کتێبی «ئیرۆتیک لە شیعری کوردیدا» بڵاوکرایەوە
ناسنامەی کتێب: «ئیرۆتیک لە شیعری کوردیدا؛ لە کلاسیکەوە بۆ ڕۆمانتیک»، فازیل لەتیف محەمەد و هەڵشۆ جەزا عەلی، بە سەرپەرشتی پ. ی. د. مەهدی فاتیح عومەر، چاپەمەنی کارۆ، سلێمانی ۲۰۲۱.
«ئیرۆتیک لە شیعری کوردیدا؛ لە کلاسیکەوە بۆ ڕۆمانتیک»، کتێبێکی هاوبهشى ههردوو توێژهر (فازیل لەتیف محەمەد و هەڵشۆ جەزا عەلی)یه. كتێبهكه، لە بنەڕەتدا توێژینەوەیەکە، لە لایەن هەردوو خوێندکاری دوا قۆناغی بەشی کوردی (فازیل لەتیف محەمەد و هەڵشۆ جەزا عەلی) و لەلایەن (د. مههدى فاتح عومهر) سەرپەرشتی كراوه و بەشێکه لە پێداویستییەکانی بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و جگه له پێشەکی له سێ بەش و ئەنجام پێکهاتووە، هەر بەشەش چەند باسێکی لەخۆ گرتووە.
فازیل لەتیف محەمەد و هەڵشۆ جەزا عەلی
لە پێشەکی کتێبەکەدا هاتووە: ئیرۆتیک وەک هونەرێکی شیعریی بەم تەرزەی ئەمڕۆ، نوێیە لە ئەدەبی کوردیدا و جێی سەرنج و لێکۆڵینەوە و لەسەر نووسینە. هەروەها شاعیرانی ئەم جۆرە هونەرە شیعرییە لە چاو شاعیرانی هونەرە شیعرییەکانی تردا بەهرەیان باڵاتر و ڕۆشنبیرییان فراوانترە. جێی خۆیەتی لەسەر هەریەک لەو قەڵەمانەی خۆیان بۆ گەشەی ئەم هونەرە شیعرییە نوێیە تەرخان کردووە باس و لێکۆڵینەوە ئامادە بکرێت و ڕەنج و ماندووبوونیان بخرێتە بەرچاو و سوود لە ئەزموونی ژیان و سەرچاوەی ڕۆشنبیرییان وەربگیرێت.
(نالی و شێخ ڕەزای تاڵەبانی و میصباح دیوان- ئەدەب) چەند ناوێکی دیاری ئەدەبی کلاسیکی ئێمەن و تا ئەمڕۆ لە لیستی شاعیرە داهێنەرەکانی کورددا باس دەکرێن و لە بواری شیعری ئیرۆتیکدا جێ دەستیان دیارە، بەشێکی ئەم باسە تەرخانکراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە بەهرە و توانا و باری ڕۆشنبیری ئەو شاعیرانە و بەخششیان لە بواری شیعری ئیرۆتیکیدا.
(شێرکۆ بێکەس و لەتیف هەڵمەت و قوبادی جەلیزادە) ئەوانیش چەند ناوێکی دیاری ئەدەبی نوێ و هاوچەرخی کوردین و یەکێکن لە شاعیرە پڕ بەرهەم و نوێخواز و داهێنەرەکانی کورد و لە بواری شیعری ئیرۆتیکیدا ئەوانیش جێ دەستیان دیارە، بەشێکی تری ئەم باسە تەرخانکراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە بەهرە و توانا و باری ڕۆشنبیری ئەو شاعیرانە و بەخششیان لە بواری شیعری ئیرۆتیکدا و ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەردوو شاعیر (لەتیف هەڵمەت و قوبادی جەلیزادە) کە خۆشبەختانە لە ژیاندا ماون ئەوانیش مەبەستەکان واڵاکراوە.
دیارە وەک هەموو باس و لێکۆڵینەوەیەکی تر و بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە و سانایی لێدوان، ئەم لێکۆڵینەوەیەش بەسەر چەند بەشێکدا دابەش کراوە، بەمجۆرە:
لەبەشی یەکەمی ئەم لێکۆڵینەوەیە دا، بە ناوی (دەربارەی ئیرۆتیک) سێ پار تەرخانکراوە بۆ ناساندنی هەندێ لە ڕەهەندەکانی ئیرۆتیک، بەمجۆرە: پاری یەکەم: چەمک و پێناسەی ئیرۆتیک، پاری دووەم: مێژووی ئیرۆتیک و جیاوازی ئیرۆتیک لەگەڵ پۆڕنۆدا، پاری سێیەم: جۆرەکانی ئیرۆتیک و پەیوەندی بە ئەدەبەوە.
لە بەشی دووەمدا، کە بەشێکە لە کرۆکی لێکۆلینەوەکە تەرخانکراوە بۆ قەڵەمی شاعیرانی کلاسیکی کوردی و لە ژێر ناونیشانی (ئیرۆتیک لە شیعری کلاسیکی کوردیدا) لە سێ پاردا، پاری یەکەم بۆ نالی و دووەم بۆ شێخ ڕەزای تاڵەبانی و سێیەم بۆ میصباح دیوان- ئەدەب، تەرخانکراون و هەندێ لە شیعرە ئیرۆتیکییەکانیان ئەوەندەی پێویست بێ بۆ لێکۆڵینەوەکەی ئێمە باس کراون.
لە بەشی سێیەمیشدا، کە دیسان ئەمیش بەشێکە لە کرۆکی لێکۆلینەوەکە تەرخانکراوە بۆ قەڵەمی شاعیرانی ڕۆمانتیکی کوردی و لە ژێر ناونیشانی (ئیرۆتیک لە شیعری ڕۆمانتیکی کوردیدا) لە سێ پاردا، پاری یەکەم بۆ شیرکۆ بێکەس و دووەم بۆ لەتیف هەڵمەت و سێیەم بۆ قوبادی جەلیزادە، تەرخانکراون و هەندێ لە شیعرە ئیرۆتیکییەکانیان ئەوەندەی پێویست بێ بۆ لێکۆڵینەوەکەی ئێمە باس کراون. سروشتی لێکۆڵینەوەکەمان ئەوە دەخوازێت، بۆ شرۆڤەکردنی دەقە شیعرییەکان و دەرخستنی لایەنە ئیرۆتیکییەکان میتۆدی وەسفیی شیکاری بگرینەبەر.
بۆ داگرتنی تهواوی بابهتهکه ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.