خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / خوێندنەوەیێک لەسەر کتێبی “سەفەرە میوان”

خوێندنەوەیێک لەسەر کتێبی “سەفەرە میوان”

خوێندنەوەیەکی ژینگەخوازانە لەسەر چیرۆکی “یاداشتە ڕۆژانەکانی گوڵدانێک”ی هاجەر هووشیار

سارا خەنشا

مژاری هەڵسەنگاندنی ژینگەخوازانە تاوتوێکردنی پەیوەندی پێچەڵاوپێچی مرۆڤ لەگەڵ سەرەکیترین پێداویستیی، واتا زەوی و ئەو ژینگەیەیە وا دەوری داوە، کێشەکانی ئەم زەوییە و دەروەستی بە ژینگەی کردەیی، یان لە پێناسەیەکی بەربڵاوتر، پەیوەندی مرۆڤ و نامرۆڤ بە درێژاییی مێژووی کەلتووریی مرۆڤە کە پێویستی بە شیکردنەوەی ڕەخنەکارانەی وشەی “مرۆڤ”ـە؛ بەو واتایە کە ئەو نووسەرەی ڕوانینێکی تایبەتی لەمەڕ ژینگە هەیە و هۆگری (گرایش) بە ژینگە هەیە تا چ ڕادەیەک دەتوانێت سەرنجی خوێنەری بەرهەمەکەی بەرەوە قەیرانەکانی ژینگەیی ڕاکێشێت و بەپەرۆشی لەم دۆخەی کاتدا و لە ئاراستەی ئاگادارکردنەوەی ژینگەییدا هەنگاو هەڵێنێت؟ لێرەوەیە کەوا ئەرکی ئەدەبیات لە بواری ژینگەدا، وەک بواری فێرکاری، تۆخ دەبێت، بە شێوەیەک کە (بلنک، توماس و چارسیر) ئەم ڕەخنەیەیان پێ شێوەیەکی ڕەخنەگرانە و وێژمانێکی ئەخلاقییە بە ئامانجی پڕکردنەوەی مەودای نێوان زانست و هونەر کە دەتوانرێت بەم خوێندنەوەیە، پەیوەندیی نێوان ئاگاییی ژینگەیی و جوانیناسیی ئەدەبی یان وێژەیی بکوترێت.

دەستەواژەی ڕەخنەی ژینگەخوازانە یەکەم جار لە ساڵی ۱۹۸۷دا لەلایەن ویلیام ڕوکێرتەوە (W.Reuckert ) داهێنرا. ئەو ڕەوتە ڕەخنەیییە لە ڕیزی خوێندنەوەکانی نێوان لقییە (بینا رشتەای) کە دوو بواری ئەدەبیات و ژینگە پێکەوە گرێ دەدات. ئەم شێوە ڕەخنەیە ڕەوتێکە کەوا خەریکە چۆنیەتیی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ئاقاری دەوروبەری دەدۆزێتەوە. تەوەری سەرەکیی باس لە ڕەخنەی ژینگەخوازانەدا پەیوەندیی ئەدەبیات و ژینگەیە.

لە گرینگترین تەوەرەکانی باس لە ڕەخنەی ژینگەخوازانەی چیرۆکدا دەتوانرێت ئاماژە بەم بابەتانە بکرێت:

١- دەور (ڕۆڵ)ی سروشت لە گەڵاڵەی چیرۆکدا

٢- ڕوانینی تایبەتی نووسەر لەمەڕ سروشتدا (مرۆڤتەوەرانەیە؟ ژینگەتەوەرانەیە؟ بایەخی ئامرازی هەیە؟ یان بایەخی زاتی هەیە؟

٣- هەستیاربوون سەبارەت بە پرسەکانی ژینگەیی و زایەڵەی ئەوان لە چیرۆکدا

٤- کاریگەریی ژینگە لەسەر کەسایەتییەکانی چیرۆکدا

٥- جۆری کاردانەوەی کەسایەتییەکان سەبارەت بە پێداویستییەکان و هەستە سروشتییەکانی دەروون

٦- دەور (ڕۆڵ)ی سروشت لە شکڵدان بە شوناسی تاکەکەسیدا

کەلتوور (فەرهەنگ) و سروشت لە ڕوانگەی مرۆڤتەوەرانە (ئۆمانیستی)یەوە:

فەرهەنگ لە ڕوانگەی مرۆڤتەوەرانەوە دەورێکی بزێو (پویا) و شوێنێکی تایبەتی هەیە، بەڵام سروشت لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە دەورێکی پاسیوی هەیە و تەنیا وەک سەرچاوەیەک بۆ بەرهەمەکان و دەسکردەکانی مرۆڤ دێنە ئەژمار. بە دەربڕینێکی فەلسەفی، سروشت وەک ئۆبژە (بابەت) و چاند(فەرهەنگ) وەک سۆبژە سەیر دەکرێ. هەڵسەنگاندنی ژینگەخوازانە بە ئاراستەیەکی پێکهاتەشکێنانە سەرڕای ڕەدکردنەوەی سەرێتی (برتری)ی چاند لە ڕوانگەی ئۆمانیستییەوە، بۆ سروشت ڕەسەنایەتییەکی سەرتر دادەنێت و چاند و کەلتوور بە شۆنگری سروشت دەزانێت. ئەمە بەو واتایەیە کە کەلتوور و چاندی مرۆڤ دەبوایە بیچم و ناوەرۆکی خۆی لە مۆدێلی سروشت وەرگرتبێ و بە شێوەیەکی پشت بە پشت و بەردەوام لەگەڵی لە کارلێک (تعامل)دا بێت. ڕەخنەگرانی ژینگەخوازانە کێشەی سەرەکیی قەیرانە ژینگەیییەکان لە دووربوونەوەی چاند لە سروشت و لاوازبوونی پەیوەندی نێوان مرۆڤ لەگەڵ سروشت دەزانن. ئەوان سەرەڕای هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی ئەم مەودایە بەدوای پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ لەگەڵ تەنیا ژینگەی خۆیین.

ڕووبەڕووبوونەی شار/ دێ – کەلتوور/ سروشت:

ڕووبەڕووبوونەی ژینگەی شاری و دێیی لە “یاداشتە ڕۆژانەکانی گوڵدانێک”دا بەرچاو و واتادارە و یارمەتیی تێگەیشتنی ژینگەخوازانەی بەرهەمەکە دەدات. نووسەر لە چیرۆکی “یاداشتە ڕۆژانەکانی گوڵدانێک”دا ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە لە لاپەڕەی (١٤)دا ئاوا وێنا دەکات: “ڕووبار بووەتە سنووری مەڵبەندی کیژی شۆخ و شەنگ و ئارامی لادێ لەگەڵ نووکی هەزار ڕەنگ و نەسرەوتووی شار. دەنگەکان چی دیکە بەرەو سروشتت ڕاناکێشن. ئێرە پڕە لە هیچ. ڕێبوارەکان لەتاو خۆبەدەستەوەدانی هەستیان نیگایان لێک دەدزنەوە. ئێرە لێوانلێوە لە ئاشنای نامۆ یا نامۆی ئاشنا؛ ڕوانینیان وا دەڵێ.
وێ دەچێ سروشت هەروا زاڵ بێ. دەنگدانەوەی سروشت لە ماڵەکانیاندا دیارە؛ خشت، شووشە، ئاسن یان لە دار و گوڵی نێو شەقامەکان … تۆ بڵێی لە ڕاستیشدا هەروا بێ؟”
هەروەها لە لاپەڕەی ١٥دا ئاوای وێنە دەکات: “تەنیا دیمەنی بەرچاوم، دیواریکی یەک مەترییە بە پەرژینێکی ئاسنی لە پەڕانپەڕی ئەم شوێنە. لاولاو پەرژینەکەی داپۆشیوە و ساردوسڕی لێ تاراندوون.

گوڵی سپی، پەمەیی و بنەوشی لاولاوەکان ئەوێی نەخشاندووە.” “شار شوێنی لەیادچووانە، هەر بۆیەش پاییز خەمەکانی دەنێتە سەر شانی گەردەلوول و لە هەڵڵای دەد.” هەروەها لە لاپەڕەی (١٦)دەڵێت: “سەرەتای ڕۆژە و نەرمەبارانێک پەرۆشییەکانی شار دەشواتەوە. زەردەخەنەی سەر لێوەی ڕێبوارەکان، هێمای چێژێکە لە هاتنی ئەم میوانە وردیلانە.” لە لاپەڕەی (١٩)شدا بەم شێوەیە ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە وێنا دەکات: “ویشکەسەرمایە و هەست دەکەم خەریکە درزم تێ دەکەوێ. گەر لەم قاقڕستانە نەبام، خۆم لەژێر ڕمەبەفرەکان حەشار دەدا و گەرم دادەهاتم.” هەروەها لە لاپەڕەی (٢٠)دا ئاوای وێنا دەکات: “خۆزگە دەمتوانی بەرەنگاری چارەنووسم ببمەوە و خۆم دەخستە ئامێزی ڕووبار، زۆر دڵتەنگم و نازانم بۆ؟ بەڵام گەشبینم، ڕەنگە لەگەڵ هاتنی بەهار ئاواتەکانیش وەدی بێن!”. هەروەها لە لاپەڕەی (٢٣)دا دەڵێت: “حەوشەیەکی بچووکە و لە سووچێکی، دارمێوێکی لێیە و لە دیواری بەرامبەر بە ژوورەکەش دارەسێوێکی ساوا. چرۆی دارەکان بەهاری زێدمم وەبیر دینێتەوە. دڵخۆش دەبم.” لە دوایین دێڕەکانی چیرۆکدا گوڵدان لە کۆتاییدا بە گەڕانەوە بۆ باوەشی لادێیە دەژ و سروشتە دەست‌لێنەدراو و زێدەکەی لە شار و هەراهوریاکانی ڕزگار دەبێت و بە ئاواتە هەمیشەیییەکەی واتا ئەو ئارامش و ئۆقرەیییەی وا تێیدا بووە و لێی داپچڕابوو دەگەڕێتەوە و دەڵێت: “ساردە، بەڵام ژێر ڕمەبەفری بەردەمی کانیاو ئاهۆنت دەکاتەوە و تێکەڵ بە سەرچاوەی ژیان دەبیتەوە…”.

ڕوانگەی ئامرازیی و ڕوانگەی سروشتی یان زاتی لەمەڕ سروشتدا:

١) بایەخی ئامرازی سروشت

چیرۆکی “یاداشتە ڕۆژانەکانی گوڵدانێک” دوو ڕوانینی دژبەیەکی فەلسەفی لەمەڕ سروشت دێنێتە پێش چاو، ڕوانگەیەکی ئامرازی و ڕوانگەیەکی سروشتی یان زاتی. لە ڕوانینی ئامرازیدا بایەخی سروشت تەنیا بە پێوانەی مادیەوە دەنرخێندرێ. لەم جۆرە ڕوانینەدا بۆ (گوڵدان) کە هێمای سروشتە، بڕوای بە شوناسێکی سەربەخۆ نییە و چییەتیی گوڵدان پەیوەندی بە بایەخگەلێک هەیە کە بۆی پێناسە کراوە. هەروەک خاتوو هووشیار ئەم جۆڕە ڕوانین لە زمانی گوڵدانەوە لەمەڕ سروشت ئاوا لە لاپەڕەی (١١)دا زەق دەکاتەوە: “تامەزرۆی بینینی خوڵقێنەرەکەمم. بڵێی ڕوانگەی سەبارەت بە من چۆن بێ؟ ئایا لە بوونم شادە یان تەنیا وەکوو دەسکردێک لێم دەڕوانێ؟” هەروەها لە لاپەڕەی (١٣)دا دەڵێت: “چاوەڕوانی هەستیارییەکی بچووکم لە کاتی ماڵاواییدا، مەخابن لە تیشکی سووکەخەمێک لە چاوەکانی. ڕەنگە تاقە ئەرکی خوداکان تەنیا خوڵقاندن بێ و هیچی تر.” هەروەها لە لاپەڕەی (١٦)دا ئاوا بەرەنگاری ئەم شێوە ڕوانینە دەبێتەوە: “ئەوانەی ڕەنگاڵەن، لەسەر قەفەزەیەک، کەمێک ئەوبەرترم داندراون و ئێمەش کە ساکارین لە خوارەوە لێیان دەڕوانین. گەرچی لەوانەیە، قەفەزەکان بەرگەی قورساییی چینی من نەگرن! ئەمەش، لە سایەسەری گومان و بڕیاری مرۆڤدایە.” هەروەها لە لاپەڕەی (١٧)دا ئەم ڕوانگەی لەوپەڕی خۆیدا وێنا دەکات: “حەوت ڕۆژە هەوڵم داوە هۆی هاتنی مرۆڤەکان بۆ ئێرە بدۆزمەوە. هەندێک دەڵێی تەنیا بوونی تۆیان دەوێ و هیچی تر چونکە نە بۆنت دەکەن و نە نێوت دەپرسن؛ تەنیا ڕەنگەکان سرنجیان ڕادەکێشێ. چاویان وەکوو سیخۆرێک لە نهێنیی زەینیان ئاگادارم دەکا. هەن کەسانێکیش کە بە دیتنی چرۆیەک، دڵیان بە قاقاکێشان و لێویان بە زەردەخەنە دەڕازێتەوە.” ئەمە لە کاتێکدایە کە خاتوو هووشیار بە ڕوانگەیەکی گەشبینانە هیوادارە کە بە ئاراستەیەکی (رویکرد) ژینگەخوازانەدا بتوانرێت سروشتیش لەپاڵ مرۆڤ شوناسێکی سەربەخۆی هەبێت.

٢) بایەخی سروشتی (زاتی)ی سروشت:

لە ڕوانگەی هەڵسەنگاندنی ژینگەخوازانەوە، ژینگە خۆی لە خۆیدا بەبایەخە و دەبێ هەر ئەو جۆری کە هەیە و بەپێی بایەخی سروشتی (زاتی)ی خۆیەوە، گرینگی پێ بدرێت، نەک بە هۆی ئەو بایەخ و شوێنەی کە مرۆڤ بەهۆی کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوە سروشتییەکان و تەنانەت ئەو چێژە بینینە و مەعنەوییەی کەوا لێی وەردەگرێت، پێی دەدات. لە هەڵسەنگاندنی ژینگەخوازانەدا، سروشت بۆ یەکەم جار لە مێژووی ڕەخنە و ئەدەبیاتدا، خودی خۆیەتی، بە گشت ناشیریننەکان، جوانییەکان، دژوارییەکان و قەیرانەکانییەوە، بەبێ نرخدانان و ڕوانگەی مرۆڤتەوەرانە و لایەنە ئەرێ و نەرێکان و ئەو بەرژەوەندی و خێروبێرانەی کە بۆ مرۆڤی هەیە، تاوتوێ دەکرێت. بۆ نموونە لە سەفەرەمیواندا تەواوی پاژەکانی سروشت، جوان یان ناحەز، شوێن و پلەی تایبەت بە خۆیان هەیە.

ئەم گۆشەنیگایە لە چیرۆکدا زاڵترە و بڕوای بە بایەخێکی سروشتی (زاتی) بۆ سروشت هەیە. لەم ڕوانگەیەدا، نرخاندنی سروشت بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی مرۆڤ و تەنیا بە ڕەسەنایەتی (اصالت)ی خۆی دەنرخێندرێت.

کەڵکەڵەی خاتوون سەبارەت بە چارەنووسی گوڵدان، وەک توخمێک لە سروشت و، ڕوانگەی شاعیرانە و فەیلەسووفانەکەی پێی، نیشاندەری تێگەیشتنی ژینگەخوازانە و پێگەییوی هزری ئەوە. ڕوانگەی سروشتتەوەرانەی خاتوون سەبارەت بە گوڵدان ڕەسەنایەتی و بایەخێکی سروشتی (زاتی) پێ دەدات هەر بۆیەش هونەرمەندانە ستایشی دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە خاوەن گوڵخانەکە هێشتا بەم تێگەیشتنە نەگەیشتووە و بە چاویلکەی بایەخی ئامێری چاو لە گوڵدان دەکات و پێی بێنرختر لە گوڵدانە ڕەنگییەکانی سەر ڕەفەیە و لە زمانی گوڵدانەوە ئاوامان بۆ دەگێڕێتەوە: “ئاگام لێیە کە خاوەن گوڵخانەکە پێی دەڵێ: جوانتر و ڕەنگینتر لەمەشمان هەیە بەڵام قسەکەی بە هەند وەرناگرێ. هەڵمدەگرن!” هەروەها لە لاپەڕەی (٣٤)دا دەڵێت: “گەرچی بەرپەنجەرە کۆلکەزێرینەی گوڵدانە؛ ئێستاش وەکوو یەکەم ئەوینیم لێ دەڕوانێ و سەرگوڵی هەموو نوێکارییەکانی منە. بە هەرە ڕەنگین و شازترین گوڵ دەمڕەنگێنێ.”
هەروەها لە لاپەڕەی (١٨)دا ئاوا بایەخی سروشتیی سروشت وێنا دەکات: “کەم وا هەیە سروشت کردەوە و بیری یەک نەبێ. یان گڕکانە و مەکۆی لەناوبردن؛ یا هەڵدێرە و مزگێنی ئاوەدانی.” لە لاپەڕەی (٣٦)یشدا نووسەر ئاوا ئەم ڕوانگەیە وێنا دەکات: “کێ دەڵێ ڕەنگی سپیی زستان، یادی سەرەمەرگە؟ سروشت، گەر لەژێر ئەم نەرمەتە سپییەدا پشوو نەدا، کوا زەوی هێزی سەرهەڵدانی دەمێنێ؟!”

ئانیمیسم‌ و ڕێزنان لە سروشت:

لە ڕوانگەی نووسەرەوە گشت پاژەکانی سروشت ڕووح و جووڵەیان هەیە، هەر بۆیە کەسایەتیدان بە توخمەکانی سروشت لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی نووسراوەی ئەوە. ئەو لەم ڕێگەوە، پەیوەندییەکەی قووڵ لەگەڵ سروشت دادەنێت. نووسەر بە ڕێز و دلۆڤانییەوە چاو لە سروشت دەکات. ئەو بەپاراستنی سروشت، لە ناخییەوە نیشانەکانی سروشتی خۆش دەوێت. چونکە زۆر باش بەمەی زانیوە کە گشت بوونەوەرەکان ئاڵقەکانی زەنجیرێکی پێکەوە گرێدراون؛ هەربۆیە ڕێزنان لە بوونەوەرێک، ڕێزنان لە بەشێک لەو زنجیرەیە و لەڕاستیدا ڕێزنان لە خۆمانە. هەروەک پێچەوانەی ئەمەش لە کۆتاییدا بە نەمانی خۆمان دەگات.

خاتوو هووشیار لە لاپەڕەی (٢٢)دا ئاوا ڕووح وەبەر گوڵدان دێنێت: “وەک بڵێی کۆلکەدارێکم و مۆرکەم تێ کەوتووە، پرسیارەکان کەوتوونەتە نێو مێشکم و فکرمیان ئاڵۆز کردووە.” و لە لاپەڕەی (٤٤)دا دەڵێت: “لەم شوێنەش جگە لە گۆڕانی خاتوون، منم کە بە ڕۆح ماندووم و بە ڕوخسار هەڵپڕووکاوم.” و لە لاپەڕەی (٤٩)دا ئەم ڕووح‌وەبەرنانە بەوپەڕی خۆی دەگەێنێت: “هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ ئاڵوگۆڕییەکانی خاتوون هاتووم. یان بە دەنگی بەرز کتێبەکانی دەخویندەوە و لە بۆچوونە جیاوازەکان ئاگادار دەبووم یان دڵنووسە کاڵ و کرچەکانی بەسرتە پێ دەگوتم.”

هەست بە یەکێتی و یەکڕەنگیکردن لەگەڵ سروشتدا:

پیشەسازی و تێکنۆلۆژی، مرۆڤ و سروشتی لێک نامۆ کردووە. مرۆڤ بەهۆی خەریکبوون و گرفتاری لە ژیانی ماشێنی و ماڵە چیمەنتۆیەکان، لە پەرژان بەسەر سروشتدا تەنەخی کردووە. نووسەر مرۆڤ بە بەشێک لە سروشت دەزانێت کە پێکەوە سروشتێکی یەکدڵ و یەکڕەنگ و تایبەتمەندیگەلێکی هاوبەشیان هەیە. نووسەر تێکەڵاوی سروشتە. بەگشتی ئەو دەپەرژێتە سەر مرۆڤ، بەڵام نەک بەشێوەیەکی جیا لە سروشتی دەوروبەری. ئەو لەژێر کارتێکەریی ئەم جۆرە ڕوانینە لەمەڕ سروشت، هەست بە یەکێتی و یەکڕەنگی دەکات.

ئەم یەکێتییە و یەکڕەنگییە لەگەڵ سروشت دەتوانین لەم دێڕانەدا بدۆزینەوە: لاپەڕەی(٢٩) “بەتەواوی دووبەرەکیی سروشت، لە هەستی مرۆڤدا ڕەنگدانەوەی بووە، جووتەی خێر و شەڕ لە ناخی مرۆڤدا نیشتەجێ، “هیچ” خانەخوێ بووە.” لاپەڕەی (٣٩)دا “کۆچ لە دڵێکی نامۆ، گەڕان بە دوای دۆزینەوەی هەستێکی ون، ونبوون و چاوەڕوان بە بیستنی دەنگێکی ئاشنا. هەڵاتن لە نیگای ئاشنا و هاوکات لە وڵاتی نامۆییدا گەڕان بەدوای دەنگێکی ئاشنادا.” لاپەڕەی (٤٢) “دەهاتە پەنام و گەڵای زەرد و سیسی گوڵەکانی هەڵدەوەراند و دەتگوت لەگەڵ هاورێیەکی دەردی دڵ دەکا و لەبەرخۆیەوە دەستی بە قسە دەکرد.” لاپەڕەی ٤٦ “نەیدەویست یا نەیدەتوانی تێر بگری و سوکنایی بێتێ. تەنیا لە شەوەزەنگدا، گوێم لە هەنیسکدانی دەبوو.” “مێشوولە گەڵای دەوەراند و لەگەڵ هەر گەڵایەکی وەریو، زیاتر ڕۆدەچووە دنیای خەم و پەژارەوە.” لاپەڕەی (٤٩): “هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ ئاڵوگۆڕییەکانی خاتوون هاتووم. یان بە دەنگی بەرز کتێبەکانی دەخویندەوە و لە بۆچوونە جیاوازەکان ئاگادار دەبووم یان دڵنووسە کاڵ و کرچەکانی بەسرتە پێ دەگوتم.” لە لاپەڕەی (٥١)دا ئەم هەستە بەوپەڕێ خۆی دەگەیێنێت: “نازانم خاتوون هەستی منی نووسیوەتەوە یا من بەردەنیان و هاوڕازی ڕێپێوانی ئەو بووم. هەرچی بێت تەنیا دوانەی وێکچووی تا ئێستای یەکترین.” هەروەها لە لاپەڕەی (٥٢)دا دەڵێت: “دوا نووزەی خۆمە یا ناڵەی وەیڕۆ. لێکی ناکەمەوە.

پارچە پارچەبوون و شکان چ جیاوازییەکیان هەیە؟” لە ئاکامدا نووسەر ئاوا ئەم یەکێتییە زەق دەکاتەوە: “مرۆڤ نەک هەر خۆی بەڵکوو ئاژەڵ و شتە خۆشەویستەکانیشی دەنێژێ.”

خۆناسین و دۆزینەوەی خۆ لە سروشتدا:

لە تایبەتمەندییەکانی تری سروشت، ڕۆڵی ئەو لە دابینکردنی شوێن و کاتی گونجاو بۆ بیرکردنەوە و ناسینی زۆرتری خودە. هەروەک (سۆزان کلایتون) دەڵێت: “سروشت، مرۆڤ لە واتا و پێگەی ڕاستەقینەی خۆی ئاگادار دەکاتەوە.”

(بروس برگر)یش دەڵێت: سروشتی کێوی … هەلێکە بۆ بردنە سەری ئاگاییی تاکەکەسی؛ جۆرێک کە خودی مرۆڤیی خۆی لەبەرانبەر بوونەوەرە سروشتییەکاندا دانێت. ئەمە خۆی ڕێگەیێکە ڕووەو دەروونپشکنی.”

سروشتی کێوی، کە لە هەرە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی خەڵوەت و دووربوونەوە لە هەراوهوریای ئاقاری کۆمەڵایەتییە، دەبێتە هۆی ئەمە کە مرۆڤ زۆرتر بیر لە خۆی بکاتەوە.

(گرگ جراد) لە هەڵسەنگاندنی ژینگەخوازانەدا، ئاماژە بە جۆریک لە هەڵسەنگاندنی ژینگەخوازانەی ئەمریکایی دەکات کە تێیدا پاڵەوانی چیرۆک لە شارستانییەتی شار بەروەو سروشت گەشت دەکات و بە ئەزموونی دەرکەوتن (تجلی) و نوێکردنەوەی خود و دەروون دەگەڕێتەوە.

ئێمێرسۆن لەسەر ئەم بڕوایەیە کە مرۆڤ لە پەیوەندی لەگەڵ سروشت بە ناسینێکی ورد لە خۆی دەگات. هەربۆیە ڕووحی مرۆڤ لەگەڵ سروشت پێکەوە گرێ دەدرێت.

نووسەر لە لاپەڕەی (٢٠)دا ئاوا ئاماژە بەم بابەتە دەکات: “ڕەنگە مرۆڤەکان لە بەشێک لە خۆیان بگەڕین لە شتەکاندا، ڕەنگە شتەکان بەشێک بن لە ڕەنگدانەوەی ئازار و ئاواتەکانی مرۆڤەکان …” هەروەها لە لاپەڕەی (٢٨)دا دەڵێت: “گەر لە زمانی ڕۆحت گەیشتی ڕێگەی دەربازبوون لە پەشێویت دەدۆزییەوە و دەسرەوی.” لە لاپەڕەی (٤٩)شدا ئاوا وینەی دەکات: “بۆخۆی دەڵێ خەریکە بەرچاوم ڕوون دەبێ و کۆتا پێستفڕێدانمە. ئیدی دەزانێ ئەوەی دەبێ بگۆڕدرێ، دنیای گەورەی ناخییەتی نە دنیای بچووکی دەرەوەی.” ئەم کاتەی وا خاتوونی چیرۆک لەگەڵ گوڵدان وەک هێمای سروشت تێپەڕی دەکات دەبێتە هۆی ناسینی خۆی و گەیشتن بە یەکڕەنگی.

دەور (ڕۆڵ)ی سروشت وەک ژینگە یان بەستێن(زمینە)ی چیرۆک:

هەڵسەنگاندنی ژینگەخوازانە لەسەر دەور (ڕۆڵ)ی ژینگە ڕوودانی ڕووداوەکانی چیرۆک و کارتێکەربوونیان لەسەر کەسایەتییەکانی چیرۆک جەختێکی زۆری بووە و تەنیا وەک ژینگەیەک کەوا چیرۆک تێیدا ڕووی دەدات، چاوی لێ ناکرێ. لە ڕاستیدا ئەو ناوەی وا نووسەر بۆ چیرۆکەکەی هەڵی بژاردووە دەربڕی دەور و ڕۆڵی بەرچاو و تۆخمی سروشتە لە چیرۆکدا. لە گەڵاڵەی چیرۆکدا، ژینگە، بە تەوەرێتیی گوڵدان دەورگێڕی کردووە و کاریگەرییەکەی لەسەر کەسایەتیی سەرەکی دیاریکەر و بنەڕەتییە.

دەور و ڕۆڵی گوڵدان لە چیرۆکدا:

لەم چیرۆکەدا کە خاتوو هووشیار بە شێوەیەکی هێمایی (سەمبولیک) نووسیویەتی، گوڵدان دوەرێکی چەندلایەن دەگێڕێت و تێگەیشتن لە ناوەرۆکی چیرۆک بەبێ لێکدانەوەی کارکردەکەی ئەستەم دەبێت. گوڵدان لە حوکمی مێژوونووسێکە کەوا شایەتی ڕووداوەکانی ژیانی خاتوون و کەسایەتییەکانی چیرۆک بووە و دەیانگێڕێتەوە.

نووسەر بە ڕۆنانی ڕووبەڕووبوونەوە دوانەکانی – هەست لە بەرانبەر ئاوەز و ئەقڵدا و خەیاڵ لە بەرانبەر هزردا- هەوڵ دەدات هەتا جۆرێ ڕوانینی کەسایەتیی سەرەکی چیرۆک لەمەڕ سروشت واتا (سروشتی دەروون و دەرەوە) نیشان بدات. نەزۆکی چالاکنەبوونی گوڵدان و تێپەڕکردنی قۆناخەکانی ژیانی لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی بە شێوەیەکی خوازەیی لەگەڵ نەزۆکی و بەتاڵی ڕووحی خاتوون و تێپەڕاندنی ئەو قۆناخانە و گەیشتن بە بەروەری (باروری) پێکەوە گرێ دراوە. لە ڕاستیدا گوڵدان وەک باڵوێز و نێردراوی سروشت دەیهەوێت بەم شێوەیە خاتوون و ڕیشە ونبووەکانیەوە لە سروشتدا (دەرەوە و دەروون) بەیەکەوە گرێ بدات.

دەرەنجام:

نووسەری چیرۆکی “یاداشتە ڕۆژانەکانی گوڵدانێک” بە زەقکردنەوەی دەوری سروشت و ڕوانینی تایبەتی خۆی، هەوڵی داوە پێناسەیەکی نوێ لە سروشت بەدەوستەوە بدات. ئەو بە کەڵکوەرگرتن لە ڕووبەڕووبوونەوە دوانەکان و هێنانەوەی سیمبۆل، شعوور و هەست و وشیاریی بێدەنگی سروشتی کە گوڵدان هێمایەتی، سەرتر لە هزر و شعووری مرۆڤی داناوە و نیگایەکی نوێی بە ژینگە وەک بوونەوەرێکی سەربەخۆ و خاوەن شوناس و بایەخی سروشت و زاتی هەیە، بەدەر لە پێش‌داوەری مرۆڤتەوەرانە کە گشت شتێک بە خۆی و بەرژەوەندییەکانی گرێ دەدات و بەم پێیە مانای پێ دەدات.

هاجەر هووشیار

هاجەر هووشیار لە دێی خانکەندی سەر بە چۆمی مەجیدخان، نزیک میاندواو لەدایکبووم. ڕێکەوتەکەی لە ناسنامەی فەڕمیمدا نووسراوە حەوتی خەرمانانی ۵۷. لە ساڵی ٦۲ یان ۳ هاتینە بۆکان. لە بنەماڵەیەکی ئایینی و هەر وەها گیرۆدەی داب و نەریتی زاڵی سەردەمی خۆماندا گەورە بووم. ئەم حەزی خوێندنەوەیەش دەگەڕێتەوە سەر گیرۆدەیی دایکم و بابم بۆ زانست و فێربوون.

هەوەڵین خولیای کوردی خوێندنەوەم بە گوڤاری سروە بوو و عاشقی قەڵەمی جەلالی مەلەکشا ببووم. لە فارسی و کوردی هەرچی دەستم کەوتبا شێعرم لەبەر دەکردن و شێعرنووسینیشم تاقی کردبووەوە.

هەر لە کاتی قوتابخانەدا ئینشا نووسینم باش بوو و بە ۱۰ لاپەڕە دەمنووسی. چونکە دواتریش ماڵمان کۆچێکی ۱۰ ساڵەی کردەوە بۆ خانکەندی و تێکەڵاو بە بیرەوەری هاوینانەی سروشتی ئەوێ ببووم کە خۆشترین ئاشنایی بوو خۆشتر لە ئاشنایی مرۆڤەکان، لە نووسینەکانمدا سروشت هەمیشە پڕڕەنگە.

ساڵی ۷۸ چوومە (تربیت معلم) لە تەورێز و کاردانی و کارناسی و ئەڕشەدم لە کۆمەڵناسیدا خوێند و ئێستاش ۲۳ ساڵە مامۆستای قوتابخانەکانی بۆکانم. دوای ئەوەی مێردم کرد و منداڵەکانم کەمێک لە کڵ هاتنە دەر کەوتمەوە سەر خوێندنەوە و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی وا ناسیمن بۆ نەقد و لێدوان لەسەر کتێب، بەشدار بووم. دواتر چوومە ناو بازنەی چیرۆکنووسان و قەڵەمم بۆ چیرۆکنووسی تاقی کردەوە. لە چەند گوڤاردا لێدوان و وەرگێرانم بڵاو کردەوە. لە وەرگێڕانی۲ کۆوتاری فەلسەفی، لەگەڵ چەند هاوکار و مامۆستایانی شارەزا هاوکاریم کرد و ئێستاش و تا کۆتاساتەکانی ژیانم خەریک فێربوونم.

سەرچاوەکان:

١) وتاری (معنویت اکولوژیک در مجموعە اشعار سهراب سپهری و رالف والدوامرسون با تکیە بر عنصر “آب”، انیس کلانتری، ناهید محمدی)

٢) وتاری (تأثیر زیست بومهای مختلف در اشعار سهراب سپهری و منوچهر آتشی از منظر نقد بوم گرا، نرگس ادیب رادو عالیه یوسف فام، مهناز جعفریه.)

٣) (رابطەی ساختارشکنانەی فرهنگ و طبیعت: نقدی بوم‌گرایانە بر چند سرودە از سهراب سپهری، نوذر نیازی).

٤) (ضرورتها و الزامات نقد زیست‌محیطی با نگاهی بە کاستی‌های آن در مقالات ایرانی، سولماز معینی، احمد رضی و رضا چراغی.)

٥) (خوانشی بوم‌گرایانە از داستان کوتاه درخت گلابی نوشتە گلی ترقی، نوذر نیازی.)

٦) ( بررسی بوم‌گرایانەی با شبیرو، اثر محمود دولت‌‌آبادی، مرتضی حبیبی نسامی، مجلەی ادبیات پارسی معاصر).

٧) کتێبی “سەفەرەمیوان”ی خاتوو (هاجەر هووشیار).

تێبینی: شڕۆڤە و لێکدانەوەی کتێبی “سەفەرە میوان”ی خاتوو (هاجەر هووشیار) لە ڕێکەوتی نۆی بەفرانبار، دەمژمێر ۹:۳۰ی شەو بە شێوەی مەجازی و سەرهێڵ لە لایەن خاتوونانی کتێبی شنۆ بەڕێوە چووە.

https://t.me/xatunakaniktebishno

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

لێک‌دانەوەی دوو چەمکی “ڕۆیشتن” و “گەڕانەوە” دە ڕۆمانی “گوڵی شۆڕان”ی عەتا نەهایی‌دا

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *