خانه / تازه‌ چاپکراوه‌کان / خوێندنەوەیێک لەسەر کتێبی “سەفەرە میوان”

خوێندنەوەیێک لەسەر کتێبی “سەفەرە میوان”

خوێندنەوەیێک لەسەر کتێبی “سەفەرە میوان”

پەروین سادقپوور

بەڕای من ئەو کتێبە ژن بەگشتی و بەتایبەتی ژنی کورد و نموونەی بەرچاویشی خودی خاتوونی نووسەر نیشان دەدات بەجۆریک کە خۆم وەک ژنێکی کورد لە‌ هەندێک لە دێڕەکاندا بەڕوونی دەبینمەوە جاری واشە کومەڵەی ژنان بەگشتی دەگرێتەوە.

لە بەشی یەکەمدا کە باسی یاداشتە ڕۆژانەکانی گوڵدانێک دەکات، زۆرتر خاتوونی نووسەر دێتە بەچاوم وا هەست دەکەم کە گوڵدانەکەش هەر بۆخۆی بیت. ئەوەیکە لە سەرەتای ژیانتدا گەرچی بوونی خۆت بەڕوونی هەست پێ دەکەی بەڵام نازانی کێی، نازانی چیی، ئەوەیکەی دە چوارچێوەیەکی سنوورداردا، بێ ویستی خۆت لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە ڕاتدەگوازن تەنانەت مەودای بینینیشت تەسک و سنووردارە، دەمگەڕێنیتەوە سەر ئەو مێژوویەی ژنانی کورد کە چەندە دەستبەسەرن لە سەرەتای ژیانیاندا بگرە لە هەموو قۆناخەکەنی ژیاندا.

ئەوەیکە خاتوون خۆی وەک گوڵدانێک دەبینێت زۆریش دوور نییه له جۆری ڕوانینی کومەڵگا لە ژن (شوێنێک بوو چاندن، شتێک بۆ ڕازاندنەوە ،بێدەنگ و دەستبەسەر).

هەستەکانی گوڵدانەکەش زۆر ئاشنان وەختێک چاوەڕوانی غەمێک، بریقەیێک لە چاوی وەستاکارەکی دەکات دە ڕۆژی گواستنەوەی بۆ شار، قسەی پیرەژنەکانی کوردم دێنێتەوە بیر کە دەیانکوت: “باب و برا ڕۆژی گواستنەوەی کچەکان خۆیان دەشاردەوە.”

یان ئەو هەستەی کە لە کاتی چاوەڕوانی بۆ هەڵبژاردراندا هەیەتی! ئەوانەی ڕەنگارەنگ و بریقەدار و جوانن زوو هەڵدەبژێردرێن بەپێچەوانە ئەگەر وا نەبووی سەرەڕای هەموو تواناییەکانت ڕەنگە وەبەر چاو نەیێی، هەست بە سەرماکردن و قەڵش تێکەوتن! خاتوون فریای دەکەوێ دەیباتە ماڵی خۆی، تۆزوخۆلی لێ دەسڕیتەوە و تۆوێکی تێدا دەچێنیت.

خاتوونی ماڵ: ماندووە، غەمبارە، دەگریێت، سەرقاڵە بە خزمەتی ماڵ و منداڵ، هاوژینەکەی سەرەڕای بەجێگەیاندنی ئەرکی خۆی سارد دیارە. دایک بوون و هاوسەربوون ڕازی ناکات بەدوای شتێکی دییە، ئاڵوگوڕێک، بەڵام پلانی بۆ نییە. مردنی دایکی دەبێتە هۆی ڕاچڵەکانێکی قووڵ و هەنگاونان بەرەو گۆڕان. کتێبخوێندنەوە، فێربوونی موسیقا، نووسین، ڕاوەستان لەمەڕ قالبی فکری چسپاوی کۆمەڵگا کە وەک ژن دەبێ خۆت فەرامۆش کەی هەمیشە گویڕایەڵی داواکاری ئەوانی تر بی، هەنگاوگەلێکی قورس، کە خاتوون بوێرانە هەڵیان دێنێتەوە و بەرانبەر هەمووی ئەو ئاستەنگانەی وا بەربینگ بە ژن و دایک وەک هاسەری پیاوێک، لە بڕینی ڕێگای خۆدیتنەوەدا دەگرت، خۆ ڕادەگرێت.

گوڵدان هێمای ژیانی ڕابردووی خاتوونە بەگشتیش ژن لە گومەڵگادا، کاتێک دەشکێت یان دەیشکێنن لە ڕاستیدا خاتوون قالبی فکری خۆی دەشکێنێت، کاتێکیش لەژێر ڕمەبەفردا دەنێژێت تۆوی فکرێکی نوێ دەچێنێت کە بێگومان دوای تێپەڕبوونی زستانی هەوڵدان چووقەرە دەکات. سەردەمێکی نوێ لە ژیانی خاتوون بە نووسینی کتێبی یاداشتە ڕۆژانەکانی گوڵدانێک دەست پێ دەکات.


هاجەر هووشیار

هاجەر هووشیار لە دێی خانکەندی سەر بە چۆمی مەجیدخان، نزیک میاندواو لەدایکبووم. ڕێکەوتەکەی لە ناسنامەی فەڕمیمدا نووسراوە حەوتی خەرمانانی ۵۷. لە ساڵی ٦۲ یان ۳ هاتینە بۆکان. لە بنەماڵەیەکی ئایینی و هەر وەها گیرۆدەی داب و نەریتی زاڵی سەردەمی خۆماندا گەورە بووم. ئەم حەزی خوێندنەوەیەش دەگەڕێتەوە سەر گیرۆدەیی دایکم و بابم بۆ زانست و فێربوون.

هەوەڵین خولیای کوردی خوێندنەوەم بە گوڤاری سروە بوو و عاشقی قەڵەمی جەلالی مەلەکشا ببووم. لە فارسی و کوردی هەرچی دەستم کەوتبا شێعرم لەبەر دەکردن و شێعرنووسینیشم تاقی کردبووەوە.

هەر لە کاتی قوتابخانەدا ئینشا نووسینم باش بوو و بە ۱۰ لاپەڕە دەمنووسی. چونکە دواتریش ماڵمان کۆچێکی ۱۰ ساڵەی کردەوە بۆ خانکەندی و تێکەڵاو بە بیرەوەری هاوینانەی سروشتی ئەوێ ببووم کە خۆشترین ئاشنایی بوو خۆشتر لە ئاشنایی مرۆڤەکان، لە نووسینەکانمدا سروشت هەمیشە پڕڕەنگە.

ساڵی ۷۸ چوومە (تربیت معلم) لە تەورێز و کاردانی و کارناسی و ئەڕشەدم لە کۆمەڵناسیدا خوێند و ئێستاش ۲۳ ساڵە مامۆستای قوتابخانەکانی بۆکانم. دوای ئەوەی مێردم کرد و منداڵەکانم کەمێک لە کڵ هاتنە دەر کەوتمەوە سەر خوێندنەوە و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی وا ناسیمن بۆ نەقد و لێدوان لەسەر کتێب، بەشدار بووم. دواتر چوومە ناو بازنەی چیرۆکنووسان و قەڵەمم بۆ چیرۆکنووسی تاقی کردەوە. لە چەند گوڤاردا لێدوان و وەرگێرانم بڵاو کردەوە. لە وەرگێڕانی۲ کۆوتاری فەلسەفی، لەگەڵ چەند هاوکار و مامۆستایانی شارەزا هاوکاریم کرد و ئێستاش و تا کۆتاساتەکانی ژیانم خەریک فێربوونم.

تێبینی: شڕۆڤە و لێکدانەوەی کتێبی “سەفەرە میوان”ی خاتوو (هاجەر هووشیار) لە ڕێکەوتی نۆی بەفرانبار، دەمژمێر ۹:۳۰ی شەو بە شێوەی مەجازی و سەرهێڵ لە لایەن خاتوونانی کتێبی شنۆ بەڕێوە چووە.

https://t.me/xatunakaniktebishno

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

فەرهەنگی زارەکیی موکریان پڕۆژەیەکی دوورودرێژی زمانی و کلتووری

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *