خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / مەرگ دوا بە هەموو شت دێنێ، بە یادی تۆ نەبێ

مەرگ دوا بە هەموو شت دێنێ، بە یادی تۆ نەبێ

مەرگ دوا بە هەموو شت دێنێ، بە یادی تۆ نەبێ

لەو ئاخرییانەدا زۆر کەم گوێمان لە دەنگی دەبوو، بەڵام چونکە دەیان ساڵ لەگەڵی ژیابووین لە چاوی داوای حاڵی دەبووین و لەڕێوە دەمانزانی دەڵێ چی! من لە پەنای دادەنیشتم و بە ڕۆچنەی چاوەکانی‌دا لە هاواری قووڵی سەفەری دەست‌لێکبەردانی حاڵی دەبووم. سوور دەمزانی دەڵێ چی، کەچی غەیری ئەوەی بە دەروونی خۆم‌دا ڕۆچم و هەناسەی بێ‌دەسەڵاتی هەڵکێشم چم بۆ نەدەکرا. پیری بڕستی لێ بڕیبوو؛ کەلەلای کردبوو؛ تین‌وتاوێکی وای پێ‌نەهێشتبوو.

نیزیک سەدەیەکی تەمەن بەڕێکربوو، تەمەنێکی بڕوادارانەی پتەو بە پەروەردگار. بۆ جارێکیش چییە بە زمان باسی مردنی خۆی نەکرد، قەت وەک هێندێکان نەیگوت: ئەوەندە پیرم ساڵم لە خودای بڕیوە؛ گاڵتەی بەو قسانە دەهات. بەڵام ئەو بەینانە چاوەکانی دەیاندرکاند ئەوە مەیگێڕی مەرگی گەردوون بە دەوری‌دا دێ‌ودەچێ و دەیهەوێ پیاڵەیەکی بۆ تێکا و ئەو لێی وەرناگرێ. ئاخر هێشتاش دڵی بە ژیان خۆش بوو؛ چونکە ئێمە شەووڕۆژ ڕوحمان لە سەری دەگەڕا و یەکەندەردوو ئارەزووییمان وەدی دێنا. ئەم ڕەوتە وای کردبوو لێمان وەڕەز نەبێ و پێمان بگەشێتەوە. ئەو بەشی هەرە زۆری تەمەنی بەختی ژیانی ئێمە کردبوو، دەی ئێمەش هەر وامان دەکردەوە. باشە لەو هەل‌ومەرجەدا مردن کوێی خۆشە؟ ئاخر چۆن دڵ ئاوا لە دنیای ڕوون تێر دەبێ؟

لەو کەش‌وهەوای ژیانەدا ئێمە ویژدانمان ئاسوودەیە بە ئەندازەی دنیایەک؛ دنیایەک کە تێگەیشتنی تەنیا بۆ ئەو کەسانە هاسانە، کە وا بە سەبووری ئەم ڕەوت و ڕێبازەیان پێواوە و بە ڕووسووری پێیدا تێپەڕیون. لەرەی دەنگی پیرێک و هەنگاوی نەرم و نیگای خۆشەویستانەی بارتەقای تەواوی سامانی دنیای ڕووخەکی بەقاچوو دەبێ. ئێمە هەر زوو ئەوەمان زانیبوو؛ دوای گەڕان بە ئەوسەرەوسەری ئاسۆکان‌دا بە فکرێکی پڕ لە ئەزموونەوە گەڕابووینەوە و لە ژێر ساباتی دڵنیایی‌دا ئۆقرەگر ببووین.

بابم گەرچی شاد نەبوو بەجێمان هێڵێ، بەڵام بۆی دەپاڕێینەوە گیانی شاد بێ و هیوادارین خوداوەندگار بەپێی تای تەرازووی قورسی باوەڕەکانی بیباتە بەهەشتی بەڵێندراوی و لە هەموو خەمێکی بڕەخسێنێ.

ئەوەی ڕاستی بێ هەموو خەمەکان بۆ ئێمە بەجێمان، بۆ هەموومان، بەڵام بەشە زۆرەکەی وەبەر من دەکەوێ. ناتوانم باسی بارستی خەمەکانم بکەم؛ هەر چۆنێک بیپێوم هەر بۆم سەروبەر نابێ. ئەوەندەی دەزانم لایەک لە ژیانم ڕۆژی لێ ئاوا بوو؛ بۆیە منیش وەکوو بابم کەسی وام دەوێ بە دەلاقەی چاوەکانم‌دا شۆڕ بێتەوە و گوێی لە هاواری بێدەنگی هەستی دڵ و دەروونم بێ.

سەلاحەددین ئاشتی ٢٥/ ١٠/ ١٤٠= ١٥/ ١/ ٢٠٢٢

٭٭٭

٭ بابم پێنج‌شەممە ٢٣/ ١٠/ ١٤٠٠ کوچی‌‌ کرد و ماڵەکەی لە زۆر شت لێ چۆل کردین.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ئێوارە کۆڕەکەی مەریوان و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی کتێبی مۆنادۆلۆژیی دەق

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *