وەرگێڕانی کوردیی ڕۆمانی ئولیس
دوکتۆر بەختیار سەجادی:
هەواڵی بڵاوبوونەوەی وەرگێڕانی کوردیی ڕۆمانی ئولیس (یولیسێز)، بەرهەمی جەیمز جۆیس، لە لایەکەوە دایچەڵەکاندم و لە لایەکی تریشەوە شاگەشکەی کردم. سەرەتا باوەڕم نەدەکرد و بۆیەش هیچ کاردانەوەیەکم نەبوو. منیش وەک زۆربەی وێژەوانانی کورد ساڵانێکە ئەو پرسیارەم بە مێشکدا هاتووە کە ئاخۆ بڵێی لە ناو کورددا کەسێک هەڵکەوێ ئەو شاکارە مەزنەی ئەدەبی جیهان بکاتە کوردی. گەرچی پێشتر دوو بەشی یەکەمی لە لایەن مامۆستا محەمەد ڕەمەزانی-یەوە بۆ کوردی وەرگێڕاوە و لێرەولەوێش تاکوتەرا کەسانی تر چەند ڕستە و پەرەگراف و لاپەڕەیەکی ئەو ڕۆمانەیان بە کوردی بڵاوکردبۆوە، بەڵام ئەمجارەیان وترابوو کۆی ڕۆمانەکە دەکرێتە کوردی. چەند ساڵ لەمەوبەر هاوڕێیەکی باکووری پێی وتم کاک کاوە نەمر بۆ کورمانجی وەریگێڕاوە، بەڵام ئەوەشم تا ئێستا نەبینیوە.
هەر کە وەرگێڕانەکەیان بۆ ناردم، خێرا دەستم کرد بە خوێندنەوەی. پێشەکییە دوورودرێژەکەی وەرگێڕم خوێندەوە و هەندێ نموونەشم لە شەش بەشی یەکەم (بەرگی یەکەمی وەرگێڕانەکە) لەگەڵ دەقە سەرەکییەدا بەراورد کرد. وەرگێڕ لێکدانەوەی بەشەکانی داناوە و پەراوێزی زۆریشی بۆ نووسیوە. گەرچی هەندێ سەرنجم لەسەر ئەم وەرگێڕانە زێدەبەنرخە هەیە، بەڵام بە گشتی بە بەرهەمێکی سەرکەوتووی لە قەڵەم دەدەم. ئەوەی جێگای سەرنجیشە ڕێنووسی کتێبەکەیە کە تەواو دیارە وەرگێڕ بەوپەڕی هەستیارییەوە و بە وردی و بە دروستی ڕووبەڕووی ئەم پرسە بۆتەوە.
وەک دەزانرێ، یولیسێز نەک سەدان و بەڵکوو هەزاران وردەکاریی جیاجیای تێدایە و خاوەنی پێکهاتەیەکی قورسوقایمە. ڕۆمانەکە لە ڕووی وشەڕۆنانەوە تەنانەت بۆ خەڵکی پسپۆر کە زمانی دایکیان ئینگلیزییە بە ڕووداوێکی سەیروسەمەرە دادەنرێ. دژواری و وردەکاریی ئەو ڕۆمانە ئەوەندە زۆروزەوەندە کە من یەکێک لە وانەوتارەکانم لەسەر جۆیس تەنها و تەنها بۆ لێکدانەوەی یەک پۆرتمانتۆی بەکارهاتوو لە ڕۆمانەکە تەرخان کردووە! ساڵی ۲۰۰۱ چەند ڕستەی سەرەتای دوابەشی ڕۆمانەکەم کردە کوردی و لە گۆڤاری بەرهەم بڵاوکرایەوە؛ بەڵام هەر ئەو چەند ڕستەیە چەند ڕۆژی کات بردم!
من وەرگێڕی ڕۆمانەکە، کاک نەوا موکرجی، ناناسم و تەنانەت سەرەتاش پێم وابوو ناوی خوازراوە. لە فایلە دەنگییەکەی وەرگێڕدا شێوە ئاخافتنەکەی و گۆکردنی هەندێ وشە و هەوای قسەکردنی دەریدەخست خەڵک یاخود دانیشتووی سلێمانییە. ئەمڕۆ لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەیدا خوێندمەوە ساڵی ۱۹۸۷ لە سلێمانی لەدایکبووە و دەرچووی بەشی کوردیی زانکۆی سلێمانییە. شێوازی داڕشتنی ڕستەکان و وشەسازییەکەی کەمتر لە ژێر کاریگەریی شێوازی باوی نووسین لە کوردستانی باشووردایە. وەرگێڕ پێوەندیی لەگەڵ بەرهەمی وێژەوانان و کوردینووسانی ڕۆژهەڵاتدا زۆرە و ئاگاداری کتێبخانەی فارسی و یەکێک لە وەرگێڕانە فارسییەکانی ڕۆمانەکەیە. هەر لێرەوە پیرۆزبایی لێدەکەم بە بۆنەی ئەو دیارییە زێدەقەدرگرانەی پێشکەشی کردووین و، دەستی ماندوویینەناسی دەگووشم بە هۆی ئەو بەرهەمە دانسقە و زێدەپڕبایەخەی پێشکەشی کتێبخانەی کوردیی کردووە.
وەرگێڕانی دەقی ئەدەبیی مۆدێرنیستی، وەک ئەم ڕۆمانەی بەرباس، و دەقی سەر بە هەندێ ڕێبازی فەلسەفیش، قوتابخانەی فرانکفۆرت بە نموونە، بۆ زمانەکانی تر و بە تایبەت بۆ ئەو زمانانەی لە لاتین دوورترن، وەک کوردی و فارسی، ناتوانێ دەقاودەق کۆی واتا و تەکنیکەکانی دەقی سەرچاوە بگوازێتەوە. ئەم تایبەتمەندییە هەموو وەرگێڕانێکی لەو چەشنە دەگرێتەوە، بەوانەی خۆشمەوە. پێشتریش وتوومە، ساکارسازی و سادەکردنەوەی شێوازی دەقی سەرچاوە خەسارێکی جیدیی وەرگێڕانە لای ئێمە و زۆر جاریش بەری پێناگیردرێ. هیوادارم ئەم وەرگێڕانەی ئێستا تا ئەو جێگەیە بۆی دەکرێ خۆی لەم خەسارە دوور بخاتەوە.
لە ناو وەرگێڕانە فارسییەکانی ڕۆمانەکەدا، بەرهەمەکەی مامۆستا مەنووچێهر بەدیعی لە گەلێک ڕوووەوە لەوەی د. ئەکرەم پێدرامنیا باشترە. وەرگێڕانی کوردیی ڕۆمانەکە زیاتر سەرنجی داوەتە ئەوەی دووەم. وەک پێشنیازێک، پێم وایە زۆر باشتر دەبێ گەر وەرگێڕی بەڕێز تەرجەمەکەی بەدیعی وەدەستبخات و بیخوێنێتەوە، بە حوکمی ئەوەی جیاوازیی زۆری لەگەڵ وەرگێڕانەکەی پێدرامنیادا هەیە و کات و وزەی زیاتریشی بۆ تەرخانکردووە و شێوازەکەشی ئاستبەرزتر و وردەکارانەترە.
ئەم وەرگێڕانە بێگومان کاریگەرییەکی بەرفراوانی دەبێ لەسەر زمانی کوردی، نەک هەر لە ڕووی شێوەگەلی گێڕانەوە و چەشنی ڕوانین بەڵکوو لە باری ڕستەسازی و کۆوشەسازی و بە تایبەت لە ڕووی وشەڕۆنان و وشەسازییەوە. هیوادارم کۆی ڕۆمانەکە بە پێی ئەو بەرنامەیەی وەرگێڕ ئاماژەی بۆ کردووە بە کوردی پێشکەش بکرێ کە بێگومان پرۆژەی تەمەنە و چەند ساڵ دەخایێنێت. هەر لێرەشەوە ڕایدەگەیێنم بەندە بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک ئامادەم و ئەرکی سەرشانی هەموومانە بە هەموو شێوەیەک یارمەتیدەری بەئەنجامگەیشتنی ئەم پرۆژە گەورە ئەدەبی و ڕۆشنبیری و فەرهەنگییە بین.
بۆ داگرتنی تهواوی بابهتهکه ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.