وتار: هەژار، مێعماری بورجی بابێلی زمانی کوردی
سەیدقادر هیدایەتی
وه‌رگێڕانی قورئان
بێنیامین پێیوایه “بوونی مه‌عنه‌وی ئینسان خودی زمانه، ئینسان ته‌نیا له زماندا، و نه‌ک له سۆنگه‌ی زمانه‌وه، خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نێ”[۱] به چاوخشاندنێک به ژیان و به‌رهه‌مه‌کانی هه‌ژاردا ده‌رده‌که‌وێ که زمان له لای هه‌ژار هه‌موو شتێکه. “ماڵی بوون”ی ئه‌و به دین و سیاسه‌ت و ئه‌ده‌بیات و کۆمه‌ڵگاوه زمانه. ئه‌کت و تێکۆشانی ئه‌و له زمان دایه. هه‌ر شتێک له ده‌ره‌وه‌ی زمان بێ، لای ئه‌و وجوودی نییه. هه‌ژار به‌جۆرێک له جۆره‌کان بۆرخێسی کورده. بۆرخێس پێیوابوو شتێک وجوودی هه‌یه که به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان نووسرابێته‌وه. له‌ژێر تیشکی وه‌ها بۆچوونێک دایه ده‌توانین وڵامی ئه‌و پرسیاره هه‌ڵده‌ین که هه‌ژار بۆ قورئان وه‌رده‌گێڕێته‌وه سه‌ر زمانی کوردی؟
ڕاوێژ و تۆنی زمانی قورئان دینی ئاسمانییه. شاعیرانه بوون، زمانێکی سه‌مبولیک، که‌ڵکوه‌رگرتن له سه‌نعه‌ته ئه‌ده‌بییه‌کان، مووسیقی وشه و گه‌مه زمانییه‌کان و ئیجازێکی له ڕاده‌به‌ده‌ر، فۆڕم و داڕشته‌یه‌کی تایبه‌تیان به‌دی هێناوه که وه‌رگێڕانی ئه‌و ده‌قه زۆر ئاسته‌م ده‌کا. وه‌رگێڕانی ده‌قه پیرۆزه‌کان ته‌نانه‌ت ئینجیل و ته‌وڕاتیش، به زمانی دیکه، له نه‌زه‌ر دینییه‌وه زۆر پێشوازی لێ نه‌کراوه و زۆربه‌ی کات پێیان وابووه که وه‌رگێڕان له پیرۆزی و شکۆی ئه‌و ده‌قانه که‌م ده‌کاته‌وه. له‌نێو موسڵمانانیش‌دا ئه‌و بۆچوونه بۆچوونێکی باو و زاڵ بووه و زۆربه‌ی زانایانی ئیسلامی ته‌فسیر کردنه‌وه‌یان پێ شیاوتر بووه هه‌تا وه‌رگێڕان. له زمانی کوردیش‌دا که‌سانی وه‌کوو شێخمحهممهدی خاڵ و مه‌لاعه‌بدولکه‌ریمی موده‌ڕڕیس ته‌فسیری قورئانیان نووسیوه. وه‌رگێڕانی قورئان بۆ سه‌ر زمانی کوردی پێشینه‌یه‌کی دوور و درێژی نییه.
به وه‌رگێڕانی قورئان، مامۆستا هه‌ژار زمانی کوردی له هه‌رێمی زمانێکی دینی ئاسمانی‌دا تاقی ده‌کاته‌وه. ڕووبه‌ڕووبوونه‌ی هه‌ژار له‌گه‌ڵ زمانی قورئان هه‌ر به‌و جۆره نییه که له‌گه‌ڵ شه‌ره‌فنامه و ده‌قه‌کانی دیکه ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه. له‌و تاقی کردنه‌وه‌یه‌دا زمانێکی به‌ته‌واوه‌ت ده‌ستکرد ڕۆ ده‌نرێ. ئه‌گه‌ر له شه‌ره‌فنامه‌دا ده‌یهه‌وێ زمانێکی سه‌روسیمادار له‌کار بکا که نیشان بدا چه‌پی له‌به‌ر زمانی فارسی‌دا نییه، له وه‌رگێڕانی قوڕئان‌دا ده‌یهه‌وێ کۆشکێکی گه‌وره، واتا زمانێکی یه‌کگرتووی کوردی به‌دی بێنێ. له وه‌رگێڕانی قورئاندا په‌ڕ و باڵ به ئایه‌ت و ڕسته‌کان نادا، دوو وشه نابێته پێنج و شه‌ش و زۆر هه‌وڵ ده‌دا ئیجازی ده‌قی سه‌ره‌کی ڕاگرێ. “ئه‌و دڵکوته/ دڵکوت چییه/ کووت زانیوه دڵکوت چییه/…” [۲] “هه‌ر که ویستی کارێک ببێ، فه‌رمان ده‌دا ببه، ده‌بێ” [۳] زۆرجاران به ئاهه‌نگین کردن و داتاشینی وه‌ستایانه‌ی ڕسته‌کان هه‌وڵ ده‌دا ته‌نانه‌ت شاعرانه بوون و مووسیقی وشه‌کان و ڕسته‌کان بپارێزێ و ڕاگوێزێ. “سۆند به هه‌ڕه‌تی ئێواره/ مرۆ گشتی زیانباره…”[۴] “بێژه ڕێی ڕاس هه‌ر ڕێی خوداس” [۵]
هه‌ژار به باشی زانیویه ئه‌و زمانه‌ی قورئانی پێ نووسراوه زمانی نووسیاریی عه‌ره‌بییه و له هیچ مه‌ڵبه‌ندێکی عه‌ره‌بزمان وه‌ها نادوێن و ئه‌و زمانه زمانێکی زاره‌کی نییه. به باشیش زانیویه زمانی کوردی له بواری زمانی نووسیاری‌دا له چ ئاستێک دایه. هه‌ربۆیه هه‌وڵ ده‌دا، زمانێکی وه‌ها له کوردی‌دا چێ بکا؛ زمانی نووسیاریی کوردی. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته چه‌ند کار ده‌کا: یه‌که‌م له وشه‌ی زۆربه‌ی دیالکت و شێوه‌زاره‌کانی کوردی که‌ڵک وه‌رده‌گرێ. بۆ وێنه بڕواننه ئه‌و ئایه‌ته: “بێژه من خۆ ده‌پارێزم له خودانی ئه‌م مه‌ردمه…” یان “دای و بابی وه‌بان ته‌خته‌وه نیشاند و هه‌موویان کڕنووشیان بۆ کرد. گوتی: باڤه!…” [۶] یان “دبێن سێن و به به‌شداره‌که‌وه شه‌شن. ئه‌شڵێن په‌نجن به سپڵۆته‌که‌ڕا شه‌شه‌ن. له نه‌دیو خه‌یاڵات ده‌که‌ن. ته‌نانه‌ت بازێکیش ئێژن: حه‌وتن وێڕای سه‌یه‌که‌یان ده‌بن به هه‌شت. بێژه پێیان په‌روه‌رنده‌م چاتر ده‌زانێ چقاسن.”[۷] هه‌ر وشه‌ی له به‌شێکی کوردستانه‌وه هه‌ڵگیراوه و له په‌نای یه‌که‌وه دانراوه. دووهه‌م له ڕێزمانه ناوچه‌ییه‌کان که‌ڵک وه‌رده‌گرێ و له په‌نای یه‌کیان داده‌نێ. به له په‌نای یه‌که‌وه دانان و تێکه‌ڵکردنی ڕێزمانی دیالکته کوردییه‌کان، پێکهاته و هاونشینی نوێ ساز ده‌کا؛ که بۆ یه‌که‌مجار به‌و شێوازه له‌کار کراون؛ بڕواننه ئه‌م نموونانه که وێنه‌یان له وەرگێڕانه‌که‌ی مامۆستاھه‌ژاردا زۆرە: “گوتی من نه‌واتم پێتان…”؛ “وڵساته‌کانوو ده‌چه‌رن…”؛ “پێن نه وتووی…”؛ “گه‌لۆ به گۆلک‌په‌رستیو ناحه‌قیتان له خۆتان کرد”؛ “گه‌ره‌ک له من ترسوو هه‌بێ” و . …
سێهه‌م له توانستی ڕێزمانیی ناوچه‌کان که‌ڵک وه‌رده‌گرێ که که‌متر له ئه‌ده‌بی نووسیاری کوردی‌دا که‌ڵکیان لێ وه‌رگیراوه: بۆ وێنه جێناو[۸] ی “وو” له جیاتی “تان”: “ئه‌وسا گشتوو بۆ لای ئێمه ده‌گه‌ڕێنه‌وه” [۹]؛ “گشتوو” له جیاتی گشتتان له‌کار کراوه؛ “هه‌رچی له هه‌ر شوێنێ ده‌خۆن نۆشی گیانوو”[۱۰] ؛ لێره‌دا “نۆشی گیانوو” له جیاتی “نۆشی گیانتان بێ” له‌کار کراوه و به‌و جۆره هه‌ژار به هه‌ڵبژاردنێکی وریایانه، لایه‌نی جوانیناسی و به‌لاغی زمان زه‌ق ده‌کاته‌وه و له توانسته‌کانی ڕێزمان بۆ ئیجاز و کورت‌بڕی که‌ڵک وه‌رده‌گرێ. “ئه‌ی زاروزیچی ئیسرائیل له‌بیروو بێ…[۱۱]“
که‌ڵکوه‌رگرتن له جێناوی “ن” له‌جیاتی جێناوی”مان”: “ئه‌وساش که ئێمه ده‌ریامان بۆ قه‌ڵه‌شتن و نه‌جاتن دان…” [۱۲] “نه‌جاتن دان” له‌جیاتی نه‌جاتمان دان. “…گوتیان ئاخۆ ده‌ته‌وێ گاڵته‌ن پێ بده‌ی…” [۱۳]؛ “گاڵته‌ن” له جێگه‌ی گاڵته‌مان له‌کار کراوه. به‌وجۆره هه‌ژار به که‌ڵکوه‌رگرتن له توانست و زه‌رفییه‌ته زمانییه‌کانی زۆربه‌ی شێوه‌زاره‌کانی کوردی، له هه‌مبه‌ر زمانی عه‌ره‌بیدا، نیشان ده‌دا زمانه‌که‌ی چه‌نده ده‌وڵه‌مه‌نده. بۆ وێنه له سووڕه‌ی به‌قه‌ره‌دا بۆ وشه‌ی “به‌قهره”: چێڵ، گوێلک، گوێره‌که و گۆلک، یان بۆ “که‌لب”ی عه‌ره‌بی سه، سه‌گ، به‌شدار و سپڵۆت له‌کار کراوه. یان له سووڕه‌ی “ته‌کویر”دا که زۆربه‌ی ئایه‌ته‌کانی سه‌ره‌تا به “اذا” ده‌ست پێ ده‌که‌ن مامۆستا بۆ “اذا” حه‌وت وشه‌ی جۆراوجۆر له‌کار ده‌کا: وه‌ختێ، وێجا، له‌وکاته‌شا، هه‌رگا، هه‌لێ، کاتێ، هه‌ر ده‌مێکیش. به‌وجۆره که‌ڵک له وشه هاوتا و هاومه‌عناکان وه‌رده‌گرێ، له شه‌ره‌فنامه‌دا له دوای یه‌ک، ڕیزی ده‌کردن و ده‌قی پێ خاپوور ده‌کرد. له قورئاندا به‌شێوه‌یه‌کی جیاوازتر ده‌سه‌ڵاتی زمانی خۆی نیشان ده‌دا و ئه‌وکاره ده‌کا. له شه‌ره‌فنامه‌دا له ده‌ور و کارکردی هاونشینی وشه‌کان که‌ڵک وه‌رده‌گرێ، له وه‌رگێڕانی قورئاندا له ده‌ور و کارکردی جێنشینی وشه‌کان.
یه‌کی دیکه له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی وه‌رگێڕانی قورئانی هه‌ژار هه‌بوونی ته‌نزێکی شاراوه و جۆرێک بزۆزی زمانییه که له زۆر ئایه‌تدا ده‌بینرێ. زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی قورئانیان بۆ سه‌ر زمانه‌کانی دیکه وه‌رگێڕاوه له به‌کارهێنانی هێندێک وشه که بۆنی ته‌نز یان پێکه‌نین یان شادییان لێ بێ خۆیان بواردووه. له حاڵێکدا قورئان له زۆرجێ‌دا له په‌ند و مه‌سه‌له‌کان که‌ڵکی وه‌رگرتووه و له زۆر جێ‌دا به ته‌نز و کینایه‌وه له‌گه‌ڵ دوژمنانی دین ده‌دوێ. مامۆستا هه‌ژار وریایانه ئه‌وه‌ی زانیوه و بوێرانه ئه‌و لایه‌نه له زمان ناشارێته‌وه. هه‌روه‌ها له زۆر شوێنیش‌دا هێندێک له ئایه‌ته‌کان وه‌ها وه‌رگێڕدراون که ته‌نیا له وه‌رگێڕانه کوردییه‌که‌دا ته‌نزی شاراوه یان شادی و بزه له پشته‌وه‌ی وشه و ده‌قه‌که ده‌بینرێ.
“جووتێ کانی له‌واندا هه‌ن فیچقه ده‌که‌ن”[۱۴] ؛ ڕواڵه‌ت و ئاهه‌نگی وشه‌ی فیچقه‌کردن، ده‌مانباته‌وه بۆ هاروهاجییه‌کانی سه‌رده‌می منداڵی و کایه و هه‌ڵبه‌زدابه‌ز و شادیمان وه‌بیر دێنێته‌وه. بۆ وه‌رگێڕانی ئه‌و وشه‌یه زۆرتر له هه‌ڵقوڵین که‌ڵک وه‌رگیراوه.
“زۆریش کیژی چاوکه‌ژاڵی سپی و سۆڵمان بۆ هاوسه‌ری پێ به‌خشیون.”[۱۵] ؛ زۆربه‌ی وه‌رگێڕه‌کانی قورئان بۆ “حور” سفه‌تی سپی بوونیان له‌کار نه‌کردووه. به‌ڵام ڕاڤه‌کارانی قورئان ده‌ڵێن حۆری کیژی چاو ڕه‌شن که له سپی سپی‌تر و شهفافترن و زۆر شتی سه‌یرتریشیان له‌باره‌وه گوتووه. زۆربه‌ی وه‌رگێڕه‌کان ته‌نیا به کیژی چاوڕه‌ش یان چاوگه‌ش یان چاوقه‌وی وه‌ریانگێڕاوه. وشه‌ی “حور” له چوار ئایه‌تدا هاتۆته‌وه: له ئایه‌تی ٥۴ی دوخان “کیژی چاوکه‌ژاڵی سپی و سۆڵ”، له ئایه‌تی ۲۰ی تووردا و ۲۲‌ی واقیعه به “کیژی سپی چاوبه‌ڵه‌ک”، له ئایه‌تی ۷۲ی ڕه‌حمان به “زهری چاوڕه‌ش” وه‌ریگێڕاوه. حۆری هه‌رچۆن و هه‌رچی بێ، له هاونشینیی “سپی‌وسۆڵ”دا بزۆزییه‌کی زمانی و ته‌نزێکی شاراوه ده‌بینرێ. ئه‌وجۆره بزۆزی زمانیی و ته‌نزه شاراوه‌یه له وه‌رگێڕانه‌که‌دا که‌م نین.
له سووڕه‌ی به‌قهره ئایه‌تی ۳٦: “قلنااهبطوا” مامۆستا ئاوای وه‌رگێڕاوه: “گوتمان داوه‌زنه خواره‌وه!” له شێوه‌ی پێکه‌وه دانانی ئه‌م وشانه و که‌ڵکوه‌رگرتن له شێوه‌زاری ئه‌رده‌ڵانی داوه‌زن له‌جیاتی دابه‌زن، جۆرێک بزۆزی زمانی ده‌بینرێ که خوێنه‌ر ناتوانێ بزه‌ی بشارێته‌وه. ئه‌وه له حاڵێکدایه دوو ئایه‌ت دواتر هه‌ر بۆ “قلنااهبطوا” نووسیوه: “گوتمان… له به‌هه‌شت بڕۆنه خوارێ!” یان کۆتایی ئایه‌تی ۲۹ی سووڕه‌ی نه‌حل: ” فلبئس مثوی‌المتکبرین” ئاوای وه‌رگێڕاوه‌ته‌وه: “ئای که جێی بادی‌هه‌وایان ناهه‌مواره!” یان هه‌ر سووڕه‌ی به‌قهره ئایه‌تی ٥۳: ئاوای وه‌رگێڕاوه: “ئه‌وساش مووسا به هۆزه‌که‌ی خۆی ڕاگه‌یاند گه‌لۆ! به گۆلک‌په‌رستیوو ناهه‌قیتان له خۆتان کرد…” “گۆلک‌په‌رستیوو” پێکهاته‌یه‌کی به ته‌واوه‌ت تازه‌ی زمانییه که له هیچ شێوه‌زارێکی کوردی‌دا نابینرێ. مامۆستا بوێرانه دوو نیشانه هه‌رکام له ناوچه‌یه‌که‌وه هه‌ڵده‌گرێ و له‌په‌نای یه‌کیان داده‌نێ. ئه‌و جۆره ده‌ستکارییه زمانییانه به جۆرێک ده‌رکه‌وتی بزۆزی و شه‌یته‌نه‌ته زمانییه‌کانی مامۆستا هه‌ژارن؛ بێتوو که‌سێکی دیکه بیکردبایه، له‌وانه‌بوو بکه‌وتبایه‌ته به‌ر پللار و ڕه‌خنه. به‌ڵام مامۆستا هه‌ژار بوێرانه ئه‌و ئه‌زموونه نوێیانه و ئه‌و ده‌ستکارییه زمانییانه تاقی ده‌کاته‌وه. له ڕاستیدا ده‌بوو یان وه‌ک شێوه موکریانییه‌که‌ی بنووسرێ گوێلک‌په‌رستیوو، یان وه‌ک شێوه ئه‌رده‌ڵانییه‌که‌ی بنووسرێ گۆلک‌په‌رستیتان. له‌و نموونه بزۆزییه زمانی و ڕێزمانییانه له وه‌رگێڕانی قورئاندا زۆرن؛ ئه‌و شێوه که‌ڵکوه‌رگرتنه به‌ده‌ره له که‌ڵکوه‌رگرتن له وشه‌ی ناوچه‌کان. له‌و شێوه‌یه‌دا له توانست و زه‌رفییه‌ته‌کانی ڕێزمانی ناوچه‌کان که‌ڵک وه‌رده‌گرێ و پێکهاته‌ی نوێ ساز ده‌کا. وه‌کوو: “پێ‌و ئێژن، گه‌ره‌کیه تاقیو کاته‌وه، له کاتێکا ده‌گه‌ڵ جالووت، پێن نه‌ووتووی، سڵامی خوا‌و لێبێ. ئه‌ر خوا مه‌یلی لێ با و.”…
له کۆتایی ئایه‌تی ۱۷۱ی سووڕه‌ی به‌قه‌ره‌دا “لایعقلون”ی ئاوا وه‌رگێڕاوه‌ته‌وه: “له تڵپاتی ته‌ڕیش ناگه‌ن.” له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م زاراوه و ده‌سته‌واژه‌یه جه‌فه‌نگێکی هێدی و شیرن‌بزه‌یه‌کی له‌خۆیدا حه‌شار داوه که له شۆخییه‌کی نه‌رم و نیانی نزیک ده‌کاته‌وه. یان ئایه‌تی ٥۱ی سووڕه‌ی به‌قهره ” واذ واعدنا موسی اربعین لیله…” مامۆستا ئاوای وه‌رگێڕاوه: ” ئه‌وساکه‌ش که ده‌گه‌ڵ مووسا ژوانی چل‌شه‌وه‌مان دانا…” هه‌موو ده‌زانین ژوان، شوێنی چاوپێکه‌وتنی دوو دڵدار به‌تایبه‌تی کوڕ و کچه. مامۆستا بوێرانه بۆ دیداری خودا و مووسا له‌کاری ده‌کا و مانایه‌کی تازه به‌و وشه‌یه ده‌به‌خشێ. یان ئایه‌تی ۱‌ی سووڕه‌ی مه‌سه‌د؛ مامۆستا ئاوای وه‌رگێڕاوه‌ته‌وه: “ئه‌بووله‌هه‌ب هه‌ردوو ده‌ستی شه‌له بێ و عه‌مری نه‌مێنێ.” عه‌مری نه‌مێنی دوعا و نزایه‌کی تا ڕاده‌یه‌ک ژنانه‌یه که هه‌میشه جۆرێک ته‌وس و ته‌شه‌ری له‌گه‌ڵه و خوێنه‌رێک که به شوێن و پێگه و چۆنیه‌تی له‌کارکردنی ئه‌و زاراوه‌یه بزانێ، لایه‌نی ته‌نزی شاراوه‌ی ئه‌و ڕسته‌یه باشتر ده‌رک ده‌کا.
یان “یَومَ یُکْشَفُ عَن ساق” [۱۶] هه‌م به‌هادین خوڕڕه‌مشاهی و هه‌م مه‌سعوود ئه‌نساری ئاوایان کردۆته فارسی: “روزی که هنگامه بالا گیرد” [۱۷] ئیبراهیم مه‌ردووخی له وه‌رگێڕانی قورئاندا ئه‌و ئایه‌ته‌ی ئاوا وه‌رگێڕاوه: “ڕۆژێ که قولی ڕه‌ش و سپی ده‌رده‌خرێ” [۱۸]. که له مه‌به‌ستی ئایه‌ته‌که دووره و له بنه‌ڕه‌تیشدا ئه‌و په‌ندی پێشینانه، ئه‌سڵه‌که‌ی “قوونی ڕه‌ش و سپی وه‌ده‌رکه‌وتن”[۱۹] ـه. له‌م ساڵانه‌دا به هۆی پاستۆریزه‌کردنی زمانه‌وه هێندێک کردوویانه‌ته قول! به‌ڵام مامۆستا هه‌ژار ئه‌و ئایه‌ته‌ی ئاوا وه‌رگێڕاوه: “ئه‌وێ ڕۆژێ ده‌رپێ ده‌لینگان ده‌که‌ون…” زومه‌خشه‌ری له ته‌فسیری که‌ششاف‌دا، بۆ مانا لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و ئایه‌ته ده‌ڵێ: “کشف عن‌الساق و الابداء عن‌الخدام” مه‌سه‌لێکی کۆنی عه‌ره‌بییه که بۆ کاتی شه‌ڕ و شۆرێکی گه‌وره له‌کار ده‌کرێ، وه‌ها که ژنان له ترسان هه‌ڵێن و هۆشیان به جل و بهرگیانهوه نه‌مێنێ و پاوانه و خڕخاڵی پووزیان ده‌رکه‌وێ”[۲۰] . په‌ند و مه‌سه‌لی “ده‌رپێی ده‌لینگان که‌وت”، یان “ده‌رپێ که‌وته قولاپه‌ی”، له کوردی‌دا بۆ که‌وتنه ته‌نگانه و ترسێکی زۆر له‌کار ده‌کرێ. هێنانه‌وه‌ی ئه‌و مه‌سه‌له له وه‌رگێڕانی ده‌قێکی وه‌ک قورئاندا نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه که ئه‌وی بۆ هه‌ژار گرینگه زمانه و به‌س؛ زمانیش لای هه‌ژار زمانێکی پاستۆریزه و بێلایه‌ن نییه.
نموونه‌یه‌کی دیکه له لادانه‌کانی مامۆستا له وه‌رگێڕانی قورئاندا تێرم و زاراوه‌کانن: وشه‌ی کوفر و کافر که له تێرم و زاراوه گرینگ و بنه‌ڕه‌تیه‌کانی قورئانه و ئه‌گه‌ر فێعلی “یکفرون” و لق و پۆپه‌کانی حیساب بکرێن زۆر دووپاته ده‌بنه‌وه. هه‌رتاوی به جۆرێک وه‌رده‌گێڕدرێته‌وه؛ مه‌سه‌له‌ن بۆ “کوفر” بێ‌خودایی، بێدینی، بێ‌بڕوایی، بێباوه‌ڕی. بۆ کافر حاشاکه‌ر، له‌دین وه‌رگه‌ڕاو، بێباوه‌ڕ، خودانه‌ناس، له خودا به دوور و… یان “لایعلمون” نزیکی چل جار له قورئاندا دووپاته ده‌بێته‌وه. به چه‌ندین شێوه وه‌رگێڕدراوه‌ته‌وه: لێ نه‌زانن، سه‌ریان ده‌رناچێ، سه‌ر ده‌ر ناکه‌ن، نازانن، نه‌زانن، تێ ناگه‌ن، لێی نازانن، نایانه‌وێ بزانن، نایزانن، پێ ناحه‌سێن، های لێ نییه و… یان “لایعقلون” نۆ جار دووپاته بۆته‌وه؛ به چه‌ند شێوه وه‌رگێڕدراوه‌ته‌وه: له تڵپاتی ته‌ڕیش ناگه‌ن، ده‌هیچ ناگه‌ن، بێ ئاوه‌زن، هیچ تێناگه‌ن، تێ ناگه‌ن، ئاوه‌زیان نییه، نه‌فامن. هه‌ژار بۆ ئه‌و کاره‌ی کردووه و له‌سه‌ر زاراوه‌یه‌ک ساغ نه‌بۆته‌وه؟
بێتوو له ئاسۆ و دیمه‌نگایه‌کی گشتیدا ئه‌و شێوازه به‌رخورده‌ی هه‌ژار له‌گه‌ڵ زمان و وه‌رگێڕان هه‌ڵنه‌سه‌نگێندرێ، خوێندنه‌وه له به‌راوردێکی ئه‌دیبانه‌ی میکانیکیی به‌راوردکارانه‌دا قه‌تیس ده‌بێ. چونکه زۆر به سانایی ده‌کرا زاراوه‌یه‌ک له هه‌موو ئایه‌ته‌کاندا به شێوازێک وه‌رگێڕێ. به‌وجۆره ڕەنگه له‌باری تێرم‌ناسی و زاراوه بنه‌ڕه‌تییه‌کان وا بێته پێش چاو که فکرێکی بۆ تێرمه گرینگ و بنچینه‌ییه‌کان نه‌کردبێته‌وه؛ به‌ڵام هه‌ر وه‌ک له وه‌رگێڕانی شهرهفنامهشدا باس کرا وه‌رگێڕان لای هه‌ژار کرده‌یه‌که پتر له وه‌رگێڕان؛ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته زۆر گوێ ناداته ده‌قی به‌رده‌ست و لێی تێده‌په‌ڕێ.
وه‌ک ئاماژه کرا مامۆستا هه‌ژار له وه‌رگێڕانی قورئاندا به هۆی زمانی تایبه‌تی قورئان و داڕشته‌ی ئایه‌ته‌کانه‌وه، زمان له به‌رامبه‌ر زماندا ڕاست ده‌کاته‌وه. هه‌وڵ ده‌دا ئیجاز و کورت‌بڕی له‌به‌رچاو بگرێ و به که‌مترین وشه‌وه بچێته شه‌ڕی زمانی عه‌ره‌بی. به‌ڵام له هێندێک جێ‌دا گوێ ناداته ده‌قی سه‌ره‌کی و له ده‌قه‌که لاده‌دا؛ بۆ وێنه: “وه‌ناو خودا که ده‌هنده و دلۆڤانه”[۲۱] له‌م ئایه‌ته گرینگ و سه‌ره‌کییه‌دا دوو لادان له ده‌قی سه‌ره‌کی ده‌بینرێ؛ یه‌که‌م: له ده‌قه سه‌ره‌کییه‌که‌دا “که”ی تێدا نییه؛ دووهه‌م : “الرحمن الرحیم” “ده‌هنده و دلۆڤان” نییه؛ ده‌هنده‌ی دلۆڤانه. له عه‌ره‌بیدا سڕینه‌وه و لابردنی “واو” له نێوان وشه‌کان پێیده‌گوترێ جودایی(فصل)به‌لاغی؛ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که ئه‌و دوو سفه‌ته (ده‌هنده و دلۆڤان”ڕه‌حمان و ڕه‌حیم”) زۆر لێک نزیکن. جودایی یان فه‌سڵی به‌لاغی زۆرتر بۆ سفه‌ته‌کانی خودا له قورئاندا له‌کار کراوه؛ بۆ وێنه ئایه‌تی ۲۳ و ۲٤ی سووڕه‌ی حه‌شر. هێندێک جار ئایه‌تێک ڕاوێژێکی “نه‌هی” هه‌یه، به‌ڵام ڕاوێژی پرسیاری پێدراوه؛ وه‌کوو: “چۆن شه‌ریکان بۆ ئه‌و خوایه په‌یدا ده‌که‌ن” [۲۲] یان ڕسته‌یه‌کی “نه‌فی” ڕاست ده‌کرێته‌وه: “هه‌ر ئه‌وانه پێی تووشی گومڕایی ده‌بن که له ڕێگا لاده‌ده‌ن” [۲۳] یان بڕواننه سووڕه‌ی قه‌سه‌س ئایه‌تی ۷۳؛ له‌م ئایه‌ته‌دا سه‌نعه‌ت و جوانکاری “له‌ف و نه‌شر” ده‌بینرێ، مامۆستا هه‌ژار ئاوای وه‌رگێڕاوه‌ته‌وه: “له به‌زه‌یی خوداوه‌یه که شه‌وی بۆ هه‌دادان و ڕۆژی بۆ په‌یداکردنی ئه‌و ڕۆزییه‌ی ئه‌و ده‌تانداتێ بۆ دانان” له حاڵێکدا ئایه‌ته‌که ئاوایه: “له به‌زه‌یی خوداوه‌یه که شه‌و و ڕۆژی بۆ دانان، تاکوو لهویاندا هه‌دا بده‌ن و له‌میاندا وه‌دووی ڕۆزی بکه‌ون.” ئه‌و جۆره لادان و له‌به‌رچاونه‌گرتنانه له وه‌رگێڕانه‌که‌دا که‌م نیین . …
هه‌ژار بۆ ڕۆنانی زمانی نووسیاری و یه‌کگرتووی کوردی له وه‌رگێڕان و زۆرجار له ده‌ق تێده‌په‌ڕێ؛ زۆرجاران گوێ ناداته تێرم و زاراوه‌کانی ئه‌و ده‌قه و زۆرجار هه‌ڵه‌ش ده‌کا. ئه‌و، مێژووی خۆی خوێندۆته‌وه و ده‌زانێ پرش و بڵاوی و ناکۆکی و دوژمنایه‌تی و چه‌ندبه‌ره‌کی، مێژووی کوردی به چ مه‌ره‌دێک بردووه: “ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌یه باری یه‌کدیگیری و هاوبیری و هاوکارییانه‌وه ته‌نیا له شاده‌و ئیماندا نه‌بێ له هیچ شتی تردا یه‌کتر ناگرنه‌وه“[۲۴] بۆیه هه‌ژار به وه‌رگێڕانی قورئان ده‌یهه‌وێ بڵێ “زمان سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ناکۆکی و خراپ لێک حاڵی بوونه‌کانه”. به‌شێک له به‌رهه‌م و چالاکییه زمانییه‌کانی مامۆستا هه‌ژار دەیهه‌وێ ئه‌وە به خوێنه‌ر و به‌ردەنگی بسه‌لمێنێ که زمانێکی یه‌کگرتوو ده‌توانێ به‌شێکی زۆر له برینه‌کانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه ساڕ‌ێژ کاته‌وه.
ئه‌گه‌ر بێنیامینی چاو له شێواز و ستایلی وه‌رگێڕانی قورئان بکه‌ین، مامۆستا هه‌ژار زمانی کوردی له بارودۆخی دوای بورجی بابێل‌دا ده‌بینێ. بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ک نه‌توانن بورجی بابێلی خۆیان ساز بکه‌ن، زمان پڕش و بڵاو و هه‌زار له‌ت و ناکۆک بووه. ئه‌و ده‌یهه‌وێ له‌ت و کوته‌کانی ئه‌و زمانه کۆ بکاته‌وه و له‌په‌نای یه‌کیانه‌وه دانێته‌وه. مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ئه‌و، ڕۆنانی بورجی بابێلی زمانی کوردییه؛ له پێناوی ئه‌و مه‌به‌سته‌دا هه‌موو شتێک فیدا ده‌کا.
ئەم بڵاوکراوەیە، بەشی کۆتایی وتاری هەژار مێعماری بورجی بابێلی زمانی کوردییە
■سەرچاوە: کتێبی نەسری کوردی و گۆڕانی فۆڕم، سەیدقادر هیدایەتی، چاپەمەنی خانی ١٣٩٨
بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…
__________________________________
[۱] وتاری “دربارەی زبان و زبان بشری” کتێبی “درباره‌ی زبان و تاریخ، والتر بنیامین گزینش و ترجمه مراد فرهادپوور و امید مهرگان”، چاپ هرمس ۱۳۹۵” ل ۵۱
[۲] سووڕەی ئەلقاریعە ئایەتی ۱ تا ۳
[۳] سووڕەی بەقەرە ئایەتی ۱۱۷
[۴] سووڕەی عەسر ئایەتی ۱ و ۲
[۵] سووڕەی بەقەرە ئایەتی ۱۲۰
[۶] سووڕەی یووسوف ئایەتی ۱۰۰
[۷] سووڕەی کەهف ئایەتی ۲۲
[۸] ضمیر
[۹] سووڕەی بەقەرە ئایەتی ۲۸
[۱۰] سووڕەی بەقەرە ئایەتی ۳۵
[۱۱] سووڕەی بەقەرە ئایەتی ۴۰
[۱۲] سووڕەی بەقەرە ئایەتی ۵۰
[۱۳] سووڕەی بەقەرە ئایەتی ۶۷
[۱۴] سووڕەی ڕەحمان ئایەتی ۶۶
[۱۵] سووڕەی دوخان ئایەتی ۵۴
[۱۶] سووڕەی قەڵەم ئایەتی ۴۲
[۱۷] قرآن کریم ترجمه بهاالدین خرمشاهی، انتشارات دوستان چاپ ششم ۱۳۸۶
[۱۸] تیشکێ لە قورئانی پیرۆز، وەرگێڕانی ئیبراهیم مەردووخی، ناوەندی ڕاگەیاندنی ئارا، چاپی ۲۰۱۱
[۱۹] امثال و حکم کوردی؛ گردآورنده: قادر فتاح قاضی، انتشارات دانشگاه تبریز، ۱۳۶۴ جلد اول، لاپەڕە ۲۹۰
[۲۰] تفسیر کشاف، محمود بن عمر بن محمد زمخشری، ترجمە مسعود انصاری انتشارات ققنوس ۱۳۸۹، جلد چهارم ص ۷۲۶
[۲۱] وەرگێڕاوی “بسم الله الرحمن الرحیم “
[۲۲] سووڕەی بەقەرە ئایەتی ۲۲
[۲۳] سووڕەی بەقەرە ئایەتی ۲۶
[۲۴] شەرەفنامە، میرشەرەف خانی بدلیسی، وەرگێڕانی مامۆستا هەژار، چاپی سێهەم ۲۰۰۶؛ لاپەرەی ۲۶
داگرتنی PDFئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.