خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کۆشکە سوورەکە: هێماکانی حەز و تارماییەکانی دەسەڵات

کۆشکە سوورەکە: هێماکانی حەز و تارماییەکانی دەسەڵات

کۆشکە سوورەکە: هێماکانی حەز و تارماییەکانی دەسەڵات

دوکتۆر هاشم ئه‌حمه‌دزاده

لە نوێترین ڕۆمانی هیوا قادردا تێکهەڵکێشی خەیاڵ و واقیع دەگاتە لووتکە و لەسەر بنەمای گۆڕانکارییەکانی باشووری کوردستان زەمینەی گێڕانەوەیەکی پڕ لە فانتازیا دەڕەخسێت کە خوێنەری کونجکۆڵ بە نێو داڵانەکانی کۆمەڵێک پێشهاتی سەیروسەمەرەدا دەگێڕێت و تا خوێندنەوەی دواهەمین لاپەڕە کەمەندکێشی دەکات. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەم وێڕای لیکدانەوەی فۆڕم و ناوەرۆکی ڕۆمانەکە کۆمەڵێک تێبینی لەسەر گۆڕانکاریی فەزای گشتیی گێڕانەوەی کوردی ئاراستە بکەم.

بە پێداچوونەوەیەکی گشتی بە مێژووی جێگۆڕکییەی تیۆرییە ئەدەبییەکاندا بۆمان دەردەکەوێت کە گەشە و گۆڕانکارییە شێوازی و ناوەڕۆکییەکانی ئەدەب پێوەندییەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ گوتارە باوەکانی سەردەمی خۆیاندا هەبووە و هەیە. لەڕاستیدا هەوڵی سەرەکیی تیۆریگەلی ئەدەبی لە ڕەوتێکی زەمەنیی دوورودرێژدا شتێک نەبووە جگە لە تێگەیشتن لە میکانیزمی ئەم پێوەندییە و چلۆنایەتیی پێکەوە چارانی ئەدەب و بنەما فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان. ناکرێ شیعرییەتی ئەرەستو و کۆماری ئەفلاتون لە دەرەوەی حەماسەکانی هومێر و دراماکانی سۆفۆکلێس بە دروستی وێنا بکرێن. هەموو ڕێسا تیۆرییەکانی یەکگرتوویی (unity) کات و شوێن و بابەتی سەردەمانی گەڕانەوە بۆ دیاردەی عەقڵی کلاسیک لە سەدە نێوەندییەکاندا و لە بەرەبەرەی شنەی ڕێنێسانسدا دوای ماوەیەکی نە زۆر دوورودرێژ جێگەی خۆی دەدات بە ڕۆمانتیزم کە دواجار شتێک نییە جگە لە تێهەڵەنگوتنی ڕاستی و خەیاڵ. ئەگەر ئەم ڕەوتە هزرییە لە ماوەی ٢٠٠٠ ساڵدا بە خێشکەیی ولەسەرەخۆ هەنگاوی دەناوە، لە سەدەی نۆزدەهەمدا خێراییەکی بەرچاو بە خۆیەوە دەبینێت. ڕەنگە ئەمەش بێ پێوەندیی لەگەڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان نەبووبێت. لە کاتێکدا شۆڕشی ١٧٨٩ی فەڕەنسە وەک بوومەلەرزەیەک نەزمی کۆن دەشێوێنێت ناکرێ جیهانی ئەدەب لە پڕشکەکانی ئەم شۆڕشە بەدوور ڕابگیرێت. شۆڕشی پیشەسازیی ڕۆژاوا و هاتنە کایەی مەکینەی هەڵم و هێڵی ئاسن و دەنگی نامۆی شەمەندەفەر لەگەڵ خۆیدا سەدەی نۆزدەهەم پڕ دەکەن لە کارتێکەریی خۆیان.

ئەم ڕەوتە لە سەدەی بیستەمدا و بە تەنینەوەی زیاتری بەستێنەکانی ژیانی مرۆڤ هەر دەچێ و خێڕاتر دەبێت. شۆڕشەکان و شەڕی ئایدیاکان شوێنپێی خۆیان لە دێڕ بە دێڕی بەرهەمگەلی ئەدەبیدا دەردەخەن. هەڵبەت ئەم ڕەوتی کارتێکەرییە بە هیچ شێوەیەک یەکلایەنە نەبووە و نییە. ئەوەندەی ڕەوتی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان کارییان کردووەتە سەر جیهانی ئەدەب، ئەدەبیاتیش بە نۆرەی خۆی کاری کردووەتەوە سەر ململانییە کۆمەڵایەتی و هزرییەکان. لەڕاستیدا ئەدەبیات جگە لە ئۆخژنی و چێژبەخشین بە مرۆڤی ماندووی گەڕان بە شوین ماناکانی بووندا هاندەرێکی کاریگەر و توانا بووە بۆ شۆڕبوونەوە بە قووڵاییەکانی جیهانی هزر و بیردا. جێپێی ئەم پێوەندییە دوولایەنانە لە هەموو ڕێباز و مەدرەسە ئەدەبییەکاندا زۆر بە ئاشکرایی خۆی دەردەخات. لێرەدا دەبێ گرنگیی جیاوازیی جۆغرافیا فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان و نایەکسانیی ڕەوتی گەشەساندن (uneven development) لە مەڵبەندە جیاوازەکانی گۆی زەوی لەبیر نەکەین. دەبێ تێکهەڵکێشی و کێبەرکێیی ڕەوتە کۆمەڵایەتی و هزرییەکان بە بەردەوامی بێنینەوە بەر چاومان و لێیان ورد بینەوە و بۆ تێگەیشتنیان هەوڵ بدەین.

هەر چۆن بنەماکانی هزری تیۆریزەکردنی جیهانی ئەدەب لە دەروەی ئەدەبدایە و ئەوە کەسانی سەر بە دیسیپلینە هەزرییەکانی دیکەن کە دەبنە سەرچاوەی هەڵسەنگاندن و خەمڵینی ئەدەبی، بەرهەمە ئەدەبییەکانیش دواجار دەبنە بەستێنی چڕبوونەوەی هۆش و زانست و جوانیناسییەکانی سەردەمە دیاریکراوەکانی مێژووی مرۆڤ.

لەبەرچاوگرتنی دیالێکتیکی پێوەندیی نێوان بەرهەمی ئەدەبی لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆکەوە یارمەتیدەری تێگەیشتنی هەمەلایەنەتری خوێنەرە لە جێگە و پێگەی ئەدەب لە لایەک و کارتێکەری و کاریگەرییەکانی لەسەر جیهانی ئەندێشە و ئاستی گەشەی کۆمەڵایەتی. دەرکەوتنی ئاڵۆزی لەم پێوەندییەدا شتێک نییە کە تیۆریداڕێژانی ئەدەبی لێی خافڵ بووبن. ڕەنگە کۆنتراستی سێ فەیلەسۆفی بەرایی تیۆریی ئەدەبی، واتە سوقرات و ئەفلاتون و ئەرەستو نموونەیەکی باش بێت لە هاوژینیی بیر و بۆچوونە جیاوازەکانی سەردەمێکی دیاریکراو. سوقراتێک کە باختین گوتەنی دەبێتە باوکی دیالۆگیسم لاپەڕەیەکی نووسراوی لێ بەجێ نامێنێت و نازانین گەر شاگردە وەفادار و ئەمەگناسەکەی، واتە ئەفلاتون نەبوایە ئێمە چۆن دەستمان بە میراتی ئەم گیانبەختکردووەی ڕێبازی ئەندێشە و دیالۆگ ڕادەگەیشت. ئەفلاتونێک کە لەسەر بنەمای تێزەکانی خۆی لەسەر دیاردەی تەقلید/لاسایی (mimesis) ڕێ بە شاعیران نادات لە دەوڵەتە ئایدێئالەکەی یان با بڵێین مەدینە فازیلەکەیدا ئامادە بن، لەوپەڕی شیعرییەتدا دەنووسێت و دەستەودامێنی تێکنیکە ئەدەبییەکانی سەردەمی خۆی دەبێت و وەک ئەدیبێکی دەستڕەنگین بەرهەمەکانی خۆی دەئافرێنێت. ئەرەستوی هۆگری شاعیران و کردەی لاسایی و تەقلیدکردنیان، بەزەحمەت خۆی لە قەرەی ئەدەبییەتی مامۆستاکەی دەدات و وەک شێوازی نووسین زۆر بەوشکوبرنگی دەنووسێت. لێرەدا توانایی و تایبەتمەندیی تاک تێکهەڵکێشی دوو لایەنەکەی دیکەی دیالێکتیکی ئافراندن دەبێت و مۆرکێکی تاقانە لە بەرهەمی ئەدەبی و پێوەندییە چڕەکەی بە ئەزموونی تاکانەی ئەدیبەوە دەدات.

ئەو سوغرا و کوبرایەم بۆ ئەوەیە بچمە سەر بواری لێکدانەوەی ڕۆمانی کۆشکە سوورەکە و هەوڵ بدەم لە جیهانی فۆڕم و ناوەڕۆکەکەی ورد ببمەوە و ئاواتەخواز بم بتوانم یارمەتییەک لە جیهانی گێرانەوەکە بۆ تێگەیشتن لە ژینگەی کۆمەڵگەی کوردیی وەربگرم. ڕەنگە ئاراستە کردنی کۆمەڵێک پرسیار لەسەر دونیای ڕۆمانەکە یارمەتیدەر بێت بۆ چوونە نێو چوارچێوەی باسەکە. گەلۆ ڕۆمانەکە وەک جیهانێکی سەربەخۆ دەتوانێت بۆ هەموو خوێنەرێک مانابەخش بێت؟ بۆ نموونە ئەگەر خوێنەر کورد نەبێت و کۆدەقی ڕووداوەکانی کوردسان نەزانیت ئایا دەتوانێت لە ڕەوتی ڕووداوەکان تێ بگات؟ هەڵبەت ئەم پرسیارە لەسەر هەموو بەرهەمێک ڕاستە. ناکرێت بەرهەمێکی ئەدەبی لە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە سەردەم و کۆدەقی خۆیەوە دابپچڕێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرهەمێکی ئەدەبیی سەرکەوتوو ئەو لایەنی لۆکالی و جیهانییە واها تێکهەڵکێشێ یەکتر دەکات کە خوێنەر لە هەر گۆشەیەکی ئەم گۆی زەوییەدا کەم تا زۆر خۆی تێدا ببینێتەوە. ئاخر ئەگەر ئاوا نەبێت بۆ دەبێت خەڵکانی سەر بە فەرهەنگ و جۆغرافیای جیاواز بەرهەمی بێگانە بخویننەوە و چێژی لێ وەربگرن؟ لێرەدا دەکرێ پرسیار بکەین کە کۆشکە سوورەکە وەک گێڕانەوەیەکی سەربەخۆ چەندە دەتوانێت زەمینەیەک بدات بە خوێنەری نائاشنا بە ڕووداوەکانی سێ دەیەی ڕابردووی باشووری کوردستان؟ ئەگەر لە میکانیزمی ئامادەیی “تارمایی” سارا وەک کاراکتەرێکی سەرەکیی ڕۆمانەکە کەڵک وەر نەگیرابایە، چی دەبوو؟ دەکرێ لە خۆمان بپرسین تارمایی باوکی شازادە هاملێت، هامڵیت شا،[۱] چ کارکردێکی گێڕانەوەیی هەیە و تارمایی سارا چەندە لە بواری گێڕانەوەییدا ئافرێنەرانەیە و ئامانجی خۆی دەپێکێت؟ ڕۆمانسبوونی تراژێدیای هامڵێت دوای نزیکەی چوار سەدە چەندە شیاوی گونجانە لەگەڵ جیهانێکی پۆستمۆدێرندا؟ گەلۆ تارمایی کاترین لە بەرزاییەکانی ودرینگی ئێمیلی برۆنتێ لە سەدەی نۆزدەهەمدا چەندە لە تارمایی سارا دەچێت؟ ئایا ڕۆمانتیزمی برۆنتێ دوای ١٨٠ ساڵ لە کۆمەڵگەی کوردیدا مەجالی دووبارەبوونەوەی هەیە؟ ئەو ڕاستییە کە دوو لە ژنانی سەرەکیی ڕۆمانەکە، سارا خاتوون و یار خان بەشێک لە ژیانیان لە دەرەوەی کوردستان بوونە و لەسەر داوەتی ئەندازیاری کۆشکی سوور دەگەڕێنەوە کوردستان هەڵگری چ حیکمەتێکە؟ بۆ دەبێ هەموو ژنانی میوان لە کۆشکی سوور کە حەزی پیاوانی کورد دادەمرکێنن بیانی بن و تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت لە کۆشکدا بمێننەوە؟ تایبەتمەندیی جێندەریی سارا و واقوڕمانی پیاوانی کورد و تێنەگەیشتنیان لەم ناسنامە جنسییە تازەیە هەڵگری چ ئاماژەگەلێکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیین؟ دوا بەرزبوونەوەی سیامەند و تارمایی سارا بەرەوە ئاسمان لە کاتێکدا دەستیان لەنێو دەستی یەکتردایە، ئاشتبوونەوەی دوو جنسییەتی جیاوازە یان وازهێنانی سارایە لە تایبەتمەندییە هاوجنسخوازانەکەی خۆی لە بەرامەبەر بێباوەڕی سیامەند بەم ڕاستییەدا؟ تۆڵەئەستێنی و ڕقی بێسنووری سیامەند و موراد لەیەکتر و کۆتایی هەژێنەری ژیانیان چەندە ڕیشەی لە کۆمەلگەی کوردیدایە و بەرهەمهێنەرەوەی سیاسەتی هێزە سیاسیەکانی کوردە؟ دونیای جوانیئافرێن و چێژبەخشی ژنانی کۆشکە سوورەکە، بە بەراورد لەگەڵ دونیای پڕ لە زەبروزەنگ و حەزویست و دەسەڵاتخوازانەی پیاوەکانی کۆشکدا، هەڵگری چ هێماگەلێکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییە؟ لە باری شێوازییەوە ئەو هەموو لێدوانە قووڵ و زانایانە لە زمانی کێوە دەگەنە بەردەنگ؟ ئایا ڕێگەیەک بۆ قوتاربوون لە چنگ فەلسەفاندنی وەگێڕە هەمووشتزانە بەردەوام خۆتێهەڵقوتێنەرەکە هەیە؟ جێگە و پێگەی دیالۆگ لەنێوان کاراکتەرەکاندا چەندە یارمەتیی خوێنەر دەدەن بچێتە نێو دونیای گێڕانەوەکەوە؟ کۆتایی تاڵی شەوە سوورەکانی کۆشکی سوور گوزارە لە هەبوونی هێزێکی بەرنگاربوونەوەی دادخوازانەی کۆمەڵایەتی دەکات یان دووپاتبوونەوەی دێوەزمەی شکستە کە خۆ بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا دەسەپێنێت؟ ئایا تاکسییە کۆنەکەی بەرەو کۆشک دێت یار خان بەرەو کوێ دەبات؟ بۆ تاکسییەکی کۆن؟ بۆ شۆفیرێکی پیر؟ تێپەڕکردنی زیاتر لە ٢٨ ساڵ ژیان لە چەند کیلۆمێتری ماڵی دایکوباوک بێ ئەوەی هەرگیز بتەویت جارێک لە جاران سۆراغێکیان بگری، دواجار بە چ ئاقارێکدا دەڕوات؟ پچڕانی هەموو جۆرە پێوەندییەک لەنێوان سارا و یار و بنەماڵەکانیاندا هێمای چ گرفتێکی بنەڕەتییە لە کۆمەڵگەی کوردیدا؟

ئەمانە و چەندان پرسیاری دیکەی شێوازیی و ناوەڕۆکییانە دەتوانن پێزانینی خوێنەر بۆ گێڕانەوەیەکی سەرنجڕاکێشی کوردی نیشان بدەن. کۆشکە سوورەکە، بێ هیچ گومانێک، بە ئافراندنی دەیان پرسیاری هاوشێوە لە زەینی خوێنەردا ئاستێکە لە گێڕانەوەی کوردی کە بزەی خۆشی دەخاتە سەر لێوی خوێنەر لە هەبوونی قۆناغێکی گەشەکردوو لە گێڕانەوەی کوردیدا.
درێژەی هەیە …
[۱] هاملێتی شازادە و هاملێت شای باوکی، هەڵگری یەک ناون.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «خۆبەڕیوەبەری شەنگال» چاپ و بڵاو کرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *