه‌ی دیكه كه له ده‌روونی پاڵه‌وانه‌كاندا په‌نگی خواردوه‌ته‌وه و له چوارچێوه‌ی زمانێكی روون و ره‌وانه‌وه گوزارشتی لێ ده‌كه‌ن، له كاتی خوێندنه‌وه‌شدا، خوێنه‌ر به ئاشكرا‌و به روونی ئه‌م هه‌قیقه‌ته ده‌بینێ، له‌م رۆمانه‌دا رۆماننووس له به‌شی یه‌كه‌مدا كه به‌شی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌یه رۆڵێكی ئه‌وتۆی نییه له جووڵاندنی رووداوه‌كاندا، لێده‌گه‌ڕێ خۆیان گه‌شه بكه‌ن و بچنه‌پێش، ته‌نیا له به‌شی دووه‌مدا نه‌بێت (ل۱۳۳)، هه‌ست به‌بوونی ده‌كرێ، كاتێك له چاره‌نووسی هه‌ردوو پاڵه‌وان ئاگادارمان ده‌كاته‌وه، به مه‌ش رۆماننووس ( مه‌حموود نه‌جمه‌دین ) رۆڵێكی ئه‌وتۆی له دیاری كردنی ره‌وتی جووڵه‌ی ئه‌م رۆمانه‌دا نییه، ئه‌گه‌رچی هه‌موو بابه‌ته‌كه به‌رهه‌می بیر و هۆشی ئه‌وه، به‌ڵام له دنیای ره‌خنه و لێكدانه‌وه‌ی هونه‌رییدا وا له‌یه‌ك ده‌درێته‌وه، ئه‌مه‌ش سه‌ركه‌وتنێكی دیار و به‌رچاوه له بواری نووسینی رۆمان‌دا كاتێك ئه‌وپه‌ڕی ئازادی به پاڵه‌وانه‌كانی ده‌دا كه خۆیان گوزارشت له خۆیان بكه‌ن، به‌مه‌ش ده‌توانین رۆمانی سه‌لارخان به رۆمانێكی فره‌ده‌نگی (پۆلی‌فۆنی) ههژماركهین كه زیاتر له پاڵه‌وانێكی تێدایه و هه‌مووشیان خاوه‌نی سه‌ربه‌خۆیی بڕیاری خۆیانن، ئه‌م رێبازه‌ش له داهێنانی دۆستۆیڤسكییه، وه‌ك تۆدۆرۆڤ ده‌ڵێت.
زمانی گێڕانه‌وه
ده‌رباره‌ی رۆڵی زمان له ئه‌ده‌بدا زۆر وتراوه، زۆر لێكۆڵینه‌وه و شرۆڤه‌كاری كراوه له‌سه‌ر پێگه و رۆڵی زمان له ئه‌ده‌بدا، ئه‌رستۆ له كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌یدا (هونه‌ری گوتاربێژی) به تێروته‌سه‌لی باسی رۆڵی زمانی له ئه‌ده‌بدا كردووه، دوای ئه‌ویش لۆنگایتۆس له كتێبه‌كه‌یدا (ده‌رباره‌ی شكۆ) باسی رۆڵ و پێگه‌ی وشه و ده‌سته‌واژه‌كانی له ئه‌ده‌بدا كردووه و به جوانی هه‌ڵیسه‌نگاندووه، له دوای ئه‌میش كۆنتلیان كه له چه‌رخی یه‌كه‌می زانینیدا ژیاوه باسی ناسكی گفتولفتی له ئه‌ده‌بدا كردوه و به جوانی وه‌سپی كردووه، له رۆژگاری ئێستاشماندا بێ هه‌ژمار زانا و فه‌یله‌سوف و ره‌خنه‌گر قسه‌یان له‌سه‌ر رۆڵ و پێگه‌ی زمان له ئه‌ده‌بدا به‌گشتی و رۆمان و چیرۆك و شیعر به‌تایبه‌تی كردووه، لێره‌دا ئاماژه بۆ وته‌یه‌كی پۆل ڤالێری ده‌كه‌م كه ده‌ڵێت: (ئه‌ده‌ب هیچ نییه، جگه له بڵاوبوونه‌وه و هه‌ڵكشانی هه‌ندێ تایبه‌تمه‌ندی زمان و به‌كارهێنانی.)
كه‌وابێت ئه‌ده‌ب به‌رده‌وامبوونی گه‌شه و نمای زمانه، زمان پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی ئه‌ده‌به، به‌بێ بوونی زمانێكی روون و ره‌وان، هیچ به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی سه‌ركه‌توو نابێت، چونكه زمان ته‌نیا ئه‌ركی گه‌یاندن و ده‌ربڕینی نییه به‌ڵكو وابه‌سته‌ی ده‌روونی مرۆڤه‌كانیشه، مرۆڤ به‌گوێره‌ی ئانوساتی خۆی له ژیاندا زمان به‌كارده‌هێنێ، له ساتی خۆشی و كه‌یف و سه‌فادا جۆره ده‌ربڕینێك و گوزارشتێك به‌كارده‌هێنێ، جیاوازه له كاتی ناخۆشی و ئاشووب و ده‌رد و به‌ڵادا، له‌م رۆمانه‌دا ئه‌م لایه‌نه به جوانی ده‌رده‌كه‌وێ و خوێنه‌ر هه‌ست به ناسكی به‌كارهێنانی زمان ده‌كات، چونكه له سیاقی ئه‌ركی خۆیدا به پاراوی به‌كارهاتووه، وشه‌كان ره‌نگدانه‌وه‌ی بارودۆخی ده‌روونی كه‌سه‌كانن، له‌وانه‌ش هه‌ر دوو پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه، سه‌لارخان و ماكۆسان، كه زۆر به‌ڕه‌وانی زمانیان ته‌وزیف كردووه بۆ گوزارشتكردن له حاڵه‌تی ده‌روونیان و ره‌خنه‌ی پێده‌گرن له‌و واقیعه‌ی تیایدا ده‌ژین، له هه‌مانكاتدا و له‌یه‌ك شوێنیش‌دا به گوێره‌ی گۆڕانی بارودۆخی ده‌روونیان زمانهگهشیان ده‌گۆڕێ، زمانی رۆمانه‌كه به‌گشتی زمانێكی بێ گرێ و گۆڵه، رسته‌كانی كورت و پڕ مانان، بێجگه له‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و ده‌سته‌واژه و ئیدیۆمانه‌ی تێیدا به‌كارهاتوون له جێی خۆیاندان، له‌وه‌ش جوانتر فه‌زای گشتی قسه‌كردن و گوزارشتهكانه، كه هه‌ر پاڵه‌وانه و شێوازی ده‌ربڕینی خۆی هه‌یه، ژنانه و پیاوانه، به جیا به‌كارهاتوون، زمانێكی میللی، پاڵه‌وانێكی مللی به كاری ده‌هێنێ، ئه‌م گرێدانهوهیهی نێوان پاڵه‌وان و زمانه‌كه‌ی چێژێكی زیاتر به خوێنه‌ر ده‌به‌خشێ، چونكه له كاتی خوێندنه‌وه‌دا هه‌ست به دابڕان له نێوان پانتایی گشتی و ژینگه‌ی پاڵه‌وانه‌كاندا ناكه‌یت، له‌م بواره‌شدا پاڵه‌وانه‌كان ده‌می خۆیان له هیچ وشه‌یه‌ك ناگێڕنه‌وه كه پێویست به وتن بكات، واته درۆ له‌گه‌ڵ خۆیاندا ناكه‌ن و خۆیان چۆنن ئاواش قسه ده‌كه‌ن، روون تر بڵێین خۆیان و زمانه‌كه‌یان به شێوه‌یه‌ك له ناخی یه‌كتردا تواونه‌ته‌وه جیاكردنه‌وه‌یان ئه‌سته‌مه، لێره‌وه ئه‌گه‌ر پاڵه‌وانه‌كان به‌م شێوه‌یه قسه‌یان نه‌كردایه، له‌نگییه‌ك ده‌كه‌وته نێوان خۆیان و ژینگهكهیانهوه، رۆماننووس زۆر به جوانی ئه‌م لایه‌نه‌ی داپۆشیوه، لێگه‌ڕاوه پاڵه‌وانه‌كانی به ئاره‌زووی خۆیان گوزارشت له خۆیان بكه‌ن، به‌و پێیه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان زمان و ئه‌ده‌ب په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆیه، چونكه ئه‌و كه‌ره‌سته‌یه‌ی له بیناسازی ئه‌ده‌بدا به كار دێت بریتییه له وشه و رسته و ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی له نێوانیاندایه، به‌مه‌ش ده‌توانن بڵێین په‌یوه‌ندی نێوان زمان و كاره‌كته‌ر له ئه‌ده‌بدا په‌یوه‌ندییه‌كی سۆسیۆلۆژییه نه‌ك په‌یوه‌ندییه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی بێسه‌روبه‌ر، به‌كارهێنانی زمان به‌م شێوه‌یه گوڕوتینێكی زیاتری به رۆمانه‌كه داوه، بۆیه به‌پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی رۆمانه كوردییه‌كانی ئێستاوه، كه زۆربه‌یان ته‌نیا پڕكردنه‌وه و ئاخنینن، له‌م رۆمانه‌دا هه‌ست ناكه‌ی ته‌نیا رسته‌یه‌كیش زیاد بێت، به‌ڵكو هه‌موو رسته و ده‌سته‌واژه‌و وته‌یه‌ك تێیدان پێویستن و چێژ و خۆشی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه، راسته زمانی رۆمانه‌كه ساده و ساكاره، به‌ڵام هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێ چه‌مك و مانای ره‌خنه‌یی قووڵه، هه‌ر ئه‌م زمانه ساده‌یه‌ش توانیویه‌تی فه‌نتازیایه‌كی جوان بخوڵقێنێ، به‌تایبه‌تی له پهرهگرافهكانی كۆتایی رۆمانه‌كه‌دا، ئه‌و مانایانه كه رۆمانی سه‌لارخان هه‌ڵگرین خۆیان له‌و چوارچێوه هونه‌رییه‌دا ده‌بیننه‌وه كه به وێنه كێشراون بۆ پیشاندانی كۆتایی چاره‌نووسی هه‌ر دوو عاشق و هه‌ره‌س هێنانی ژیار و شارستانیه‌تی سلێمانی، كه ناتوانێ كه‌شێكی ئارام و ئاسووده بۆ دوو دڵدار فه‌راهه‌م بكات، بوونی ئه‌و هه‌موو دێوه‌زمه‌یه، كه ئه‌وانیش ئاماژه‌ن بۆ بوونی چه‌ندان جۆر له مرۆڤی دڕنده و غه‌واره له‌ناو شاری سلێمانیدا كه خۆشه‌ویستی له‌لایان شێوه‌یه‌كه له عه‌یب وعار و ناشیرینی، بێده‌ربه‌ست و لاموبالی، هه‌موو ئه‌مانه له چوارچێوه‌ی زمانێكی روون و ره‌وانه ده‌بینین، كاتێك رۆمانه‌كه ده‌خوێنیته‌وه له‌گه‌ڵیدا تێكه‌ڵ ده‌بی و پێ به پێ ده‌ڕۆی، راسته ئه‌م رۆمانه به قه‌باره بچووكه، به‌ڵام وه‌ك ناوهڕۆك هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێ مانا و ده‌لاله‌تی ئێستاتیكای قووڵه، قووڵییه‌ك دوور له زمانێكی ئاڵۆز و گرێدار، كه خوێنه‌ر بێزار ده‌كه‌ن، زمانێك كه به ناوی زمانی شیعری و نوخبه‌وه ده‌بنه هۆی وهڕسكردنی خوێنه‌ر، كاتێكی زۆری لێده‌گرن، بێ ئه‌وه‌ی هیچی پێ ببه‌خشن، به‌ڵام له‌م رۆمانه‌دا زمان تاموچێژێكی تایبه‌تی به‌خوێنه‌ر ده‌به‌خشێ و ده‌یباته دنیای بیركردنه‌وه و پرسیاره‌وه، پرسیار له‌وه‌ی بۆچی ئێمه له جیاتی ئه‌وه‌ی پێشكه‌وین، پاش ده‌كه‌وین؟ وێڕای ده‌سخۆشیم له مه‌حموود نه‌جمه‌دین هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆده‌خوازم له‌به‌رهه‌مهێنانی كاری جوان و نایابی زیاتر.
رۆمانی سه‌لارخان له نووسینی مه‌حموود نه‌جمه‌دین، له‌دووبه‌ش پێكهاتووه ۱۵۷ لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره بچووكه، چاپی یه‌كه‌می له بڵاوكراوه‌كانی ناوه‌ندی كوردڕاومه. له چاپخانه‌ی هورانی تاران به تیراژی ۲۵۰ دانه‌یه و چاپی دووه‌می له بڵاوكراوه‌كانی ناوه‌ندی مهم و زینه به تیراژی پێنج سه‌د دانه.