خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / چوار پاژی سەفەرە میوان

چوار پاژی سەفەرە میوان

چوار پاژی سەفەرە میوان

کتێبی سەفەرە میوان لە نووسراوەی خاتوو هاجەر هووشیار، پێک‌هاتووە لە چوار بەش.

بەشی یەکەم لە زمانی گوڵدانێک، بەشی دووهەم و سێهەم بگێڕەوە ئاژەڵان، بەشی چوارەم لە زمان دڵۆپە بارانەوە.

دیارە دەتوانین دوان‌دوان، پێکیان بگرین لە جۆری بگێڕەوەکاندا کە خۆی چیرۆک بۆ ئاقارێکی تایبەتی دەبا. واتە چیرۆکی یادداشتەکانی ڕۆژانەی گوڵدانێک و سەفەرنامەی دڵۆپەکانی باران کە بگێڕەوەکانیان شتی بێ گیانە و دوو داستانی دیکەش واتە، “نامەکانی سەگێکی بەڕەڵڵا بۆ ساحێبەکەی” و “بەهەشتی کەڵەشێریش” پێکەوە.

هەر چەند شێوازی نووسینیان جیایە و نامەکان خۆیان پاژێکی جیاوازی ئەدەبین و باس و خواسی خۆیان دەوێ.

لێرەدا زیاتر تیشک دەخەمە سەر ئەو دوو چیرۆکەی لە زمانی ئاژەڵانەوەیە.

وەک پێناسەیەک لەم جۆرە چیرۆکانە هەندێ مێژوویان باس دەکەم و دواتر دەگەڕێمەوە سەر شێوازی نووسین و زمان و دیالۆگ و تەسویر و تەوسیف و هتد.

گێڕانەوەی داستان لە زمانی ئاژەڵ یا ئاژەڵانەوە بە ئێزووپ، فابێل نووسی یۆنانی(۵٦۰-٦۲۰)پێش زایینەوە دەست پێدەکا و هۆراس شاعیری ڕۆمی بە لاسایی و ئیلهام لە ئێزۆپ درێژەی پێدەدات. دواتریش فابل نووسانی دەورەی ڕۆنێسانس خۆیانی تێدا تاقی دەکەنەوە.

هەندێ کەس لایان وایە یەکەم جۆری ئەم داستانە جیددیانە لە هێندووستانەوەو بە نووسینی “کلیلە و دێمنە” و هەندێکیش سەرچاوەی کاری جیدی لەو بوارەیان پێ کتێبە ئایینیەکانە، کە لە هەموویاندا ڕەوایەت بە زمانی ئاژەڵانەوە دەبیندرێ.

بە پێی تاریخ دەتوانین مێژووییترینیان کە وەک نووسراوەن نەک ئەدەبی شێفاهی بڵێین لە یۆنانەوە سەری هەڵداوە.
“fablula” فابل لە وشەی لاتینی و بە واتای کورتە داستان و حەقایەت و ئەفسانە بە مەبەستی فێرکاری و نەسحەت و زیاتریش بە زمانی ئاژەڵانەوە هاتووە.

کاراکتێرەکان لێرەدا ئاژەڵانن و پایە و ئەساسیش ئەخلاق و مەعنەویاتە.

لە هێند و مێسر و یۆنان و لە قالبی ئاژەڵانێکی تایبەت ئەم جۆرە چیرۆکانە نووسراون.

لە ئێراندا کتێبی “منطق الطیر”نووسینی “عەتتار نەیشابووری”، یەک لە وێنە بەرچاوەکانن کە هەموو کتێبەکە لە زمان پەلەوەرەکانەوە نووسراوە. هەندێ کتێبەکان بە شێوەی هۆنراوە و هەندێکیشیان بە شێوەی نووسراوە واتە نەسر، لە بەر دەست دان.

حەقایەت لە زمان ئاژەڵانەوە هەمیشە چێژدەر بووە و هیچ کات کۆنی بەسەردا نەهاتووە.

ڕۆماننووسانی گەورەی دنیا وەک “جۆرج ئۆروێل” بە نووسینی کتێبی “کۆشکی ئاژەڵان”، کە لەبارەی تاقمێک ئاژەڵن کە خەریکن سێحەب مەزراکەیان وەدەردەنێن و خۆیان دەبنە سێحەب مڵک یا لە “دڵی سەگی” نووسراوەی میخاییل بۆلگاکۆف کە چەند مانگ دوای مردنی لێنین دەنووسرێ و لاتاوێکە کە لە ئینقلابی کمۆنیستی دەدرێ. سەگێکی بەڕەڵڵا بە ناوی “شاریک” کە دەبێتە بەشەر و….

بەڵام هۆکاری ئەوەی ئەم جۆرە داستانانە دابیان تەواو نابێ و کۆن ناکەون چیە؟

۱: ئینسانەکان لەگەڵ ئاژەڵان لە پێوندی دان و سرنج دەدەنە هەڵسووکەوتیان.

قەدەغەن بوونی ئازادیە کۆمەڵایەتی و ڕامیاریەکان، نووسەر وا لێدەکا، ناڕاستەو خۆ قسەی دڵی خۆی لە زمانی ئاژەڵانەوە دەرببڕێ.

۲: کاتێک نووسەر، ئاکارە ناحەزەکانی ئاژەڵان باس دەکات، بۆ وێنە هەوەسبازی و لەخۆبایی بوونی کەڵەشێر یا کاڵفامی و گەوجی هەندێ لە مریشکەکان لە چیرۆکی “بەهەشتی کەڵەشێردا “، ئەم ئاکارانەلە دنیای ئینسان و لە ڕوانگەی ئێمەدا هەڵەن، دەنا لە نێو ئاژەڵاندا ئاسایین و تەنانەت بەشێکی بەرچاو و باشی وجوودی ئەوانیشن، بەڵام کاتێ زمانی ئینسانیان دەخاتە پاڵەوە، هەر ئینسانێک بیردەکاتەوە،هەڵسووکەوتی وەک ئەو ئاژەڵە ناڕەوایە، دەبێتە کەڵکەڵە، بۆخۆی کەخۆی بگۆڕێت.

تەنانەت ئەگەر بە ڕواڵەتیش خۆشی نەگۆڕێ و بە زمانی نەهێنێ، لە ناوەوە لە گەڵ خۆی تووشی شەڕێک دێت و لەوانەیە دەرەنجامی ئەم شەڕەش گۆڕینێکی ئەرێنی بێت.

لێرەدا دەردەکەوێ کە ئەم جۆرە نووسینانە، بۆ باری ئامۆژگاریان لەسەرێیە و ئەدەبێکی کاربوردی و تەعلیمین.

نووسەری هەردوو داستانی ئاژەڵان لە کتێبی سەفەرە میواندا بە جوانترین شێوە، فێرکاری و نەسحەتمان دەکا و ناڕاستەو خۆ پێمان دەڵێ دەبێ وەک ئەو سەگە کە لە هەوەڵەوە ترسەنۆک بوو و خۆی لە هیچ نەدەدا دواتر لە جێی خۆیدا، دەست لە ترس بەردەین و گەرووی زۆردار هەڵدڕین و مافی خۆمان و چینی مەزلووم کە لەوێدا منداڵەکەیە بیستێنین.

ئەمە گەورەترین پەیامی چیرۆکە کە بە جوانترین شێوە و لە قالب چەند نامەی ئەمەگدارانە بۆ سێحەبەکی گێڕدراوەتەوە.

لە، چیڕۆکی بەهەشتی کەڵەشێریشدا هەر بەم شێوەیەیە و دانەیەک لە کاراکتێرەکان دەرسی بوێری و دژە یاسا و دابی چەوتی کۆمەڵگامان دەداتێ: لەو دیالۆگەدا کە دەڵێ: ئاخری هەر هەڵدێم و لێرە دەڕۆم تەنانەت ئەگە یەک باڵم پێوە نەمێنێ.

ئەم چیرۆکە ڕێئاڵێکی سووسیاڵیستی تەواوە کە دنیای ژنانەی کۆمەڵگایەک کە نووسەری داستان تیایدا دەژی وێنا دەکات و ئیعتڕازێکی تەواوە بەم باروو دۆخە کە لەوانەیە ئەگەر لە زمانی کۆمەڵێک ژنەوە 

گێڕدراباوە ئەم کاریگەریەی نەبایە و تا ئەم ڕادەیەش خوێنەری سەرکەوتوانە بەدوای خۆیدا ڕانەکێشابایە.

شێوازی نووسینی چیرۆک لە زمانی ئاژەڵانەوە جیاوازیەکی وای لەگەڵ چیرۆکێک بە بگێڕەوەی ئینسانیەوە نییە.

تەنیا ساکارتر بوون، پێناسەی سەرەکیە لەم جۆرە چیرۆکانەدا.

جێی ئاماژەیە کاراکتێرەکانی چیرۆکی بەهەشتی کەڵەباب کە حەفتاو دوو بوون وەک نمادێکی شاراوەی دژە ئایین و گاڵتەیەکی تەوساوی بوو کە چیرۆکی جوانتر کردبوو. هەر چەند کاراکتێرەکان لە کورتە داستاندا دەبێ کەمتر بن، بەڵام چون زۆری کاری داستانی تێدا نەبوو و هەر یەکە و دیالۆگێکیان پێدەدرا، سەر لە خوێنەر نەدەشێوا و ئەمەش خاڵێکی ئەرێنی چیرۆک بوو.

چیرۆکەکان تێمێکی فەلسەفی بە هەندێک پرسیارگەلی فەلسەفیەوە دێننە ئارا کە شارەزایی و کەڵکەڵەی نووسەر لەبواری فەلسەفەدا دەردەخا.

زمان جوان و توانا و پەتیە.

چیرۆکەکان زیاتر ڕێئاڵن و لە هەندێ شوێن دەچنە خانەیی سووڕێئاڵەوە.

نووسەری مەنشووری فەڕانسی “گۆستاو فلۆبێر ” دەڵێ:نووسەری ڕێئاڵ نابێ، دارێک وەک داری ئاسایی ببینێ، هەرگیز دوو چاو، دوو دەست وەک یەک نین..

کە زۆر ڕاشکاوانە دەڵێم نووسەر بە هەزار چاوی تیژبینەوە مریشکەکانی دیتووە، هیچ مریشکێک نە ڕواڵەتی وەک ئەوی دیکەیە ، نە ئاکار و نە تەنانەت بیرۆکەکانی. بە جۆرێک کە هەموومان لەگەڵ لانی کەم چەند دانەیان “هەمزات پێنداری” دەکەین.

بە ڕای من زۆر پێویست بە ئاڕایشت کردنی زمان و کەڵک وەرگرتن لە خوازە و تەسویرە شاعیرانەکان بەو بەسامەدەوە نییە. کاری چیرۆک نووس گێڕانەوەیە.

هەست دەکرێ زمانی شاعیرانە و بە کار هێنانی ئەو ڕازانە(آرایە)کە هیچ پێویست نین بۆ چیرۆک، زیادەڕەوی تێدا کراوە. کاری چیرۆکنووس بە زمانێکی ئاسایی گێڕانەوەیە ، مەگەر ئەوەی کە تێمی زاڵبەسەر چیرۆک، هەڵگری خولقاندنی جەوی ئیهام و شێعریەت بێ.

کە تەنیا لەم چوار چیرۆکەدا ، چیڕۆکی ئاخری پێویستی بەم تەوسیف و ڕەوتە گێڕانەوە شاعیرانانە بوو.

ناوی چیرۆکی ئاخری، لەسەرەتاوە دەڵێ کە باس لە چییە و لێی لە هەڵڵا دەدا و تەعلیق کەم دەکردەوە، کە ئەمەش دەکرێ وەک خەسارێک ببیندرێ.

تەوسیفەکان: تەوسیف یەکێک لە سەرکیترین ئامراز و کەرەسەکانی گێڕانەوەیە.

تەوسیف بێ جووڵەیە و لەبەرامبەر کار دا، دەتوانی وەک عەکس بەراورد کەی لە بەرامبەر فیلمدا. واتە کاتێ تەوسیفێک دەکردرێ، وەک ئەوە وایە تۆ عەکسێک ببینی کە هیچ جووڵەیەکی تێدا نییە.تەوسیفی هونەرمەدانە، ئەو تەوسیفانەیە کە بە وێنە تا وێکچواندنەوەبکرێ. واتە تۆ هاوکات کە شتێ تەوسیف دەکەی وێنەیەکیشی بۆ بێنیەو. کاتێ دەڵێی گەڵاکانزەردن.تەنیا تەوسیفێکت کردووە، بەڵام کاتێک دەڵێی گەڵاکان وەک تیشکی هەتاو زەر بوون، تەوسیفێکت کردووە کە وێنەت بۆ هێناوەتەوە و شوبهاندووتە بە شتێک. هونەریترین تەوسیفی بە وێنەکانەوە، ئەم تەوسیفانەن، کە لەوس نەبن و لە داهێنانی نووسەر بێ، نە پات کردنەوەی دووبارەی نووسەرانەی دیکە.

لەم چیرۆکانەدا، نووسەر لە زۆر شوێن تەوسیفەکانی بە شوبهاندنێکەوەیە کە داهێنانی خۆیەتی. بۆ وێنە لە یادداشتەکانی ڕۆژانەی گوڵدانێک‌دا دەڵێ: وەک بڵێی کۆلکە دارێکم و مۆرکەم تێکەوتووە.

هێما و سیمبولەکان لە زۆربەی چیرۆکەکانی ئەم کتێبە، بە تایبەت دوو چیرۆکی هەوەڵ، نووسراوەکان دەباتە ئاقارێک و لە مەکتەبی سیمبولیسمیان نزیک دەکاتەوە و دەیانکاتە تێکەڵاوێک لە مەکاتبی ڕێئاڵ، ئابزۆردیسم و سیمبۆلیسم بەڵام تێمی زاڵ، هەر ڕێئاڵە.

ڕێئاڵێک کە بە جوانترین شێوە، کۆمەڵگاو ئازارەکانی مرۆڤ بە تایبەت ژن دێنێتە ئاراوە.

ئاواتی سەرکەوتن بۆ نووسەری هێژا.

لەیلا بەهرامبەگی

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «ژن؛ پرسێکی هاوبەش و ڕوانگەی جیاواز» چاپ و بڵاو کرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *