«بەردینە» نوێترین ڕۆمانی سەیدقادر هیدایەتی بڵاوکرایەوە
ناسنامەی کتێب: ڕۆمانی «بەردینە»، سەید قادر هیدایەتی، ۲۴۰لاپەڕە، چاپەمەنی خانی، ۱۴۰۰.
بەپێی ئەو چەند ڕۆمانەی چاپەمەنیی خانی لە سەیدقادر هیدایەتی چاپ کردووە، ئاشکرایە ڕۆمان لە لای ئەو تەنیا بەسەرهات و چیرۆکێک نییە کە بیگێڕێتەوە. ڕۆمان لە لای سەیدقادر هیدایەتی لە ئەنجامی کار کردن لەسەر زمان، تکنیک، گێڕانەوە، گەڵاڵە، دیالۆگ و… لە زەمینەی کۆمەڵگادا بەدی دێ.
ئەمجارەیان لە بەردینەدا، نووسەر بە شێوازێکی جیاواز کاری لەسەر زمان، شێوازی گێڕانەوە، دیالۆگ، گەڵاڵە و تەرحی چیرۆک کردووە و لە پەنای ئەوانەوە پەرژاوەتە سەر خاڵێکی گرینگی مێژوویی.
بەردینە، لە ئەنجامی پێکگەیشتی ماکەکانی مێژووی ڕەسمی لەگەڵ مێژووی سانسۆرکراو، پێکگەیشتنی ئەدەبی زارەکی لەگەڵ ئەدەبی نووسیاری سەرهەڵدەدا.
چیرۆک و بەسەرهاتی ڕۆمانەکە لەسەردەمی شاعەباسدا ڕوو دەدا، ڕووداوی مێژوویی و کارەساتی دمدم یەک لە تەوەر و تێمە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکەیە. نووسەر بۆ گێڕانەوەی ئەو بابەتە، گێڕانەوە و زمانێکی تایەبەتی خولقاندووە کە لە ئەدەبی کوردیدا قەتی کەڵک لێ وەرنەگیراوە. شێوازی نووسین و پەخشانی ڕۆمانەکە جێگای لێکۆڵینەوە و وردبوونەوەیە.
وەک هەرکام لە بەرهەمەکانی پێشووی نووسەر، لە باری زمانییەوە هەوڵ دراوە زمانێکی تایبەت بە فەزا و زەمان و شوێنی ڕۆمانەکە بەدی بێنێ. واتە زمان بەپێی مەنتقی ناوەوەی ڕۆمانەکە دەخوڵقێ.
سەیدقادر هیدایەتی
وەک زۆربەی ڕەخنەگران ئاماژە دەکەن، سەیدقادر هیدایەتی پێشتر بۆ نۆڤلێتی دەنگی نوختە زمانێکی دینامیک و بەگوڕ، بۆ ڕۆمانی تۆقی عەزازیل زمانێکی خانەقایی و دەروێشانە، بۆ گابۆڕ زمانی کووچە و بازاڕ و بۆ گۆڕەشار لە زمانێکی زۆرجار مووزیکاڵ و بزۆزی زەینی کەڵک وەردەگرێ.
ئەمجارەیان لە بەردینەدا زمانێکی کەونارای بەیتبێژانە، زمانێکی دیوانی و دیوانخانی یان میرزایانە دەخوڵقێنێ.
ئەو زمانە کەونارایە لە بەردینەدا کۆڵەکەیەکی سەرەکییە. لە زۆر شوێندا وەک زمانی حەیران و بەندە کوردییەکان لیریک و ئاشقانە و لە کاتی پێویستدا حیماسی و پڕشکۆیە.
بەردینە لە ئەنجامی بەرخورد و پێکگەیشتنی مێژوو لەگەڵ ئەفسانە و بەیتی کوردیدا، فۆرم و گێڕانەوە و زمانێکی تایبەت بەدی دێ.
کارەساتی مێژوویی قەڵای دمدم لە بەردینەدا لە ململانێی مێژووی ڕەسمی و باڵادەست لەگەڵ بەیتی دمدم وەک مێژووی ناڕەسمی و پەڕاوێزخراو، پێک دێ.
جودا لە گێڕانەوە و زمان، یەکێکی تر لە خاڵە بەرچاوەکانی بەردینە، چیرۆک و گەڵاڵەی پێچەڵاوپێچی چیرۆکەکەیە، کە وەها داڕژاوە تا کۆتایی خوێنەر ڕابکێشێ.
دیالۆگ لەو ڕۆمانەدا ئەرکێکی سەرەکی دەگێڕێ و تەنیا قسەکردن نییە.
شوێن لە بەردینەدا لە سەرەتاوە، شاری شنۆیە، دواتر دەبێتە قەزوین و ئیسفەهان(تاراوگە)، دواتر کەسایەتی دەگەڕێتەوە بۆ ورمێ و شنۆ(وڵات، نیشتمان).
ڕوانینی بەردینە بۆ کارەساتی مێژوویی دمدم چەند لایەنە و نایەوێ بە زمانێکی گێڕانەوەیی سانتیمانتاڵ لەو کارەساتە بدوێ. کارەساتی دمدم لە بەردینەدا، شکست و دابڕانە، شکست مرۆڤی تایبەت دەخوڵقێنێ. دوای کارەساتی دمدم دێمۆگرافیای کوردستان دەگۆڕێ و کورد لە ڕووی ڕووبەر و هێز و دەسەڵات و هەموو شتێکەوە لە کزی دەدا. بەڵام دوای دابڕان و تێکشکانی گەورە، ئەگەری سەرهەڵدانەوەیەک هەیە و کەسایەتی سەرەکی کۆڵێک گرێ و ڕق و تووڕەیی لە ناخدایە. بەردینە بە هیوایەکی کەمەوە دەست پێ دەکا و تەواویش دەبێ. کەسایەتی سەرەکی دوای شکست و داڕمانی گەورە، هیوا و ئومێدێکی زۆرکەمی لە دەروون ماوە، کە ئیمکانی سەرهەڵدانەوە و گەشانەوەی هەیە و نییە!
ڕاویی بەردینە هەوڵ دەدا ئەو بەشانەی ئەسکەندەربەگی تورکمان نووسەری کتێبی مێژووی عالەم ئارای عەباسی بە قازانجی دەسەڵات سانسۆری کردوون، هەر لە زمانی ئەسکەندەربەگەوە، بگێڕێتەوە!
نووسەر هەوڵی داوە کەسایەتییە مێژووییەکان بکاتە کەسایەتی ناو ڕۆمان و لە مێژوو بە قازانجی ڕۆمان کەڵک وەرگرێ.
سەیدقادر هیدایەتی لە بەرهەمەکانی پێشوویدا، کووچە و بازاڕ و خانەقا و نەخۆشخانە و بە گشتی بەشەکانی خوارێ کۆمەڵگای ڕەوایەت دەکا، لە بەردینەدا کامێرای گێڕانەوە سەرتر دەڕوا و دەچێتە ئاستی دیوان و دەرباری شا و وەزیرەکان و زمانێکی دیوانیی کوردی دەخوڵقێنێ.
وشەی بەردینە واتا سێبەری بەرد. ئیستعارەیە بۆ خولیای میرخانی برادۆست و هاوڕێیانی لە قەڵای دمدم
دەنگدانەوەی هەواڵەی “ماڵی کتێبی کوردی” لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان
هفتهنامه «دهنگیکوردستان»، دوشنبه ۱٤۰۰/۱۲/۰۲،شماره ۱٤٤، صفحه دوم/ سال هفتم. برگرفته از پایگاه خانه کتاب کردی
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە